=KTML_Bold=ڕاگەیەندراوی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لەبارەی گرتن و ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران=KTML_End=
لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا بێهزاد خوسرەوی، خەڵکی #سەقز#، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نیشتەجێ لە شاری #سلێمانی# لەلایەن دەزگای ئاسایشی حکوومەتی هەرێم لەم شارە دوو جار بانگ کراوە و جاری دووهەم دوای چەند ڕۆژ بەندکردن و ڕاگرتن، ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری #سنە# کراوە.
لە ڕاگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە شاری سلێمانی هۆکاری گرتن و ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە ناوبراو مۆڵەتی نیشتەجێ بوون لە هەرێمی کوردستانی نەبووە و هیچ پێوەندییەکی تەشکیلاتیی بە لایەنێکی سیاسییەوە نەبووە.
پێچەوانەی ئەوەی لەو ڕاگەیەندراوەی دەزگای ئاسایشدا هاتوە، بێهزاد خوسرەوی ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لەگەڵ دایک و خوشکی لە هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی دەژین و بەپێ هەموو بەڵگە بەردەستەکان، لە نشینگەی شاری سلێمانی ئیزنی مانەوە و نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە و مانەوەیان لەو شارە یاسایی و بەپێی ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی هەرێم بووە، تەنانەت وەک پەناخوازی سیاسی لە کۆمیساریای بەرزی پەنابەران، نوێنەرایەتیی (UN) لە هەرێمی کوردستان ناوی تۆمار کردوە. هەروەها ماوەی 7 ساڵە خۆی و بنەماڵەکەی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون و لە هەموو ئەو ماوەیەشدا لە چوارچێوەی یاسا و ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی هەرێم لە سلێمانی ژیاوە و هیچ لادان و سەرپێچییەک لە ناوبراو ڕووی نەداوە کە لە مەحکەمە و دادگایەکدا لەسەری سەلمابێت.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم دەکا و ڕادەگەنێت کە دۆسیەی گرتنی بێهزاد دەبوا بەپێی یاسا لە دەزگای دادی هەرێمی کوردستاندا بڕیاری لەسەر درابا، نەک ناوبراو کە ئەندامی حیزبێکی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامی و پەناخوازی سیاسی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستانە، لەلایەن دەزگای ئاسایشی سلێمانییەوە ڕادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرابا. بۆیە وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لەو ڕووداوە داوای زانیاری و ڕوونکردنەوەی پتر لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکان و هەروەها بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەو بابەتە دەکەین. [1]
#حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران#
ناوەندی تەشکیلات
17ی خەرمانانی 1403 (7/9/2024)
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=