(60) وتاری ئەکادیمی لە ماوەی ساڵێکدا!
#کارۆخ خۆشناو#
یەکێک لە پۆڵسی و فەلسەفە و پرنسیپەکانی (ژیان) بریتییە لە پڕۆسەی فێربوون و بەخشین یاخود وەرگرتن و بەخشین (الٲخذ و العطاء -give and take policy) لەم چوارچێوەیەدا هەوڵمداوە بە (گوێرەی توانا) ئەوەی لە ماوەی پێنج ساڵدا لە پڕۆسەی خۆێندنی (ماستەر) لە ئەمەریکا فێری بووم لە کوردستان بیبەخشمەوە.
بۆیە لە ماوەی ساڵێکدا واتە لە ڕێکەوتی (#26-05-2020#) تاکوو (#26-05-2021#) بە دیاریکراوی (60) وتاری ئەکادیمیم بڵاوکردووەتەوە (واتە هەموو شەش ڕۆژ جارێک وتارێک) لە بوارەکانی (شارستانییەتی ئەمەریکا، هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، ئابووری ئەمەریکا، دەستووری ئەمەریکا، سیاسەتی ناوخۆی ئەمەریکا، سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەرانبەر بە کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، هەروەها بابەتەکانی تری وەک گرنگی نووسینەوەی دەستوور و یەکڕیزی نیشتمانی و مرۆڤسازی و نیشتمانسازی و تاکە ڕێگا و باوەڕ بەخۆبوون و نەخشەڕێگای دەربازبوون و هۆشیاری و.....هتد) لینکی هەموو وتارەکانیش لە خوارەوە هاوپێچ کراون.
ئەمەی خوارەوەش وتاری ژمارە شەستەهەمینە بە ناونیشانی:
=KTML_Bold=عەقڵی کراوە و عەقڵی داخراو!=KTML_End=
عەقڵی کراوە (Open minded) و عەقڵی داخراوە (Closed minded) دوو چەمکی گرنگن کە لە ئەمەریکادا زۆر گرنگیان پێ دەدرێت و بەکاردەهێنرێن، بۆیە بە کورتی لە خوارەوەدا ئاماژەیان پێدەکەین.
وتەیەکی بەنرخ هەیە دەڵێت عەقڵی (گەورە) لێکدانەوە بۆ ئایدیاکان دەکات و عەقڵی (ناوەند) لێکدانەوە بۆ ڕووداوەکان دەکات و عەقڵی (بچووک)یش باسی خەڵک دەکات.
مرۆڤ بە هەبوونی نیعمەتی (ژیری و ژیری) لە بوونەوەرەکانی تر جیادەکرێتەوە، عەقڵیش بە چەندین جۆر شێواز پۆڵێن دەکرێت، یەکێک لە گرنگترین پۆڵینەکان بریتییە لە (عەقڵی کراوە و عەقڵی داخراو).
ئەو کەسانەی خاوەن (عەقڵێکی کراوەن) پێم وایە خاوەن گەورەترین نیعمەتن، چونکە ئەو مرۆڤانە ئەوەندە ژیر و عاقڵن، کە بەرانبەرەکانیان وەک خۆیان قبووڵە، بە واتاێکی تر کەسێکی ژیری کراوە ڕێز لە خەڵکانێکی هەمەڕەنگ و جیاواز لە (خۆی) دەگرێت، ئەگەرچی لە شێوازی بیرکردنەوە و هەڵبژاردنی ڕەنگ و ستایلی ژیان و کولتوور و ئایین و مەزهەب و حزب و نەتەوەش جیاواز بن.
بەڵام بە پێچەوانەوە مرۆڤی (ژیری داخراو) ئەو کەسانەن، کە تەنیا ڕێز لە کەسانێک دەگرن کە وەک خۆیان بیردەکەنەوە و هەمان هەڵسوکەوت و تێڕوانین و نەتەوە و کولتوور و حیزب و ئایین و مەزهەبیان هەیە.
خۆشبەختانە ئەمڕۆ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان خاوەنی عەقڵێکی کراوەیە و بە دیدگایەکی (نیشتمانی و کوردستانی دایڤێرستی و هەمەڕەنگ) بەرنامەڕێژی دەکات بۆ نووسینەوەی (دەستوورێکی هاوچەرخ و مەدەنی) بە جۆرێک دەستووری هەرێم جیاواز بێت لە دەستووری هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، چونکە دەستووری هەرێم بە عەقڵێکی کراوە وە دەنووسرێت و ماف و ئازادی و بەرژەوەندییەکانی هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی تێدا دەستەبەر دەکرێت، ئەم دەستوورەش دەبێتە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر و سەلمێنەر بۆ (کراوەیی عەقڵی) داڕێژەرانی بڕیاری کوردستان، بە پێچەوانەی دەستوورە (تاک ڕەهەندییەکانی) وڵاتانی دراوسێی وەک (عەرەب و تورک و فارس) کە بە داخەوە لە دەستوورەکانیاندا تەنیا ماف و ئازادی و بەرژەوەندییەکانی (نەتەوە سەردەستەکان) ڕەچاوکراوە، بە بێ گوێدان بە ماف و ئازادی و بەرژەوەندییەکانی (نەتەوە ژێردەستەکان) و پێکهاتەکانی تر! [1]