=KTML_Bold=کورد خۆى چى پێدەکرێت؟=KTML_End=
#عارف قوربانی#
لەدواى هێرشى ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، شەرعییەت و دەسەڵاتى مەعنەویی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، بەماناى (پارێزگاریى نێودەوڵەتى) هیچ بەهایەکی نەما. بەردەوامیی جەنگ و داگیرکارییەکانى ڕووسیا لە ئۆکراینا، تەنانەت ئەوروپاشى خسووەتە بەردەم مەترسیی ئەوەوە کە بێسڵکردنەوە لە بوونى یەکێتیى ئەوروپا و ناتۆ، ڕووسیا هێرش دەکاتە سەر وڵاتانى ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، بۆیە وەک ئامادەسازیى پێشوەختە کەوتونەتە کڕینى ئامرازەکانى بەرگریى.
هەروەها بەرپابوونى جەنگى ئیسرائیل و حەماس، لێکەوتەکانى ئەو جەنگەش لە ناوچەکە، چى ئەوەى ئیسرائیل لە سووریا و لوبنان ئەنجامى دەدات و ئەوەى ئێران و میلیشیاکانى ئێراق و حیزبوڵڵاى لوبنان و حووسییەکانى یەمەن دەیکەن، ئەوەى دەرخست هیچ هێز و دامەزراوەیەکى نێودەوڵەتى ناتوانێت بەر لە بەزاندنى سنوورى نێودەوڵەتیی نێوان وڵاتان بگرێت.
کاتێک پێگە و شەرعییەتى دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەو جۆرە لاوازبن، بەزاندنى سنوورى نێودەوڵەتى ببێتە دیاردەى ڕۆژانە، زەمینەى ئەوە دەڕەخسێنێت ئەو وڵاتانەى کێشە لەنێوانیان هەیە لە ڕێگەى مەنتقى هێزەوە بەدواى چارەسەردا بگەڕێن. تەنانەت ئەو وڵاتانەى کێشەش لەنێوانیاندا نییە هەر ترسى ئەوەیان هەیە دەوڵەتێکى بەهێز بۆ سەپاندنى هەژموونى خۆى بەسەر دەوروبەرەکەیدا، پەنا بباتە بەر بەکاربردنى هێز.
لە هەلومەرجێکى وادا کە هیچ دامەزراوەیەکى نێودەوڵەتى دڵنیایى دەستەبەر نەکات، وڵاتەکان دەبێت چى بکەن، جگە لەوەى پشت بە خودى خۆیان ببەستن بۆ پارێزگاریکردن لە شکۆ و لە سەروەریى و لە مانەوەیان.
ئەگەر ئەم بارودۆخە بۆ وڵاتانى خاوەن سەروەری، جارێک مایەى ترس و هەڵوێستە لەسەرکردن بێت، بۆ ئێمەى کورد دەیانجار دەبێت ڕامانبچەڵکێنێت. وە دەبێت هەموو تاکێکى کورد بخاتە بەردەم ئەو پرسیارەوە ئایا خۆمان چیمان پێ دەکرێت؟ بەتایبەت کە ئێمە نە دەوڵەتمان هەیە، نە مووشەک و نە فڕۆکە و چەکى زیرەک. لە کاتێکدا دوژمنەکانیشمان بەو چەکانە لێمان دەدەن.
ئەوەى هەفتەى ڕابردوو ئێران کردى کە بە مووشەکى بالیستى #هەولێر#ى موشەکبارانکرد، هەروەها ئەوەى تورکیا ڕۆژانە دەیکات لە سەرتەکى بەمۆوە بۆ سەرێکانى بە درۆن کورد دەکاتە ئامانج، ئەوەى میلیشیاکانى ئێراق دەیکەن لە ناردنى درۆنى بۆمبڕێژکراو بۆ سەر هەرێمى کوردستان و چاوەڕوانکراویشە ئەم پەلامارانە زیاتر و زیاتر بن. دەریشکەوت نە بەیاننامە و نە ئیدانەى وڵاتانى ڕۆژاوا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەهاى ئەوەى نییە هەستانى فڕۆکەیەک بۆ کوشتنى کورد ڕابگرێت. کەسیش لەسەر کورد بە وەڵام نایەت لە بەرانبەر دە موشەکێکى ئەوان، تەنیا یەک موشەکێکیان تێبگرێتەوە. هەر لە بنەڕەتیشەوە چاوەڕوانییەکى نا لۆژیکى و نادرووستە کورد چاوەڕێى ئەوە بکات ئەمریکا و هاوپەیمانان کە بنکە و بارەگایان لە کوردستان هەیە شەڕى تورکیا و ئێراق و ئێران بۆ کورد بکەن. کەس گومانى لەوە نییە ئەوان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لێرەن و دووى بەرژەوەندیی خۆیان دەکەون نەک کورد. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەى کەواتا کورد بەبێ بوونى دەوڵەت و بێ بوونى سوپا و تانک و تۆپى سەردەم، بەچى دەتوانێت پەلامارى دوژمنەکانى ڕابگرێت؟
بەداخەوە هەندێک لە نوخبەى سیاسى و دەستەبژێرى ناو کۆمەڵگەى کوردى بەتایبەت لە باشوور، بۆچوونیان وایە کورد دەبێت چۆک بۆ دوژمنەکانى دابدات و هەرچى ئەوان ویستیان ڕادەستیان بێت، وەک ئەوەى لەدواى موشەکبارانکردنى هەولێر زۆر گوێبیستى ئەوە بووین دەوترێت (تەسلیم نەبوون بە ئێران، بێعەقڵییە). هەرچەندە ئەگەر هەموو کوردیش وابیر بکاتەوە و ئاڵاى ڕادەست بوون بەرزکاتەوە هەر چارەسەر نییە، چونکە خۆ کورد یەک دوژمنى نییە تا خۆى بە قەدەرى دوژمنەکەى بسپێرێت، ڕادەستى کامیان بێت؟
ئەو کەسانەى وابیر دەکەنەوە کە ڕادەست نەبوون بە ئێران بە بێعەقڵى دەزانن، دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرن کەواتا ڕادەست نەبوون بە تورکیاش هەر وایە. خۆ ئێستا ناوچەکانى سلێمانى چوونەتە ژێر هەژموون و بەرژەوەندیی ئێرانەوە، بەڵام ئێران نەیتوانیوە لە درۆنەکانى تورکیا بیپارێزێت. وەک چۆن ئەمە بۆ هەولێرەش هەر وایە، ناوچەکە بووەتە جێنفوزى بەرژەوەندیی تورکیا، بەڵام دەرکەوت تورکیا ناتوانێت بەر لە مووشەکى ئێران بگرێت بۆ سەر هەولێر.
ئەگەر دابەشکردنى ڕۆڵیش نەبێت لەنێوان تورکیا و ئێران، بەحوکمى ئەو دابەشبوونە سیاسیى و جوگرافییەى هەیە ئەمەى ئێران بە هەولێرى دەکات ئەگەر ڕێى پێنەگیرێت، زەمینەخۆش دەکات سبەى تورکیاش لەوە خراپتر بکات لەگەڵ سلێمانى. نە کۆمەڵى نێودەوڵەتى بە ئەندازەى ئێران دژ بە تورکیان و نە #سلێمانی#ش بە ئەندازەى هەولێر لەسەرى بەدەنگ دێن.
کورد واتەنى ئەى تەگبیر چییە؟ ئایا لێبگەڕێین هەروا سووک و ئاسان ببینە خۆراکى گورگەکان، یان بەدواى چارەیەکدا بگەڕێین سنوور بۆ دەستدرێژیکردنە سەر کورد دابنێت؟ هەر بەڕاستى دەبێت ئەو پرسیارە بکەین، ئایا خۆمان هیچمان پێ دەکرێت؟ ڕەنگە ئەمەى من دەیڵێم کارێکى ئاسان نەبێت، بەڵام مەحاڵیش نییە، بەڵێ کورد خۆى دەتوانێت وابکات دوژمنەکانى سڵى لێبکەنەوە و نەوێرن لەسەر ئەو تاوانکارییانە بەردەوام بن.
ساڵى ڕابردوو تۆمارێکى ڤیدیۆیی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، تیمێکى ئەندازەیى ئێرانى خەریکى دیاریکردنى سنوورى نێوان ئێران و ئەفغانستانن. چەند چەکدارێکى ئەفغانى ڕێگەیان پێدەگرن و دەڵێن دوو سانتیمەتر هاتوونەتە ناو خاکى ئێمەوە، دەبێت دوو سانتیمەترە بکشێنەوە و ئێرانییەکان ناچار دەکەن ئەو مێخەى دایانکوتاوە هەڵیکێشن و لەو شوێنە دایکووتنەوە کە چەکدارە ئەفغانییەکان دیارییان کردووە. ئەمە دەرخەرى ئەوەیە ئەوان خاوەن ئیرادەیەکى بەهێزن، ئەو ئیرادەیەى لە دوو قۆناخدا ڕووسیا و ئەمریکایان ناچارکرد کۆتایى بەداگیرکاریى وڵاتەکەیان بهێنن.
چۆن دەتوانرێت ئەم ئیرادەیە لەناو کورد درووست بکرێت؟ ئەوەى دەتوانرێت لە بابەتێکى ڕۆژنامەوانیدا بخرێتەڕوو ئەوەیە کە پێش هەرشت پێویستە مرۆڤى کورد هەستى کوردبوونى بخاتە پێش ئەو دابەشبوونە حیزبى و سیاسى و ئایدۆلۆجییانەوە کە جگە لە دابەشبوونى بەسەر چوار دەوڵەتى ناوچەکەدا، لەناو خودى خۆشیدا کۆمەڵگەى کوردى دابەش و پارچەپارچە کردووە. ئەگەر بتوانرێت ئەو هەستى کوردبوونە باڵاى پێبکرێت، دەتوانرێت کەڵک لەو دابەشبوونەى بەسەر دەوڵەتانى ناوچەکەدا وەربگرێت بۆ بەرگریکردن لە کورد. بۆ نموونە کاتێک دوو دەوڵەتى دراوسێ کێشە و دوژمنایەتییان دەبێت، بۆ هیچ کامیان ئاسان نابێت بتوانن کەڵک لە هاووڵاتییەکانى دەوڵەتى بەرانبەرى وەربگرێت. بەڵام بۆ کورد ئەمە ئاسانە، بە مەرجێک هەستى خۆبەخاوەنزانین لاى تاکى کورد درووستبکرێت کە پاڵى پێوەبنێت بۆ داکۆکیکردن و بەرگریکردن لە کورد لە هەر کوێیەکى دونیادا بێت. کە ئەمەمانکرد تەنیا ئەو کوردانەى لە ئیستەنبووڵن بەسە بۆ ئەوەى ببنە لەمپەڕ بۆ پارێزگارى لە قامشلۆ و لە سلێمانى. تەنیا کوردى #سنە# و #کرماشان# بەسن بۆ ئەوەى ببنە لەمپەڕ لە بەردەم موشەکە بالیستییەکانى تاران بۆ سەر هەولێر.
نابێت هیچ تاکێکى کورد ئەگەر سەربە هەر حیزب و ئایدۆلۆجیایەکى دژ بە #پەکەکە#یە، خۆشحاڵ بێت بەوەى تورکیا بە درۆن ئەندامانى پەکەکە بکاتە ئامانج. نابێت هیچ نەیارێکى پارتى شاگەشکەبێت کە ئێران هەولێر مووشەکباران دەکات. نابێت هیچ نەیارێکى یەکێتیى دڵی بەوە خۆش بێت کە تورکیا کارمەندى دژەتیرۆرى یەکێتى لە فڕۆکەخانەى عەرەبەت شەهید دەکات. بەپێچەوانە دەبێت ئەو ڕۆحە درووستکەین کە کوردێکى کەرکووک و هەولێر و سلێمانى، وەک کوردێکى سەرێکانى جەرگیان ژان بکات بۆ ئەو #شەڕڤان#ەى تورکیا بە درۆن شەهیدى دەکات. دەبێت کوردى ئیستەنبووڵ و #ئامەد# و قامشلۆ وەک هەمان هاووڵاتییەکى هەولێر دژ بە ئێران و میلیشیا شیعەکان بن کە هەولێریان بەئامانج گرتووە.
کورد میللەتێکین لە ڕابردوودا قوربانیى زۆرمان داوە تەنیا لە پێناوى مانەوەدا، ئەگەر خاوەن ئیرادەبین داهاتوومان پێویستى بە خوێنى نەوەکانمان نابێت. بەڵام ئەگەر بەم جۆرەى ئێستا بێدەربەست و خوێن ساردبێن، نەوەکانى داهاتوو ژیان و ڕۆژگارى تاڵتریان دەبێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=