=KTML_Bold=پێویستیی هاوپەیمانێتییەکى سێقۆڵیی کورد، سوننە و تورکمان=KTML_End=
#عارف قوربانی#
لە کاتى جموجووڵە سەربازییەکانى چەند ڕۆژى پێش ڕووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەر، چەند جارێک شاندى سەربازیی لایەنى ئێراقى لەگەڵ هەندێک لە فەرماندەکانى هێزى پێشمەرگە کۆبوونەوە، ئەو کات وەک زانیاریی دزەپێکراو ئەوەمان بیست ئەوانەى کە نوێنەرایەتیی لایەنى ئێراقى دەکەن، ئێراقى نین، بەڵکوو ئەفسەرى سوپاى پاسدارانى ئێرانن. بەرپرسێکى باڵاى هەرێمى کوردستانیش پێى وتم ئەو وەفدەى بە ناوى حکوومەتى ئێراقەوە هاتنە #مەخموور# و لەگەڵ نوێنەرانى هەرێمی کوردستان دیداریان کرد، ئەندامى مەکتەبى سیاسیی حیزبوڵڵاى لوبانییان تێدابوو.
ئەو کات، لە چەند وتارێکدا پەیوەست بە ڕووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەر، ئەو دەستەواژەیەم بەکارهێنا کە میلشیاى ئێران و ئێراق و لوبنان بەشدار بوون لە داگیرکردنى کەرکووک. ڕووبەڕووى ڕەخنە بوومەوە و خەڵکانێک بە زانیاریی ناڕاست و زیادەڕۆییان دەزانى، بەڵام دواتر ئەو فەرماندانەى بەشداریى کۆبوونەوەکان بوون خۆیان لە دیدار و چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەڤانییەکانیان دانیان بەوەدانا کە لە 11 ئەندامى شاندى دانووساندکارى لایەنى ئێراقى، تەنیا یەک عەرەبێکى ئێراقى تێدابووە و ئەوانى دیکە هەموویان جەنەراڵى سوپاى پاسداران بوون.
لەم گێڕانەوەی سەربوردەیە مەبەستمە ئەوە بڵێم کە ئەگەر لە ئێستاشدا کەسانێک هەبن باوەڕ بەوە نەهێنن کە دەسەڵاتى ئێستاى ئێراق بە ڕەهایى لەلایەن ئێرانەوە بەڕێوە دەبرێت و ئەو ئێراقییانەى لە ناوەندەکانى دەسەڵاتدارێتیى بەغدا دانراون تەنیا ڕووکەش و ڕووپۆشى دەسەڵاتدارە حەقیقییەکانى تارانن لە بەغدا، ڕۆژێک دێت کەسانێک لەناو ئەم دەسەڵاتدارانەى ئێستاى بەغدا ویژدانیان دەیانخاتە سەر ئەو ڕاستەڕێیەى ڕاستییەکان بگێڕنەوە و دان بەوەدا بنێن کە ئێمەى بەناو دەسەڵاتدار هیچ نەبووین و ئەوانەى لە پشتى ئێمەوە حوکمڕانى ئێراق بوون، ئێرانییەکان بوون.
ئێرانیش بۆ سەپاندن و پتەوکردنى پایەکانى حوکمى شیعى بەسەر ئێراق و فراوانکردنەوەى هەژموونى شیعى بەناوچەکەدا، زۆر ورد و بەپلان مامەڵە لەگەڵ پرس و کێشەکانى نێو ئێراق دەکات. یەکێک لەو کێشانەش کە زۆر جێى بایەخى ئێرانە لە ئێراق، پرسى کوردە. جێبایەخ بەو مانایە نا کە چارەسەرى بۆ بدۆزێتەوە، بەڵکوو دەیەوێت خەسڵەتى دۆزى کورد بگۆڕێت بۆ هەندێک کێشەی لاوەکى، کە لە ئێستادا تا ئەندازەیەک ئەوەی کردووە. دواتریش دەیەوێت پرسى کورد بکاتە کێشەى نێوان کورد و سوننە یاخود کورد و تورکمان، وەک ئەوەى لە چوار دەیەى ڕابردوودا لە ئێران ئەزموونى کردووە، کە لە ڕێگەى بەجاشکردنى ئازەرییەکانەوە زۆر کارى لەسەر ئەوە کردووە پرسى کورد ببێت بە کێشەى نێوان کورد و ئازەرى، ڕەنگە لە ساڵانى داهاتوو کورد ڕەنگدانەوەى ئەو سیاسەتە لە ئێران ڕوونتر ببینن.
ئێران لە ئێراقیش بەو ئاڕاستەیە کار دەکات، ئامانجەکەیشى هەر بە تەنیا بۆ لێدان لە دۆزى کورد نییە، بەڵکوو لە هەمانکاتدا لێدانە لە سوننە و تورکمانیش. بۆ ئەمەش پێویستى بەوەیە سەرەتا لە ڕێگەى درزخستنە نێو ماڵى ئەم پێکهاتانەوە دەستپێبکات، تا بە ئاسانى بتوانێت هێزى وابەستە بەخۆى لەناو ئەم پێکهاتانە درووستبکات. سەرەتاى ئەم سیاسەتەش لە ساڵانى ڕابردوو بەتایبەتى لەناو سوننەکان لە ڕێگەى کڕینى وەلائى پەڕڵەمانتارەوە دەستی پێ کرد، ئەوەى ناویان نابوون (سوننەى مالکى). لەناو تورکمانیش لە گۆڕینى هاوکێشەى هێزى نوێنەرایەتییانەوە دەستى خستووەتە نێو ماڵى تورکمانەکان، دەرکەوتەى ئەم کارکردنەش لە هەڵبژاردنى ڕابردوودا ڕەنگیدایەوە، کە پێشتر لە سێ نوێنەرى تورکمان لە کەرکووک، هەرسێکیان سوننەى تورکمان بوون. لە دوا هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئێراقدا هاوکێشەکەى بە جۆرێک گۆڕی، دوو تورکمانى شیعە و یەک تورکمانى سونى نوێنەرایەتیی #کەرکووک# بکەن. لەپاڵ ئەم شەرعییەتدانە بە نوێنەرایەتى ئەم دوو پێکهاتەیە، خەریکى درووستکردنى هێزى چەکدارى تایبەت بەم پێکهاتانەیە لەژێر ناوى حەشدى شەعبى تورکمانى و حەشدى سونى.
بە حوکمى جوگرافیا و تێکەڵیى دیمۆگرافیاى ئەم دوو پێکهاتەیە لەگەڵ کورد، خواستەکەى ئێران ئاسانتر دێتە دى، ئەگەر کوردیش لە بەرانبەردا ڕێوشوێنى پێویست و پێشوەختەى بۆ نەگرێتەبەر. بۆیە دەبێت بە تێگەیشتن لەم مەترسییە و لێکەوتە خراپەکانى، کورد بەدواى چارەسەرى پێشوەختەدا بگەڕێت. ئەویش بەپلەى یەکەم پێویستە ڕێگایەک بدۆزێتەوە جۆرێک لە پابەندێتى درووستبکرێت کە هەموو ئەوانەى سەرقاڵى سیاسەتن، لە بازنەى ستراتیجى کورد لە ئێراق دەرنەچن. دواتر بیر لەوە بکاتەوە لە ئێستاوە هاوپەیمانێتییەکى ستراتیجى لەگەڵ سوننە و تورکمان درووستبکات، تا ڕێگە لەوە بگرێت ئەم دوو پێکهاتەیە بکرێن بە ئامرازى دەستى شیعە لە ململانێ و هاوکێشەکاندا، تا دژ بە کورد بەکار نەبرێن.
پێویستە کورد ئەو تێگەیشتنە لاى سوننە و تورکمان درووستبکات کە هاوپەیمانێتییەکى لەم جۆرە بەهەمان ئەندازەى کورد لە بەرژەوەندى ئەوانیشە، چونکە لەوە زیاتر زاڵبوونى هەژمونى شیعە بەسەر ئێراقدا پێش کورد زیانەکانى بۆ سوننە و تورکمانە. بە درووستکردنى هاوپەیمانێتییەکى سێقۆڵى جۆرێک لە هاوسەنگى درووست دەبێتەوە، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگیرێت لەم پرسەشدا کات زۆر گرنگە، ئەگەر لە ئێستادا ئەمە بکرێت دەتوانرێت بە کەڵکى هەرسێ پێکهاتە پەراوێزخراوەکە بکەوێت. بەڵام ئەگەر چەند ساڵێکى دیکە دۆخى ئێراق وەک ئێستا بمێنێتەوە، بەدڵنیاییەوە ئەو کات هاوپەیمانی درووستکردن بە فریاى دەردى هیچ کامیان ناکەوێت.
لەبەر ئەوەى ئێران لە بیست ساڵى ڕابردوودا هەموو دەرگایەکى لە بەردەم ئاوەڵا بوو لەنێو ئەم پێکهاتانە کاربکات و لە ئاستى جیاجیادا خەڵکى وابەستە بەخۆى لەناویان درووستبکات، ڕەنگە هەروا ئاسانیش نەبێت بتواندرێت زەمینەى هاوپەیمانێتى لەنێوان کورد و سوننە و تورکمان بڕەخسێندرێت. بەپێچەوانەوە ئەگەرى درووستبوونى گرژى و ناکۆکیى و سەرهەڵدانى کێشە لەنێوان ئەم سێ چەوساوەیەى دەستى شیعە، ئەگەرێکى چاوەڕوانکراوتر و ئاسانترە وەک لە درووستکردنى هاوپەیمانێتى نێوانیان. بەڵام مەحاڵیش نییە، بەتایبەتى هەرێمى کوردستان پەیوەندییەکى فراوانترى هەیە و دەتواندرێت بە کەڵک وەرگرتن لە وڵاتانى دیکەى جیهان و ناوچەکە کە کاریگەرییان لەسەر سوننە و تورکمان هەیە، زەمینەى جۆرێک لە ڕێککەوتن بۆ هاوپەیمانێتییەکى دورمەودا بڕەخسێندرێت.
بە هاتنە ئاراى هاوپەیمانێتییەکى لەم جۆرە، ئەگەر کۆتایى بە مەترسییەکانى سەر هەر سێ پێکهاتەکەش نەهێندرێت، تا ئەندازەیەک مەترسییەکانیان دووا دەخات. کە زۆرجار یاریکردن بەکات بووەتە هۆکارى درووستبوونى پێشهاتى چاوەڕواننەکراو. دور نییە دواخستنى مەترسییەکانیش بۆ ساڵانى داهاتوو، هاوکێشەکان پێچەوانە بکاتەوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=