لە شاری #بەغدا#ی پایتەختی ئێراق و لەنێو بارەگەی لیژنەی ئۆڵۆمپی، لیژنەی یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەز کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە بە سەرۆکایەتی د.بەیدا گەیلانی و خاتوو #لەیلا محەمەد ئەمین# جێگری سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە بوو سەرەتا ڕاپۆرتی لیژنەی یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەز سەبارەت بە دوا ڤێستیڤاڵی ئۆڵۆمپی ژنان خوێنرایەوە کە لە شاری #سلێمانی# و لەنێو هۆڵی یانەی پێشمەرگە بەڕێوەچوو هەروەک د. بەیدا گەیلانی سوپاسی تایبەتیی لیژنەکەیانی ئاڕاستەی سەرۆک و جێگری سەرۆک و ئەندامانی یانەی پێشمەرگە کرد کە هاوکاری سەرەکی بوون بۆ سەرکەوتنی ڤێستیڤاڵی ئۆڵۆمپی ژنان کە لەنێو هۆڵە قەشەنگەکەی یانەی پێشمەرگە بەڕێوەچوو هەروەک ناوبراو ئاماژەی پێدا کە ئەنجام دانی ئەو ڤێستیڤاڵە دەرفەتێکی زۆر باش بووە تا لەگەڵ سەرۆک و جێگری سەرۆکی یانەکە کۆبوونەتەوە و لە نزیکەوە باسیان لە چالاکییەکانی لیژنەی یەکسانی کردووە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بەیدا گەیلانی بە گرنگی زانی پەرە بە تواناکانی وەرزشی خانمان بدرێت و لە ڕێگەی ئەنجام دانی ڤێستیڤاڵ و چالاکی و بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتی و خولەکانەوە هەوڵ بدەن ژێر خانی وەرزشی ژنان و کچان پەرە پێبدەن.
ناوبراو وتیشی پلانی داهاتومان ئەنجام دانی ئامادەکاری دەبێت بۆ گەورەترین کەرنەڤاڵی وەرزشی خانمان لە شاری موسڵ کە بڕیارە لە ڕێکەوتی (23-06-2025) و هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی ئۆڵۆمپیاد بەڕێوەی ببەن.
گیلانی ستایشی پاڵپشتی سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانی ئێراق، دکتۆر عەقیل موفتین و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی لەسەر لیژنەی یەکسانی کرد، کە ڕێگایەکی دووری بڕیوە لە پەرەپێدانی وەرزشی ئافرەتان.
جێگەی باسە لەو کۆبوونەوەیەدا و لە ڕێگەی ئامادەبوونی ئەلیکترۆنی سەرۆکی لیژنەی یەکسانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی و ئەندامی ئەنجوومەنی ئۆڵۆمپی ئاسیا (شێخە حەیات بنت عەبدولعەزیز ئال مەکتوم) بەشدار بوو کە جەختی لە گرنگی بەشداری ژنان لە کاری ئیداری و تەکنیکی لەناو تیمی تیمەکاندا کردەوە لە هەموو فیدراسیۆنەکان و وتیشی خۆشحاڵ بووم کە لە شاری سلێمانی ئەو ڤێستیڤاڵە قەشەنگەم بینی و چاودێر بووم لە ڕێگەی کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانەوە. [1]