=KTML_Bold=وەفاداری کاک ئیدریس و ئەرشیفی ڕەشۆ زیلان=KTML_End=
#کاوە ئەمین#
ڕۆژێکی باراناویی و شڵێوەیە، کاتژمێرەکە لەسەر هەشتی بەیانی لایداوە، کەچی دەڵێی هێشتا بەتەواوی خۆر خەبەری نەبووەتەوە، هێشتا مەیلەو تاریکە، هەتا چاو بڕ دەکات سەوزاییە، جاربەجارێک بە تەنیشت جەنگەڵستانێکدا تێدەپەڕین، لەگەڵ ئەوەی ئەم جۆرە کەشوهەوایە مرۆڤ دەخاتە دۆخێکی خەمۆکییەوە، کەچی چاو لە دیمەنە قەشەنگەکان تێر نابێت. لە ستۆکهۆڵمەوە بەرەو ئۆپسالا دەچین، دەمانەوێت پەنجەمۆرە تەواونەکراوەکەمان لەگەڵ کەسایەتییەک تەواو بکەین کە وەکوو پەرتووکە کۆنێکی ناو ڕەفەیەکی پەرتووکخانەیەکی گەورەیە و دەمێکە کەس لاپەڕەکانی هەڵنەداوەتەوە، ئەو کەسەش کەمتر لە خەمخۆرێکی بەردەوامی زمانی کوردی نییە، ئەو ڕەشۆ زیلانە.
کاک ڕەشۆ خەڵکی بایەزیدە کە لە نزیک ئاراراتی گەورە و گچکە هەڵکەوتووە لە باکووری کوردستان، شوێنی مەزاری بیرمەندی گەورەی کورد ئەحمەدی خانییە.
ڕەشۆ زیلان لەگەڵ هاوژینەکەی کە هەردووکیان سەردەمانێک پێکەوە مامۆستای زمانی دایک بوون لە خانوویەکی گەورە دا دەژین، هەر چواردەوری سەوزاییە، لێرە و لەوێش گوڵەکانیان سەریان دەرهێناوە، ئەگەر باران و سەرما لێبگەڕێت ڕەنگە تاوەکوو یەک دوو هەفتەی دیکە یەکپارچە ئەو ناوە ببێتە گوڵ و گوڵزار.
ماڵەکەی کاک ڕەشۆ پڕە لە پەرتووک. ئەو کە ئێستا کەسێکی نەتەوەییە، بەڵام هەموو پەرتووک و گۆڤارە تورکی و کوردییەکانی کە لە ساڵانی شەشت و حەفتاکان و دواتریش لەسەر چەپ و مارکسیزم و سۆسیالیزمن خوێندوونییەتەوە، ئەمانە بەشێک لە ڕەفەکانی کتیبخانەکەی پڕ کردوون. ئاخر کاک ڕەشۆش وەک زۆر لە کوردانی باکووری کوردستان سەردەمانێک چەپ بووە، بە گاڵتە بە کاک ڕەشۆم گوت، ئەرێ خێرە ئێوە ئاغاکانیشتان پێیان خۆش بووە، پێیان بڵێن چەپ. بەشێکی زۆری ئەو گۆڤارانە کورد دەریکردوون، بەڵام تەنیا ناوەکانیان کوردییە، دەنا زۆربەی زۆریان بە زمانی تورکی نووسراون. لەگەڵ ئەوەش دا دەیان گۆڤاری کوردی بە شێوەزارە جیاجیاکانی کوردی لە پەرتووکخانەکەی کاک ڕەشۆ دا ئەرشیف کراون، ئاخر کاک ڕەشۆ دەستی بەسەر هەموو زاراوەکاندا بەتایبەتیی #سۆران#ی و کورمانجی دا دەشکێت. کۆنترین پەرتووکیش کە لە پەرتووکخانەکەیدا ئەرشیف کراوە، وەرگێڕانی ئینجیلە بە زمانی کوردی کە لە سەدەی نۆزدەدا لە ئەرمەنستان بەپیتی ئەرمەنی نووسراوە.
لە ئەرشیفەکەی کاک ڕەشۆدا دەیان نامەی تایبەت هەن کە لەلایەن کەسایەتییە نێودارەکانی کوردەوە بۆ خۆی یان بۆ خەڵکانی دیکە نووسراون، من دوو لەو نامانەم بینی کە وەکوو بە کورمانجی دەڵێن بەلامەوە باڵکێش بوون، ئەوانیش نامەیەکی کاک ئیدریس بارزانی کە بۆ کاک موحسین دزەیی ناردووە و تێیدا داوای لێ دەکات هاوکاریی کاک ڕەشۆ زیلان بکات کە بۆ ماوەیەک وەکوو پێشمەرگە لە باشووری کوردستان بووە و لە کۆتایی ساڵی 1969 تاوەکوو دوای ڕێککەوتننامەی یانزدەی ئازار، ئەو ماوەیە لە ڕادیۆ بووە و هاوکاریی تەکنیکی کردووە.
نامەکەی دیکە، نامەیەکی ئاپێ مووسا عەنتەرە کە لە زیندانەوە بۆ کوڕەکەی ناردووە، چونکە نامەکە بە زمانی تورکی بوو، من هیچی لێ حاڵی نەبووم، بەڵام لە بەرنامەکەدا کاک ڕەشۆ باسی نێوەڕۆکەکەی کرد، باسی دیدارێکی خۆی و دەزگای هەواڵگریی تورکی میت دەکات، نێوەڕۆکی نامەکە، کە پێم وایە لە کاتی خۆی قسە و باسی جددی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بابمێنێت بۆ کاتی بڵاوکردنەوەی پەنجەمۆر لەگەڵ کاک ڕەشۆ زیلان.
هەرچی نامەکەی کاک ئیدریسە، کۆپیی نامەکە بڵاودەکەینەوە. بەڕاستی نێوەڕۆکی نامەکە پڕە لە ڕێز و خۆشەویستی و بەوەفایی کاک ئیدریس، بۆ پێشمەرگە و کادیرانی شۆڕش، لە نموونەی ڕەشۆ زیلان دا. ئەوە جگە لەوەی کە بە خەتێکی زۆر جوان و هەستێکی کوردانە و وەفادارانە نووسراوە.
دەمەوێت ئەم وتارە بەوە کۆتایی پێبێنم کە لە ئەوروپا دەیان کەسایەتیی وەکوو کاک ڕەشۆ هەن کە خاوەنی ئەرشیف و یادەوەری پڕبایەخن، ئەگەر فریایان نەکەوین و بەدەمیانەوە نەچین، کورد گەنجینەیەکی گەورە لەدەست دەدات، ئاخر هەندێک لەوانە منداڵ و وەچەکانیان، قەدر و قیمەتی ئەو ئەرشیف و پەرتووکخانانە نازانن و تەنانەت لێشیان تێناگەن، بۆیە ڕەنگە ڕۆژێک بێت فڕێیان بدەن و وابزانن شتی بێکەڵکن و بڵێن جا بۆچی جێگەمان لێ بگرێت. [1]