مامە ڕەحەی کەلیخانە
مامە ڕەحە، ناوی (ڕەحیم موڕتەزا)یه، هەندێک جاریش بە (ڕەحمان گەردەنە) ناوبراوە، لە دایکبووی ساڵی (1877)ی زایینی گوندی (سونج)ی بناری کێوی کەلیخانە لە شارۆچکەی #بانە#ی شاری #سنە#، بەڵام زۆرینەی ژیانی لە گوندی (سەرسونج) یان (سونجی سەروو) بەسەربردووە، لەنێوان سەدەی (نۆزدەیەم و بیستەم)دا ژیاوە، لە کوێستانەکانی (کەلیخان و قوڵقوڵە)دا کە دوو کوێستانی بانەن، کاری سەرەکی کۆکردنەوە و کردنی گیاوگۆڵ و گژوگیای سرووشتی کوێستانی بووە لە هەردوو وەرزی بەهار و هاویندا.
فروزان فەزڵی:
ئەڵێن لە #بانە# لە دێهاتی سونج
مناڵێ بوو لە دایک بچکۆڵانە و خنج
باوکی لە دێ دا بەشی گوێزەبان
ناوی ڕەحیم یەعنی میهرەبان
کیژێکی گوندی (بنەخوێ)ی بانە دەخوازێت و بۆ ئەوەی لە گەردەنەی کەلیخان نزیکتر بکەوێتەوە ماڵی دەباتە گوندی (سونجی سەروو-سەرسونج) کە لەلاپاڵی چیا و کەژ و کێوی کەلیخانەوەیە، دوو کوڕی هەبووە بەناوەکانی (مامە قالەی گەردەنە و مامە ساڵحی گەردەنە) نازناوی (ڕەحمان گەردەنە) لەمەوە هاتووە، بەڵام خەڵکی ناوچەکەی هەر بە مامە ڕەحەی کەلیخان ناویان بردووە، نازناوی خۆیی و کوڕەکانی پەیوەندارە بە کێوی کەلیخان، لە 28-3-1959دا لە تەمەنی (82) هەشتا و دوو ساڵییدا کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی گوندی (سونجی خواروو)ی زێدەکەی خۆیدا نێژراوە.
وەکوو وەفایەک و نموونەیەکی باڵای بەهاناوە چوونی هاواران و ڕزگارکردنی کاروانچیان هونەرمەندی پەیکەرتاش (ئەبوبەکر پیران) لەسەر ئەرکی (محەمەد شەفیعی) پەیکەرێکی بۆ کردووە و (ئەنجوومەنی ئاشتی بانە) لەسەر ڕێگەی نێوان (بانە) و (#سەقز#) لە بەردەم تۆنێڵی (کەلیخان) پەیکەرەکەیان داناوە.
گەردەنەی کەلیخان واتە: سەر ملە، بستوی کێو، زین، زینوو، ملەی کێف، تیغی تیژ، تیشی بەرزایی، تەپۆلکەی کێو و...تاد، چیای کەلیخان کەوتووەتە زنجیرە شاخی (زاگرۆس)، نزیکەی 2600مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزه، لەنێوان هەردوو شارۆچکەی (بانە) و (سەقز)ە، شاخێکی بەفر گرە لە مانگە کوردییەکانی (بەفرانبار و ڕێبەندان)دا نزیکەی (3) سێ مەتر بەفر دەبارێت و بەفر هەموو ڕێچکە و کەلەبەر و کۆرانەرێ و دەرتەنگ و گەری و دەربەندەکان دەگرێت لە (کەلیخان و مامەڵخان و چەمی خان)، جگە لە ڕەشەبایەکی بەهێزی سارد و تاقەتپڕوکێنەر، بەمەش ئاستەنگی بۆ ڕێبواران و کاروانچییەکان و کەروبار و کۆڵبەران درووست دەبوو و چەندین کەس بەهۆی ڕێگە بزرکردن و لەناو بەفردا ڕەقدەبوونەوە و دەمردن.
مامە ڕەحەی کەلیخان بەهۆی پیشەکەیەوە کە کاری کۆکردنەوەی گیا کوێستانییەکان بووە، شارەزای هەرد و کێوانی گەردەنەی کەلیخان و کێلەشین وسەبەدلوو و سەرسونج بووە، زۆربەی ڕۆژان لەو کێوە بووە، هەردەم بابۆڵە و پارووەنان و کەشکی لە گیرفان و تورگەیدا بووە، بۆ ئەوەی لە بەستەڵەک و چلورەی بەستووی کوێستاندا بیخاتە زاری خۆیی و کاروانچییە پەککەوتووەکانەوە تاوەکوو وزەیان پێببخشێتەوە کە ساردی سەرمابردەڵەی کردوون و لەپەلۆپۆی خستوون، بە گۆتەی خەڵکی بانە و ناوچەکە چیرۆکی مامە ڕەحەی کەلیخان لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەمەوە تاوەکوو ساڵی (1950) دەست پێ دەکات کاتێک نێوان هەردوو شارۆچکەی بانە و سەقز ڕێگای هاتوچۆی سەرەکی نەبووە و هەر لە کوێرەڕێ و کۆرانەڕێی شاخەکاندا بووە، بەفری زستانیش ئەو ڕێگایانەی بەتەواوەتی دەگرت تاوەکوو ڕەوینەی سەرما لە بەهاراندا، مامە ڕەحە بەفریای ئەو کاروانچیانەوە چووە کە لەکڕێوە و بەفری کوێستانی کەلیخان گیریان دەخوارد و ڕێگەیان ون دەکرد، چەندین کەسی لە مردن و ڕەقبوونەوە ڕزگارکردووە.
مامە ڕەحەی کەلیخان، ئیدیۆمێکی هاوچەرخی کوردەوارییە و بووە بە کەسایەتییەکی ڕاستەقینەی مێژوویی بۆ فریادڕەسی و بەهاوارەوە چوون و ڕزگارکەری لێقەوماوانی بەستەڵەکی کوێستانەکانی چیای زاگرۆس لە مانگی بەفرانبار و ڕێبەنداندا، هاوشێوەی کەسایەتییە خەیاڵییەکەی ئەدەبیاتی ئینگلیز (ڕۆبن هود) کە دزی لە دەوڵەمەندەکان دەکرد و دەیبەخشییەوە بەسەر هەژاراندا، بەڵام مامە ڕەحەی کەلیخانی کوردەواری کەسایەتییەکەی ڕاستەقینەیە وەکوو حەمەقەدۆی موسڵ و حەمەغای کۆیە و هەمزاغای مەنگوڕ و حەمەتاڵی بانە و خولە پیزە و مامەڕیشە و ...تاد، کە بەڕەنجی بازوو و شان و پیلی خۆیی بژێوی پەیدا کردووە و بە کەشک و بابۆڵەی خۆی پەککەوتوو و سەرمابردەڵانی زیندوو و ژیاندۆتەوە.
سوودم وەرگرتووە لە:
1-ماڵپەڕی ڕووداو
2-ماڵپەڕی هاژە
3-تۆڕی کۆمەڵایەتی[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!