=KTML_Bold=ئاوکردنە ئاشى تورکیاوە=KTML_End=
#عارف قوربانی#
یەکێک لە ئامانجەکانى هاوپەیمانان لە جەنگى یەکەمى جیهانى و پەلکێشکردنى عوسمانییەکان بۆ نێو جەنگ، لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەى خەلافەتى عوسمانى بوو هەروەها دابەشکردنى جوگرافیاى خەلافەتەکە بوو بۆ چەندین دەوڵەتى تازە دامەزراو. تورکیا وەک میراتگرى دەوڵەتى خەلافەت، لەو زنجیرە ڕێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییانەى لەدواى کۆتایى جەنگ هاتنە ئاراوە، پەیماننامەى ئاشتى پاریس، سان ڕیمۆ، سیڤەر و لۆزان، دانى بەو دابەشکارییانەدا ناوە و بەفەرمى دەستبەردارى ئەو خاک و خەڵکانە بوو کە پێشتر بەشێک بوون لە حوکمڕانیی عوسمانییەکان.
بەڵام لە لکاندنى ویلایەتى موسڵ بە ئێراقى عەرەبییەوە، لە لایەک تورکیا دەستبەردارى نەدەبوو، لەلایەکى دیکەشەوە بەهۆى شۆڕش و ڕاپەڕینەکانى کورد بۆ سەربەخۆیی و درووستکردنى دەوڵەتى کوردى هاوشێوەى دەوڵەتى نەتەوە دراوسێکانى، هەروەها پێداگریی بەریتانیا بۆ بەستنەوەى ئەم بەشەى کوردستان بە ئێراقەوە، دۆخێکى جیاواز هاتە ئاراوە کە ئەنجامەکەى بە نێوبژیوانیی نێودەوڵەتى و بڕیاری (عوسبەت ئومەم)، ویلایەتى موسڵ خرایە سەر ئێراق، بەڵام مەرجدارکرا بە دابینکردنى مافەکانى کورد و پێدانى ڕێژەیەکى دیاریکراو لە داهاتى نەوتەکەى بە تورکیا.
لە کۆى ئەو دەیان دەوڵەتە تازەدامەزراوەى جیهان و ناوچەکە، کە بەشى زۆریان لەسەر جوگرافیا و میراتى حوکمڕانیی عوسمانییەکان دامەزران، تەنیا دەوڵەتێک خرایە ژێر مەرج و پەیماننامەى نێودەوڵەتییەوە، ئێراقى تازە دامەزراو بوو لەژێر ئینتیدابى بەریتانیا و لە ئەگەرى ئەوەى مافەکانى کورد نەسەلمێنێت، تورکیا مافى ئەوەى دەبێت داواى ویلایەتى موسڵ بکاتەوە. تەنانەت لە ڕێککەوتنى نێوان ئێراق و بەریتانیاشدا لە ساڵى 1932 بۆ کۆتاییهێنان بە ژێرفرمانیی بەریتانى، جارێکى دیکەش سەربەخۆیی ئێراق مەرجدار کراوە بە سەلماندنى مافى کوردەوە.
تورکیا وەک میراتگرى دەوڵەتى شکستخواردووى عوسمانییەکان، سەربارى ئەوەى ئیمزاى ڕێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانى کردووە، بەڵام لە خەیاڵدانى خۆیدا دەستبەردارى خەونى وەرگرتنەوەى ئەم جوگرافیایە نەبووە و لە 100 ساڵى ڕابردوودا هەر حیزب و ئایدۆلۆجیایەکى سیاسى و ئایینى حوکمى تورکیایان گرتبێتە دەست، ناوبەناو بەیت و بالۆرەى وەرگرتنەوەى ویلایەتى موسڵیان نۆژەنکردووەتەوە.
بە دیاریکراویش لەدواى ئەو گۆڕانکارییانەى بەهۆى داگیرکردنى کوێتەوە لە ئێراق هاتنە ئاراوە و بەشێک لە ویلایەتى موسڵ وەک ناوچەى پارێزراو لەلایەن کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییەوە بۆ کورد دەستەبەرکرا و هەرێمى کوردستان درووستبوو، هەروەها بەهۆى ئەوەى مەیلى گەڕانەوەى ئەم جوگرافیایە بۆ سەر تورکیا لەلایەن چەند سەرکردەیەکى کوردییەوە خرایەوە سەر مێزى (جانکایە). مەیلى تورکیاش بۆ سەرلەنوێ سەپاندنەوەى حوکمى خۆى بەسەر ئەم خاکە پڕ لە خێر و بەرەکەتەى لە دەستیدابوو، زیندووبووەوە.
لەو کاتەوە بۆ ئێستا بە سێ قۆناخى یەک لەدواى یەک، 1991 بۆ 2003، کەوتنى سەدام تاوەکوو هاتنى داعش و کۆتایى داعش بۆ ئێستا، بە کرداریى تورکیا هەنگاو بۆ ئەوە دەنێت لە ڕووى سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە پێگەى خۆى لە هەرێمى کوردستان و کەرکووک و نەینەوا بەهێز بکات.
ئامانجى تورکیا لە هاتنەناوەوەى بۆ ئەم جوگرافیایە، بەدیهاتنى ئەو ستراتیجەیە کە خاوەندارێتیی ویلایەتى موسڵ بگەڕێنێتەوە بۆ تورکیا، بەڵام هەرجارەو بە پاساوێک ئەم خەونەى ڕووپۆشکردووە. ساڵانێک بە بیانووى نێوبژیوانیی شەڕى نێوخۆى پارتى و یەکێتی، هێزێکى تاوەکوو قوڵایى سەتان کیلۆمەتر هێنایە ناو هەرێمى کوردستانەوە، دواتر بە پاساوى شەڕى پەکەکە و بە بیانووى بوونى داعشیش گەیشتە دەشتى نەینەوا.
ئێستا تورکیا بەئاشکرا بنکە و بارەگاى سەربازى لەنێو هەرێمى کوردستان و دەشتى نەینەوا هەیە و هیچ گومان لەوەشدا نییە بەنهێنیش لەژێر ناوى کۆمپانیاى ئەمنى و ئابوورى چەندین گرووپ و هێزى چەکدارى لە کەرکووک و موسڵیش هەیە. لە ئاستى سیاسیشدا وابەستەییەکى زۆرى لەناو هێزە سیاسییە سوننییەکان و کوردیشدا بۆخۆى دەستەبەر کردووە.
هەموو ئەوەى تورکیا کردوویەتى و لە داهاتووشدا دەیکات، دیوێکى هاوکێشەکەیە، دیوى دووەمى پەیوەندى بە دانیشتووانی ویلایەتی موسڵەوە هەیە، ئەمان چۆن لەم ئامانجەی تورکیا دەڕوانن؟ بۆ ئەمەیان، بەغدا سەنگی مەحەکە و دەبێت بزانین بەغدا چی کردووە یان چى دەکات بۆ ئەوەى ئەم ئامانجەى تورکیا بەدى نەیێت؟
لێرەدا ئەوەى مەترسى ڕاستەقینەیە بەغدایە، چونکە ئەوانەى حوکمى بەغدا دەکەن کەسانێک نیین خاوەن بیروباوەڕێکى نیشتمانیی ئێراقى بن، تا دەربەستى خاک و خەڵکەکەیان بێن لە ئێراق. ئەوان لەژێر کاریگەریى مەزهەبیدا بوون بە بەشێک لە پڕۆژەیەکى دیکەى دەرەکى کە ئێران ئاڕاستەى دەکات و ئێستا ئامانجیان بڵاوکردنەوەى تەشەیوعە بە ناوچەکەدا. ئەو ڕێگە و ڕێکارانەى بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکانى شیعى گرتوویانەتەبەر، هاندەرى سەرەکییە لە درووستبوونى ئەو دۆخەى تورکیا دەیخوازێت.
لەلایەک ئەو سیاسەتانەى بەرانبەر بە سوننەى عەرەب بەگشتى و بەدیاریکراویش بەرانبەر بە موسڵ گرتویانەتەبەر، هەروەها ئەو سیاسەتى تیرۆر و پاکتاوکردنەى پێکهاتەى مەسیحى لە بەغداوە پەیڕەو دەکرێت کە بەشى زۆریان لە دەشتى نەینەوا دەژین و ئێستا کەوتوونەتە بەر مەترسیی میلیشیاکانى ئێران. لەلایەکى دیکەشەوە ئەو ڕێککەوتنە ئەمنى و سەربازییانەى بەغدا لەگەڵ تورکیا دەیکات، باسکى تورکیا بەهێز دەکەن و هەموویان ئاو دەکەن بە ئاشى تورکیاوە بۆ سەپاندنى هەژموونى بەسەر ویلایەتى موسڵدا.
ئەوەشى پەیوەندى بە سیاسەتى نەتەوەى داگیرکەرى سەردەستەى دەوڵەتەوە هەیە لە ئێراق بەرانبەر بە کورد، هەردوو سەردەمى دەسەڵاتى سوننە و شیعە ئەوەیان سەلماندووە نەک مافى کورد نادەن، بەڵکوو دەستبەردارى سیاسەتى توانەوەى کورد نابن.
تاکە شتێک ڕایەڵەى کوردى بە ئێراقەوە هێشتووەتەوە و بیرى لەوە نەکردووەتەوە دەست بۆ ئەو مەرجە نێودەوڵەتییەى دانپێدانان بە دەوڵەتى ئێراقەوە بەرێت کە داگیرکەرێک بگۆڕێتەوە بە داگیرکەرێکى دیکە، مەیلى سەربەخۆیى و گەیشتن بووە بە مافە ڕەواکانى وەک نەتەوەیەک. یان لانى کەم مانەوەى ئەو نیمچە سەربەخۆییەى هەیەتى لە چوارچێوەى قەوارەى هەرێمدا، بەڵام کاتێک هەڕەشە بگاتە سەر ئەوەی ئەو بەشە کەمە لە مافە بەدەستهاتووەکانیشى لێ زەوتبکرێتەوە، ئەگەرى زۆر هەیە کورد بیر لە ڕێگەى دیکە بکاتەوە کە بژارەى هەرە نزیک و بەهێزیان ئەوەیە دۆخێک درووستکات بە بەرژەوەندیی تورکیا بکەوێتەوە.
بەغدا دەبێت لەو مەترسییانە تێبگات ئەو گوشارانەى لەسەر کوردستان درووستیکردوون، مەرج نییە ئاکامەکەى وابکەوێتەوە کوردستان ڕادەستى بەغدا ببێتەوە، دوور نییە پاڵپێوەنانى هەولێر زەمینەى زیاتر بۆ هاتنە ناوەوەى تورکیا خۆش بکات. بەتایبەت کە ئێستا بەهۆى داگیرکارییەکانى ڕووسیا لە ئۆکراینا و هێرشى ئیسرائیل بۆ سەر غەزە و چاوەڕوانییەکان بۆ گەڕانەوەى ترەمپ لە ئەمریکا، هەلومەرجێکیان هێناوەتە ئاراوە بەهێزەکان ئاسانتر دەتوانن هەژموونیان بەسەر لاوازەکاندا بسەپێنن. [1]