یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی ئێراق و لیژنەی پێشبڕکێکان لەو یەکێتییە بڕیاری دا بە ڕاگرتنی یارییەکانی خولی بێچووە شێرانی یانەکانی ئێراق.
بەهۆی دەستپێکی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ و بەشداری یاریزانان لەو تاقیکردنەوانەدا، لیژنەی پێشبڕکێکان لە یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی ئێراق بڕیاری دا بە ڕاگرتنی یارییەکانی خولی بێچووە شێرانی یانەکانی ئێراق، ئەمه و ئەو لیژنەیە بڕیاری داوە کە دوای کۆتایهاتنی وەرزی دووەم و کۆتایی تاقیکردنەوەکان، دەست بە چالاکییەکانی بۆ ئاستە تەمەنییەکان بکاتەوە و لەنێویاندا یارییەکانی خولی بێچووە شێرانی یانەکانی ئێراق.
جێگەی باسە لە خولی بێچووە شێرانی یانەکانی ئێراقدا، تیمی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە لە کۆمەڵەی سێیەمی یانەکان یاری دەکات و بڕیاریشە لە دوا یاری قۆناغی دووەمی یارییەکانی داو لەسەر یاریگەی خۆی لە ناوچەی فەرماندەیی میوانداری لە تیمی بێچووە شێرانی #یانەی وەرزشی هەولێر# بکات.
کۆمەڵەی سێیەمی یانە بەشدارەکان بریتی بوون لە (هەولێر ، پێشمەرگە، دهۆک و زاخۆ).[1]