ناو: فندێ
نازناو: فندێ فندێ
ساڵی لەدایکبوون: 1935
ڕۆژی کۆچی دوایی: #31-05-1991#
شوێنی لەدایکبوون: #کوبانێ#
$ژیاننامە$
فندێ فندێ کەسێکی ڕووخۆش بوو و لەنێو خەڵکی کۆبانێ دا زۆر ناودار بوو، ئاشقی خوێندنەوە و زانست بوو، کەسایەتییەکی ڕۆشنبیر، وێنەگر و خەتات بوو. خۆی لەسەر وێنەیەکی شەخسیی خۆی نووسیویەتی کە ساڵی 1935 لە شاری کۆبانی لەدایک بووە. فندێ لە خێزانێکی هەژار و دەستکورتدا گەورە بووە. ساڵی 1970 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرتووە، پاشان لە زانکۆی لوبنان دەستی بە خوێندنی زمانی عەرەبی کردووە. بەڵام بە هۆکاری تەندروستی نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدات. بۆ ماوەی 13 ساڵ لە لادێکانی کۆبانی وەک قەرتەل، قورفلێ، کەلتێ، مشکۆ و جەعدەێ و بۆ ماوەی ساڵێک لە شاری عەفرین مامۆستایەتیی کردووە. بەڵام بەهۆی چالاکیی سیاسی و خەمخۆری بۆ کوردواری، لەلایەن ڕێژیمی بەعسەوە لە مامۆستایەتی دەرکرا. دوای دەرکردنی، بە پێچەوانەوە زیاتر ڕووی کردە چالاکییە سیاسی و فەرهەنگییەکان؛ بۆیە بوو بە ڕەمزێک لەنێو بزووتنەوەی سیاسی و ڕۆشنبیریدا. هەروەها دواتر دووکانی فۆتۆگرافیی تایبەتی خۆی کردەوە و ناوی نا ستۆدیۆی ئازادی. لەو نێوانەدا لە ڕێگەی کارەکانییەوە زۆر وێنەی هونەرمەند، شاعیر و نووسەرانی کوردی چاپ کرد و لە هەموو شوێنێک بڵاوی کردنەوە. ئەو لە ساڵی 1957 دا پەیوەندیی بە پارتیا هەڤگرتنا گەل کرد کە خۆی یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەکە. نزیکەی بیست جار لەسەر ئەو کارانەی دەسبەسەر کراوە. ئەو هاوسەرگیریی کرد و حەوت منداڵی هەیە، چوار کوڕ و سێ کچ.
هەروەها کتێبخانەیەکی پێکهاتوو لە کتێبی ئەدەبی، زانستی، مێژوویی و هتدی بە ئامانجی بڵاوکردنەوە و گەشەی خوێندنەوە و زانست لە کۆبانی کردەوە. زۆر حەزی لە نووسین و خوێندنەوە بوو، هەمیشە خەریکی خوێندنەوە و نووسین بوو. زۆرجار لەسەر دەفتەرەکانی شیعر، یادەوەری و پەخشانی دەنووسی. دوو بەرهەمی چاپنەکراوی هەیە؛ یەکێکیان ناوی وادی قەوس قوزەﮪ یان نەوالا کەسکەسۆرێیە کە لەسەر ژیاننامەی خۆی بوو، بەداخەوە بەهۆی نەبوونی دەرفەتەوە تەواوی نەکرد و ئەوەی تریان ناوی مەتەلۆکێن کوردییە کە بە دەستخەتی خۆی نووسیبووی.
شیعرێکی هەیە بە ناوی ئەی شەهید کە چوار جار بە ئاواز دروست کراوە، یەکێکیان باران کەندەش لە گرووپی زێوا کاری لەسەر کردووە. هەروەها گرووپی کاوە لە #دیمەشق# بە مۆسیقا کاری لەسەر ئەو شیعرە کردووە و سیامەندی کۆبانیش بە مۆسیقا کاری لەسەر کردووە. لە بەشێک لەم شیعردا هاتووە:
ئەی شەهیدێ پر مەزن، تویی ئاگر تو هەسن
تو برووسکا ل سەر دژمن، تویی خەملا دۆزا من
ئەم پێ دە دمەشن، گەر شەهید ب کێفخوەشم
ژ جەنگێ قەت ناترسن، ئازادی ئەم دخوازن
فندێ لە ئێوارەیەکی دڵتەنگ لە 31-05-1991 بە جەڵتە کۆچی دواییی کرد. بەهۆی نەبوونی دەرفەت، بەرهەمەکانی لە کون و قوژبنەکاندا گیری خواردووە و ناتوانێت فەزای شیعر و یادەوەری و دەق بە قەڵەمەکەی بڕازێنێتەوە. دۆستایەتیی ئەو لەگەڵ حاجی بیلال، محەممەد حەبەش، عەبدی نەحسان و عەبدولقادر قەتوان زۆر دیار بوو. هەروەها وێنەیەکی ئەو لەگەڵ عوسمان سەبری لە ماڵی کوڕەکەی بینراوە و چەندین وێنەی تری لەگەڵدایە. فندێ بە ڕووناکاییی خۆی لە یادەوەریی خوێنەراندا وەک هێمای خۆشەویستی بۆ خوێندنەوە، دەمێنێتەوە. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!