(232) ساڵ لەمەوبەر دەستووری ئەمەریکا خرایە بواری جێبەجێکردن!
#کارۆخ خۆشناو#
ڕەشنووسی دەستووری ئەمەریکا لە ساڵی (1787) لە کۆنگرەی (فیلادلفیا)دا بە ئامادەبوونی نوێنەری سێزدە (13) ویلایەت نووسرایەوە (ئەو کات ئەمەریکا تەنیا 13 ویلایەت بوو)، دوای ساڵێک گفتوگۆکردنی چڕ و پڕ، ساڵی (1788) ڕاپرسی لەسەرکرا، ئینجا ساڵی دواتر واتە ساڵی (1789) پەسەند کرا و لە ڕۆژی (#04-06-1789#) خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
بنەمای سەرەکییەکانی دەستووری ئەمەریکا لە تێزەکانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی (جۆن لۆک و هۆبز و ڕۆسۆوە) وەرگیراون.
دەستووری ئەمەریکا لە (7) ماددە پێکهاتووە، ئەوانیش بریتین لە:
=KTML_Bold=ماددەی یەکەم:=KTML_End=
تایبەتە بە دەسەڵاتی یاسادانان.
=KTML_Bold=ماددەی دووەم:=KTML_End=
تایبەتە بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن.
=KTML_Bold=ماددەی سێیەم:=KTML_End=
تایبەتە بە دەسەڵاتی دادوەری.
=KTML_Bold=ماددەی چوارەم:=KTML_End=
تایبەتە بە پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتەکان و حکومەتی فیدڕاڵ.
=KTML_Bold=ماددەی پێنجەم:=KTML_End=
تایبەتە بە هەموارکردنەوەی دەستوور.
=KTML_Bold=ماددەی شەشەم:=KTML_End=
تایبەتە بە قەرزی نەتەوەیی (الدیون القومیة)
=KTML_Bold=ماددەی حەوتەم:=KTML_End=
تایبەتە بە پەسەندکردنی دەستوور.
دوای پەسەندکردنی دەستوور (جۆرج واشنتن) وەک یەکەم سەرۆکی بێلایەن هەڵبژێردرا (ئەو کاتە هێشتا دیموکرات و کۆمارییەکان دانەمەزرا بوون)، جۆرج واشنتن بەردی بناغەی کۆشکی سپی دانا و پایتەختی ئەمەریکای لە (فیلادلفیاوە بۆ واشنتن دی سی) گواستەوە، بەڵام دوای خۆی، کۆشکی سپی تەواو بوو (جۆن ئادەمز)ی دووەم سەرۆک، یەکەم کەس بوو لە کۆشکی سپی نیشتەجێ بوو.
ئەمەریکییەکان لە (#04-07-1776#) سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند و حوکمی شانشینی بەریتانیایان ڕەتکردەوە، ئەمەریکا لە ماوەی (245) ساڵدا، (46) سەرۆکی هەڵبژاردووە، (19) سەرۆک کۆماری بوون، (16) سەرۆک دیموکرات بوون، (22) سەرۆکیش پێش دامەزراندنی پارتی دیموکرات و پارتی کۆماری بوون بە سەرۆک (پارتی دیموکرات لە ساڵی 1828 دامەزرا، پارتی کۆماری لە ساڵی 1854 دامەزرا).
یەکێک لە خەسڵەتە گرنگەکانی دەستووری ئەمەریکا (Flexibility) واتە نەرمی و گونجانییەتی لەگەڵ هەموو سەردەمەکان، ماددەی پێنجەمی دەستوور تەرخان کراوە بۆ هەمووارکردنەوەی دەستوور بە گوێرەی پێشکەوتن و پێویستی سەردەم (27) جار هەموار کراوەتەوە.
خەسڵەتێکی تری بەهێزی دەستووری ئەمەریکا، جیاکردنەوە و چاودێری و هاوسەنگی نێوان هەرسێ دەسەڵاتەکەیە (Separation of Powers, Checks and Balances) بە گوێرەی مادەکانی (1 و 2 و 3)ی دەستوور، هەر سێ دەسەڵاتەکەی ئەمەریکا لە یەکتر جیاکراونەتەوە (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) هەروەها دەستووری ئەمەریکا هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتەکانی فەراهەمکردووە لە ڕێگەی چاودێریکردنی هەرسێ دەسەڵاتەکە بەسەر یەکتر.
کەواتە دەتوانین بڵێین دەستووری ئەمەریکا بووەتە بەردی بناغەی درووستبوونی وڵاتێکی (Super Power)ی هاوچەرخ و (مۆدێرن) و خاوەن دام و دەزگای بەهێز، ئەمانەش شارستانییەتێکی نوێیان بەرهەمهێناوە بەناوی (شارستانییەتی ئەمەریکا) کە لەژێر سایەیدا (دەستوور و یاسا و ڕێساکان) سەروەرن بەسەر گشت هاووڵاتییاندا، بەبێ جیاوازی ئایدۆلۆژی و ئایینی و حیزبی و نەتەوەیی و مەزهەبی و ئیتنیکی.
لە کۆتاییدا هیوادارم سەرکردایەتی سیاسی و داڕێژەرانی بڕیاری کورستان هەوڵبدەین کەڵک لە ئەزموونی دەستووری ئەمەریکا وەربگرن، بە تایبەت لە ئێستادا کەوا پرسی نووسینەوەی (دەستووری هەرێمی کوردستان) بووتە ڕۆژەڤ. [1]