ناونیشانی بابەت: گەمەی زیندانی و زیندانیوان
ناوی نووسەر: #ستار بزێنی#
تیۆری زیندانی و زیندانیوان وەک چەمێکێک لە بواری ئەدەب و فەلسەفە بۆ لێکۆڵینەوە لە ماهییەتیی دەسەڵات و زەوتکردنی ئازادی بەکار هاتووە لەگەڵ لێکۆڵینەوە لە سروشتی ئازادیی مرۆڤ. ئەم چەمکە بە شێوەیەکی گشتی گوزارشت لە سیناریۆیەک دەکات وەک کەسێکی دەستبەسەرکراو (زیندانی) لە ژێر کۆنترۆڵی کەسێک کە نوێنەری دەسەڵاتێک بێت ئەویش “زیندانیوان”ە و لە شوێنێکدا ئەنجام دەدرێت کە پێی دەگوترێت “زیندان”. ئەگەر چی جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە بە فیزیکی ئەنجام دەدرێت بەڵام دەرهاویشتە دەروونییەکەی کاریگەرییەکی نەرێنی لە ناخی مرۆڤەکەدا بەجێ دەهێڵێت. ئەم تیۆرییە بۆ لێکۆڵینەوە لە دینامیکی دەروونی و کۆمەڵایەتی و سیاسی نێوان تاکەکان لە بارودۆخێکی دوو جەمسەریدا، ستەم و ڕزگاری، بەکار دێت. لەم بوارەدا فەیلەسووفی فەرەنسی جان پۆل سارتەر لەمەڕ بەرئەنجام و پەرچەکداری زیندانییەوە دەڵێت، ئازادی دەتوانێت تەنانەت لە هەلومەرجی ئەوپەڕی چەوساندنەوەشدا بوونی هەبێت.
تێگەیشتنی میشێل فۆکۆ بۆ ئەم تیۆرییە لە چۆنیەتی پراکتیزەکردن و دابەشکردنی دەسەڵات لە کۆمەڵگادا دەردەکەوێت، کە چۆن زیندانییەکان دەتوانن ستراتیجییەت بۆ بەرەنگاربوونەوە و گەیشتن بە جۆرێک لە داڕشتنی نەخشەی ئازادیی دابڕێژن و بەرجەستەی بکەن. هەروەها لە بواری ئەدەبیشدا لە شاکارەکانی جۆرج ئۆروێڵ و ڤیکتۆر هۆگۆ و نووسەرەکانی دیکەش ڕەنگی داوەتەوە.
بۆ ئەنجامدانی ئەم تیۆرییە، دەروونناس پرۆفیسۆر فیلیپ زیمباردۆ لە 1971 لە ژوورێک لە ژوورەکانی ژێرزەمینی ئەو زانکۆیەی وانەی تێدا دەگوتەوە تیۆرییەکەی لەسەر کۆمەڵێک لە قوتابییەکانی خۆی تاقی کردەوە. لەو تاقیکردنەوەیە قوتابییەکانی دابەشییە سەر دوو گرووپەوە، گرووپێکیان ڕۆڵی زیندانییان هەڵبژارد و ئەوانی دیکەش بوون بە زیندانیوان. بیرۆکەکە بریتی بوو لە لێکۆڵینەوە لە کاریگەریی ژینگە لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی لەسەر ڕەفتاری تاکەکان. دەرئەنجامی ئەو تاقیکردنەوەیە لە سەر قوتابییەکان ئەوە بوو لە ماوەیەکی کەمدا کاریگەرییەکی نەرێنی بەسەر هەردوو تاقمەکەدا هێنا. ئەو قوتابییانەی کە ڕۆڵی زیندانیوانیان دەبینی ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕەفتاریان بەرامبەر هاوڕێکانی خۆیان دەگۆڕا و توندوتیژی و دڵڕەقیان لێ بەدی دەکرا. لە بەرامبەریشدا ئەو هاوڕێیانەی کە هاوپۆلی خۆیان بوون لە ئاکامی ئەو دۆخەی کە تێی کەوتبوون، ڕۆژ بە ڕۆژ باری دەروونییان ناجێگیرتر و ناڕەحەتتر دەردەکەوت، هەستیان بە ستەم و پەستانێکی دەروونی دەکرد و مەیل و سۆزی هاوڕێیەتییان تا دەهات گرژی تێ دەکەوت و بیریان لە ئازادی و کۆتایی پێ هێنان بەو دۆخە دەکردەوە کە تێیکەوتوون. تا کار گەیشتە ئەوەی مامۆستاکە پاش شەش ڕۆژ تاقیکردنەوەکە ڕابگرێت و کۆتایی بە نمایشکردنەکە بهێنێت کە باری دەروونی قوتابییەکانی کردە دوو بەشەوە ، بەشێکیان ستەمکار و ئەوی دیکەیان ستەملێکراو. ئەو تاقیکردنەوەیە ئەوەی دەرخست کە ڕۆڵی کۆمەڵ و ژینگە کاریگەری ڕاستەوخۆیان بەسەر ڕەفتار و هەڵسوکەوتی تاک و خەڵکانی ئاسایی دەبێت کە دەکەونە ئەو دۆخەوە.
عێراق و ئەزموونێکی سەد ساڵی
لە یەکەمین جەنگی جیهانی و لە سەروبەندی داگیرکردنی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە لایەن دوو دەوڵەتی زلهێزەوە، بەریتانیا و فەرەنسا، پاش ئەوەی سەرتاپا هێز و جەندرمەکانی دەوڵەتی عوسمانی شکستخواردوو و سەرلێشێواو بەرەو ئەنادۆڵ ملی ڕێگایان گرتە بەر و خودا خودایان بوو خەڵکانی عەرەب و کورد پێشیان لێ نەگرن و کوردستان و ویلایەتەکانی بەغدا و بەسرا-یان – کە ئەمڕۆ ناوی عێراقی لێ نراوە- لێ نەکەن بە گۆڕستان. بەڵام ئەو خواستەی دەبوایە وەک پێویست ڕووی بدایە و کوردیش وەک شەریف مەککە کە شۆڕشێکی لە دژ عوسمانییەکان بەرپا کرد، ئەوانیش کوردستانیان لە پاشماوەی دەسەڵاتی عوسمانییەکان پاک بکردایەتەوە، بەڵام مەخابن دووبارە کەوتنە دوای کڵاوی بابردوو. ئەو هێزەی دەبوایە ڕووی لوولەی تفەنگەکانیان بکردایەتە تورکەکان بەڵام بە پێچەوانەوە گلانە جەنگێکەوە لە دژ هێزەکانی بەریتانیا. لە ئاکامدا داگیرکەرە ئەوروپییەکان بە وەرەقە و قەڵەم نەخشەی کوردستانیان بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەسەر دەوڵەتە تازە دروستکراوەکاندا دابەش کرد.
هۆکاری دابەشکردنی کوردستان هەرچییەک بێت بەڵام ئەوەی لێرە بەلامەوە گرنگە ئەوەیە کە ئینگلیز و هاوپەیمانەکانی ترسی گەورەیان لەوە بوو کە ڕۆژێک خەڵکانی وڵاتە داگیرکراوەکان (ئێران، عێراق، سووریا وتورکیا) پێکەوە لێیان ڕاپەڕن و ڕیسیان لێ بکەنەوە بە خوری. بۆیە، بەریتانیا بە دابەشکردنی کوردستان بەسەر ئەو چوار فەریکە دەوڵەتە وەک “دان و داو” تووشی گێژاوێکیانی کرد کە هەمیشە پێوەی بناڵێنن. بۆ کورتی و پوختی لەم وتارەدا ئێمە تەنیا دەوڵەتی عێراق بە نموونە دەهێنینەوە و خوێنەری هێژاش دەتوانێت دۆخی ئێران و تورکیا و سووریا بهێنیتە بەرچاو. هەڵبەت ئەو دابەشکردنە کارێکی وا سانا نییە کە دەوڵەتێک بتوانیت هەروا بە سووک و سانایی دەستی لە ژێر بەردە ئاشەکە دەربهێنێت. لە لایەکەوە بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی هەر چوار وڵاتەکە تا ڕادەیەک بەیەکەوە گرێ دراوە و لە لایەکی دیکەوە هەر چوار دەوڵەتەکە لە ژێر هەژموونگەرایی بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکانن. دەتوانیین کوردستان لە نێوان دوو بازنەدا وێنا بکەین بازنەی یەکەم داگیرکەرە ڕاستەوخۆکەیە و بازنەی دووەمیش وڵاتە زلهێز و بەرژەوەندخوازەکانن.
دەسەڵاتدارانی هەر چوار دەوڵەتە تازە دروستکراوەکانی پاشماوەی میراتی عوسمانی لەوە غافڵ بوون کە کەوتوونەتە داوێکەوە نە دەتوانن هەروا بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو بەشە پڕ سامانەی کوردستان و خەڵکەکەی بن، نە دەشتوانن بە ئاسوودەیی لە کەش و هەوایەکی دیموکراسییانە بە یەکسانی لە سەروەت و سامانی وڵاتەکەیان پێکەوە سوودمەند بن،ناشتوانن وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ و بێ کێشە ڕەفتار بکەن . ئەگەر هەر دەوڵەتێک لەم چوار دەوڵەتە دان بە مافی چارەنووسی بەشە داگیرکراوەکەی خۆی بنێت ئەوا دەبیتە مایەی هەڕەشەیەکی گەورە لە ئایندەی بەشەکانی دیکە.بۆیە بە ناچاری هەر چوار دەوڵەتەکە پێکەوە بە هەماهەنگی درێژە بە داگیرکەرییەکانی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی قەوارەی دەوڵەتەکەیان لە دابەشبوون بپارێزن. بەوەش کوردستانیان کردووەتە بەندیخانە و خەڵکەکەشیان تێدا بەند کردووە. بۆ پارێزگاری لەو بەندیخانەیە سەرجەم وڵاتی عێراق بووەتە بەندیخانەیەکی گەورە و خەڵکەکەشی بووەتە پاسەوانی ئەو بەندیخانەیە، ڕەوشی باقی دەوڵەتەکانی دیکەش لە ڕەوشی عێراق باشتر نییە . بە واتایەکی دیکە کوردستان بە خاک و خەڵکەکەیەوە لە ناو دەوڵەتی عێراق زیندانی کراوە و لە هەمان کاتیشدا عێراق بە خاک و خەڵکەکەیەوە لەناو قەوارەی کوردستان کەوتوونەتە زیندانەوە.
لەم بارودۆخەدا حوکمەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بە دام و دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس و پارتە نەیارەکانیشیانەوە خۆیان بۆ خزمەت ئەو زیندانییە گەورەیە تەرخان کردووە. لە ئەولەوییاتی هەر دەسەڵاتێکی نوێ کە دەبێتە جێگرەوەی حکومەتی پێشوو دابینکردنی بوودجەیەکی زەبەلاحە بۆ بەردەوامبوون و پاراستنی ئەو زیندانییە. ئەوە سەد ساڵیشە لە داگیرکاری دەوڵەتی مەرکەزی کە سەروەت و سامانی کوردستان تاڵان دەکەن و بەهەدەری دەدەن و خەڵکەکەی لە سەروەت و سامانی خاکەکەی خۆی مەحرووم دەکەن. سەدان هەزار تاوانیان لەسەر خاکی کوردستان ئەنجام داوە هەر لە دامەزراندنی شانشینییەوە دەستیان لە جینۆسایدی کورد هەڵنەگرتووە تا ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و تاوانەکانی شنگال و داعش و مەترسییەکانی ئەمڕۆشی پێوە بێت. لە بەرامبەردا حوکمەتە یەک لە دوای یەکەکانیان بەدەیان هەزار کوژراو و کۆسکەوتوویان لێ بەجێ ماوە، جگە لە هەدەردانی سەروەت و سامانێکی بێشومار لە چەک و تەقەمەنی و سوپایەکی سەرکوتکەر.
لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، داگیرکەرانی کوردستان بە سیستەماتیک کاریان لەسەر داگیرکردنی زمان و هەژارکردنی خەڵک و دزین و پووچەڵکردنی کەلەپوور و خودنەفرەتی تاکی کورد و دووبەرەکانی و پشێویی ناو خەڵک کردووە. لە بەرامبەریشدا ئەوان تووشی نەخۆشی خۆبەزلزانین و فۆبیای سەربەخۆیی کوردستان و ڕەگەزپەرستی بوونە، وەهمی سەروەری و یەکپارچەیی خاک و نیشتیمانی عێراقیش شەتەکی کردوون.
هەموو تاکە ناسیۆنالیستەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق هەر وەک ئەو پۆلیسەی پاسەوانی زیندانییەکە دەکات ، بە چاوێکی تاوانبارانە و بە هەڵوێستێکی پڕ لە دڕدۆنگی و بێمتمانەیی ڕەفتار لەگەڵ کورد دا دەکەن. لە بەرامبەریشدا هەر تاکێکی کوردی ناو زیندانییەکە خۆی بە ستەملێکراو دەزانێت و پاسەوانەکەش بە زەوتکەری ئازادی و داگیرکەری ماڵەکەی دەزانێت. ئەگەر چی پاسەوانەکە بە ئازادی لە دەرەوەی بەندیخانەکەدا هەڵسوکەوت دەکات، بەڵام لە ناو هەمان زیندان بەند کراوە و چێژ لەو ئازادییە نابینن کە بە ڕوواڵەت دەینوێن.
قوتابییانی تاقیگەکەی دکتۆر فیلیپ زیمباردۆ تەنها شەش ڕۆژێک بەرگەی ئەو دۆخەیان نەگرت لەگەڵ ئەوەشدا دەیانزانی کە ئەوەی دەیکەن تەنها نمایشە و بەس، کەچی عێراق لە ماوەی سەد ساڵ کوردستانی کردووە بە زیندانێکی گەورە و خەڵکەکەشی تێدا زیندانی کردووە و تەقەی دێت. لەوەش مەترسیدارتر، تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا دابێت نە دەیانەوێت لەوە تێبگەن کە ئەم داگیرکەرییە لە پای چی، بۆ چرکەساتێکیش بیر لە هەدەردانی ئەو سەروەت و سامانە ناکەنەوە کە بۆ پارێزگاری ئەو بەندیخانەیە سەرفی دەکەن، گەلی کوردیش دەستبەرداری ئازادی خۆی نابێت. ئەوان لەو وەهمە دان کە خۆیان بوونەتە زیندانیوان و گەلی کوردیشیان کردووەتە زیندانە، بەڵام ئەوەییان لە بیر چووە کە خۆیانیش بوونەتە زیندانی و کوردیش بە سەر ئەوانەوە بووەتە زیندانیوان. تەنها چارەی ئەم گرێ کۆڕەیە گۆڕینەوەی کۆدی زیندانەکانە و کۆتایی هێنانە بە داگیرکاری کوردستان.
ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=