=KTML_Bold=بۆ کارى باش، هیچ کات درەنگ نییە=KTML_End=
#عارف قوربانی#
لە ساڵى 2020 ئەو کاتەى بەهۆى لێکەوتەکانى (کۆرۆناوە) جیهان بەشێوەیەکى گشتى تووشى هەلومەرجێکى ناسەقامگیریى ئابووری هاتبوو، بەتایبەتیش بەهۆى ڕاوەستانى جووڵەى بازرگانى و دابەزینى نرخى نەوتەوە، هەرێمى کوردستان بەدۆخێکى زۆر دژواری داراییدا تێدەپەڕیى، لە بەرنامەى (گفتوگۆى ڕۆژنامەنووس) لە ڕادیۆى ڕووداو بەندە و هاوپیشەى ئازیزم #ئاکۆ محەمەد# لە یەکێک لە ئەڵقەکانى بەرنامەکەدا پێکەوە گفتوگۆمان لەبارەی کاریگەریى قەیرانى دارایى جیهان لەسەر هەرێمى کوردستان دەکرد. لە یەکێک لە پێشنیازى ڕێگاچارەکاندا ئەوەم خستەڕوو دەبێت حکوومەتى هەرێمی کوردستان بیر لەوە بکاتەوە لە ڕێگەى کردنەوەى هەژمارى بانکییەوە بۆ مووچەخۆران لە برى پارە، کار بە (متمانە) بکات.
خۆشبەختانە ئێستا حکومەت پڕۆژەیەکى ڕاگەیاندووە بەناوى (هەژمارى من)، لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت کێشەى دواکەوتنى مووچە و قەرەباڵخى بانکەکان نەهێڵێت و فەرمانبەران بە ئاسانى لە ڕێگەى ئامێرى وەرگرتنى پارەوە دەستیان بە سامانەکەیان بگات. لە ستراتیژى دوور مەوداشدا حکومەت دەیەوێ، بەم هۆیەوە شەفافیەتى دارایى دەستەبەر بکات و ڕێگە لە سپیکردنەوەى پارە بگرێت.
هەرچەندە بە بەراورد بە وڵاتانى جیهان، هەرێمى کوردستان زۆر دواکەوتووە لەوەى کار بە سیستمى بانکى و مامەڵەى دیجیتاڵى بکات، بەڵام بۆ کارى باش هیچ کات درەنگ نییە. ئەوەى ئێستاش وەک سەرەتایەک دەستی داوەتێ و وەک لە میدیاکان باس دەکرێت چەند فەرمانگە و دامەزراوەیەک وەک ئەزموون کار بەو سیستمە دەکەن و سەرکەوتوو بووە، هەنگاوێکى باشە و پێویستە پەلە بکرێت لەوەى هەموو فەرمانبەرانى کەرتى گشتى و دواتر کەرتى تایبەت و هەموو هاووڵاتییانیش بگرێتەوە، بۆ ئەوەى لە قۆناخى دواتردا ئەم پڕۆژەیە بکرێتە بناخە بۆ پەڕینەوە لە پارەوە بۆ (متمانە).
ئەگەرچى ڕەنگە سەرەتا بەلاى هەندێک لە فەرمانبەران و هاووڵاتییانى کوردستانەوە وەک هەر شتێکى نوێ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم سیستمە بە قورس ببینن، بەڵام دەبێت خەڵک و حکومەتیش لەوە تێبگەن کە جیهان خەریکە بەرەو ئەوە دەڕوات کۆتایى بە مامەڵەکردن بەپارەى کاش بهێنن و هەموو جۆرە کڕین و فرۆشتنێک ببێتە مامەڵەى ژمارە. چونکە شارەزا و پسپۆڕانى ئابوورى جیهان کۆکن لەسەر ئەوەى پەیوەست بوون بە پارەى کاشەوە ئابوورى وڵاتان تووشى چەقبەستن دەکات. باوەڕیان وایە بەهێزترین وڵاتى جیهان لە ڕووى ئابوورییەوە ناتوانرێت ئابوورییەکەى بە ئابوورییەکى سەقامگیر دابنرێت، ئەگەر تەنیا پشت بە پارەى کاش ببەستێت. پێیان وایە ئەگەر لەهەر کێشە و قەیرانێکى دیکەش بە دووربن، بەردەوام لە بەردەم مەترسى داڕووخاندان لە ئەگەرى ئەوەى هاووڵاتییان بیانەوێت پارە کاشەکانیان لە بانکەکان ڕابکێشنەوە.
ئەگەر بە دیجیتاڵیکردنى سیستمى ئابوورى و بانکى بۆ هەر وڵاتێکى جیهان پێویستییەکى گرنگ بێت، دەبێت لەوە تێبگەین بەپێى تایبەتمەندى کێشە دارایى و ئابوورییەکانى کوردستان، بایەخى ئەم پڕۆژەیە بۆ هەرێمى کوردستان چەندین جار گرنگترە. بەتایبەتى بەهۆى ئەوەى مووچەیەکى زۆرى مووچەخۆران و پارەیەکى زۆرى خاوەن کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان وەک قەرز و پاشەکەوت لاى حکومەتە، دەتوانرێت بە قۆناخ ئەو قەرز و پارە پاشەکەوتکراوانەش ببنە سەرمایە و متمانە لە هەژمارى بانکى خاوەنەکانیان و لە هەندێک مامەڵەى دارایى کڕین و فرۆشتنى پێبکرێت. بەتایبەتى ئەو بوارانەى ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە کەرتەکانى حکومەتەوە هەیە وەک پارەى ئاو و کارەبا، نەخۆشخانە، باج و ڕسوماتى فەرمانگەکان و تەنانەت کڕینى سوتەمەنی و لە چەندین بوارى دیکەدا بەکار ببرێن.
هەروەها لەبەر تایبەتمەندى کێشەی کورد لە ئێراق و ئەو ستراتیژییە دەوڵەتییەى بەرانبەر بە کوردستان پەیڕەو دەکرێت، ئەگەرى زۆرە کێشەى مووچە و بودجە بە زووى چارەسەر نەکرێن، یاخود زووزوو سەرهەڵبداتەوە. بۆیە بۆ ڕزگاربوون لەو قەیرانە گرنگە هەرێمى کوردستان ئەم پڕۆژەیەى (هەژمارى من)ە بکاتە بناخە بۆ درووخستنەوەى هەر مەترسییەک کە لە داهاتوودا بەهۆى کێشە و ناکۆکى سیاسى نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداوە درووست دەبن. مەرجى سەرەکى بۆ ئەمەش پابەندبوونى هاووڵاتییانە بە سیستمەکەوە، ئەگەر هەموو خەڵک پابەندبن بەوەى لە ڕێگەى ژمارە بانکییەوە و بەکارت نەک بە پارە مامەڵە بکەن، ئەو کات لە ئەگەرى هەر گرفتێکى بڕینى بودجە و مووچەشدا حکومەت دەتوانێت بەردەوام بێت لەسەر پابەندێتى پێدانى ژمارەى متمانەپێکراو بە مووچەخۆران و ئەوانیش لە بازاڕ بەو ژمارە بانکییانە کارەکانیان ڕایى بکەن. لە دۆخێکى لەو جۆرەشدا حکومەت دەرەقەتى ئەو بڕە لە پێویستى سەرمایە دێت کە بۆ بەهاى هاوردەکردنى ئەو کاڵایانەى لە دەرەوە دەهێندرێن پێویستى پێیەتى.
گرنگە ئەم دەستپێشخەرییە دووربخرێتەوە لە کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکانى نێوخۆى کوردستان و لە ململانێى دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن. چونکە لە حەقیقەتدا پەیوەندى بە ژیان و گوزەرانى هەموو هاووڵاتییانى کوردستانەوە هەیە و بۆ داهاتووش دەکرێت ببێتە سەرچاوەى هێز بۆ کوردستان لە ڕووى ئابووری و دادپەروەرییەوە. دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان بە دیدێکى نیشتمانى لەم پرسە بڕوانن. بکرێتە سەرەتایەک بۆ چەسپاندنى بنەماکانى شەفافیەتى دارایى لە کوردستان.
هەموو ئەو وڵاتانەى کە سەرچاوە و ڕێوشوێنەکانى گەندەڵییان کۆتایى پێهێناوە، شانبەشانى دامەزراوە چاودێرییەکان، لە ڕێگەى بەهێزى سیستمى دارایى دیجیتاڵى و بانکییەوەیە. ئەم سەرەتایە لە سیستمى دیجیتاڵى و بانکى کوردستانیش زەمینە بۆ ئەوە دەڕەخسێنێت ڕێگرى لە سپیکردنەوەى پارە بکرێت، نادیارى سەرچاوەکانى داهات و لەپڕ دەوڵەمەندبوون و کەڵەکەبوونى سەرمایەى سەرچاوە نادیار، هەموو ئەمانە بەقۆناخ کۆتاییان پێدێنێت کە بۆ ئەمڕۆ بوونەتە سەرچاوەى نەهامەتى گەورە لە کوردستان.
بۆیە پێویستە هەموو ئەوانەى دژایەتى گەندەڵى و نادادى دەکەن، هاندەرى خەڵک و حکومەت بن لە خێراترکردنى ئەم پڕۆسەیە و بەمیللى کردنى. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=