=KTML_Bold=رەوایەتى مەدەن بە پارێزگارێکى عەرەب=KTML_End=
#عارف قوربانی#
هەرچەندە ئێستا پرسى #کەرکووک# وەک کرۆکى دۆزى کورد لە ئێراق، لەلاى زۆربەی حیزبە سیاسییەکانى کوردستان و کارەکتەرە سیاسییەکانى، بایەخێکى ئەوتۆى نەماوە، وەک پرسێکى نەتەوەیى و نیشتمانى چارەنووسساز لە کەرکووک ناڕوانن و دەستکەوتى حیزبى و شەخسى و کۆکردنەوەى سامان لە ڕیزبەندىی یەکەمى خەم و تێڕوانینیاندایە بۆ کەرکووک. بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت؛ کە کەرکووک ئێستا و بۆ داهاتووش کلیلى چارەسەرى پرسى کوردە لە ئێراق.
ئەگەر لە قۆناخەکانى ڕابردوو هەر جۆرە چارەسەرێک بۆ پرسى کەرکووک بدۆزرایەتەوە، بەدڵنیاییەوە نە کوردستان و نە ئێراقیش بەم جۆرەى ئێستا دەبوون، چونکە وەک چۆن بۆ دۆزى کورد، کەرکووک کلیلى چارەسەرە، بۆ ئێراقیش بە هەمان شێوە، کەرکووک سەرچاوەى کێشەکانیێتى.
هەموو ئەو ڕووداوانەى لە جەنگى هەشت ساڵەى ئێراق و ئێران کەوتنەوە تاوەکوو گرتنى کوێت و شەڕە یەک لەدواى یەکەکانى کەنداو، بە ڕووخانى سەدامیشەوە، بەشێکى زۆرى ئەنجام و لێکەوتەى ڕێککەوتنى جەزائیر بوو، کە سەدام لە پێناو دەستهەڵنەگرتنى لە سیاسەتى پاکتاوى ڕەگەزیى کەرکووک، واژۆی کرد.
بێگومان ئەمە بۆ کوردیش هەمان حەقیقەتى تێدایە، کۆى ئەو ڕووداوانەى بەسەر کورددا هاتوون لە جەنگى درێژخایەنى نێوان کورد و بەغداوە تاوەکوو ئەنفال و #هەڵەبجە#ش، هەر لێکەوتەى هەمان کێشەیە. بۆ داهاتووش هەتا مەسەلەى کەرکووک چارەسەرێکى دادپەروەرانەى بۆ نەدۆزرێتەوە، بۆ کورد و بۆ ئێراقش دەبێتە سەرچاوەى کێشەى گەورەتر، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە زۆربەی ئەوانەی بڕیاریان بە دەستە، لەم هاوکێشەیە تێنەگەیشتوون، بەتایبەتیش دوو دەیەى ڕابردوو دەریانخست بەغدا هیچ پەندێکى لەو ڕووداوانە وەرنەگرتووە.
ئەگەرچى ئێستا لە ئێراق و لە کوردستانیش هیچ ئاڕاستە و مەیلێک نییە بۆ گەڕان بەدواى چارەسەر، تەنانەت ئەو ڕێگەچارەیەش کە پێشتر لەسەرى ڕێککەوتبوون وەک نەخشەڕێیەکى دەستووری و یاسایى لە چوارچێوەى مادەیەکى دەستوورییدا تاوەکوو کەرکووک بەرەو ئاسایىبوونەوەى بەرێت، ئەویش دەمێکە پەکیخراوە. لەبرى گرتنەبەرى ئەو ڕێوشوێنە یاساییانەى کەرکووک لە چارەسەر نزیک بکەنەوە، لەناوەندى بڕیارەوە درێژە بە هەمان ئەو سیاسەتە دەدرێت کەرکووک و بەهۆى کەرکووکیشەوە ئێراق و کوردستانی بەم ڕۆژە گەیاند.
ئەوەى لێرەدا بۆ کورد گرنگ و پێویستە ئەوەیە؛ خۆدزینەوەکانى لایەنى بەرانبەر، کورد پەلکێش نەکات بۆ ئەو ئامانجەى کە سەرەنجام ئاو دەکاتە ئاشى سیاسەتى پاکتاوى ڕەگەزییەوە. چونکە ئەو عەقڵیەتەى لە بەغداوە ئیدارەى ئەم کەیسانە دەدات، زۆر بە وردى کار لەسەر ئەوە دەکات ڕەوایەتى بۆ ئەو پڕۆسەى داگیرکارییە دەستەبەر بکات، ئیتر چ ڕەوایەتى سیاسى بێت بە ڕێککەوتنى سیاسیی لایەنەکان، یان ڕەوایەتى دەستوورى و یاسایى بێت وەک ئەوەى لە جێبەجێنەکردنى مادەى 140دا دەیبینین کە کار بۆ ئەوە دەکەن؛ ڕۆژگارێک ئەو بەندە دەستوورییە بچەسپێنن، کە ڕەوایەتى لە دەستدەرهێنانى کەرکووک لە دەستى کورد مسۆگەر بکات.
هەرچەندە لە بنەڕەتەوە بۆ کورد بەڕێوەبردنى کەرکووک ئەسڵى مەسەلەى کەرکووک نییە، کێشەکە ناسنامەى نیشتمانە، نەک ئیدارەى شارەکە. بەڵام نابێت لە پێناو پۆستێکى بەڕێوەبردن، مەترسى لەسەر داهاتووى ناسنامەکەى درووست بکات. لە درووستبوونى دەوڵەتى ئێراقەوە تاوەکوو ناوەڕاستى پەنجاکانى سەدەى ڕابردوو لە 1922 کە فەتاح پاشا، وەک یەکەم پارێزگارى کەرکووک دەستبەکار بووە، تا ڕەشید نەجیب لە ساڵى 1955 سەرجەم پارێزگارەکانى کەرکووک کورد بوون. لەو کاتەشەوە تاوەکوو ڕووخانى سەدام، سەرجەمیان عەرەب بوون، بەڵام بەپێى قۆناخبەندیی ستراتیجیی دەوڵەت، هەنگاوەکانى پڕۆسەى بەعەرەبکردن لە هەموو ئەو 81 ساڵەدا بەردەوام بوون.
ئەوەى گرنگە لەو مێژووەدا ئەوەیە؛ هیچ کات کورد ڕەوایەتى بەو سیاسەتى داگیرکارییە نەداوە. لە ساڵى 1955ەوە بۆ 2003، پارێزگارەکانى وەک دەسەڵاتێکى سەپێنەر وێناکردووە. هەر بۆیە لەدواى کەوتنى سەدام مافى ئەوەى هەبوو دۆسییەى پاکتاوى ڕەگەزى وەک تاوان بەرێتە دادگەى باڵاى تاوانەکانى ئێراق و کەیسەکەى بردەوە و، دادگە سیاسەتى پاکتاوى ڕەگەزى وەک تاوانى دژى مرۆڤایەتى و تاوانى جەنگ ناساند.
بۆیە گرنگە کورد هەمیشە ئەوە لەبەرچاو بگرێت خۆى نەبێتە هۆکارى ڕەوایەتیدان بۆ سەپاندنى دەسەڵاتێک کە زادەى پاکتاوى ڕەگەزییە. ئەوەى لە دواى 16ى ئۆکتۆبەریشەوە لە کەرکووک دەگوزەرێت سەربارى هەموو ئەو ناکۆکى و کێشە و گیروگرفتانەى هەبوون، کورد نەچووە ژێر ڕەوایەتیدان بە پارێزگارێکى سەپێنراو، ڕاکان جبوورى، وەک جێگرى پارێزگار بە وەکالەت پۆستەکەى بەڕێوەبردووە. ئەگەرچى ڕەزامەندیی لیستى برایەتییشى هەبوو تا هەڵبژاردن بمێنێتەوە، بەڵام کورد ئامادە نەبوو بیکات بە پارێزگار. تەنانەت ئەگەر ئەو ڕەوشە چەند ساڵى دیکەش بەردەوام بێت، پۆستى پارێزگار بەلاوازى و وەکالەت بەڕێوەببرێت باشترە لەوەى کورد سازش بکات و دەسەڵاتى شەرعیی شارەکە بداتە عەرەبێک، ئەگەر بۆ ماوەیەکى کورتیش بێت. وەک ئەوەى ئێستا لە میدیاکانەوە باس دەکرێت؛ کورد لە پێناو وەرگرتنى پۆستى پارێزگار بۆ دوو ساڵ، ئامادەیە دوو ساڵیش پارێزگار بدات بە عەرەب. ئەمە سەرەتایەکى خراپە بۆ داهاتوویەکى خراپتر.
کورد دەبێت ئەوەى لەبەرچاوبێت؛ لە دواى کەوتنى سەدام، لایەنە عەرەبییەکان خاوەنى سوپا و هێزى چەکدار نەبوون، پێگەى سیاسییان لاواز بوو، کورد بە پێگەیەکى بەهێزەوە لە گۆڕەپانەکەدا بوو، بۆ ماوەى 14 ساڵ پۆستى پارێزگارى لابوو، لە هەموو ڕووەوە هەژموونى بەسەر کەرکووکدا زاڵ بوو، بەغدا کێشە و لەمپەڕى زۆرى بۆ درووست دەکرد. ئێستا بەم دۆخە خراپ و پێگە لاوازەى کوردەوە لە کەرکووک و بەغدا، کورد بە سازشکردن بۆ عەرەب لە پێناو ئەوەى دوو ساڵ پۆستى پارێزگارى بدرێتێ، چى پێ دەکرێت؟ لە کاتێکدا هەموو کەس دەزانێت ئەوەى حوکمى ڕاستەقینەى کەرکووک دەکات، حەشدى شەعبییە نەک ئیدارە ڕووکەشەکەى. بۆیە چەندین ساڵى دیکەش بە سەپاندن و دوور لە ڕەوایەتى و ڕەزامەندیی کورد، کەرکووک بەو جۆرە بمێنێتەوە باشترە لەو نەخشەرێگەیەى شەرعیەت بە دەسەڵاتێک بدات، کە ئێستا سیاسەتى بەعەرەبکردن و تەشەیووعیش بەڕێوەدەبات.
ناکرێت ئەو هەڵەیە دووبارە بکرێتەوە کە هەندێک لە پەڕڵەمانتارانى کورد لە بەغدا بوونە کەواسوورى ڕەوایەتیدان بە مانەوەى حەشدى شەعبى لە دواى #داعش#، پاساوەکەشیان ئەوەبوو دەیانووت (لە ڕووى واقیعییەوە حەشدى شەعبى هەیە و بەیاسایى بکرێت باشە، یان لە دەرەوەى یاسابێت). ئەنجامەکەشى دەرکەوت؛ ڕەوایەتیدان بە حەشدى شەعبى چ زیانێکى بە کورد و سوننە گەیاند و لە داهاتووشدا چ مەترسى و هەڕەشەیەکى دیکە درووست دەکات.
بۆیە هیوادارم ئەوانەى لەو بارەیەوە بڕیاریان بەدەستە، بیر لە ڕێگەیەکى دیکە بکەنەوە، عەرەب سەرچاوەى کێشەکانى کەرکووکە، ناکرێت پێتوابێت بە هاوبەشى لەگەڵ ئەوەى ماڵەکەى داگیرکردوویت، دەتوانیت ماڵەکەت وەرگریتەوە. بەدواى هاوبەشى دیکەدا بگەڕێن. ئەگەر هەر مەحکومن بەوەى پۆستى پارێزگار بە دەورى بێت، با تەنیا دوو ساڵ بە دوو ساڵ لەنێوان عەرەب و کوردا نەبێت، تورکمان و کریستیانییەکانیش بهێننە نێو هاوکێشەکەوە و با هەر یەک لەو چوار پێکهاتەیە بۆ یەک ساڵ ئەو پۆستە وەرگرێت. بەوەش خۆتان لە ڕەوایەتیدان بە دەرئەنجامەکانى پاکتاوى ڕەگەزى دووردەخەنەوە. [1]