=KTML_Bold=کوردستان بەرگەى تێوەگلانێکى دیکە ناگرێت=KTML_End=
#عارف قوربانی#
قسەیەکى باو هەیە، دەگوترێت کورد، خۆى مێژووى خۆى نەنووسیوەتەوە، بۆیە مێژوویەکى شێوێنراوى هەیە. ئەمە بەشێک لە ڕاستى تێدایە، بەڵام هەموو ڕاستییەکە نییە، چونکە بەشێک لە لاپەڕەکانى مێژووى کورد، بەتایبەتى مێژوویى نوێ و هاوچەرخ، بە قەڵەمى مێژوونووسانى کورد نووسراون، بەڵام هەر مێژوویی ناتەواون. هۆکارەکانیشى هەر نەشارەزایى و دەستڕانەگەیشتن بە بەڵگە و زانیارییەکان نین، بەڵکوو بەشێکیان ترسى مێژوونووسانە لە کاردانەوەکانى ئەوەى دەینووسن.
بەدیاریکراوى یەکێک لەو پرس و بابەتە گرنگانەى مێژوو، کە پێویستى بە لەسەروەستان و شەنوکەوی زیاتر هەیە، ئەو تاوان و ڕووداوانەن، کە ئەنجامەکانیان بە کۆمەڵکوژیى هاووڵاتییانى کوردستان کۆتایى هاتووە، بەڵام بەهۆى ئەوەى ئەمە وا لێکنەدرێتەوە یاخود وانەکەوێتەوە کە لە تاوانى تاوانبار کەمبکاتەوە، ئەوانەى مێژووەکانیان نووسیوەتەوە، دەستیان لەوە پاراستووە دیوێکى دیکەى ڕووداوەکان بنووسنەوە، کە ڕێگەخۆشکەر یاخود ڕەخسێنەرى زەمینەى تاوانەکە بوون.
نەنووسینەوەى ئەم لایەنەى مێژوو و دەستنیشاننەکردنى ئەم بەرپرساریێتییە، هۆکار بووە بۆ ئەوەى کەسایەتى و هێز و ڕەوتە سیاسییەکانى کورد، هیچ کاتێک سڵ لەوە نەکەنەوە کە دەیکەن یان ئەوەى دەیکەن ئەنجامەکەى چى دەبێت بۆ میللەتەکەیان. ئەگەر خۆیان بخستایەتە بەردەم ئەو پرسیارەوە و، ترسى ئەوەیان هەبووایە کە مێژووی کورد مێژوویەکى (سزادەرە)، بەشێک لەو ڕووداوانەى ڕابردوو، ڕوویان نەدەدا یاخود بە جۆرێکى دیکە دەبوون؛ جیاواز لەوەى ڕوویان داوە.
هەرچەندە هیچ شتێک نابێتە پاساوى تاوانى کۆمەڵکوژى و، هیچ شتێکیش ئەنجامدەرى تاوان پاکناکاتەوە لەو تاوانانەى ئەنجامى داون، ئەو ستەمکارییانەى لە قۆناخە جیاجیاکانى مێژوودا دەوڵەتانى سەردەستەى ناوچەکە (فارس، عەرەب و تورک) بەرانبەر بە کورد ئەنجامیان داوە و ئێستاش بەردەوامن لەسەرى، بەهیچ شتێک نە کەم دەبێتەوە و نە دەسڕدرێتەوە، بەڵام لایەنى خراپى نەوتنى ئەو ڕاستییانەى پاڵنەر بوون بۆ درووستبوونى ڕووداو یاخود هۆکارى ڕاستەخۆ بوون بۆ ئەنجامدانى تاوانەکە، زەمینەخۆشکەرە بۆ ئەوەى بەردەوام دووبارە ببنەوە. ئەوەى بەردەوامیش لە دووبارەبوونەوەى ڕووداوەکاندا دەبێتە قوربانى، هەر میللەتەکەیە، نەک ئەو کارەکتەرە سیاسى و هێز و گرووپانەى لایەنێکى درووستکەری ڕووداوەکە بوون.
ئەگەرچى تازە سەردەمەکە ناگەڕێتەوە تاوەکوو بتوانرێت ڕێگە لە ڕوودانى ئەو ڕووداوانە بگیرێت، کە ئەنجام و لێکەوتەکانیان وێرانکارى بوون بۆ کوردستان، بەڵام دەبێت لە شوێنێکدا خاڵێک دابنرێت و کۆتایى بەوە بهێنرێت، کە کورد خۆى بە سیاسەتى هەڵە یا بە کار و کاردانەوەى خراپ، یارمەتیدەر و ڕێگەخۆشکەرى زەمینەى وێرانکارى نیشتمانەکەى بێت. بۆیە، لێرەدا و وەکوو زەنگێکى پێشوەختە دەیدەم بەگوێى خەڵکى کوردستان و هێز و دەسەڵاتدارانى سیاسى و حوکمڕانى کوردستان، کە خەریکە کوردستان لە ڕووداوگەلێکەوە تێوەدەگلێنن، ئەنجامەکەى ماڵوێرانییەکى دیکەیە بۆ میللەتەکەمان.
بەرلەوەى بچمە نێو وردەکارییەکانی ئەم باسەوە، دەمەوێ ئەوە بڵێم؛ ئێمەومانان بە حوکمى پیشەکەمان و بەهۆى ئەوەى ماوەیەکى دوورودرێژ لەنێو میدیا کارمان کردووە، پەیوەندییەکى فراوانترمان هەیە وەک لە کەسانى دیکە کە تازە هاتوونەتە نێو بوارەکەوە، یان ئەوانەى خەریکى پیشەیەکى دیکەن. ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەى هەندێکجار زانیاریی نەبیستراومان پێبگات. وەک پرەنسیپ و باوەڕێکى چەسپاویش بەوەى کە هەموو زانیارییەک هى بڵاوکردنەوە نییە و، هەموو ڕاستییەک بۆ وتن نییە، بۆیە بە ڕەچاوکردنى ئەوەى پێویستە بە خوێنەر یان بە دەسەڵاتداران بگات لە شێوەى وتارى شیکارى، یان دەربڕینى بۆچوونى کەسى، شوێنى هەندێک لەو زانیارییانە بکەینەوە کە گرنگن خوێنەر بیانزانێت، بەڵام ئەوەى ئەمڕۆ لێرەدا دەیخەمەڕوو نە شکاریکردنى ڕووداو و پێشهاتەکانە، نە بۆچوونى کەسیی خۆمە، بەڵکوو زانیارییەکى مەترسیدارە و دەیخەمەڕوو، ئامانجیشم ئەوەیە؛ ڕێگە لە ڕوودانى بگیرێت، چونکە دڵنیام ئەنجامەکەى چەند مەترسیدارە بۆ داهاتووى میللەتەکەمان.
دڵنیام زۆرینەى خەڵکى کوردستان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە چەند پیلانگێڕیى گەورە لەسەر کورد هەیە وەک نەتەوە لە هەموو بەشەکانى کوردستاندا. لێرەدا باسى هۆکارەکان ناکەم، من و ئێوەش دەیزانین، بەشى زۆرى ئەوەى پێى گەیشتووین ئۆباڵەکەى لە ئەستۆى کورد خۆیدایە. دەکرا بە جۆرێک سیاسەتیان بکردایە کە کورد چارەنووسى نەگەیشتبا بەم ڕۆژە، تازە گەیشتووین بە ئێستا، گرنگ نەهێڵدرێت خراپتر بێت. بەڵام شاراوە نییە وڵاتە هەرێمایەتییەکان بە سەرکردایەتیى تورکیا و ئێران زۆر ڕێگەیان گرتووەتەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەى قەوارەى هەرێمى کوردستان و، ئەوەى لە ڕۆژاواى کوردستانیش لە بوونیاتناندایە.
لەبەر ئەوەى دەزانن لە بنەڕەتەوە درووستبوونى ئیدارەى هەرێمى کوردستان و مانەوەى بۆ ئەمڕۆ و، ئەوەى ئێستا لە ڕۆژاواى کوردستان هەیە، پەیوەندیی بە سیاسەتى نێودەوڵەتى و پشتیووانیى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانەوەیە، بۆیە دەیانەوێت پەیڕەوى سیاسەتێک بکەن، ئەو پەیوەندییە تێکبشکێنێت. بۆ ئەم مەبەستە ئێران سەرقاڵى درووستکردنى گرووپى چەکداریى کوردییە لە باشوورى کوردستان، هاوشێوەى ئەو گرووپانەى لە ئێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن درووستیکردوون و بەناوى بەرەى مقاوەمەوە بەریداونەتە گیانی نەیارەکانى.
درۆن و مووشەکى زۆر هێنراونەتە نێو هەرێم و ئامادەسازی دەکرێت بۆ دەستپێکردنى چالاکییە سەربازیەکانیان. لە چەند هەفتەى ڕابردووشدا لە هەندێک پەیج و ماڵپەڕى تۆڕى کۆمەڵایەتییەکان نزیک لە بەرەى ئێرانەوە هەواڵى ئەوەیان بڵاوکردەوە کە بەم نزیکانە حیزبوڵڵاى کوردستان دادەمەزرێت و هاوشێوەى حیزبوڵڵاى ئێراق و لوبنان دەست بە چالاکى دەکات.
ڕەنگە، لە داهاتوودا لەجیاتى ئەوەى پێویست بێت لە #کرماشان#ەوە سوپاى پاسداران مووشەک بگرێتە #هەولێر#، یاخود لەبرى ئەوەى گرووپەکانى سەربە حەشدى شەعبى درۆنى بۆمبڕێژکراو بنێرنە سەر فڕۆکەخانەى هەریر و هەولێر و بارەگاى هاوپەیمانەکان، هەر لەنێو هەرێمى کوردستانەوە ''بەرەى مقاوەمەى کوردى'' ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات.
بیهێننە پێش چاوى خۆتان؛ ئیتر هەواڵەکان بەو جۆرە بڵاوبکرێنەوە گرووپێکى چەکدارى کوردى بە درۆن هێرشى کردە سەر بارەگاى هاوپەیمانان لە کوردستان''، یاخود بگوترێت ''هێزى چەکدارى کورد، بەرپرسیاریێتى خۆى لە کردنە ئامانجى هێزێکى ئەمریکى ڕاگەیاند.
با لە خۆمان بپرسین ئەنجامەکانى چى دەبن بۆ پەیوەندیى کورد و هاوپەیمانان؟ کە بۆ ئەمڕۆ تاکە زامنى مانەوەى هەرێمى کوردستان و خۆبەڕێوەبەریى شارەکانى ڕۆژاواى کوردستان، بوونى هێزى هاوپەیمانانە لە ناوچەکەدا.
ئامانج و ستراتیژیى ئەو بەرەیە لە تێوەگلانى کورد لەو ململانێ و کێشە هەرێمایەتییانە بۆ ئەوەیە؛ دەستى ئەمریکا و هاوپەیمانان لە پشتى کورد بکەنەوە، بەوەش هەلومەرجێک دێننەپێش کە بە ئاسانى بتوانن قەوارەکە لەنێوبەرن. پێشتر لە هەموو ئەو ڕووداوانەى لە ناوچەکەدا ڕوویاندەدا پەنجەى تۆمەتیان بۆ کورد درێژ دەکرد، بەوەى بووەتە پەناگەى ئەمریکا و ئیسرائیل، بەڵام ئەگەر سەرنجتان دابێت، چەند ڕۆژێکە ئاوازی قسەکانیان بۆ تێوەگلانى کورد گۆڕاوە، بەتایبەتى لەدواى بۆردوومانکردنى بنکە و بارەگاى ئەو گرووپە چەکدارانەى لە ئێران نزیکن و لە ئێراق و سووریا کاردەکەن، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى وەک ئێکس (توویتەری پێشوو)، تیکتۆک، فەیسبووک و هەندێک ماڵپەڕى ئەلیکترۆنى، هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بەوەى گوایە ئەوانەى پەلامارى ئەمریکا دەدەن، لە هەرێمى کوردستان داڵدەدراون. تەماشا بکەن، پێشتر کوردیان بەوە تۆمەتبار دەکرد پەناگەى ئیسرائیلە، ئێستا دەڵێن ''دوژمنەکانى ئەمریکا لە کوردستان شاردراونەتەوە.''
ئەمانە ئاماژەى مەترسیدارن بەوەى ئەجێندایەکى بەهێز دەیەوێت کورد لەو ڕووداو پێشهاتە چاوەڕوانکراوە مەترسیدارانە تێوەبگلێنێت، کە ئەگەرى ڕوودانیان بووەتە شتێکى حەتمى، بەڵام بۆ کورد، مەترسییەکەى لەوەدایە بەرگەى تێوەگلانێکى دیکە ناگرێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=