ناونیشانی بابەت: ئێزیدییەکان کوردن ئێمەین مامەڵەی کوردیان لەتەکدا ناکەین
ناوی نووسەر: #سۆران حەمەڕەش#
ئەم وتارەی کە لە خوارەوە دەیبینن، دوا بەدوای ڕەشەکوژی ئێزیدیەکان لە شارۆچکەی حەمدانیە نووسراوە کە لە ساڵی 2007 دا ئەنجام درا و دواتر دەستکاری کراوە. ئەم ڕەشەکوژیە تا ئێستاکە زۆرینەمان ئاگاداری نین و ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئێمەین مامەڵەی کورد لەگەڵ ئێزیدییەکاندا ناکەین کە پێشتر وتارەکەم داناوە، بینیومە دوو جۆر سەرنج لەلایەن خوێنەرەوە دانراون. یەکێکیان دەیگووت “جا ئەوان خۆیان بە عەرەب دادەنێن ئێمە بۆ داکۆکیان لێبکەین” و هەندێکی تریان دەیانگووت “ئەوان کۆمەڵگەیەکی داخراون و خۆیان بە دوورەپەرێزی ڕاگرتووە بۆیە کەس لێیان ئاگادار نییە”. بۆیە پێم باش بوو ئەمڕۆ سەرەتا وەڵامی ئەو سەرنجانە بدەمەوە و دوای ئەوە وتارەکە لە ژێرەوە دابنێمەوە.
پێش ئەوەی کە گفتوگۆ سەبارەت ئەو بۆچوونەی سەرەوە بکەم، دەبێت ئەوە بزانرێت بەڵگەی مێژوویی لەبەردەستدایە کە ڕوونی دەکاتەوە نزیکی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر و لە سەرەتای بڵاوکردنەوەی ئایینی کریستیان بە کوردستان دا، هەندێک لە شاگردە کریستیانەکان بە تایبەت ڕوویان کردۆتە ناو ئێزیدییەکان و هەوڵی گۆڕینی ئایینەکەیان داون و لە هەمان ناوچەی شەنگار دا ئەوان گوزەرانیان کردووە. ئەم هەوڵانە لە سەرچاوەی تردا بەدی دەکرێت. بۆ نموونە شارۆچکەی “بەتنایا”ی سەر بە موسڵ کە ئەمڕۆ کریستیانن، سەرچاوەکان دەڵێن کە لە بنەچەدا خەڵکەکەی ئێزیدی بوون و دواتر کراون بە کریستیان. تەنانەت ناوی شارۆچکەکە دەگەڕێنرێتەوە بۆ “بیت مەدایا” واتا “شوێنی ماد” کە دواتر لەسەر زمان گۆڕاوە و کراوە بە “بەتنایا”. ئێستاش پاشماوەی کڵێسای برایم مادی هەر لە شارۆچکەکەدا ماوە کە کەسایەتییەکی گرنگی ناسراوی کریستیانی کوردی پێش ئیسلام بووە لە شارۆچکەکەدا.
ئایینی ئێزیدی پاشماوەی هیچ ئایینێک نییە و بەو جۆرە نییە کە هەندێک تاکی کورد لە ژێر سۆزی ناسیۆنالیستیدا بە بەشێک لە ئایینی زەردەشتی یان میترایی لە قەڵەم دەدەن. لە ڕاستیدا ئایینی ئێزیدی ئایینێکی ڕەسەنی سەر خاکی کوردانە و ئایینێکی سەربەخۆیە، بەڵام بەهۆی دێرینییەوە، لە قۆناغی جیاوازدا کەوتۆتە ژێر کاریگەریی ئایینەکانی تری وەک جودایزم، زەردەشتی، ئیسلام، کریستیان… بەشێک لەو کاریگەرییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە هەڵگرانی ئەم بیروباوەڕە کوردی-ە ڕەسەنە دێرینە، لە سەردەمی دێرینەوە بە مەبەستی مانەوە و خۆپاراستن و هێشتنەوەی ئایینەکەیان، میکانیزمی جیاواز بەکاردەهێنن بۆ مانەوە و خۆگونجاندن. یەکێک لەو هەوڵانەیان لە سەردەمێکدا بۆ نموونە قبوڵکردنی ئەو بۆچوونە بووە کە دەگەڕێنرێنەوە بۆ یەزیدی کوڕی معاویە و لە هەندێک سەردەمدا هەندێک جار ئێزیدییەکان ئەمەیان وەک خۆپارستن بەکارهێناوە و تەنانەت هەندێک جار هەندێک کەسایەتیان دەڵێن ئێمە ئەسڵمان عەرەبە. هەندێک جار ئەم هەوڵە بە شێوەیەکی تر ئایینە کەمینەکانی تریش دەگرێتەوە. بۆ نموونە هەندێک سەرکردەی یارسانەکان لە وڵاتی ئێران دا و لە قۆناغێکدا هەوڵیان داوە خۆیان بە نزیک لە شیعە دەربخەن بە مەبەستی خۆ گونجاندن و خۆپاراستن لە ناو ژینگەی باڵادەستی شیعە لە وڵاتی ئێران دا. تەنانەت دروزەکانی سووریا و ئیسرائیل و لوبنان، کە هەتاوەکوو سەد ساڵ لەمەوبەر بە ئاشکرا باسیان لە کوردبوونی خۆیان دەکرد، ئەمڕۆ لەبەر ئەوەی کە لە هەموو لایەکەوە عەرەب لە دەوریانە، بۆیە بە مەبەستی خۆپاراستن دەڵێن عەرەبین.
لە ڕاستیدا مەرج نییە خۆ بە عەرەب دانان هەر بۆ مەبەستی خۆپاراستن بووبێت، هەندێک جار ئەو هەوڵە لەلایەن هۆزی کوردییەوە بەکارهاتووە بۆ مەبەستی بەهێزکردنی دەسەڵات و سەلماندنی “ڕەسەنایەتی”. مەیجەر سۆن لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا کاتێک دێتە کوردستان و بە ناو سێ هۆزی کوردی دا تێپەڕ دەبێت، دەڵێت کە هۆزی هەمەوەند و شوان و جاف لە ژێر کاریگەریی ئیسلامدا بنەچەی خۆیان بۆ عەرەب دەگەڕێننەوە و ئەوە لەلایەن تورکە سوننەکانیشەوە دەکرێت. لە ڕاستیدا شەرەفخانی بەدلیسی ئاماژە بە چەندین بنەماڵەی کورد دەکات کە بنەچەی خۆیان بۆ عەرەب دەگەڕێننەوە. هەروەها زۆرینەی شێخەکانی کوردستان بۆ مەبەستی قبوڵکردنی دەسەڵاتی ئایینیان لە ڕابردوودا خۆیان گەڕاندۆتەوە بۆ عەرەب.
هێنانەوەی ئەو نموونانەی سەرەوە بۆ ئەوە نییە کە هۆزێک یان خەڵکێک لەکەدار بکرێت لەبەر ئەوەی کە ئەوە لە سەردەمێکدا باوبووە، بەڵکو مەبەست لەو بەڵگانە بۆ ئەوەیە کە ئەو ڕاستییە بخرێتە ڕوو کە ئەو دیاردەیە بۆ مەبەستی جیاواز و لە سەردەمی جیاودا لەلایەن گرووپی جیاواز بەکارهاتووە. وەک لە نموونەکاندا بینرا، ئەمە تەنها لەلایەن کوردەوە نەکراوە و لەلایەن هەندێک لە تورکەکان-یشەوە کراوە و بگرە بە دەیان بەڵگەی مێژوویی هەیە کە ئەو هەوڵە لەلایەن چەندین نەتەوەی ترەوە بەکارهاتووە. بۆ نموونە هەتاوەکوو سەرەتای سەدەی ڕابردوو زۆر جار هەندێک لە ئینگلیزەکان بۆ سەلماندنی ڕەسەنایەتیان بنەچەی خۆیان دەگەڕاندەوە بۆ نۆرمانیدەکان کە ئەوان ئینگلیز نەبوون. یان کە گۆردیان کرایە ئیمپراتۆری ڕۆم، بە پەلە بنەچەیەکی ڕۆم-یان بۆ دروست کرد بۆ ئەوەی کە خەڵک نەڵێن پاشای ڕۆم لە ڕەگەزی ڕۆم نییە. بۆیە پێش ئەوەی کە بە پەلە حوکم بەسەر ئەو خەڵکانەدا بدەین، دەبێت سەردەمەکە بخوێنینەوە و تێبگەین کە بۆ ئەو دیاردەیە هەبووە لەبری ئەوەی کە بە تاوانبار لە قەڵەمیان بدەین.
دەبێت ئەوە بزانین کە ئێزیدییەکان لەلایەن کورد خۆیەوە لە ڕابردوودا ڕەشەکوژ کراون و هەمیشە لە سەر خاکی خۆیان و لە ناو ماڵی خۆیاندا لە ژێر مەترسیدا ژیاون، بۆیە وەک هەوڵێک بۆ خۆپاراستن و هێشتنەوەی فەرهەنگ و ئایینەکەیان لە ناو ژینگەیەکی نادۆستدا، ئێزیدییەکان هەندێک جار خۆیان بە عەرەب داناوە و زۆر جار وەک کۆمەڵگەیەکی داخراو دەردەکەون. بەڵام ئەوەی کە ڕوونە ئەوان ئایینەکەیان بە زمانی کوردییە و هیچ گومانێک لە کوردی بوونیان نییە، بەڵام ترس و دڵە ڕاوکێ لە ڕەشەکوژی و بە شەیتانپەرست لە قەڵەم دانانیان لەلایەن موسوڵمانان، وای کردووە کە هەموو جۆرە ئامرازێک بەکاربهێنرێت بۆ خۆپاراستن و هەندێک جار ئەو هەوڵەیان بۆتە هۆی تێنەگەیشتن لە کۆمەڵگەکە و شاردنەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بە بنەچەی ئایینەکەیان. بۆیە ئەوە ئەرکی کۆمەڵگەی کوردییە کە ژینگەیەکی گونجاو و ئارام و سەلامەتیان بۆ دروست بکات و تێیدا ئەوان هەست بە هاووڵاتییبوون و یەکسانی بکەن و چیتر هەست بەوە نەکەن کە ژیانیان لە ژێر مەترسیدایە.
لە 14 ی ئابی 2007 دا، بەیانی کە لە خەو هەستام سەیری ماڵپەڕی بی بی سی-م کرد، بینیم سەردێڕی ماڵپەرەکە تەقینەوەیەکە لە شارۆچکەیەکی ئێزیدییەکان ڕووی داوە و بی بی سی و زۆر لە کەناڵە جیهانییەکان بایەخێکی تەواویان بە بابەتەکە دابوو و لای هەموویان سەردێڕی هەواڵەکان بوو. هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە بەپێی مانگی سووری عێراقی ئەو تەقینەوەیە بوو بووە هۆی شەهیدکردنی نزیکی هەشت سەد کەسی ئێزیدی و برینداربوونی نزیکی هەزار و پێنج سەد کەسی تر و کارەساتەکە زۆرترین قوربانی لێ کەوتبووەوە. پاش چەند سەعاتێک کەناڵی تەلەفزیۆنی بی بی سی، بەشی جیهانی و بەریتانی بانگهێشتیان کردم بۆ ژووری دەنگوباس و ڕاستەوخۆ لە دوو بەشی تەلەفزیۆنی بی بی سی بەریتانی لەسەر ئێزیدییەکان و تەقینەوەکە گفتوگۆم لەگەڵدا کرا. هەر کە لە چاوپێکەوتنەکە تەواوبووم، دەستبەجێ پەلەم بوو و عەوداڵی دەنگوباسی تر بووم و چوومە سەرماڵپەڕە کوردییەکان بە هەموو ڕەنگەکانیانەوە، بەو نیازەی کە زیاتر سەبارەت بەو کارەساتە دڵتەزێنە بزانم. بەڵام کە سەیری ماڵپەڕە کوردییەکانم کرد نائومێدی دایگرتم و واقم وڕما لەوەی کە بینیم. ئەو ڕووداوە لە ماڵپەرە کوردییەکاندا وەک هەر هەواڵێکی ئاسایی تر کە لە وڵاتێکی تری دوور لە کوردستان ڕووی دابێت باسکرابوو. بەڕاستی ڕەفتارکردنی کۆمەڵگە و میدیای کوردی، نائومێدییەکی زۆری لەلام دروست کرد. لە بەریتانیا کە هەزاران کیلۆمەتر لە کوردستان دوورە، ئەو بابەتە ببێتە سەردێڕی هەواڵ، کەچی نزیکی هەشت سەد کوردی ئێزیدی لە دوو شارۆچکەی کوردی دا شەهید بکرێن و میدیای کوردی تا ڕادەیەک لێێ بێ باک بێت!
هەموو ساڵێک چاوەڕوانم کە میدیا و کۆمەڵگەی کوردی بە گشتی بە ڕەنگە جیاوازەکانیەوە ئاوڕێکی تەواو لەو کارەساتە گەورەیە بداتەوە و یادەوەری بۆ بکات، بەڵام وەک ساڵانی تر ئێزیدییەکان نائومێد دەکرێن و دیسان ئەو ڕۆژە دەڕوا بێ ئەوەی کە کەسمان بیر لە قوربانیدانی ئەو هاووڵاتییە ئێزیدییانە بکەینەوە. سەرەڕای ئەوەی کە ئەم کۆمەڵگە کوردییە بە درێژایی مێژوو بە هێز و توانای خۆیان توانیویانە بەشێک لە ئایین و فەرهەنگی کوردی دێرین بپارێزن و گەورەترین باج بدەن لە پێناو ئەو ئامانجەدا. بەداخەوە ئەمساڵانەی دوایی، نەهامەتی مێژوویی ئێزیدییەکان، کارەساتێکی تری هاتە پەنا، کە ئەویش ئەو ئەنفالەیە کە داعشیەکان بەرامبەر ئەم کوردانە ئەنجامیان داوە و هێشتا ئاکامی لەسەر ئەو کۆمەڵگەیە ماوە.
ئەم نائاشناییەی کۆمەڵگەی کوردی هەر لە خۆیەوە سەری هەڵنەداوە، میدیا و کۆمەڵگەی کوردی باشوور بە گشتی، تەنها مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکانی سێ شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک وەک ڕووداوی کوردستانی دەکات بۆ نموونە، لە ڕۆژی یادەوەری بوردومانی قەڵادزێ دا، هەموو ساڵێک میدیا و کۆمەڵگەی کوردی بە گشتی چەند ڕۆژێک سەبارەت بەو بابەتە ئەدوێ و یادەوری گەورە بۆ ئەو کارساتە بەڕێوە دەچێت. لە کاتێکدا کە بەپێی سەرچاوەکان لە بوردومانەکەی قەڵادزێدا 161 کەس کوژراون و لە کارەساتی ڕەشەکوژی ڕۆژی 14/8/2013 ئێزیدییەکاندا نزیکی 800 کەس کوژراوە و ئەوە بە نزیکی دەکاتە یەک لەسەر شەشی قوربانیانی کارەساتی هەڵەبجە. کەچی هەتاوەکو ئەمڕۆ نە یادەوەری ئەو کۆمەڵکوژییەی ئێزیدیەکان دەکرێتەوە و نە کۆمەڵگەی کوردی بە هەموو ڕەنگە جیاوازیەکانیەوە ئاماژەی پێ دەکات. مرۆڤ دەکەوێتە پرسیار؛ ئایا کۆمەڵگەی کوردی خەڵکی قەڵادزێ بە کورد دادەنێ و کوردی ئێزیدی لەبەر ئەوەی کە کەوتوونەتە ناوچە سنووریەکانەوە یان ئایینێکی کوردی تایبەتیان هەیە، ئەوان بە کورد دانانێ؟
زۆربەی جار وا دەردەکەوێت کە کۆمەڵگەی کوردی مامەڵەیەکی کوردانە لەگەڵ ڕووداوەکان نەکەن و بە گشتی ڕووداوەکان ئەگەر لە سێ پارێزگاکە تێبپەڕێت یان خەڵکانی سەر بە ئایینێکی دەرەوەی ئیسلام بگرێتەوە، وەک بابەتێکی کوردی مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت، کەچی لە وتارە ڕەنگاوڕەنگەکاندا هەموو ڕۆژێک ئێزیدییەکان بە کوردی ڕەسەن لەقەڵەم دەدرێن بێ ئەوەی کە ئاگاداری ناخۆشیەکانیان بین.
کۆمەڵگەی ئێزیدی بە گشتی کەوتوونەتە کەنارەوە و پشتگوێ خراون. مرۆڤ لە شارەکانی کوردستان دا دەبینێت زۆرێک لەو ئیشانەی کە مووچەیان کەمن، لەلایەن لاوی ئێزیدییەوە دەکرێن. زۆرێک لە کاری چێشتخانەکان و باخی دەوڵەمەندەکان بە ئێزیدییەکان دەسپێردرێت. هەرچەندە ئامارێکی زانستی لە ئارادا نییە کە پشتی پێ ببەسترێت، بەڵام بە ڕوونی دەردەکەوێت کە ئاستی خوێنەواری لە ناو ئێزیدییەکاندا زۆر نزمە و لە ئەنجامدا هەلی کاری باش بۆ ئێزیدییەکان لە ئاستێکی باشدا نییە و کۆمەڵگەی ئێزیدی بوونەتە چینێکی داماوی دابڕاو لە کوردستان دا و بە گشتی لە ئاستێکی دارایی و کۆمەڵایەتی نالەباردا دەژین. دەرئەنجامەکەشی ئەوەیە کە پێویستی ئێزیدییەکان و تەنانەت کارەساتە گەورەکانیشیان وەک ژیانیان لەلایەن هەموومانەوە پشت گوێ خراوە.
سەرەڕای ئەو باجە قورسەی ئەم کۆمەڵگەیە داویەتی بۆ پاراستنی بەشێک لە فەرهەنگ و ئایینی کوردی دێرین، کەچی ئێزیدییەکان بە شێوەیەکی بێمانا پشتگوێ خراون و ئەم پشتگوێ خستنە گەیشتۆتە ئاستێک، تەنانەت ڕەشە کوژیەکانیشیان وەک ڕەشەکوژی و کارەساتی کوردی مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت و کەسمان بیر لەوە ناکەینەوە کە یادی ڕەشەکوژیەکەی ڕۆژی 14 ی ئابی 2007 بکەینەوە و لە ئەنجامدا ئەم کۆمەڵگەیە بووەتە کۆمەڵگەیەکی پشتگوێخراو و ئەندامانی ئەم کۆمەڵگەیەش هاوڵاتی پلە دووی کوردستان. لە دوای کارەساتەی شەنگار، دەبێت هۆشیارانەتر لە ئێزیدییەکان بڕوانین و زیاتر لەم بەشە پشتگوێخراوەی کۆمەڵگەکەمان بگەین. لە هەمووی گرنگتر، پێش ئەوەی کە داوا لەوان بکەین کە بڵێن کوردین، دەبێت ئێمە مامەڵەی کوردی لەگەڵ خۆشی و ناخۆشیەکانیاندا بکەین.
ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=