=KTML_Bold=ئێزدییەکانیش یەکتاپەرستن=KTML_End=
#ئادەم بێدار#
لەم ڕۆژانەدا کوردانی ئێزدی کەوتوونەتە بەردەم شەپۆلێکی مەترسیداری وتاری ڕقەبەری، ئەمەش بەهۆی لێدوانی کەسێکیان کە بێڕێزی کردبوو بەرانبەر پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ).
=KTML_Bold=بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکانی ئایین=KTML_End=
ئەوەی ڕوونە کەسێکی ئێزدی لە چالاکییەکدا کە ژمارەیەکی کەمی خەڵکی ئێزدی لێیە وتارێک پێشکەش دەکات، لەو وتارەدا بەشێوەیەکی ناڕەوا هێرش دەکاتە سەر پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) و بەهۆکاری ئەو فرمانانەی دەداتە قەڵەم، کە کراونەتە سەر ئێزدی و بانگەشەی ئەوەش دەکات تاوەکوو ئایینی ئەو پێغەمبەرە بەردەوام بێت، فرمانەکانیش درێژەیان دەبێت!
ڕاستییەکەی ئەوە بێڕێزی و نادیدەگرتنێکی حاشاهەڵنەگرە و نەزانینە بە مێژووی خودی خۆی، لەبەر ئەوە هەرگیز پێغەمبەری ئیسلام هانی کوشتن و بڕین و بە کەنیزەککردنی نەداوە، بۆ ئەوەش سەدان بەڵگە هەن کە بەپێچەوانەوە ڕێزی مرۆڤی گرتووە و بگرە زۆریش لێبووردە بووە لەگەڵ ئەوانەشی کە پیلانیان بۆ لەناوبردنی داناوە، هاوکات جیهان شایەتی ئەوە دەدات موسڵمانانی کوردستان کە پەیڕەوی لە ئایینی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) دەکەن چۆن دەرگەی مزگەوت و ماڵ و شوێنەکانیان بەڕووی ئاوارەکانی #شنگال#دا کردەوە و هەرچی توانییان هاوکاری خوشک و برایانی کوردی ئێزدییان کردووە، بەمەیش لاپەڕەیەکی دیکەی زێڕینیان لە مێژووی جوانی پێکەوەژیانی کوردستان نووسییەوە. ئەوەی ڕوونە کە بێڕێزیکردن نە لەو کەسایەتییە و نە لە هیچ کەسایەتییەکی دیکە بەرانبەر پیرۆزییەکانی ئیسلام و هیچ ئایینێکی دیکە قابیلی قبووڵ نییە، ئەوە بابەتێکە بڕاوەتەوە و پێویست بە گەنگەشە ناکات، بەڵام ئەوەی پێویستی بە هەڵوێستە لەسەرکردنە شێوازی کاردانەوەکانی موسڵمانانی کوردستانە لە هەمبەر ئەو ڕووداوە، ئەویش دابەش دەکرێت بەسەر سێ ئاڕاستە:
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= ئاڕاستەی دادگە، ئەوەیان ڕێکارێکی شارستانییە، خەڵکانێک باوەڕیان بە سەروەریی یاسا هەیە و بەبێ ئەوەی بێڕێزی بکەن بەرانبەر بە ئێزدییەکان چوونەتە دادگەکان و سکاڵای یاساییان لەسەر ئەو کەسە تۆمار کردووە، ئەوە جێگەی دەست خۆشییە و پێویستە هانی هەر کەس و لایەنێک بدرێت کە ناکۆکییەکی هەیە لەگەڵ کەس و لایەنێکی دیکە پەنا بباتە بەر دادگە، ئیدی ئەرکی دادگەشە بێ لایەنانە و پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسێیانەدا بکات.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= گفتوگۆ، ئەوانەن کە بابەتەکە ئەوەندە بە بایەخ نابینن بیکەنە بابەتی ڕۆژەڤ و سکاڵا و بێنە و بەردە، بەڵکوو لە ڕێگەی نووسین، بەرنامە بەشێوەیەکی شارستانی وەڵامی قسەکان دەدەنەوە و ئەرگۆمێنتەکانیان دەخەنەڕوو، ئەمەشیان شێوازێکی مەدەنی و ئایینیشە.
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End= وتاری ڕقەبەری و تێکەڵکردنی شتەکان: خەڵکانێکیش هەن کاردانەوەیەکی ئێجگار بەهێزیان هەیە، ئەوانە نموونەی بەشێکن لەو کاردانەوانە:
شەیتانپەرستەکان لەچی دەگەڕێن؟، هەردەم شەیتانپەرستان گورگن و لەپێستی مەڕدا خۆیان دەنوێنن، پڕۆفیسۆرێکی شەریعە کە خۆی وەک ڕێبەرێکی سۆفیگەری دادەنێت و پۆستێکی باڵای ئایینی هەیە لە هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی وای نووسیوە. خەڵکانێکیش لە کۆمێنتدا بەشدارییان لەگەڵ کردووە، پڕۆفیسۆرێکی دیکەی شەریعە بۆی نووسیوە: هەمیشە قەڵەمت ڕەنگین بێت دکتۆری خۆشەویست، لەگەڵ ئەو دەیان مەلا و دکتۆری دیکەی شەریعە دەست خۆشییان لێی کردووە. لەوانە یەکێک بۆی نووسیوە: بەڕاستی ئێزدی پیسترین مەخلوقی سەر زەوین زۆریش بێ ئەمەک و بێ سیفەتن بەرانبەر گەلی کورد، مەلایەکی دیاری مزگەوتێکی دیکەی #هەولێر#یش کە دکتۆرای هەیە و مامۆستای زانکۆیشە بۆی نووسیوە، خوای میهرەبان پاداشتی بەخێرت بداتەوە مامۆستای بەڕێز دەستتان خۆش دەنگمان لەگەڵتە بە دڵ بەڕاستی سەلماندت کە موفتی ڕاستەقینەی موسڵمانانی هەرێمی کوردستانی.
=KTML_Bold=ئەمانە نموونەی بەشێکن لەوانەی ڕێبەرایەتی ئەو ئاڕاستەیە دەکەن، ئەگەر وردبینەوە لەنێوەڕۆکی وتاری ڕقەبەری ئەوانە دەبینین:=KTML_End=
=KTML_Bold=یەک:=KTML_End= ئێزدی بە شەیتانپەرست دەزانن.
=KTML_Bold=دوو:=KTML_End= بێڕێزییەکە دەگشتێنن بەسەر هەموو ئێزدییەکان و بە بەرپرسیاریان دادەنێن، بگرە زیاتریش بە دوژمن وێنایان دەکەن.
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End= شەرعیەت دەدەنە ئەو تاوانە گەورەیەی #داعش# بەرانبەر کوردانی ئێزدی کردوویەتی، بە نموونە ئەو پڕۆفیسۆر-موفتییە نووسیویەتی، بەڵام لە دونیادا ئایا بیریان چووەتەوە کە کاتێک دوعا و هاوسەرەکەیان -هەر لەبەر ئەوەی هاتنە سەر دینی ڕاستەقینەی خۆیان کە ئیسلامە-بە دڕندانەترین شێوە و بە کۆمەڵ شەهیدکردن و ئەو ستەمە گەورەیەیان ئەنجامدا دەرهەقیان، بەڵام هێندەی نەبرد خودای تۆڵەسێنەر ئەو (زەواڵە دڕندەی) بۆ تاین کردن و بەو چەشنە تەفروتونای کردن؟
=KTML_Bold=چوارەم:=KTML_End=هێرشی ناڕەوا و پڕ سووکایەتی بۆ سەر ئەوانەی باوەڕیان بە پێکەوەژیان هەیە و بە بێ غیرەت و بێ کەرامەت ناوزەدکردنیان.
=KTML_Bold=پێنجەم:=KTML_End= وێناکردنی کوردانی ئێزدی بە دوژمنی هەمیشەیی و ناوزەدکردنیان بە گورگ لەپێستی مەڕ.
=KTML_Bold=لێرەوە بە گرنگی دەزانم گەنگەشەی یەک بە یەکی ئەو خاڵانە بکەم:=KTML_End=
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= ئێزدی نەک هەر خودا بەڵکوو یەکتاپەرستن، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دەقەکانیان کە (قەول و بەیت و قەسیدە و دروز)ن زۆر بەڕوونی جەخت لەسەر یەکتاپەرستی خوا دەکەنەوە، بۆ نموونە لەو تێکستە پیرۆزانەیاندا هاتووە، سلتان ئێزی ب خۆ پادشایە، هەزار و ئێک ناڤ ل خۆ دانایە، ناڤێ مەزن هەر خودایە، پەدشا ئێکی ب تنێ ، ڕەبێ من ئەحەدە، فەردێ سەمەدە، ڕەووێ عیسا و موسا و محەمەدە، لەگەڵ دەیان تێکستی دیکەیان کە زۆر بەڕوونی و بێ خەوشی جەخت لەسەر یەکتاپەرستی خودا دەکەنەوە، خوای گەورەش هۆشداری بە پێغەمبەری خۆی داوە (لو تقولأ علينا بعض الأقاويل، لأخذنا منه باليمين) واتە: ئەگەر بەناوی ئێمەوە شت بڵێیت و ئێمە نەمانگوتبێت ئەوە بە ڕاستی دەیگرین (وەک ئاماژە بەوەی بەهێزەوە دەیگرین)، کەواتە ڕێبازی پێغەمبەر محەمەد (د.خ) ئەوەیە تۆ گوێ لە کەسی بەرانبەر بگریت بزانە چۆن باسی بیروباوەڕی خۆی دەکات، کە دانینا بە یەکتاپەرستی، ئیدی کەس بۆی نییە شتێکی دیکەیان بەسەردا بسەپێنێت، ئەوەتا هەر خودی پێغەمبەر (د.خ) کاتێک هەواڵی بۆ دێت لە یەکێک لە جەنگەکاندا هاوەڵێکی کەسێکی دوژمنی کوشتووە، لە کاتێکدا پێش ئەوەی بکوژرێ شایەتمانی هێناوە، پێغەمبەر پرسی بۆچی: هاوەڵە بکوژەکە وەڵامیدایەوە: چونکە لە ترسی شمێشێر بوو! پێغەمبەر (د.خ) فەرمووی: ئایا تۆ ناو دڵت شەق کرد تا ببینی لە ترسان شایەتمانی هێناوە؟ گێڕەرەوەی ئەو فەرموودەیە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەوەندە بە سەرسووڕمانەوە فەرموویەتی: (ئایا ناو دڵت شەق کرد؟) تا ئەوەی ئومێدم دەکرد پێش ئەو ڕۆژە موسڵمان نەبام، فەرموودەکە لە بوخاری و موسلیمدا هاتووە، کەواتە: هیچ کەس بۆی نییە لە خۆیەوە شت بەسەر بەرانبەرەکەیدا بسەپێنێت، کاتێک ئێزدییەک دەڵێت من تەنیا خوا دەپەرستم و بۆ ئەوەش تێکستی پیرۆزی هەیە ئیدی ئەوە بەسە بۆ زانینی ڕاستی و درووستی ئەو تۆمەتەی سەدان ساڵە دەدرێنە پاڵیان، ئەرێ بە ڕاستی ئەو هەموو پرۆفیسۆڕ و مەلایە ئەگەر پابەند بن بە یاسای ئیسلام و بنەمای ئەکادیمی، نابێت چیدی بەوانە بڵێن شەیتانپەرست! خۆ ئەگەر هەر مکوڕ بن لەسەر ئەو تۆمەتە ناڕەوایە ئەوا ستەمکارن و لە ئەنجامی ئەوەش هەر شتێک ڕووبدات خۆیان لە بەرانبەر خوا و خەڵکیش لێپرسراون.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= هەرگیز تاوانی کەسێک نابێت بخرێتە ملی کەسێکی دیکە، نەخاسمە بخرێتە ملی کۆمەڵگەیەک کە سەدان هەزار کەسە، ئاخر دامەزراوە باڵاکانی ئێزدی ئەو کات بە فەرمی بێبەریبوونی خۆیان لە کوشتنی دوعا ڕاگەیاند، ئێستاش بەڕوونی بێبەریبوونی خۆیان ڕادەگەیێنن لەو بێڕێزییەی ئەو کەسە ئێزدییە کردوویەتی، ئەوان بە دەیان جار جەختیان کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کارەکانی داعش لەسەر خودی گرووپەکە ئەژمار دەکەن نەک موسڵمان و ئیسلام وەک ئایین، هەر خۆم شایەتی ئەوە لە چەندین پرۆگرامم لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ڕووداو لەگەڵ کەسایەتییەکانیان کردووە، بەڕوونی ئەوەیان گوتووە، دەی کەواتە نابێت هەڵەی کەسێک بخرێتە ئەستۆی کۆمەڵێک، ئەوەشیان یاسای خوایە، بەبیر ئەوانە دەهێنمەوە خوا دەفەرموێ (ولا تزر وازرە وزر أخری)، هاوکات بە ویژدانیشیان سوێندیان دەدەم: ئەگەر کەسێک بەرپرسیاریێتی کارە قێزەونەکانی داعش بخاتە ملیان هەستیان چۆن دەبێت؟ دەی ئەوانیش وەک ئێوە مرۆڤن و هەمان هەستیان هەیە!
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End= بە دەیان جار بیستوومە بەشێک لە موسڵمانان وابیر دەکەنەوە کە ئەوەی داعش کردوویەتی بەرانبەر کوردی ئێزدی تۆڵەی خودا بووە لەبری کوژرانی دوعا. ئەرێ بە ڕاست هەموو ئێزدی بەشدار بوون یان پاڵپشتی کوشتنی دوعایان کرد، تاوەکوو خودا بەو شێوەیە سزایان بدات؟ ئەرێ تاوانی منداڵ و ژن و پیر چی بوو خودا وا بە بێ ڕەحمی تۆڵەی لێیان کردەوە؟ ئەرێ ئەدی خودا بە ڕەحم نییە؟ بەڵێ ئەوەی من بیزانم لە دەیان دەقی قورئان و فەرموودە خودا باسی ڕەحم و بەزەیی خۆی کردووە، باشە کەواتە بۆچی خوای گەورە بەو شێوازە ناشیرن و قێزەون و قین لە دڵە (پەنا بەخوا کەوا نییە) وێنای دەکەن؟ خوای گەورە ستەمکار نییە، ئەگەر تۆ کەسێک سزا بدەی بەهۆی تاوانی کەسێکی بێ تاوان ئەوە ستەمە، خودا ستەمی لەسەرخۆی قەدەخە کردووە و بە خەڵکیشی گوتووە (فلا تظالموا) واتە: نابێت ئێوەش ستەم لە یەکدی بکەن، بەڵام زۆر بەداخەوە بەناوی خوداوە ستەم لەو کوردانەی ئێزدی دەکرێت و تاوانی قێزەونی خودا وەک تۆڵە لە مرۆڤی پاک و بێبەری ئەژمار دەکرێ!
ئینجا هەر خۆتان پێشتر نووسیوتانە و گوتووتانە کارەکانی داعش ستەمە و دەستدرێژییە، کاری خراپن و ئیسلام لێی بێبەرییە؟ ئەرێ دەکرێت ئیسلام لە تۆڵەی خودا بێبەری بێت وەک ئەوەی ئەژماری دەکەن؟ نا هەرگیز نازانن خۆتان چی دەڵێن و خۆتان یەکلا نەکردووەتەوە تا ئێستا کارەکانی داعش خراپ بوون یان باش!
=KTML_Bold=چوارەم:=KTML_End= ئەوانەی لەگەڵ پێکەوەژیانن نەک هەر بێ غیرەت و بێ کەڕامەت نین، بگرە ئەوانە هەمیشە سەرکۆنەی بێرێزی دەکەن هەر کێ بیکات و دژی ستەمن لەهەر کەسێکەوە بێت، بەرۆژی ڕووناک زۆر بەڕوونی خۆیان یەکلاکردووەتەوە، زۆر وردن لەبیرکردنەوە و بڕیاردان، کەسێک سزا نادەن بەهۆی تاوانی کەسێکی دیکە، گوێ لە بەرانبەریان دەگرن و ئایین لەسەرچاوەی خودی ئایینەکە و پەیڕەوکارانیان و تایبەتمەندەکان وەردەگرن، قین لە دڵ نین، بێ ئینساف نین، کەرامەتی خۆیان و خەڵکیش دەپارێزن، ئەوان دوو ڕوو نین خۆیان بە پارێزەری پێکەوەژیان وێنا بکەن کەی پارووی چەوریان دەستکەوت و کەیش بێ ئومێد بوون لە وەرگرتنی پۆست ڕاست و چەپ بسووتێنن!
=KTML_Bold=پێنجەم:=KTML_End= ئەوەی تۆزقاڵێک شارەزایی کوردانی ئێزدی بێت و بڕۆکەیەک مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد بزانێت و خۆشی لە گێلی نەدات باش دەزانێت کوردانی ئێزدی خەڵکی بە ئەمەک و وەفان. لە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورددا شەهیدی وایانداوە نموونەی مەردایەتی بووە وەک (مەحموود ئێزدی) کە بە جیڤارای کوردستان بەناوبانگ بووە، ناوچەی سنا ئەوەندە پێشمەرگەی لەناو شۆڕش بووە بە (بارزانی گچکە) ناوزەد کراوە، وابزانم ئەوەندەش بەسە بۆ کەسێک (لمن کان له قلب أو ألقى السمع وهو شهيد).
ئەو شەپۆلەی ئەم جارە زۆر جیاوازە، چونکە خودی کەسانێک سەرکردایەتی دەکەن کە مەلان و وتاربێژن و پڕۆفیسۆرن لە زانستە ئیسلامییەکان و سەرکردایەتی بواری ئایینی دەکەن لە کوردستان، هەڵبەت هەموو نا، من دەڵێم هەندێک لەوانە، لێ کێشەکە ئەوەیە جارانی پێشوو خەڵکی ئاسایی یان ژمارەیەکی کەمی مەلا دەکەوتنە ناو هەڵەوە، بەڵام ئۆمەرمەندان چارەسەریان دەکردن، بەس ئەو جارە دیارە ئەوانەی خۆیان بە ئۆمەرمەندا دەزانن نەخۆشن، ئەرێ خەڵک بچێتە لای کێ بۆ چارەسەر؟ [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=