=KTML_Bold=هێزە شاراوەکەی دیاسپۆڕای کوردستانی=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
کۆمەڵانی دیاسپۆڕا هەمیشە هێزێکی گەورەی نەتەوەیی و کاریگەرن بۆ گەل و نیشتمانەکەیان لە وڵاتی دووەمیان، کە دەتوانرێت لە هەموو کاتێکدا لە سەرجەم ئاستەکانی ئابووری، سیاسی، دیپلۆماسی و کەلتووری هاوکار و پشتیووانی میللەتەکانیان بن. دیاسپۆڕاکانی نەتەوەکانی خاوەن دەوڵەتی وەک (یۆنانی، ئیتاڵی، ئەرمەنی، جوولەکە، تورک و لوبنانی) هەروەها نەتەوەکانی بێ دەوڵەتی وەک (باسک، کەتەلۆنیا، سکۆتلەندا، تامیل و...هتد) نموونەی دیار و بەرچاوی ئەم بۆچوونەن.
بەهۆی کۆمەڵێک هۆکار و قەیرانی مەزن، بەتایبەتیی سیاسەتی داپڵۆسێنەری دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستانەوە، سەدان هەزار کوردستانی لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بە ناچاری نیشتمانی ڕەسەنی خۆیان جێهێشتووە و بوونەتە پەنابەر لە سەرتاپای جیهان، بەتایبەتیی لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکا، کەندا، ئوستراڵیا..هتد. وڵات هەیە دەیان و بگرە سەدان هەزار هاونیشتمانی کوردستانی لێگیرساوەتەوە، بەمەش ڕەوەندی کوردستانی لە ڕووی ژمارەوە، بە تایبەتیی لەو سی تا چل ساڵەی دواییدا، گەشەکردنێکی فراوانی بەخۆییەوە بینیوە.
دیاردەیەکی ئاساییە کە نەوەی یەکەمی دیاسپۆڕای کوردستانی، وەک هیی هەر میللەتێکی دیکە کە بۆ یەکەمجار کۆچ دەکەن، تەرکیزیان بە پلەی یەکەم دەچێتە سەر جێگیربوون و زامینکردنی بژێوی ژیان و هاوکاریکردنی خانەوادەکانیان لە کوردستان، لەگەڵ خۆگونجاندن لەگەڵ یاسا و کەلتووری وڵاتە نوێیەکە. ئەگەرچی توانای ئەو نەوەیە بۆ ئاوێتەبوون لەگەڵ کۆمەڵگە نوێیەکە سنووردارە و زاڵبوون بەسەر بەربەستەکانی سەرکەوتندا، کارێکی ئاسان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەیەکیان، ئەگەر کەمینەش بن، سەرکەوتوو بوونە و توانیویان خزمەت بە کۆمەڵگەکانیان لە هەردوو دیوی کوردستان و هەندەران بگەیەنن.
نەوەی یەکەمی دیاسپۆڕای کوردستانی زادە و پەروەردەی کوردستانن و بەوپەڕی دڵسۆزیەوە بەردەوام لە خەمی نیشتمانەکەیاندا بوونە و لە کاتی کارەسات و ڕووداوە ناخۆشەکاندا هەوڵی بێوەچانیان داوە بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی کوردستان بە ڕای گشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و میدیاکانی جیهان. بەڵام مخابن کاریگەرییەکانیان لەسەر پێشهاتە گرنگەکان و ڕاکێشانی سۆزی کۆمەڵگە نوێیەکانیان بۆ کوردستان و کارتێکردنی چارەنووسی گەلەکەیان هەر بە سنوورداری ماوەتەوە. ئەمەش بەشێکی پەیوەستە بە بەربەستە مەزنەکانی بەردەم پەنابەرەکانی نەوەی یەکەم لە وڵاتێکی بێگانەدا، یان بە تێنەگەیشتن لە پڕۆسەی بڕیاردان لەنێو سیستەمی سیاسی و کارگێڕی وڵاتانی ڕۆژاوا. بەشێکیشی بەیوەستە بە لێکدابڕان و پەرتەوازەیی کۆمەڵایەتی و سیاسی ڕەوەندی کوردستانی بەهۆی خۆبەستانەوەیان بە ڕەوتی ڕووداو و دینامیکییەتی سیاسی ناوەکی کوردستانەوە. ئەو ڕەوەندە وەک بڵێی درێژکراوەی کۆمەڵگەکانی ناوەوەیە، هەمیشە کێشە و ململانێ وجەمسەرگیریەکانی ناوخۆی وڵاتیان گواستووەتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی تێیدا نیشتەجێبوون. ئەمەش وای کردووە هاوشێوەی ناوخۆی کوردستان، دیاسپۆڕای کوردستانی لە وڵاتانی دەرەوەش دووچاری پەتای دابەشبوون و پەرتەوازەیی بن و بەهۆیەوە نەتوانن لە دەوری دۆزە مەزنە هاوبەشەکەیان کۆ ببنەوە و کاری لۆبی هەرەوەزی لە چوارچێوەیەکی گشتگیردا ئەنجام بدەن. بۆیە سەرباری هەوڵ و چالاکی حیزبی یان ڕێکخراوەیی نیو کۆمەڵگەی مەدەنی، کەچی کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان و سیاسەتی وڵاتەکانیان لە ئاستی قەوارە و ژمارەی دیاسپۆڕاکەدا نەبووە.
جێگەی دڵخۆشییە کە ئێستا نەوەی دووەم و سێیەمی دیاسپۆڕای کوردستانی پێگەیشتوون و زیاتر ئاوێتەی کۆمەڵگەکانی خۆیان بوون و وەک هەر هاووڵاتییەک پەرە بە توانستەکانی خۆیان لە بواری فێربوون، خوێندن و کارکردن دەدەن. ئەوانە وەک خاوەنماڵ و بەشێکی کاریگەر لە کۆمەڵگە و لەگەڵ کەلتوور و فەرهەنگی وڵاتەکەدا گەشەیان کردووە. زۆرینەیان لە ڕێگەی خوێندن، سیاسەت، هونەر، ئەدەب و بزنسەوە توانیویانە جێپەنجەیان دیاربێ و بگرە ڕۆڵی سەرکردەیان تێدا ببینن. بێگومان ئەوانە بە شێوازێکی جیاواز لە نەوەی یەکەم بیر دەکەنەوە، پێوەر و نۆڕمی ئەو وڵاتانە شارەزاترن و توانای کارتێکردنیان لەسەر سیستەمی بڕیارداندا زیاترە. ئەوانە دەتوانن ڕۆڵی گەورە لەمەڕ دۆزە مەزنەکەی کوردستاندا ببینن، بەتایبەتیی ئەگەر توانستەکانیان کۆبکرێنەوە و ئاڕاستە بکرێن. ئەوەش پرسیارە مەزنەکەیە، ئایا چۆن ئەو توانا شاراوەی ڕەوەندی کوردستانی لە هەندەران بەدەربخرێت و بە دید و ستراتیژ و ڕێچکەیەکی نیشتمانییەوە ئاڕاستە بکرێت.
دیارە پێشتر هەوڵدراوە کە لۆبی کوردستانی لە هەندەراندا ڕێکبخرێت یان هەماهەنگی لەنێوانیاندا هەبێت، بەڵام تا ئێستا ئەو هەوڵانە پچڕ پچڕ بوونە و بەردەوامێتیان نەبووە. تا ئێستا هیچ لایەنێک نەیتوانیوە چوارچێوەیەک و بەرنامەیەکی هاوبەش بێنێتە کایەوە کە هەوڵە جیاوازەکان لەخۆ بگرێت یان گوڕێکی نوێ بداتە گەنجانی نەوەی دووەم و سێیەم کە لەو وڵاتانە لەدایکبوون و گەورەبوون. هاوکات بەحزبیکردنی کار و چالاکییەکانی دیاسپۆڕای کوردستانی هۆکارگەلی بەرچاون بۆ سەرنەکەوتنی ئەو هەوڵانە.
خۆشبەختانە، بەو دواییە هەوڵێکی نوێ، بە هەستێکی نوێ هاتووەتە کایەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لۆبی کوردستانی و بۆ کۆکردنەوەی کوردستانیانی دەرەوە لەژێر چەتری یەک دامەزراوەی نیشتمانی بەهێز و کاریگەر ئەویش (کۆنفیدڕاسیۆنی دیاسپۆڕای کوردستانی)ە بەو ئامانجەی کە ببێتە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی لۆبی کوردستانی و باشتر ئاڕاستەکردنی دیاسپۆڕاکە.
ئەم دامەزراوەیە هەوڵدەدات بە ڕووحیەتێکی بەهێزی نیشتمانی و دوور لە ئینتیمای حزبی و کەسی کاربکات. بێگومان ئەو جۆرە هەوڵە دەرفەتێکی زێڕین دەرخسێنێت بۆ بەگەڕخستنی توانستی دیاسپۆڕای کوردستانی و درووستکردنی لۆبییەکی بەهێز و کاریگەر بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی خاک و گەلی کوردستان لە ڕووداو و پێشهاتە نوێیەکاندا، کە چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاری گەورە لە سیستەمی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبردنی ململانێکانی جیهان بێتە ئاراوە.
هیچ کاتێک درەنگ نییە کە هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین هاونیشتمانی دیاسپۆڕا لەژێر چەتری ئەم دامەزراوە نیشتمانییەدا و پێسپاردنی ئەرکی پلاندانان و هەماهەنگی کردن تیایدا بە کەسانی چالاک و کاریگەر و خاوەن ئەزموون. خەڵکانێک کە لەتوانایاندابێ، دوور لە ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو یان جەمسەرگیری حیزبایەتی، دامەزراوەکە بەنیشتمانی بکەن و بیکەنە پلاتفۆرمێک بۆ سەرجەم دیاسپۆڕای کوردستانی بە هەموو نەتەوە، ئایین، پێکهاتە و ئایدۆلۆژیاکانەوە. بە دەستەجەمعی، هەوڵی زامینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ بدەن، لە ڕێگەی کۆمەکی بێمەرجەوە، هەتا سەربەخۆیی ڕێکخراوەکە و بڕیارەکانی بپارێزن. لەگەڵ ئەمانەشدا پێویستە کوڕ و کچانی نەوەی دووەم و سێیەمی دیاسپۆڕای کوردستانی ڕۆڵی کاریگەریی تێدا بگێڕن و بۆندی ئەوانەش لەگەڵ نیشتمانە گەورە هاوبەشەکەمان پتەوتر بکرێ. [1]