=KTML_Bold=بێکاری، وەک پڕۆژەیەکى سیاسى=KTML_End=
#عارف قوربانی#
لەنێو هەموو سیستەمە سیاسییەکانى دونیادا، خاڵێکى هاوبەش هەیە کە پێکیانەوە دەبەستێتەوە، ئەویش کۆنترۆڵکردنى کۆمەڵگەیە. هەموو دەسەڵاتەکان لەوپەڕی دیموکراسییەوە بۆ ڕژێمە تۆتالیتاری و دیکتاتۆرییەکان، ئامانجیان ئەوەیە کۆمەڵگە کۆنترۆڵ بکەن. جیاوازییەکانیان لە میکانیزمەکانى گەیشتنە بەم ئامانجە. هەیانە لە ڕێگەى چەسپاندنى وەک یەکى و دادى کۆمەڵایەتییەوە کارى بۆ دەکات، هەیە لە ڕێگەى زەبروزەنگى یاساوە، هەیە بە ستەم و سەرکوتکاری، هەن بە ڕێگەى ڕەفاهیەت و دەستەبەرکردنى پێویستى و خواستەکانى هاووڵاتییان، بە دامەزراوەیى دەستووریى و دیموکراسى.
بەڵام ئەوەى ئێراق لە هەموو دونیا جیادەکاتەوە و نایبەستێتەوە بە هیچ کام لەو مۆدێلانەوە لە جیهاندا پەیڕەودەکرێن، ئەوەیە ئێراق لە ڕێگەى بێکارکردن و هەژارکردنى خەڵکەوە دەیەوێت کۆنترۆڵیان بکات. بەدیاریکراویش ئەو بەشانەى کۆمەڵگە کە دیاریکراون بۆ پاوانکردن. پێچەوانەى ئەو پەند و بۆچوونانەى کە دەوترێت (برسێتى ڕەگى هارى پێوەیە)، ئێراق برسێتى کردووە بە ئامرازى ڕامکردن و کۆنترۆڵکردن. تاکە دەوڵەتە لە دونیادا لەبرى ڕەخساندنى هەل و دەرفەتى کار بۆ خەڵکەکەى، بێکارى وەک پڕۆژەیەکى سیاسى بەکاردەبات، تا هاووڵاتییەکانى لە پێناوى ژیاندا ناچاربن ببن بە بەشێک لە ستراتیجىی دەوڵەت.
زانایەکى دەروونناسى ئەمریکى هەیە بەناوى (ئەبراهام ماسلۆ) لەنێوان سێ چارەکى سەتەى بیستەمدا ژیاوە، تیۆرییەکى داهێنا بەناوى (هەرەمى هەڵگەڕاوە)، ئەم زانایە پێچەوانەى تیۆری دەروونناسەکانى پێش خۆى پێداویستییەکانى مرۆڤى بە جۆرێکى دیکە قۆناخبەند کرد. ئەو پێى وایە مرۆڤ پێش ئەوەى بەدواى ئارامى و سەلامەتیدا بگەڕێت، یان وەک ئەوەى دەگوترا مرۆڤ بوونەوەرێکى کۆمەڵایەتییە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکانى بناغەى ژیانى مرۆڤن، ئەم زانایە یەکەم و سەرەکیترین پێداویستیی مرۆڤى بە پێداویستییە فیسیۆلۆجیەکان دانا و بەستییەوە بە مانەوەى ڕەگەزى مرۆڤەوە. ئاو و هەوا، خواردن و خەوتنى کردە بناخە. پێدەچێت دەسەڵاتدارانى ئێستاى ئێراق بۆ سەپاندنى حوکمى شیعى بەسەر ناوچە ناشیعییەکاندا پەیڕەوى ئەم تیۆرییەى ماسلۆ بکەن.
هیچ نهێنى و شاراوەییەک لەوەدا نەماوەتەوە ئێراقى نوێ کە بڕیار بوو ئێراقى پێکەوەیى و هاوبەشى هەموو پێکهاتەکان بێت، زوو ئاڕاستەکەى گۆڕا و بووە بەشێک لە ستراتیجى شیعى نەک هەر لە ئێراق بەڵکوو لە ناوچەکەدا. مێژووى ڕووداوەکانى دوو دەیەى ڕابردووى ئێراقیش ئەوەى بۆ سەلماندووین کە ئەگەر نەڵێم هەموو، لانى کەم بەشى زۆرى بڕیار و ڕەفتارەکانى شێوازى بەڕێوەبردنى دەوڵەت لە خزمەتى ئەو ستراتیجە شیعییەى ناوچەکەدایە.
ئەوەش ڕوون و لەپێشچاوە کە دواى پاوانکردنى تەواوى ناوچە شیعەنشینەکان، تەرکیزیان خستە سەر ناوچە سوننییەکانى ئێراق، (هێنانى #داعش# و ڕاونانى داعش) وەک پڕۆسەیەکى تەواوکارى ئەو ئامانجە ستراتیجییەى دەوڵەت، ناوچە سوننییەکانى بەتەواوى خستە ژێر ڕکێفى هێز و گرووپگەلە چەکدارییەکانى شیعەوە. بە پەیڕەوکردنى سیاسەتى بێکارکردن و هەژارکردنى خەڵکەکەى، چەند ساڵێکە خەریکى پاوانکردنى تەواوى ناوچە سوننییەکانن.
لێرەدا مەبەستمە سەرنج بخەمە سەر پارێزگایەکى وەک (نەینەوا)، کە بەپێى هەموو تۆمارە مێژووییەکان لە سەتەکانى پازدە و شازدەوە لەنێوان دیاربەکر (#ئامەد#) و #بەغدا# و بیلادى شام و بیلادى فارس، ناوەندێکى گرنگى بازرگانى بووە. بەروبوومى کشتوکاڵى، لۆکە و خوریى و پێستە لە نەینەواوە بۆ ئەوروپا و هیندستان نێردراوە. لەو کاتەوە هەتا هێنانى داعش بۆ موسڵ، ئەم پارێزگایە خاوەن پێگەیەکى ئابووریى بەهێز و خاوەن سەتان کارگە و کارخانەى گەورە بوو. یەکێک بوو لە شارە هەرە دەوڵەمەندەکانى ئێراق و ناوچەکە. خەڵکەکەشى نەک هەر هەژار و بێکار نەبوون، بەڵکوو گەورەترین سەرمایەدارەکان خەڵکى نەینەوا بوون و دەرفەتى کاریان بۆ سەتان هەزار کرێکارى دەرەوەى نەینەواش ڕەخساندبوو.
بەڵام ئێستا بەپێى ڕاپۆرتى یونامى و وەزارەتى پلاندانانى ئێراق و بانکى ناوەندى، نەینەوا یەکێکە لە هەژارترین پارێزگەکانى ئێراق، ڕێژەى بێکاری و هەژاریى گەیشتووەتە نزیک بە نیوەى دانیشتووانەکەى. ئەم شارە لەبەر ئەوەى خراوەتە نێو بازنەى پاوانکردنەوە، بەمەبەست وێرانکرا و بەمەبەست خەڵکەکەى بێکار و هەژار دەکرێن، هەر ئەوەش نا بگرە ئەوەى ئێستا لە پارێزگەى نەینەوا بەڕێوەدەچێت لە بێسەروشوێنکردن، پاکتاوکردن و کوشتن، لە مێژووى ئەو پارێزگایەدا ڕووینەداوە، ئەوەی ئەمڕۆ لە غەزە ڕوودەدات، شاری موسڵ لەوە خراپتری بەسەرهات، تەنانەت تا ئێستاش ڕۆژانە تەرمی ژن و منداڵ لەژێر داروبەردی خانووە ڕووخاوەکان دەردەهێندرێن، ئامانجەکەش ئەوەیە؛ ئاسانتربوونی پڕۆسەى گۆڕینى دیمۆگرافیایە.
هیچ گومان لەوەدا نییە؛ کورد وەک ئامانجى دواترى شیعە، بە هەمان شێوەى نەینەوا، یان بە هەر ڕێگەو جۆرێکى دیکە بێت، دەخرێتە نێو بازنەى پاوانکردنەوە. بەتایبەتى لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە مەندەلییەوە تاوەکوو #شنگال#، بەچڕى کاری لەسەر دەکرێت. ڕێگیریکردن لە جووتیارانى کورد لەو هێڵە جوگرافییە لە بەکاربردنى زەویوزارەکانیان، هەنگاوى یەکەمى بێکارکردنى خەڵکەکەیە، بێکاریش هەژارى بەدواى خۆیدا دێنێت، هەژاریش وابەستەبوون.
هەروەها ئەوەى بڕیارە لە مانگى داهاتووەوە بەرانبەر بە خاوەن حەوزەکانى بەخێوکردنى ماسى لە داقووق بکرێت، بەشێکى دیکەى ئەو ئەجێندایەیە بۆ #کەرکووک#. وەک لە ڕاپۆرتە میدیایەکاندا باس دەکرێت، جگە لە زیانە مادییەکانى کە بە سەتان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێن، بەلایەنى کەمەوە نزیکەی 70 هەزار کەس لەو پڕۆسەیەدا بێکار دەبن.
پێویستە لەوە تێبگەین؛ ئەم پڕۆسەى بێکارکردنە لە ناوچەکانى پارێزگاى نەینەواوە تەشەنە دەکات بۆ پارێزگاى کەرکووک، دواتریش ڕوو دەکاتە جوگرافیاکەى هەرێم، چونکە پڕۆژەى سیاسى دەوڵەتە بۆ ئامانجێکى ستراتیجى کە ئەویش پڕۆسەى بەشیعەکردنە لە ئێراق. ئەوەى ئێستا بەرانبەر هەرێمى کوردستانیش دەکرێت لە ڕێگریکردن لەوەى خۆى بتوانێت نەوت بفرۆشێت، تاوەکوو ئەوەى دەبێت هەموو سەرچاوەکانى داهات ببەستێتە بە بەغداوە و بەغداش دواجار (نان) وەک ئامرازى تاکتیکى بۆ ئامانجێکى ستراتیجى دژ بە خەڵکى کوردستان بەکاردەبات.
بەر لەوەى بگات بەو ڕۆژگارانەى شارەکانى هەرێمیش بەدەردى موسڵ بەرێت و بێکارى و هەژارى وەک دوو دەستکەلاى سیاسى بکرێتە ئامرازى گوشار بۆ سەر خەڵکى کوردستان، دەبێت عاقڵمەندانى کورد بەدواى ڕێگاچارەى پێشوەختەدا بگەڕێن، چونکە هەموو هەوڵێکى دواى ئەو ڕۆژگارانە، دەبێتە کەپنەکى پاش باران. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=