=KTML_Bold=هاوسەرگیریی منداڵ و پێنەگەیشتوو یان بەسەبایاکردن؟=KTML_End=
#ئادەم بێدار#
لەم ڕۆژانەدا بەهۆی پڕۆژەی ڕەشنووسی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی ئێراق 1959، مشتومڕی زۆر هەیە لەسەر ئەو یاسایە و وردەکارییەکانی، یەکێک لە دیارترینی بابەتەکانی پەیوەست بەو پرسە کە مشتومڕی زۆری لەسەرە ڕێگەدانە بە بەشوودانی منداڵ و پێنەگەیشتوو (ناباڵق)، ڕەشنووسی پڕۆژەکەش ئەرکی داڕشتنی نێوەرۆکی یاساکە بە هەردوو دیوانی وەقفەکانی شیعە و سوننە دەسپێرێت بۆ ئەوەی بەپێی فیقهی هەردوو مەزهەبەکە ئامادە بکرێت. منیش بەپێویستی دەزانم بەر لەوەی ئەو (مدونە)انە لەلایەن هەردوو وەقفەکە ئامادە بکرێت گەشتێکتان پێبکەم بەنێو فیقهی سوننە و شیعە و ئاشناتان بکەم بە بابەتی بەشوودانی منداڵ و پێنەگەیشتوو لەنێو پەرتووکەکانیان.
=KTML_Bold=کێ بە منداڵ و پێنەگەیشتوو ئەژمار دەکرێت؟=KTML_End=
منداڵ: بەپێی پێناسەی ڕێکەوتننامەی مافەکانی منداڵ، بەو کەسە دەگوترێت تەمەنی لە 18 ساڵ کەمتر بێت. لە فیقهی ئیسلامیش بەم شێوەیە پێناسەی منداڵ کراوە: بچووک لەساتی جیابوونەوەی لە دایکی -لەدایکبوونی-تا باڵق دەبێت. بڕوانە (حاشية ابن عابدين: 613. و نيل الأوطار: 7/331).
(القاصر) یان نەکارە و پێنەگەیشتوو، بریتییە لە هاوسەرگیری مێینەیەک بەر لەوەی بگاتە (بلوغ) یان بگاتە قۆناخی پێگەیشتن و (ڕوشد).
=KTML_Bold=کەی باڵق دەبێت؟=KTML_End=
بڕیاردان بەکۆتاییهاتنی قۆناخی منداڵی و گەیشتنە قۆناخی (بلوغ) باڵقبوون لە فیقهی ئیسلامیدا بۆ مێ بە دوو شت دەبێت، یەکەم: دەرکەوتنی نیشانەکانی، وەک: (احتلام) سێکسکردن لە خەودا، ڕووانی موو لەسەر شوێنی هەستیار و کۆئەندامی زاوزێ، سووڕی مانگانە، سکپڕبوون. دووەم: گەیشتنە تەمەنێکی دیاریکراو، کە لەمەشدا زانایانی فیقهی ئیسلامی ڕای جیاوازیان هەیە:
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= ڕای زۆرینەی زانایانی مەزهەبەکانی حەنەفی، شافیعی، حەنبەلی، بەشێک لە مالیکی بریتییە لە تەواوکردنی 15 ساڵ بۆ ڕەگەزی مێینە. بروانە: (المبسوط, للسرخسي: 9/184. والأم: 3/220. الانصاف: 5/320. والکافي: 1/331).
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= لاى بەشێک لە زانایانی مالیکی، تەمەنەکە بەوە دەبێت ئەو مێینەیە 16 ساڵ تەواو بکات. بروانە: (منح الجلیل: 6/87).
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End= باڵقبوون بەوە دەبێت مێینە 17 ساڵ تەواو بکات، ئەوەش قسەیەکە لای مالکییەکان و لە خودی ئەبوو حەنیفەشەوە گێڕدراوەتەوە. بروانە (ابن عبدالبر: 1/331. و ابن عابدین: 2/132).
چوارەم: هەر کاتێک مێینە 18 ساڵی تەواوکرد؛ ئەوە باڵق بووە، ئەوەش بۆچوونە باوەکەی مەزهەبی مالیکییە. بروانە: (منح الجلیل: 6/ 87).
پێویستە ئەوەش بزانرێت کە بریاڕدان بە باڵقبوون لەسەر بنەمای تەمەن لەلایەن شارەزایانی فیقهی ئیسلامی لە کاتێکدا کاری پێ دەکرێت ئەگەر نیشانەکانی دیکە پێش ئەو تەمەنە دەرنەکەوتبن، بەڵام هەر کاتێک نیشانەکانی دیکە دەرکەوتن ئەوا ئەو کچە بە باڵق ئەژمار دەکرێت، بەبێ گوێدانە تەمەنەکەی.
=KTML_Bold=بەشوودانی منداڵ و ناباڵق=KTML_End=
زانایانی شەریعەت دابەشبوونەتە سەر دوو بەرە:
بەرەی یەکەم: نابێت بەهیچ شێوەیەک منداڵ و ناباڵق بەشوو بدرێت، هیچ کەسێکیش نە باب و باپیر و نە کەسی دیکەش بۆیان نییە ئەو کارە بکەن و مێینەیەک پێش ئەوەی باڵق بێت بەشووی بدەن، هەر یەک لە (ابن شبرمة و أبوبکر الأصم) لەو بەرەیەدا هەن. بروانە: (المحلی: 9/459. و بداية المجتهد: 2/5).
بەرەی دووەم: درووستە منداڵ و مێینەی ناباڵق بەشوو بدرێت لەلایەن باوک یان باپیر، ئەوەش ڕای هەر یەک لە مەزهەبە دیارە سوننەکان لە حەنەفی، مالیکی، شافیعی، حەنبەلی و زاهیری. بڕوانە (البرح الرائق: 3/83. اللباب في شرح الکتاب: 1/251. وبداية المجتهد: 2/7. والمهذب: 2/40. وحاشية البجيرمي: 3/358. وکشاف القناع: 5/62).
=KTML_Bold=بەڵگەکان:=KTML_End=
ئەوانەی ڕەوایەتی بە بەشوودانی مێینەی ناباڵق دەدەن چەند بەڵگەیەکی شەرعییان بەدەستەوەیە، لەوانە:
لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: (واللائي يئسن من المحيض من نسائکم إن ارتبتم فعدتهن ثلاثة أشهر واللائي لم يحضن) (الطلاق: 4) واتە: ئەوانەشی کە هێشتا نەگەیشتوونەتە سووڕی مانگانە پێویستە لەسەریان لە کاتی جیابوونەوەیان (عیدە) بکێشن، واتە کاتێکی دیاریکراوچاوەڕێ بکەن بەر لەوەی شوو بکەنەوە.
خوا دەفەرمووێت: (وأنکحوا الأيامى منکم) (النور: 32) واتە: ئێوە ئەو یەتیمانە مارەببڕن کە هاوژینیان نییە. دیارە کە یەتیمیش بە بچووک دەگوترێت بەر لەوەی باڵق بێت.
لە فەرموودەشدا لە ئایشەوە (ڕ.خ) هاتووە: أن النبي صلى الله عليه وسلم تزوجها وهي بنت ست سنين، وأدخلت عليه وهي بنت تسع (البخاري 3894 ومسلم 1422)، کەواتە پێغەمبەر (د.خ) ئایشەی لە تەمەنی حەوت ساڵی مارەبڕیوە و لە تەمەنی نۆ ساڵیش چووەتە لای، لەبەر ئەوە درووستە هەر تاکێکی دیکەی موسڵمان هەمان ڕێچکە بگرێتە بەر و لە تەمەنی نۆ ساڵیدا ئافرەتێک بگوازێتەوە و بیکاتە هاوژینی خۆی.
پێشەوا شافیعی یاداشتی کردووە زیاد لە هاوەڵێکی پێغەمبەر (د.خ) کچەکانیان بە منداڵی مارەبڕیوە. بڕوانە: الأم: 7/163)، کەواتە مارەبڕینی منداڵ لەناو عەرەب ئەو کات نەریتێکی باو بووە. زانای دیار (ابن المنذر)یش کۆی ڕای زانایان لەو بوارەوە دەگوازێتەوە کە کۆکن لەسەر ڕەوایەتی بەشوودانی منداڵی ناباڵق. بروانە: (الإجماع: 1/78)
=KTML_Bold=هەڵوەشاندنەوەی مارەبڕینی ناباڵق=KTML_End=
سەرەڕای ئەوەی کە زانایانی چوار مەزهەبە دیارە کەی دنیای سوننە و مەزهەبی جەعفەری کە مەزهەبە سەرەکییەکەی دنیای شیعەیە، کۆکن لەسەر شەرعیەتی بەشوودانی مێینە پێش باڵقبوون و پێگەیشتن، بەڵام قسەشیان لەسەر ئەوە کردووە ئایا ئەو مێینەیە کە باڵقبوو بۆی هەیە ئەو مارەییە هەڵوەشێنێتەوە یان نا؟
یەکەم: بەگشتی بۆی هەیە ئەو مارەبڕینە هەڵوەشێنێتەوە جا هەر کەسێکی ئەوەی کردبێت باوکی بێت یان کەسانی دیکەی، ئەوەش بە ڕای هەر یەک لە: حسن (ک: 110ک)، عمر بن عبدالعزیز (ک: 101ک)، عطاء (ک: 114ک), طاووس (ک: 106), قتادة (ک: 118ک)، ابن شبرمة (ک: 144ک)، والأوزاعي (ک: 157ک)، بەڵام هەندێک لەوانە ئەو مافەیان بەو مێینە نەداوە ئەگەر لەپێش باڵقبوونی لەلایەن باوکی یان باپیرییەوە مارەبڕابێت.
دووەم: بەهیچ شێوەیەک بۆی نییە ئەو مارەبڕینەی هەڵوەشێنێتەوە، ئەوەش ڕای (أبو یوسف) لە حەنەفییەکان و مەزهەبی حەنبەلیشە. بڕوانە: (شرح فتح القدیر: 3/278. والمغنی: 7/ 383).
=KTML_Bold=هاوسەرگیری منداڵ و ناباڵق لای شیعە:=KTML_End=
زانا هەرە دیار و متمانەپێکراوەکانی مەزهەبی جەعفەری شیعە وەک: (الکليني، العلامة المجلسي، الشيخ المفيد، الطوسي، الطبرسي و... هتد) هاوڕان لەسەر بەشوودانی منداڵی بچووک لەلایەن باوک یان باپیر، هاوکات ڕەوایەتیشیان بە بەشوودانی مێینە داوە کاتێک تەمەنی نۆ ساڵ تەواو دەکات، کولەینی لە پەرتووکە متمانەپێکراو و بەناوبانگەکەی (الکافي) دەیان فەرموودەی لە ڕێگەی (ئال و بەیت)ی پێغەمبەر (د.خ) گێڕاوەتەوە کە ڕەوایەتی بە بەشوودانی مێینە دەدەن کاتێک نۆ ساڵ تەواو دەکات، مەجلیسیش لە پەرتووکەکەیدا (بحار الانوار)دا بەهەمان شێوە کۆمەڵێکی زۆر ڕیوایەتی بۆ پاڵپشتی ئەوە هێناوە، ئەو نۆ ساڵییە نابێتە بەربەست لە بەردەم مارەبڕینیان ئەگەر ئەوەی مارەیان دەبڕێت باوک یان باپیر بێت، واتە باوک و باپیر بۆیان هەیە کچ و نەوەیەکەیان بەشوو بدەن بەر لەوەی بگاتە نۆ ساڵیش، بەڵام ئەو کچە بۆی نییە گرێبەستەکە هەڵوەشێنێتەوە کە باڵق بوو، کەواتە مادام لەلایەن باوک یان باپیرییەوە مارەبڕاوە ئەوە تەنیا ڕێگەی خۆبەدەستەوەدانی لەپێشە. بڕوانە: تهذيب الأحکام، الطوسي: 7/ 382. وسائل الشیعة: 20/104).
زانایانی سەردەمیش وەک لێڤەگەڕی باڵای شیعە سەید عەلی سیستانی، بەڕوونی لە پەرتووک و فەتواکانیاندا لەسەر هەمان ڕێچکەی زاناینی پێش خۆیان ڕۆیشتوون. بڕوانە: منهاج الصالحين, بەرگی دووەم و پێگەی فەرمی نووسینگەی سیستانی لە ئینتەرنێت.
=KTML_Bold=مارەبڕین یەکسان نییە بە سێکسکردن=KTML_End=
زۆرینەی ڕەهای ئەو زانایانەی ڕێگەیانداوە باوک یان باپیر، کچ یان نەوەکەی بەر لە باڵقبوون و بە منداڵی بەشووبدات، کۆکن لەسەر ئەوەی مارەبڕین یەکسان نییە بە سێکسکردن، بەو واتایەی بۆیان هەیە بەشوویان بدەن بە منداڵی، بەڵام هاوسەرەکانیان بۆیان نییە سێکسیان لەگەڵ بکەن تا دەگەنە تەمەنێکی وا لە ڕووی جەستەییەوە توانای سێکسیان دەبێت، ئەمەش گرنگە کە بزاندرێت بۆ ئەوەی نەکەوینە بێویژدانی لە کاتی قووڵبوونەوە لەو بابەتەدا.
=KTML_Bold=سێکسکردن و چێژوەرگرتن لە ناباڵق=KTML_End=
جگە لە سێکسکردن لەگەڵ مێینەیەک نۆ ساڵی تەواو نەکردبێت، هاوسەر بۆی هەیە چێژ لەو ژنە بچووکەی وەربگرێت بە دەست لێدان، ماچکردن، بۆن، هەتا ئەندامی زاوزێشی بخاتە نێوان هەردوو ڕانی، لەبەر ئەوەشە ئەو بابەتی چێژوەرگرتنە لە ئەدەبیاتی ئیسلامیدا بە فەتوای ڕانەکان (فتوی الفخذين) يان (التفخيذ) ناوی دەرکردووە، شەرعزانان کە ڕێگرییان کردووە نێر و مێ لە دەرەوەی هاوسەرگیری چێژ لەیەکتر وەربگرن، لێرە ڕێگەیانداوە یەک لایەنە نێر چێژ لە مێینەیەکی بچووک وەبگرێت، بەڵگەکەشیان بوونی مارەکردنی شەرعییە، ئەوان دەڵێن مادام ئەوانە مارەبڕان ئەوا هەر جۆرە چێژ لەیەک وەرگرتنێک ڕێگەپێدراوە، تەنیا سێکسکردن نەبێت، ئەمەش چونکە توانای ئەو کارەی نییە، بۆ ئەمەش زۆر جار پەیڕەوانی سوننە و شیعە بەو فەتوای ڕانەکان لەیەکتر دەدەن، بەڵام لە ڕاستیدا لە پەرتووکەکانی فیقهی هەردوولایان ئەو بابەتە ڕێگەپێدراوە لای بەشێکی دیاری زانایانی هەردوو لا. بۆ دڵنیابوونەوە لە بۆچوونی زانایانی سوننە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوەکانی: حاشية ڕد المحتار: 3/622. و البیان في مذهب الإمام الشافعي: 4838. هەرچی سەرچاوەکانی شیعەشە ئەوە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوەکانی: العروة الوثقى: 2/ 644. و وسيلة النجاة: 3/145. ومباني في شرح العروة الوثقى: 1/ 126. وتحرير الوسيلة: 430. ومستمسک العروە: 14/ 80.
=KTML_Bold=شوێنەوارە خراپەکانی بەشوودانی ناباڵق:=KTML_End=
سکپڕی لەکاتێکی زوودا کۆمەڵێک شوێنەواری خراپی لێ دەکەوێتەوە، لەوانە: پشتئێشە، خوێنبەربوونی بەردەوام، هەوکردنی کۆئەندامی زێ، سکئێشە. ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزربوونەوەی ڕێژەی مردن لای هاوەسەرە گچکەکان.
تەواونەکردنی کاتی سرووشتی سکپڕی و لەبارچوون، ئەو بچووکەی هێشتا نەشونمای تەواو نەبووە لە ڕووی جەستەییەوە ڕەنگە تووشی کەمخوێنی ببێت، لەبەر ئەوە ڕێژەی مردنی ژنانی بچووکی نێوان 15 بۆ 19 زیاترە وەک لەوانەی سەرووی 20 ساڵی.
سکپڕی و منداڵخستنەوە مەترسی گەورەی تێدایە لە کاتی هەرزەکاری، بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی، ڕێژەی گیانلەدەستدانی ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمترە پێنج ئەوەندە زیاترە لەوانەی لەو تەمەنەن بەهۆی موزاعەفاتی سکپڕی و منداڵبوون، لەوانە: بەرزبوونەوەی گوشاری خوێن، خوێنبەربوون، لەدایکبوونی منداڵی لاواز، بەهۆی ناتەواوی جەستەیی و فسیۆلۆژی.
=KTML_Bold=لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە:=KTML_End=
-ناشارەزایی لە بەڕێوەبردنی ماڵ و منداڵ و ئەرک و بەرپرسیارییەتی خێزان، کە زۆربەی جار دەبێتە هۆی کێشەی قووڵی خێزانی و ڕەنگە سەربکێشێت بۆ جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی خێزان.
-دابڕان لەخوێندن و خۆپێگەیاندن.
-نەبوونی و لازبوونی پێگەی ژن لەناو خێزان بەهۆی کەمتوانایی و کەم زانیاری و هەژاری مەعریفە.
=KTML_Bold=تێبینییەکانی ئێمە=KTML_End=
-پێویستە بەر لەهەر شتێک ئەوە بزانین کە ئەو بۆچوونانە زادەی تێگەیشتنی مرۆڤە لە دەقە شەرعییەکان، دواجار مرۆڤیش هەڵە دەکات، هیچ مرۆڤێک پارێزراو (معصوم) نییە و هیچ موسڵمانێکیش لەسەری پێویست نییە پەیڕەوی تێگەیشتنی کەسێکی دیکە بۆ دەقە شەرعییەکان بکات، مەگەر نەخوێندەوار بێت، لەبەر ئەوە هەموو ئەو ڕایانە هەوڵی تێگەیشتنە لە ئیسلام نەک خودی ئیسلام بێت و پیرۆز بن.
-تێگەیشتنی زانایان زادەی مەعریفە و دنیابینی و ئەو کاتەیە کەتێیدا دەژین، لەبەر ئەوەشە زانایان جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە فەتوا بەپێی (کات، شوێن و خەڵک) دەگۆڕێت، بەو واتایەی فەتوایەک ئەگەر گونجاو بووبێت بۆ ناوچەیەکی جیوگرافی لە سەردەمێکی دیاریکراودا مەرج نییە بگونجێت بۆ پەیڕەو لێکردن تا کۆتایی دنیا.
-بەشێکی دیاری فەقیﮪ و شەرعزانانی دنیای ئیسلام پێگەیشتن (الرشد)یان بەمەرج داناوە بۆ ئەوەی سەروەت و سامانی هەتیوەکە کە گەورە بووە بخرێتە بەر دەستی تا خۆی مامەڵەی پێوە بکات، لە کاتێکدا تەنیا نۆ ساڵیان داناوە بۆ ئەوەی مرۆڤێکی بخرێتە بەر دەست، ئەرێ بەڕاست مرۆڤ گرنگترە یان سەروەت و سامان؟ باشە ئەگەر بۆ خستنە بەردەستی سەروەت و سامان (پێگەیشتن) مەرجبێ کە زۆربەی کات بە 18 ساڵ خەمڵاندوویانە، ئەی نەدەبا بۆ ئەوەی خانمێکی ڕادەست بکرێت هیچ نەبا ئەوەندەی سامان نرخیان بۆی دانابا؟ یان خانم لە ماڵ بێبەهاترە؟!
-بابەتی هاوسەرگیری پێغەمبەر (د.خ) لەگەڵ ئایشەی دایکی باوەڕداران گفتوگۆی زۆری لەسەرە، زۆر بە کورتی: هەندێک زانایان دەڵێن ئەوە تایبەت بووە بە خودی پێغەمبەر و شوێنکەوتووانی بۆیان نییە هەمان شت بکەن، توێژینەوەش هەیە دەیسەلمێنێت تەمەنی دایکی باوەڕداران ئایشە ئەو کات 18 ساڵ بووە نەک نۆ ساڵ.
-کاتێک زانستی پزیشکی ئەوە دەسەلمێنێت ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە ناپێگەیشتووە دەبێتە هۆی پێگەیشتنی ئەو هەموو زەرەر و زیانانە، پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی: (لا ضرر ولا ضرار)، ئەوەش بووەتە بنەمایەکی فیقهی ئیسلامی، کەواتە پێویستە مەرجەعە باڵاکانی دنیای ئیسلام و دامودەزەگاکانی فەتوا بوێر بن و ڕێگری بکەن لە هەر جۆرە هاوسەرگیری و مارەبرینێکی پێش 18 ساڵ وەک ئەوەی شێخی ئەزهەر ئەحمەد تەیب کردوویەتی.
-بەشوودانی منداڵێک لەسەر بێشکە یان هەتا لە نۆ ساڵیش کە هێشتا هەر خەریکی یارییە سەندنەوەی کەڕامەتە لە مرۆڤ، ئەو کەڕامەتەی خوا پێیداوە (ولقد کرمنا بني آدم) (الإسراء: 70).
-بەشوودانی مرۆڤێک بەر لەوەی هیچ جۆرە پێگەیشتنەک و تێگەیشتنێکی بۆ دنیا لا درووست ببێت و بەزۆر بیخەیتە ماڵێک و بەر کەسێک بۆ هەمیشە؛ بەڕاستی ستەمە، ستەمیش لە دەیان دەقی قورئان و فەرموودە حەرام و قەدەخەکراوە.
-بابەتی ڕێگەدان بە بەشوودانی منداڵ بەبێ ئەوەی هیچ حیسابێک بۆ خواست و ویستی ئەو کچە بکرێت بەناوی (ولی مجبر) ئەوە بۆ سەردەمی خۆی بووە، ئێستا لەم سەردەمی پێشکەوتنی زانیاری و زیرەکی دەستکرد و ئەو چیرۆکە دڵتەزێنانەی کە بەرگوێمان دەکەون لە ستەمی باوک یان باپیر لە منداڵەکانیان و ڕەچاو نەکردنی بەرژەوەندی ئەو منداڵانە پێچەوانەی ئەو مەرجانەیە کە زانایانی شەرعزان بۆ (ولی مجبر) دایانناوە و پێویستە ڕێگری لەو خراپەکاریانە بکرێت کە لەو دەرگایەوە دێنە ژوور و بابەتی (ولی مجبر) بە یەکجاری کۆتایی پێبهێنرێت.
-بەشوودانی منداڵی ناو بێشکە و دواتریش بەر لەوەی پێبگات پێچەوانەیە لەگەڵ مافی ژن لە بڕیاردان لەسەر پێکهینانی ژیان و ڕەزامەندی دەربڕین، ئەوەیش هیچ ڕەوایەتییەکی نییە و پێویستە بوەستێندرێت، چونکە دەقەکان بەڕوونی سەنگیان بە ڕەزامەندی ئافرەت داوە، هیچ نرخێکیش بۆ ئەو ڕەزامەندییە نییە کە لە منداڵێکی ناپێگەیشتووەوە و دەردەچێت، کەواتە پێویستە چاوەڕێ بکرێت تا خۆی دەگاتە (ڕوشد) و ئەو کات خۆی ئەگەر ڕازی بوو مارەببڕێت.
دواجار دەتوانم بڵێم: ئەوەی ئێستا دەکرێت لە بەشوودانی منداڵ و ناباڵق و ناپێگەیشتوو بەبیانووی ئیسلام و خواو پێغەمبەر ئەوە ستەمە لە مرۆڤ و بگرە لە خوا و پێغەمبەریش!. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=