شارەدێی ھیران یاخود شارەدێی خۆشناو شارەدێیەکە لە پارێزگای #ھەولێر#ی باشووری کوردستان.
$کارگێڕی شارەدێی هیران:$
شارەدێی هیران سەربە شارۆچکەی #شەقڵاوە# یە، ژمارە دانیشتووانی (8538) کەسن، هیران بە یەکێک لە هاوینە هەوارەکانی هەولێری پایتەخت دەناسرێت، گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێدەکەن، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا بەهۆی ئاووهەوایەکی فێنک و هەڵکەوتەکەی و بوونی دارستانێکی چڕ و کانیاوەکانی، لە کاتی بەفرباریندا لە وەرزی زستاندا گەشتیارێکی زۆر سەردان دەکەن، لە شارەکانی تری کوردستان و شارەکانی ئێراق و هەم گەشتیاری بیانیش سەردانی دەکەن.
$مێژووی شارەدێی هیران:$
لە ساڵی (1952) بووە بە شارەدێ یەکەم بەڕێوەبەری شارەدێ (علی حمادی) بووە، (23) بەڕێوەبەری شارەدێ دەوامیان کردووە، سەبارەت بە ناوی هیران لەوە هاتووە کە دوو خوشک یەکێکیان بە ناوی هیران ئەوی تریان بە ناوی نازەنین وەک باس دەکرێت.
سەبارەت بەڕۆڵی هیران لە ڕووی کوردایەتی و خزمەتکردن، هیران بە هەموو شێوەیەک پشتگیری شۆڕشەکانی کردووە و چەندین جار لەلایەن حکومەتی پێشووی ئێراق تێکدراوە. هیران لە دوای دۆڵی #گەڵاڵە# دوەمین شارەدێ بووە لە ساڵی (1961) ئازاد کراوە دواجار لە ساڵی (1987)بەتەواوەتی خاپوورکراوە وە خەڵکەکەی ڕاگوێزراوە بۆ کۆمەڵگەی زۆرە ملێکان وە لە ساڵی (1991) لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان ئاوەدانکرایەوە.
$ئایین و ئەدەب:$
لە ڕووی ئایینییەوە هیران هەر لە کۆنەوە پایەی خۆی هەبووە و چەندین کەسایەتی ئایینی لێ هەڵکەوتووە، وەک تەکییەی (کاکی هیران) کە مێژووەکەی بۆ 400 ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە کە ئەم تەکییەیە ژمارەیەکی زۆر مورید و شوێنکەوتووانی لە ناوچە جیاوازەکانی وەکوو هەولێر، #ڕواندوز#، #سۆران#، #کۆیە# و#سیدەکان# هەیە، ئەم تەکییە ماوە، لە ڕووی ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەوە چەندین کەسایەتی تێدا هەڵکەوتووە وەک شاعیری گەورەی کورد (#سافی هیرانی# )، (سانی هیرانی)، (شاناز هیرانی)، (#تەلار هیرانی# و #خەرمان هیرانی#).
$ھۆکاری ناولێنان:$
ھۆی ناونانی شارەدێیەکە بە شارەدێی خۆشناو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵکی شارەدێیەکە لە ھۆزی خۆشناون.
$گوندەکانی سەربە شارەدێی هیران:$
کەوەرتیان
چنێران
ئاقووبانی سەروو
ئاقووبانی خواروو
پونگینە
گەرۆتە
بەرەکە
ئەسپیندارە
فریز
لاسە
ترگالە
زیارەت
سولاوکی سەروو
سولاوکی خواروو
ناودارۆک
بیرۆکان
کاوانیان. [1]