=KTML_Bold=کاتی شۆکێکە=KTML_End=
#عارف قوربانی#
نزیکەی 13 بۆ 14 ساڵ لەمەوبەر کە ئەو کات من لە دەزگاى خەندان کارم دەکرد، دەزگایەکى باوەڕپێکراو و گرنگى حکوومەتى هەرێمی کوردستان کە ئێستاش لەبەر ئامانەتى پیشەکەم ناوى نابەم، بە ئیمەیڵێک فایلێکیان بۆ ناردین دۆسێیەکى نهێنى لێکۆڵینەوە بوو لەوەى گوایە (ژمارەیەک سەرۆک شارەوانى، هەر یەکە و زیاتر لە چەند پارچە زەوییەکیان بەناوى خۆیان یاخود خێزانیانەوە وەرگرتووە). لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى بەڕێوەبردنى خەندان ئەم بابەتە خرایەڕوو، بڕیاردرا لە گۆڤارەکەمان گۆڤارى (هەفتانە) بڵاوبکرێتەوە.
دۆسییەکە درایە ڕۆژنامەنووس (ڕاوێژ کامەران) و ئەو ڕاسپێردرا بۆ ئامادەکردنى ڕاپۆرتێکى بنکۆڵکارى لەو بابەتە. دواى بڵاوبوونەوەى ڕاپۆرتەکە، هەڵایەکى زۆرى لەسەر درووست بوو، بووە پرسى گەرمى میدیا و کەناڵەکانى ڕاگەیاندن و قسە و باسى گەرمى کۆمەڵگەى کوردى، لە هەموو ئەو شار و شارۆچکانەى ناوى سەرۆک شارەوانییەکانیان لە ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو، دەنگى ناڕەزایەتى بەرزبووەوە، بە هەزاران کەسوکارى شەهید و ئەنفال و پێشمەرگە هێشتا زەویان پێنەدرابوو، چۆن قبووڵ دەکرێت کەسانێکیش چەند پارچە زەوییەکیان وەرگرتبێت.
لە #گەرمیان#ەوە بۆ کوێستان، وابزانم 17 سکاڵاى یاسایى لەسەر گۆڤارى هەفتانە و خەندان تۆمارکران، بە درێژایى ئەو چەند ساڵەى ڕابردوو، ڕاوێژ کامەران وەک ئامادەکارى ڕاپۆرتەکە و خالید #سلێمانی#ش وەک سەرنووسەرى گۆڤارەکە هەر بە ڕێى دادگەوە بوون، لە هەمووشیاندا خەندان کەیسەکەى دۆڕاند، چونکە لە لێکۆڵینەوەى دادگە و بە پشتبەستن بە ناوى دایک و منداڵەکانیان دەرکەوت ئەو ناوانەى دیکە کە هەمان ناوى چوارى سەرۆک شارەوانییەکان بوون، کەسانى دیکەى هەڵگرى هەمان ناوى چوارین و تەنانەت هەندێکیان ناوى هاوژینەکانیشیان وەک یەک بوو.
تەماشا بکەن لە شارۆچکەیەک دوو بۆ سێ کەس ناوى چوارییان یەک بێت کە ڕەنگە ناوى هاوشێوە زیاتریش بن، بەڵام لەو دۆسێیەدا تەنیا لە ناوى ئەوانەى زەویان وەرگرتبوو، چەندین ناوى هاوشێوە هەبوون، ئەى دەبێت لە تەواوى کوردستاندا چەند ناوى لەو جۆرە هەبن؟
ئەم سەرگوزشتەیەم بۆ ئەوە گێڕایەوە کە لەم ڕۆژانەدا و لە پەراوێزى خۆدزینەوەى بەغدا بۆ ناردنی شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان، لە میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییە ئێراقى و هەندێک میدیاى کوردیشدا وەک گاڵتەجاڕیی و دۆزینەوەى پاساو بۆ نەناردنى پارەى مووچەخۆرانى هەرێمی کوردستان، دەڵێن وەزیرى دارایى ئێراق عەیبى گەورەى لە لیستى مووچەخۆرانى هەرێمدا دۆزیوەتەوە گوایە شەریف ناوێک لە سێ وەزارەت ناوەکەى دووبارە بووەتەوە. لە شارۆچکەیەکى وەک حاجیاوا، سێ جار ناوى چواریی هاوشێوەى سەرۆک شارەوانییەکەیان هەبێت، بۆ دەبێت سەیر و سەمەرەبێت ئەگەر سێ ناوى سیانى شەریفێکى کورد لە لیستى مووچەخۆرانى کوردستان هەبن، دەبێت وەڵامى بەغدا بەو جۆرە بدرێتەوە ئەوە بۆیە لە لیستى مووچەخۆرانى هەرێمی کوردستاندا هەیە، چونکە کورد شەریفى زۆرە.
ئەم بڕوبیانووانەى بەغدا هەر مانگە و بە جۆرێک و لە ناوەندێکى دەسەڵاتەوە دەیکاتە لەمپەڕ لە بەردەم پابەندییە دەستووری و یاساییەکانیان بۆ ناردنى بودجەى هەرێم، بۆ ئەوەیە کە خەڵکى کوردستان لەو قەیرانە داراییەى تێى کەوتووە ڕزگارى نەبێت و دواجار ببێتە یارمەتیدەر لە درووستکردنى ئەو ژینگەیەى لە زۆر لایەنى دیکەوە کارى بۆ دەکرێت بۆ ڕووخاندنى ئەزموونى خۆبەڕێوەبەرێتیی کوردى. ئەگەر پێشتر ئەوەیان دەکردە پاساو کە هەرێمی کوردستان خۆى نەوت دەفرۆشێت، وا بۆ ساڵێک دەچێت بەغدا ڕێى لەوە گرتووە کوردستان نەوتەکەى بفرۆشێت و خۆیشى ئامادە نییە نەوتى هەرێمی کوردستان هەناردە بکات، چونکە بە فرۆشتنى نەوتى هەرێم، هیچ پاساوێکى بۆ نامێنێتەوە و دەبێت بودجە بداتە هەرێمى کوردستان. ئامانجەکەى بەغداش ڕوونە کە نایانەوێت کوردستان نینۆکى هەبێت سەرى خۆى پێ بخورێنێت، بۆیە جارێک لە دادگەى فیدراڵى و جارێک لە ئەنجوومەنى وەزیران و جارێک لە لیژنەى دارایى و جارێک لە پەڕڵەمان و دەیان جار لە وەزارەتى داراییەوە دەستى دەستى بە خەڵکى کوردستان دەکرێت.
ئەوەى لێرەدا پێویستە وەکوو خۆى ببینرێت ئەوەیە کە لە ناوخۆى کوردستان هەندێک لێکدانەوەى هەڵە بۆ ئەو سیاسەتەى بەغدا دەکەن، بە تێگەیشتێنێکى هەڵەوە دەڵێن هەموو ئەوەى لە بەغدا دەگوزەرێت دەستى ئێرانە و ئامانجەکەیش بۆ ئەوەیە #هەولێر# ڕادەستى ئێران بێت. ئەو بەشەى ئەم لێکدانەوەیە ڕاستە کە ئێران ئێراق بەڕێوەدەبات و ئەوە ئێرانە لە بەغداوە بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ هەولێر دەکات، بەڵام لەوەدا تێگەیشتنەکە هەڵەیە کە دەگوترێت گوشارەکان بۆ ئەوەیە هەولێر لە ئێران نزیک بێتەوە. خۆ سلێمانى لە ئێران نزیکە، لە یاساى بودجەشدا ئەوە چەسپێندراوە کە بەغدا دەتوانێت ڕاستەوخۆ مامەڵەى دارایى لەگەڵ سلێمانى بکات، ئەى بەغدا بۆچى پارەى مووچەخۆرانى سلێمانى نانێرێت؟ بابەتەکە ڕوونە ئێران لەنێو ئێران چەند باوەڕى بە مافى کورد هەیە، لە ئێراقیش هەر ئەوەندە و ڕەنگە کەمتریش. کە ڕێگەشیدا لە یاسای بودجەى ئێراق ئەو بڕگەیە بچەسپێندرێت، بەغدا پارە بۆ سلێمانى بنێرێت، بۆ دۆزینەوەى دەروازەیەک بوو ئەگەر ئەمریکا هەموو ڕێگەکانى دیکەى ئێراقى لێ دابخات کە پارەى ئێراق بچێت بۆ تاران، ئەو کات سلێمانى بکاتە ڕێگەى بەدیل.
هەرێمى کوردستان بەم دۆخەی خۆیەوە دەرەقەتى سیاسەتى ئێران نایێت، دەبێت بەدوای ڕێگەى دیکەدا بگەڕێت. لە هەنگاوى یەکەمدا پێویستە ڕەهەندە نێودەوڵەتییەکەى دەستوورى ئێراق لەبەرچاو بگرێت و پەنا بباتە بەر ئەمریکا و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، چونکە ئەو کاتەى دەستوورى ئێراق نووسرایەوە و پەسەندکرا، ئێراق بە بڕیارى ئەنجوومەنى ئاساییشى نێودەوڵەتى لەژێر داگیرکاریی ئەمریکادا بوو. دەستوورى ئێراق برایە ئەنجوومەنى ئاساییش و لەوێش پەسەندکرا. ئەوەى بەغداش بە کوردى دەکات بەشێکى لەسەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانێتى. پارەى فرۆشى نەوتى ئێراق و پارەى یەدەگی ئێراقیش لاى ئەمریکایە. پێویستە هەرێمى کوردستان بەشێوەى فەرمى داوا بکات لەبەر ئەوەى بەغدا ستەمى لێ دەکات و بەشە بودجەى ناداتێ، وەک ناوبژیوانى نێودەوڵەتى داوا بکات ئەمریکا بەشى هەرێمی کوردستان بەپێى ئەوەى لە دەستوور و لە یاساى بودجەى ئێراق هاتووە، پشکى هەرێمی کوردستان جیابکاتەوە و ڕاستەوخۆ بیداتەوە هەرێمى کوردستان. ئەو پارەیەش کە وەک یەدەکی ئێراق لە بانکى ناوەندیی ئەمریکایە پشکى هەرێمی کوردستانیشی تێدایە، بۆ تێپەڕاندنى ئەم قەیرانە، داواى پشکى خۆى بکات لەو پارەیە.
لە دۆخی نائومێدبوونیشى لەم ڕێگەیە، نابێت چاوەڕێى پەرجوو بێت، ئاماژەى هیچ موعجیزەیەک نییە تا کورد لە دەستى ئەم گورگانە ڕزگار بکات. دەبێت کوردستان بیر لە ڕیسکێک بکاتەوە. دەرکەوت نەک مافەکانت ناسەلمێنن، نەک ناهێڵن خۆت خاوەنى سامان و داهاتى خۆت بیت، نەک وەک کەمترین ئیستحقاق مووچەى مووچەخۆرانیشت نادەن، بە پاساو و بیانووى نادرووست و ناڕەوا پەلاماریشت دەدەن. ئەوەش ڕوونە کوردستان بە تەنیا تواناى ڕووبەڕووبوونەوەى ئەو هێز و دەسەڵاتانەى ئەوانى نییە، ئێراقیش هەرێمى کوردستانی پێ ناپارێزرێت و ئامانجیشى ئەوە نییە هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.
لە دۆخێکى لەم جۆرەشدا یاریکردن بەکات و چاوەڕوانى پێشهات و هەندێک ڕووداو بۆ ئەوەى مەترسییەکان تێپەڕێنێت، وەک ئەوە وایە خۆت بدەیتە دەست قەدەر، چونکە ئەگەرى ئەوەش هەیە ئەو ڕووداوانەى چاوەڕێیان دەکەین هەر ڕوونەدەن. سەرکردەى ئازا ئەوەیە بە هەر شۆکێک بێت مانەوەى گەلەکەى دەستەبەر بکات. بۆیە دەبێت کورد لە پێناوى مانەوەیدا، خۆى ڕووداو بخوڵقێنێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=