ناونیشانی بابەت: دوو ڕەهەندی کوشتنی هەنییە
ناوی نووسەر: #شێرکۆ کرمانج#
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ئیسماعیل هەنییە، سەرکردەی حەماس، نەک لەناوجەرگەی تاران بەڵکو لەباوەشی پاسداران و لە میواندارێتی ڕەهبەری ئیسلامی ئێران، کوژرا. قسەی زۆر کراوە لەسەر ئەم پرسە، هێندەی کوردستانیان خۆیان بەو پێشهاتە خەریک کردووە بە هیچ شتێکی دیکە ئەوەندە سەرقاڵ نەبوون. من زۆر قسە لەسەر بابەتە سواوەکان ناکەم بەڵکو زۆر بەکورتی هەڵوەستە لەسەر دوو ڕەهەندی ئەم پرسە دەکەم، بۆ ئێران “دژایەتی ئیسرائیل” دەکات و بۆ ئەو وڵاتانەی شەرعییەتی دیموکراسیان نییە ئاسان دەبڕدرێن (ئیختیراق دەکرێن).
یەکەم، بۆ ئێران “دژایەتی ئیسرائیل” دەکات و “پشتیوانی لە فەلەستینییەکان” دەکات؟ پێش وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت ئەوە بەبیر خۆمان بێنینەوە کە ئێران لە ساڵانی سەرەتای دامەزراندنی جمهوری ئیسلامی، ئەوکاتانەی کە دروشم و ڕیتۆریکەکانی لە هەموو ئانوساتێک بەگوڕوتینتر بوون لە دژی شەیتانی ئەکبەر (ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی) و قۆڵ و باسکی هەڵکردبوو بۆ ڕابەرایەتیکردنی دنیای ئیسلام لە دژی “کیانی ئیسرائیلی”، ئا لەو سەروبەندەدا، ئێران چەکی لە دەوڵەتی ئیسرائیل دەکڕی و شەڕی دەوڵەتێکی زۆرینە موسڵمانی، عێراقی، پێدەکرد. لەهەمان کاتیش سەرکوتی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرد. ئەو چەکانەی ئیسرائیل دەیفرۆشتن بە ئێران موبارەکەی ئەمریکیشی پێوەبوو. ئەوە قسەی گیرفانی من نییە بەڵکو ئەم دۆکیومێنتەی سی ئای ئەی، دەزگای سیخوڕی ئەمریکا، پشتڕاستی دەکاتەوە (https://www.jpost.com/middle-east/iran-news/article-806039).
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەدی بۆ “دژایەتی ئیسرائیل” دەکات؟ پێش وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەش حەزدەکەم ئەوە بڵێم کە قسە و تێگەیشتنەکانی من بنەمایان لەسەر تیوری پیلانگێڕی دانەناوە، واتە من ناڵێم کە ئیسرائیل و ئەمریکا پشتیوانی لە ڕژێمی ئێران دەکەن و مەلاکانی ئێران لەلایەن ئەو دوو وڵاتە لەسەر حوکم دانراون، بەڵکو من پێموایە کە وڵاتان بەگشتی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕەچاوی ئەخلاق و ئایدیۆلۆجیا ناکەن بەڵکو بەرژەوەندی وڵات و ڕژێمەکانیان ڕەفتاری دەوڵەتەکانیان دیاری دەکات، ئەوەی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وەک پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان ناسراوە و وەک تیوری ڕیالیستەکان ناوزەد کراوە. ئێران پێویستی بە چەک بوو، تانک و تۆپ و تەیارەکانی ئەوکات ئەمریکی بوون، ئیسرائیل دەیتوانی ئەو پێداویستییانە دابین بکات. ئێران چەکی لێ کڕی. عێراق لە شەڕ گلا بوو، لاوازبکرایە لە قازانجی ئێسرائیل و ئەمریکا بوو، بۆیە یارمەتی ئێران-یاندا. دواتر، ڕێک ئەو هاوکێشەیە پێچەوانە بۆوە، ئەمریکا یارمەتی عێراقی دەدا کاتێک ئێران وەک هەڕەشە لەسەر وڵاتانی کەنداو بینرا. ئەم ڕەفتارانە لە وڵاتان چاوەڕوان کراوە، چونکە وەک گوتم، باش و خراپ ئاراستەی ڕەفتاری دەوڵەتان دەکات نەک ڕاست و هەڵە، دیارە بەگشتی نەک بەتەواویی.
بگەڕێینەوە سەر وەڵامەکە. هاوڕێیەکم هەیە کە نزیکە لە دامودەزگا ئێرانییەکان، لەبەرئەوەی بواری حەزوئارەزوو و پسپۆڕی هەردووکمان پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، بۆیە هەر کاتێک یەکدی دەبینین باسی پرس و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین. ماوەیەک پێش ئێستا لەکاتی گفتوگۆیەکدا لێم پرسی باشە ئەو دژایەتییەی ئێران بۆ ئیسرائیل لە پای چی، گوتم ئێران بۆ مفاوەزات لەگەڵ ئیسرائیل ناکات؟ یەکسەر بێ بیرکردنەوە گوتی، “ئێران ئەوە بکات دەڕوخێت”. بەو مانایەی کە مانەوە و شەرعییەتی ئێران، لە ناوەوە و لە دەرەوە، لەسەر دژایەتی ئیسرائیل و ئەمریکا ڕاوەستاوە.
دووەم، ئەدی ئێران بۆ شەرعییەتی خۆی لە دژایەتی ئیسرائیل و ئەمریکا و پشتیوانی فەلەستینییەکان دەبینێت و وەردەگرێت؟ هۆکاری پشت ئەمە زۆرە و پێویستی بە توێژینەوەی فرەڕەهەند و قووڵ هەیە بەڵام بەکورتی، بەشێکی خەڵکی ئەم ناوچەیە، بە ئێران و کوردستان-ەوە، ساڵانێکە وا ڕاهێنراون و تێگەیەنراون کە ئەمریکا و ئیسرائیل دوژمنی ئەوانن و هەموو نەهامەتییەکانی ئەم ناوچەیە لە بن سەری ئەوانە، وەک ئەوەی جاران دەیانگوت، “ئەگەر دوو ماسی لە دەریا بە شەڕ بێن دەستی ئینگلیزی لە پشتە”. مەلاکانی ئێران لەم تێگەیشتنانە کەڵک وەردەگرن و دووبارە-بەرهەمیان دێنەوە و برەویان پێدەدەن.
هاوکات، ئێران لە دوای شەڕی هەشت ساڵەی لەگەڵ عێراق وانەیەک فێربوو ئەویش ئەوەبوو کە شەڕی هیچ کەس و لایەنێک لەسەر خاکی خۆی نەکات بەڵکو خاکی ئەوانی دیکە بەکاربێنێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی، کە لە ڕاستیدا خۆی لە شەڕفرۆشتن بەوانی دیکە دەدیتەوە، وەک شەڕفرۆشتن بە ئیسرائیل و ئەمریکا، بەتایبەتی دوابەدوای ئەوەی کە هەوڵەکانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و دروستکردنی چەکی ئەتۆمی زیادی کرد. ئیدی ئێران لە گەرووی (تەنگەی) بابلمەندەب شەڕی بە ئەوڕوپا و ئەمریکا دەفرۆشت، لە تەنگەی هورمز-یش بە وڵاتانی کەنداو؛ لە باشووری لوبنان-یش هەر لە 1982 وە بەکەڵکوەرگرتن لە حیزبوڵا شەڕی ئیسرائیل دەکات. دوای پشتتێکردنی وڵاتانی عەرەبیش لە فەلەستینییەکان لە دوای ئەوەی کە فەلەستینییەکان پشتیوانیان لە عێراق کرد لە داگیرکردنی کوێت. عێراق کە تاکە پشتیوانی فەلەستینییەکان بوو دوای شەڕی کوێت، ئەوەندە پەڕپوت کرابوو کە فەلەستینییەکان خۆیان بەزەییان پێ دەهاتەوە. ئێران ئەو بۆشاییەی پڕکردەوە، بەڵام دیسان لەبەر خاتری چاوی ڕەشی فەلەستینییەکان نا بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەتی دەرەکی بەتایبەتی لە جادەی وڵاتە موسڵمانە زۆرینە سوننەکان. من چوار ساڵ لە مالیزیا بووم، خەڵکێکی زۆر لە مالیزییەکان بە نوخبەی ڕووناکیبر و ئەکادیمییشەوە، ئێرانیان بە ڕابەر و ڕزگارکەری فەلەستین دەزانی. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئێران لە هەوڵەکانی بۆ شەرعییەت وەرگرتنی دەرەکی لەنێو موسڵمانە سوننەکانیش تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە.
لێرە پرسیاری ئەوە دێتە پێش ئایا ئێران بۆ بەدوای ئەم جۆر شەرعییەتانە دەگەڕێت. وەڵامی ئەم پرسیارەش سادە نییە بەڵام دەکرێت لێرە گفتوگۆیەک بکەین. لە ڕاستیدا ئەو وڵات و هێز و لایەن و حیزب و ڕژێمانەی کە ناتوانن لە کەناڵە دیموکراسییەکانەوە شەرعییەت بەدەست بێن، ئەوا بەدوای کەناڵی دیکە دەگەڕێن، لەوانە بوونی هەڕەشەی دەرەکی و دوژمنایەتیکردنی ئەم و ئەو.
پرسیارەکان بەدوای یەکدا دێن، ئەدی شەرعییەتی دیموکراستی لە چی سەرچاوە دەگرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە سادەیە بەڵام کاریگەریی ئێجگار زۆر لەسەر پەیوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵات کە لەم پرسەی کە لەم بابەتە گفتوگۆی دەکەین زۆر گرنگە (کەمێکی دیکە دەگەڕێینەوە سەری). بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەت لە هەر دەوڵەتێکدا، دەسەڵاتداران دەبێت ژینگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری وا فەراهەم بکەن کە دامەزراوەکانی دەوڵەت (حکومەت و پەرلەمان) نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خەڵک بن، واتە خەڵک ئەو هەستەی لا دروست بێت کە حکومەت و پەرلەمان هی خۆیەتی و بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی ئەوان دەکات و جێبەجێکەری خەون و پڕۆژەکانی خەڵکن. بەکورتی حکومەت و پەرلەمان دەبێت خەمخۆری نەتەوە بن. هاوکات دامودەزگا گرنگەکانی دیکەی دەوڵەت (دادگا، سوپا، پۆلیس، ئاسایش) و دەرەوەی دەوڵەت (میدیا، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، نەزاهە، هتد) بێلایەن و سەربەخۆ بن. لەپاڵ ئەمانەش، حکومەت یەکسانانە و دادپەروەرانە خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بە هاووڵاتییان بکات و بیان پارێزێت نەک ئازادی و سەربەخۆییان و سەرکوت بکات و بیروڕایان سنووردار بکات.
ئێران و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە بە هەرێمی کوردستان-یشەوە شەرعییەتی دیموکراسییان نییە، لەوەش خراپتر خزمەتگوزاری نەک یەکسانانە و دادپەروەرانە پێشکەش ناکەن بەڵکو سەروەت و سامانی گشتی لە خزمەت دەستەبژێرێکی سیاسی دایە کە هاوسەرگیری کردووە لەگەڵ دەستبژێری بیزنیس، خەڵکیش بەگشتی لەو سامانە بێبەش کراون. لە دۆخێکی ئاوەهادا، ڕێگەدان بە دەستوەردانی وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی دەزگا سیخوڕییەکان، هێندە ئاسان دەبێت کە ئیسرائیل بتوانێت لەناو میوانخانەکانی سوپای پاسداران و لە بن پاڵی سەرۆککۆمار و ڕابەری ئینقیلاب میوانەکانی دەوڵەت بکوژێت.
ئەم قسانەی کە لێرە لەسەر ئێران کران، بەشی هەرە زۆری لەسەر هەرێم جێبەجێ دەبن هەر لە نەبوونی شەرعییەت و خزمەتگوزاری تا تەخشانوپەخشان کردنی سامانی گشتی. پرسیار بۆ دەستەبژێری سیاسی کوردی ئەوەیە، داخۆ لە ئەزموونی ئێران هیچ دەرس وەردەگرن.
ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=