=KTML_Bold=#بەدیعە دارتاش# وڵاتی بندەستی داگیرکەر دەلاوێنێتەوە=KTML_End=
#کاوە ئەمین#
جلێکی کوردی جوانی خانمانەی لەبەرکردبوو، کڵاو، لاگیرە و دەسماڵ تێکئاڵابوون، کورد وتەنی بۆنی مێخەک و سمڵ ڕۆژەڕێیەک دەڕۆیی، دەستی خستبووە بەر کەلەکەی و لە هەورەبانەکەوە هاواری لێ کردم، کوڕە دە سەرهەڵبڕە ڕۆڵە، نەموت لە تەنیشت قوتابخانەکەوە وەرە خوارەوە، ئەوە دەنگی خاتوو بەدیعە دارتاشی هونەرمەند بوو کە تەمەنی لە هەشتا ساڵ نزیکبووەتەوە، بەڵام هێشتا گورج و گۆڵە، پێدەچێت ژیانی تەنیایی و بیرکردنەوە لە ڕابردوو، دڕیان بە یادەوەرییەکانی دابێت، چونکە هەندێک جار لە کاتی هەڤپەیڤینەکەماندا هەستم دەکرد، دەبووایە زۆری لە خۆی بکردایە بۆ ئەوەی وێنەی یادەوەریەکانی ڕوونتر بێنەوە بەرچاوی.
ئەو کاتەی من سەردانم کرد و بەرنامەکەم (پەنجەمۆر) لەگەڵ تۆمارکرد، زستان بوو، یەک دوو زۆبای داگیرساندبوو، هەر پێت دەخستە ئەو دیوی دەرگاکەوە هەستت بەگەرمایی زۆپاو و بەخێرهاتنی گەرموگوڕی دادە بەدیعە دەکرد. ژوورەکەی لە ژووری بەڕێوەبەرێکی بەسەلیقەی قوتابخانەیەک دەچوو، دیوارەکانی بە خەڵاتی جۆراوجۆر نەخشێنرابن، بە گوڵ و گوڵزار ڕازێندرابنەوە، دەڵێم بەسەلیقە، ئاخر لە ژووری بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بەدەگمەن ئینجانەیەک گوڵ دەبینیت. پەرتووکخانەیەکی بچکۆلە، چەندین پەرتووکی مێژوویی سەبارەت شانۆ لەسەریەک کەڵکە کرابوون، ژوورەکەی جوانترکردبوو، هەر بەڕاستی دەتوت لەنێو هۆڵێکی بچووکی شانۆدایت و دەرهێنەرێکی بەسەلیقە ئامادەی کردووە.
بەدیعە دارتاش خانمە ئەکتەر و مامۆستا و شانۆکار، خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە بواری شانۆ و سینەما دا، لە چەندین شانۆگەری بەنێوبانگدا بەشداریی کردووە، بەتایبەتیی لە سەردەمی ڕژێمی #بەعس# دا چەندین جار لەپای بەشداریکردنی لەو شانۆگەریانەی ئاوێنەی باڵانومای ئازاری نەتەوەکەی بوون، تووشی گێرمەوکێشە و دەردەسەری بووە، هەڕەشەی لێکراوە. باسی شانۆگەری (نەخشەی خوێناویم) بۆ دەکات، هەرچەندە باسی نەهامەتی فەلەستینییەکان دەکات، بەڵام بەدیعە دارتاش کە ڕۆڵی دایکی شەهیدێک دەبینێت هێندە بەکوڵ دەگریێ و شەهیدەکە دەلاوێنێتەوە، بەڕێوەبەری ئەمن تووڕە دەبێت و دەڵێت بەدیعە بە کەر و گامان دەزانێت، بۆ نازانم کێ دەلاوێنێتەوە، بە تووڕەییەوە هۆڵەکە بەجێدەهێڵێت و دەڵێت: شانۆگەرییەکە بوەستێنن! بەڵام ئایا دەیوەستێنن؟
وێنەیەکی ساڵانی شەستەکانم نیشان دەدات، وێنەی ئەو سەردەمەیە کە وەکوو یەکەمین کچی کورد دەچێتە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا، لەوێوە دەچێتە نێو دەریای هونەر، بەتایبەتیی شانۆ، نایشارێتەوە سەرەتا وەکوو ئەوە وابووە، بەگژ قوللەی قاف دا بچێتەوە، ئاخر کچێکی کورد کە هێشتا زمانی عەرەبی نازانێت، لە شارێکی گەورەی وەکوو بەغدا، لەنێو پۆلێکدا کە هەموویان کوڕن، دەبێت لاسایی دەنگی (گورگ، پشیلە، گیاندارانی دیکە و مرۆڤەکان) بکاتەوە، بۆیە ئەگەر مامۆستاکەی نەبووایە هەر زوو تێیدەتەقاند و دەگەڕایەوە بۆ #سلێمانی#، وەکوو خۆی دەڵێت: گەزی چی و جاوی چی، کوا من و ئەو بەزمەیان گوتبوو.
ڕۆژێک مامۆستاکەی دەبینێت بەدیعە بەتەنیا لەسەر بەردێک دانیشتووە و هێندەی کێوێک خەم لەسەر شانەکانی باربووە، دەیەوێت دڵنەوایی بکات و پێی دەڵێت: بەدیعە تۆ دەزانیت، کچی کێیت و سەربە چ نەتەوەیەکیت؟ کچی ئەو چیایانەی کە سەدان کوڕی کورد بە چەکەکانیانەوە پاڵیان پێوەداون، بەرگری لە نەتەوەکەیان دەکەن، دەزانی ئەوان ڕەنگە ئێستا گژوگیای نێو چیاکان بخۆن، بەڵام ئامادەنین سەر بۆ نەیارەکانیان دانەوێنن! کەچی دەبینم تۆ دۆشداماویت و دنیات لێبووە بە چەرمی چۆلەکە! ئەو قسانە کاریگەرییەکی ئەوتۆ لە بەدیعە دارتاش دەکەن، وەکوو چۆن ئاگرێک بەربدەیتە پووش و پاوانێک، بۆیە بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات، شانۆ بکاتە بەرەیەکی دیکەی شەڕ دژی داگیرکەرانی کوردستان، لەوێوە هەستی نەتەوەیی قوتابییان و لاوانی کورد بەرەو ڕزگاری بجوڵێنێت.
چیرۆک و بەسەرهاتەکانی بەدیعە دارتاش خۆی لە خۆیدا شانۆگەرییەکی ڕیالیستییە، فیلمێکە، پەرتووکێکە و دەبێت بنووسرێتەوە.
ئەو هێشتا حەسرەتی ئەڤیندارییەک کە گوناهەکەی بۆ بەرانبەرەکەی دەگێڕەتەوە لە دڵی دەرنەچووە، ئەو کە ئێستا بەردەوام سەری لەسەر بەرماڵەکەی هەڵناگرێت، پێناچێت هەروا بەئاسانی ئەوەی لە دڵ دەربچێت، ڕەنگە بیباتە بەردیوانی خودا. ئاخر ئەو زۆر بە تامەزۆییەوە باسی ئەحمەد سالار دەکات کە هیچ کاتێک بەتەواوی گرێی دڵی خۆی بۆ نەکردووەتەوە، بۆیە کاتێک لێم پرسی خۆشتدەویست؟ لە وەڵام دا وتی: ئێستاش خۆشم دەوێت، وەکوو پیاو هەر نەهاتە پێشەوە!
ساڵانی هەشتاکانی سلێمانی و حوکمی بەعس چەندین برینی لەسەر دڵی خەڵکی شارەکە و هونەرمەندە ڕاستەقینەکانی بەرەی خەڵک داناوە، هەروا بەئاسانی ساڕێژ نابن. بەدیعە دارتاش ئەو ڕۆژەی لەیاد ناچێت کە بەڕێوەبەرەکەیان بانگهێشتی گوایە کۆبوونەوەیەکی گرنگیان دەکات، بەڵام شوێنی کۆبوونەوەکە جێگەی گوللەبارانکردنی چەند لاوێکی کوردە، بەچاوی خۆی دەبینێت وا لاوەکان بەجلی کوردی و چاوی بەستراوەوە، مەسیح ئاسا دەستیان لەدواوە بە دارێکەوە شەتەک دراوە، چاوەڕێی فەرمانی ئەو ئەفسەرە دڵڕەش و خاڵکوتراوەن، بڵێت: (ارمي!)
بەدیعە دارتاش کاتێک بەسەرهاتەکە دەگێڕێتەوە وەکوو ئەوەی دەنگی تەقەکان هێشتا لە گوێچکەیدا بزرنگێنەوە، بۆیە دەست بۆ گوێیەکانی دەبات و دەڵێت: وامدەزانی دەڵێت تەقە لە من بکەن، یان فەرمان بە من دەکەن من ڕەمییان بکەم! ئەوە چیرۆکێکە کە وەکوو خۆی دەڵێت ڕەنگە بە مردنیش لەیادم نەچێتەوە.
بەدیعە دارتاش دەڵێت من و سیاسەتیان نەگوتووە، بەخوا #بزووتنەوەی گۆڕان# تەکلیفی دنیایان لێ کردم بببم بە بەربژێریان، بەڵام نەمکرد، چیم لەو سەرئێشەیە داوە. وەکوو ئەوەی بڵێت پەڕڵەمان بووەتە کۆمپانیایەک بۆ دەوڵەمەند بوون و پارەپەیدا کردن، نەک یاسادانان، بۆیە بەدیعە دارتاش لەبەر خۆیەوە دەیوت پارەم بۆ چییە، بەخوا ئەو مووچە کەمەی کە جار هەیە نایشیدەن، دەکەمە مشتی چەند قوتابییەکی زانکۆوە، بۆ ئەوەی خوێندنەکەیان تەواو بکەن، بۆ ئەوان باشە. [1]