ناونیشان: $سەرەقەڵامێک لە بارەی مەلا بەختیارەوە$
ناوەرۆک: وتار
نووسین: #محەمەد کیانی#
پێش هەموو شتێک، #مەلا بەختیار# خوێنەرێکی کەموێنەیە، بەڵام نە بیرمەندە وە نە بۆ چاکەی گشتی سوودی لە خوێندنەوەکانی وەرگرتووە. گرنگترین پرسی مەلا بەختیار لە خوێندنەوەکانی خزمەتکردنی کارەکتەرە (نەرجسی)یانە تێکدەرەکەی خۆی بووە.
لە ئێستادا، لایەنی بافڵ و لایەنی مەلا بەختیار، هەردولا لێک لە فێڵن. ئەوەی نکۆڵی لێناکرێت، مەلا بەختیار گەورەترین تێکدەربووە لەناو یەکێتی لەو کاتانەی کاربەدەست بووە. زۆر خزمەتی ژیاری گەورەی بە پارتی کردووە لەناو یەکێتی. بۆ دوور نەگەڕێینەوە، لەم چەند ساڵانەی دوایی با تەنیا باس لە دوو خزمەتی زۆر گەورەی مەلا بەختیار بکەین کە بە پارتی کرد و ڕزگارکەربوون بۆیان.
یەکەم: مەلا بەختیار و هاوئاوازەکانی دژایەتی گەورەی ڕێککەوتننامەی دەباشانی یەکەمیان کرد کە لە ساڵی 2012 لەنێوان #مام جەلال# و کاک نەوشیروان واژۆ کرا. لەگەڵ نەخۆشکەوتنی مام جەلال توانیان شکست بەم ڕێککەوتننامەیە بهێنن. دەبێت ئەوە بڵێم، لە ڕوانگەی تایبەتیی ئۆپۆزیسیۆنبوونی گۆڕانەوە من دژی ئەو ڕێککەوتنە بووم، وە بەئاشکرا بە کاک نەوشیروانم ڕاگەیاند کە ئەمە سەرەتایەکی خراپ بوو، وە ڕەنگە ڕێگاکەرەوەبێت بۆ ڕێککەوتنی هەمانجۆر لەگەڵ لایەنی تر، بەمەش ئێمە لە بەدیلبوو دەشۆرێین و چاومان لە بەشداریپێکردن دەبێت، ئەمە هەرەسهێنانە بە بیرۆکەی ئۆپۆزیسیۆن و گۆڕانکاری. ئەم قسەی منی زۆر پێناخۆشبوو، لە کۆتاییشدا هەر وای لێهات. شکستهێنانی ئەم ڕێککەوتننامەی دەباشانی یەکەم وای لە کاک نەوشیروان کرد بێ ئومێد بێت. ئەمە پاڵنەری هەر گەورەی بوو وای لێکرد لە جیاتی یەکێتی ڕوو لە پارتی بکات. پێش هەڵبژاردنی ئەیلولی 2013 مەیلی ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی نیشانیان بدات تا دوای هەڵبژاردن حکومەتیان لەگەڵ دورست بکات. بینیمان ئەنجامەکەی چ کارەساتبارێک بوو بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و گۆڕان و یەکێتیش و چ دەستکەوتێکیش بوو بۆ پارتی.
دووەم: کاری مەلا بەختیار، بەئاشکرا دژایەتیکردنی ڕێککەوتنی دەباشانی دووەم بوو کە لەلایەن کاک نەوشیروان و کاک کۆسرەت واژۆ کرا. مەلا بەختیار هەرەسی بەمەش هێنا لە بەرژەوەندی پارتی و بە شکستی یەکێتی و گۆڕان کۆتیایی هات.
جگە لەوانە، مەلا بەختیار سەرسەختترین داینەمۆی شەڕێ ناوخۆی یەکێتی و هەموو حیزبە کوردستانییەکانی تر بوو، بەتایبەتیی حیزبی سۆشیالیتی کوردستان، کە ئەو دەم لەلایەن شەهیدان عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و سەعدی گچکەوە سەرکردایەتی دەکرا، ئێستاش بۆ منافیقی ناویان بوەتە وێردی سەرزمانی.
گەورەترین تاوانی مەلا بەختیار بەکوشتدانی شەهیدانی قارەمان و دۆستی یەکتر #شێرکۆ شێخ عەلی# و #جەمالی عەلی باپیر# بوون.
جگە لەمانەش ئامرازی تێکدانی ڕیزەکانی یەکێتی بوو وەک ئامرازێکی ئامادەی مام جەلال بۆ دژایەتیپێکردنی کاک نەوشیروان تا دەرپەڕاندنی لەناو یەکێتی. ئەو کردارانەی مەلا بەختیار و هاوئاوازەکانی بوونە ڕێگەکەرەوە بۆ مێراتگری سیاسی ئەمڕۆی یەکێتی بۆ کوڕەکانی مام جەلال و هەندێک سەرکردەی تر. بەم کردەوانەیان یەکێتیان بەتاڵکرد لە سەرکردە و کادری کارامەی بەتوانی وا کە توانای ئەوەیان هەبێت جێگەکەی مام جەلال پڕ بکاتەوە، خۆشیان لەو قەبارەدا نەبوون بۆ ئەو جێگەی وەک خۆیان مرخیان لێ خۆشکردبوو.
ئێستاش، پێش ئەو ڕووداوانەی ئەم چەند ڕۆژە، هەموو کەس دەیبینی مەلا بەختیار و هاوشێوەکانی پیک و زوڕناکانیان ڕووی لە کام لایەن و بۆ کێیان دەژەنی. بێگومان بن یەک تۆز سۆزم بۆ بافڵ و یەکێتی نییە، بەڵام دژی تاکڕەویم. چونکە هەموومان ئەنجامی کارەساتبار و تێکدەری تاکڕەووی لە هەرێمی کوردستان بە ڕوون و ئاشکرایی دەبینین و هەستی پێ دەکەین چ (وێرانکاریم گەندەڵی، تەپین و دواکەوتنی کۆمەڵایەتی، شکستی سیاسی، ئابووری، ئەخلاقی، فێرکردن و زانستی بەدوای خۆی داهێناوە.
لە هەمان کات دا، لە جیاتی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی، لەگەڵ ئەم جۆرە (ئیجرائاتە عەسکەرتاریانە)شیان نیم دژی مەلا بەختیار. بێگومان هاوسۆزیشم نییە بۆ ئەو کارەکتەرە نێگەتیفەی ناو سیاسەتی کوردی، چونگە ئەم جۆرانە ئامرازی شێواندنی سیاسەت بوون لە سەرەتاوە لەناو کورددا تا کار بە ئەمڕۆ گەییوە.
مەلا بەختیار هەموو کات کارەکتەرێکی تێکدەر و ترسنۆک و نەرجسی ناو بزووتنەوەی سیاسی و چەکداری کورد بووە. ئەنجامی کردارەکانی سەدان قوربانی لێکەوتووەتەوە و گیانی سەدان دڵسۆزی پێ بەفێڕۆدراوە.
لە ئێستاشدا، مەلا بەختیار نە چەپە تا نوێ بێت، نەکوردە تا بۆ #کەرکووک# بگری، ئەگەر خەمی کەرکووکیبا دەیزانی کێ کەرکووکی بەبووکداوە، وە نە یەکسانیخوازە تا خەمی هەژاران و مووچەخۆرانی بووبێت، نەوەک دەزانێت کێ و بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان خراونەتە دۆخی هەژاری و کراونەتە بارمتەی حەز و بەرژەوەندی چەند کەسێک، نەشمان بینی مەلا بەختیار بەرگریکەر بێت لە مافی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی، دەنا دەزانێت، ڕۆژنامەوانان و ئازادیخوازان بە کام یاسا و چ جۆرە دادگایەک سزا دراون و لە کام بەندیخانە توندکراون.
ئەو فرمێسکە تیمساحیانەی مەلا بەختیار دەیڕژێت کارەساتی گەورەیان بۆ گەلی کورد و هاووڵاتییانی هەرێم بە دواوەیە ئەگەر کاریگەر بن. سەرجەم نواندنەکانی مەلا بەختیار تەنیا بۆ مزایەدەی سەلماندنی نەرجسییەت و غروری بێ بنەمای کەسی خۆیەتی.
#07-09-2024#
[1]