=KTML_Bold=کورد وەک کەمینەیەک لە کوردستان=KTML_End=
#عارف قوربانی#
لەدواى سەرهەڵدان و درووستبوونى دەوڵەت و نەتەوەوە، بابەتى ژمارەى دانیشتووان و مەترسیى گۆڕینى دیمۆگرافیا، یەکێکە لەو پرسانەى لە تەواوى دونیادا بە بایەخەوە لێى دەڕوانرێت. تەنانەت ئەو وڵاتانەى خاوەن مێژوویەکى دوورودرێژى تەمەنى حوکمڕانى و دامەزراوەى تۆکمە و سنوور و سەروەریى پارێزراویشن، ئەم بابەتە هەر پرسێکى ستراتیجییە بەلایەنەوە. لە داڕشتنى سیاسەت و بەڕێوەبردنى وڵات، پلانە کورتمەودا و درێژمەوداکانیان ڕەچاوى دەستەبەربوونى دڵنیایى پاراستنى ناسنامەى نەتەوایەتییان دەکەن.
تێزێکى باویش هەیە دەڵێت: نیشتمان هى ئەو کەسانەیە لەسەرى دەژین، مێژوویش ئەوەى بۆ سەلماندووین زۆر گەل و نەتەوە هەبوون لە بنەڕەتدا خاوەن ئەو جوگرافیا و نیشتمانە نەبوون کە ئێستا لەسەرى دەژین، بەڵام بەهۆى کۆچى میللەتى خاوەنماڵ، یاخود بەهۆى کۆچى نەتەوەى هاتوو جا بەهۆى داگیرکارییەوە بووبێت یاخود وەک کۆچ و پەنابەریى، دواجار ناسنامەى ئەو نیشتمانە گۆڕاوە و بووەتە خاکى ئەوانەى لەسەرى دەژین.
بەدیاریکراوى لە دەوروبەرى کوردستان نموونەى بەرجەستەمان زۆرن، بە بیانووى ئایینى ئیسلامەوە عەرەبەکان لە حیجاز و یەمەنەوە بەناوچەکەدا بڵاوبوونەوە و بوونە خاوەن زۆرێک لە نیشتمانى ئەو گەل و نەتەوانەى دیکە کە بە سەتان ساڵ لەوەوبەر لەوێ ژیابوون. تورکەکان وەک عەشیرەتێکى مەغۆل هاتنە ناوچەکە و لەسەر نیشتمانى کورد و ئەرمەن و یۆنانى دەوڵەتێکى نەتەوایەتییان بۆخۆیان بوونیادنا.
کوردیش سەربارى ئەوەى بە درێژایى مێژوو قوربانى لە پێناو مانەوە لەسەر نیشتمانەکەى بەخشیوە، بەڵام بە هەردوو دیوەکەى کۆچدا چى ئەوەى ڕێگەى بە بێگانە دابێت بێتە خاکەکەى نیشتەجێبێت یان خۆى کۆچى کردبێت، جوگرافیاى زۆرى لەدەستداوە. لە باشوورى کوردستان نەک لە مێژوویەکى دورودرێژدا بەڵکوو لە مێژووى چەند دەیەیەک بەر لە ئێستا هەندێک ناوچەى کوردستان هەن تاکە ماڵێکى عەرەبى لێ نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ ڕەنگە تاک و تەرا ماڵە کوردێکى لێمابێتەوە.
لە زنجیرە چیاى حەمرینەوە بۆ دەشتى نەینەوا، بۆ #جەلەولا# و سەعدیە و قەرەتەپە و #خانەقین#، بۆ #کەرکووک# و حەویجە و تا پردێیش، سەدەیەک بەر لە ئێستا چەند بنەماڵە و خێڵێکى عەرەبى کۆچەرى بۆ گامێشەوانى، یا مەڕ لەوەڕاندن دەهاتنە ئەو ناوچەیە، بەڵام ئەمڕۆ ژمارەیان لەو بەشەى جوگرافیاى باشوورى کوردستان لە ژمارەى کورد زیاترە و ڕۆژ لەدواى ڕۆژیش هاوکێشەکە بەقازانجى عەرەبەکان دەگۆڕێت.
شانبەشانى بەردەوامیی سیاسەتى بەعەرەبکردن کە لەلایەن ڕژێمە یەک لەدواى یەکەکانى حوکمڕانیی ئێراقەوە لە درووستبوونییەوە تا ئەمڕۆ پیادە دەکرێت، خەسڵەتى خێڵەکى کۆمەڵگەى عەرەبى لە درووستکردنى خێزان و خستنەوەى نەوەدا، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانى گۆڕینى دیمۆگرافیاى کوردستان بووە لەو بەشەى جوگرافیاى باشوور کە ئەمڕۆ بە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێمی کوردستان ناسراون.
بەدیاریکراوى لە ناوچەیەکى وەک حەویجە سەربە پارێزگاى کەرکووک، سەرەتا چەند خێڵێکى ناوچەکانى خواروو و نێوەڕاستى ئێراق هێندرانە دەشتى بەپیتى حەویجە و وا بۆ نیو سەدە دەچێت عەرەبى دیکەى بەعەرەبکردنیان بۆ نەهێناوە، بەڵام گەورەبوونى خێزانەکان و زۆر نەوەخستنەوە لەنێویاندا بووەتە هۆکارى ئەوەى ئێستا بە تەنیا ژمارەى عەرەب لەم ناوچەیە شان لە شانى هەموو ژمارەى کورد بدات لە کەرکووک کە مەترسییەکانى هەر ئەوە نەبوون و نین کە بوونە گرێکوێرەى چارەسەرنەبوونى پرسى کورد لە ئێراق، بەڵکوو بوونەتە سەرچاوەى مەترسى و هەڕەشە لەسەر گۆڕینى دیمۆگرافیاى ئەو نیوەیەى دیکەى کوردستانیش لە هەرێمى کوردستان.
ئەگەر چاوێک بە مێژووى هاتنى عەرەب و قۆناخەکانى پڕۆسەى بەعەرەبکردندا بگێڕیت، بە ئاسانى ئەوەت بۆ دەسەلمێت کە ڕێگەدان بە نیشتەجێبوونى خێڵ یا چەند خێزانێکى عەرەب، ئەگەر هیچ نییەت و سیاسەتێکى گۆڕینى دیمۆگرافیاش لە پشتییەوە نەبێت، تەنیا بەهۆى ڕێژەى ناسرووشتیی گەشەى خێزانەکانیانەوە لە خستنەوەى زۆرى منداڵ بەسە بۆ ئەوەى دواى چەند دەیەیەک هاوکێشەى دانیشتووان لەو شوێنە بگۆڕن. خۆ ئەگەر ئامانج و ستراتیژێکى دوورمەوداش لە پشتى نیشتەجێبوونەکەبێت، ئەوە بەدڵنیاییەوە ڕێژەى گەشەکردنەکەیان زۆر خێراتر دەبێت.
ئەوەى ئەمڕۆ لە هەرێمى کوردستان دەگوزەرێت دەستپێکى قۆناخێکى پلان بۆ داڕێژراوى دیکەى بەعەرەبکردنە لە بەرگ و لەژێر ناونیشانێکى دیکەدا. ئەگەر پێشتر و لەو بەشەى باشوورى کوردستان کە ئێستا لە دەرەوەى دەسەڵاتدارێتیی کوردیە، بەڕێوەچوونى پڕۆسەى بەعەرەبکردن لە چوارچێوەى سیاسەتێکى دەوڵەتى و بە زۆر ڕاگواستنى کورد و نیشتەجێکردنى عەرەب بووبێت لە شوێنیان، ئەوەى ئەمڕۆ لەنێو هەرێمی کوردستان ڕوودەدات، هەرچەندە دەوڵەتى ئێراق بە مەبەست لە ڕێگەى بانکەکانەوە پارەیان دەداتێ بۆ کڕێنى موڵک و ماڵى کورد، بەڵام بەعەرەبکردنێکى ئارەزوومەندانەیە، بەڵام دەرئەنجامەکانى بۆ کورد لە قۆناخەکانى ڕابردووى بەعەرەبکردن مەترسیدارترن، چونکە لە پێشووتردا ئەو عەرەبەى هێندرابووە ناوچەکە دەیزانى لەسەر ماڵ و زەویوزارى کورد نیشتەجێکراوە، بەڵام ئەوەى ئەمڕۆ بەهۆى کڕینى موڵک و ماڵەکەوە بووە بە خاوەنى ڕاستەقینەى. بۆیە ئەگەر پێشتر کورد هیوایەکى هەبوو ڕۆژگارێک دێت ئەو ستەمەى لەسەر نامێنێت و ماف بۆ خاوەنەکەى دەگەڕێتەوە، لێرەدا کورد خۆى مافى خاوەندارێتییەکەى فرۆشتووە.
ئەو ئامار و داتایانەى لەو بارەوە بڵاو دەکرێنەوە کە زیاتر لە یەک ملیۆن عەرەب لە هەرێمى کوردستان موڵکى کڕیوە و ڕێژەیان گەیشتووەتە زیاتر لە چارەکى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان، جێى هەڵوێستە و ڕاچڵەکینە بۆ کەسانێک ئەگەر دەربەستى ئاییندەى کوردستان و ناسنامەى نەتەوایەتى ئەم جوگرافیایەبن، چونکە وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ڕێژەى گەشەى خێزان لەناو عەرەب بە بەراورد بە خێزانى کورد قابیل بە بەراورد کردن نییە. گەنجى عەرەب وەک پابەندێتییەک بە کولتوور و دابوونەریتى خێڵەکى و لە هەمانکاتدا وەک پابەندێتى ئایینی، لە تەمەنى زۆر لاوێتیدا ژن دەهێنن، بەشى زۆریان زیاتر لە یەک ژن و تا چوار و زیاتریش بە بەشێک لە ڕەسەنایەتى بۆ خۆیان وێنا دەکەن. ژمارەى ئەندامى هەر خێزانێکیان دەگاتە چەند دەیەیەک، پێچەوانەى خێزانى کورد کە تا دێت بچووک دەبێتەوە.
گەرچى نوقڵانەیەکى خراپە، بەڵام ڕاستییەکەو دەبێت بگوترێت ئەگەر تەنیا ئەو عەرەبانەى ئێستا لە هەرێمى کوردستانن و هیچ عەرەبێکى دیکە ڕوو نەکاتە هەرێمی کوردستان، پاش چەند دەیەیەکى دیکە ئەم ڕێژە عەرەبە ژمارەیان بۆ چەندین جار لە ئێستا زیاتر بەرزدەبێتەوە، زۆر ناخایێنێت و هەر لە تەمەنى ئەم نەوەیەى ئێستادا دەیبینین کە کورد لەم بەشەى جوگرافیاى باشوور کە پێى دەگوترێت هەرێمى کوردستان، دەبێتە کەمینە.
هەرچەندە لێرەدا نامەوێت بچمە بنج و بناوانى کێشەى فەلەستین و ئیسرائیل، ماف بە خۆشم نادەم داوەرى ئەوە بکەم کامیان مافى خاوەندارێتییان زیاترە بەسەر ئەو خاکەوە کە لەسەرى ناکۆکن، بەڵام دەمەوێ ئەو ڕاستییە بڵێم یەکێک لەو هۆکارانەى ئەمڕۆ عەرەبەکانى فەلەستین پێیگەیشتوون بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ڕۆژگارێک لە بەرانبەر بڕێک پارە زەوى و ماڵ و موڵکى خۆیان فرۆشت بە جووەکان. بۆیە وابڕوات لە مێژووشدا دەنووسرێت کوردەکان خۆیان نیشتمانەکەیان فرۆشت بە عەرەبەکان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=