#فەیروز حەسەن حەمە عەزیز#
ماستەر لە بواری جوگرافیا
پاش کۆنفرەنسی قاهیرە، بریتانیا سیاسەتێکی نوێی بەرانبەر بە کوردستانی باشوورو میسۆپۆتامیا ( ئێراق) و تورکیای کەمالیست گرتە بەر. ئەم سیاسەتە دەرهاویشتەی کۆمەڵێک هۆو فاکتەرو گۆڕانی سیاسی و سوپایی بوون لەسەر هەردوو ئاستی ناوچەیی و جیهانی، ئەم گۆڕانانەش پەیوەندیی پتەویان بەئاڵوگۆڕو هەلومەرجی ناوخۆی بریتانیا بوو.
گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوخۆی بریتانیاو ئاسەواریان لەسەر پیادەکردنی سیاسەتێکی نوێ لە ناوچەکەدا
ئەم توێژینەوەیە مەبەستەکەی تاوتوێ کردنی ئەو گۆڕانکارییانە نییە، لەبەر ئەوە ئەوەندەی بەلاوە بەسە کەئاماژە بۆ ئەوە بکات کە ئەو گۆڕانکارییانە بوونە هۆی کشانەوەی پارتی پارێزگاران لە حکومەتەکەی لوید جۆرج لە ساڵی 1922دا چونکە پارتی پارێزگاران دژی سیاسەتی دەرەوەی لوید جۆرج بوو، لەئاکام دا حکومەتەکەی جۆرج کەوت. ئەمەش حکومەتی تازەی بریتانیای ناچار کرد واز لەمەیلی عەسکەرتاریایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێنێ و سیاسەتێکی تر پیادە بکات لە پێناوی گەیشتن بەرێککەوتنی مامناوەنجی. هەر ئەم سیاسەتەش بوو کەبریتانیای هاندا ئامادەیی دەربڕێ بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی لەگەڵا تورکیا لە ڕێی بەستنی کۆنفرەنسی یەکەمی لوزان لەتشرینی یەکەمی 1922دا، ئەویش سەرەڕای نیگەرانیی بریتانیا لەپابەند نەبوونی مستەفا کەمال بەبەڵێن و ڕێککەوتننەکانی .
دەکرێ وا دابندرێ کەبڕیاری بریتانیا سەبارەت بەئازادکردنی شێخ مەحمودو گێڕانەوەی لەهیندستانەوە بۆ سلێمانی و ڕێپێدانی بەدامەزراندنی حکومەتێکی کوردی بۆ دووەم جار، پەیوەندیی بەم گۆڕانکارییانەوە هەیە.
دیارە ئەوەی کەلۆرانس جیمس باسی دەکات کەگوایە بریتانیا دەستبەرداری ئەنگێزەی سوپایی بووە.لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا ئەوەی دەگرتەوە کەبریتانیا خۆی تووشی شەڕ نەکات لەگەڵا هێزە گەورەکانداو زیانێکی گەورەی گیانی و ماددیی لێ بکەوێ وەک لەگەڵا بزووتنەوەی کەمالیستی کەخەریک بوو خۆی ئامادە دەکرد تاکوو بکەوێتە جەنگێکی سەخت لەگەڵا بریتانیاداو ئەم سیاسەتە بزووتنەوە ڕزگاریخوازییە کەم هێزەکانی وەک بزووتنەوەی کورد نەدەگرتەوە.
لەبەر ئەوە دەبینین لۆرانس جەخت دەکاتە سەر بەکارهێنانی هێز لەگەڵا کورددا ئەگەر هاتو کورد ملی نەداو لەم بارەیەوە دەڵێ ( (هێزی باڵادەست تاکە شتی بەسودە- لەگەڵا کورددا- بۆیە بۆ ملکەچکردنی کورد هەر دەبێ هێزو هیچی تر بەکار بهێنرێت و دەشێ هێزەکە بەنەختێک مرونەتەوە بەکار بهێنرێ)) . پاش ئەوەی وتووێژەکانی لوزان هەنگاوی باشیان بۆ پێشەوە ناو هیچ نەمابوو بگەن بەئیمزاکردنی کۆتایی لەگەڵا حکومەتی ئەنکەرەدا، کەئەمەش هەڕەشەی هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتلاییی لەگەڵا تورکیای کەمالیستیدا زۆر کەم کردەوە، ئیدمۆندز لەبەهاری 1923دا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەپێویستە هێز لەدژی کورد بەکار بهێنرێت.
ئەو بوارانەی کە لوزان تاوتوێی کردوە
پاش کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهان، لۆزان دوا ڕێککەوتننامە بوو کەهاوپەیمانەکان و تورکیا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نێوانیان بەستیان. وتووێژەکانی لۆزان لە ڕۆژی 27ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1922 لەشاری لۆزان لەسویسرا دەستیان پێ کردو ڕۆژی 24-07- 1923 ڕێککەوتننامەکە ئیمزا کرا. دیارترین دەوڵەتە بەشدارەکان بریتی بوون لەبریتانیا، فەرەنسا، ئیتالیا شانبەشانی نوێنەرانی حکومە عوسمانیی تورکیاو حکومە عوسمانیی تورکیاو حکومەتی کەمالیستیی تورکیا. ئەمریکاش ڕازی نەبو بەشداری لەوتووێژەکاندا بکات چونکە بەشێوەیەکی فەرمی جەنگی لەدژی تورکیا ڕانەگەیاندبو . هەروەها حکومەتی ئێراقیش لەوتووێژەکان دور خرایەوە ئەگەر خۆیشی داوای بەشداری کردنی کردبو بەڵام ڕێ درا نوێنەرێکی بەشێوەی چاودێر بەشدار بێ لەکۆنفرەنسە ئەویش جەعفەر عەسکەری بوو .
یەکێ لەبابەتە سەرەکییەکانی وتووێژەکانی لوزان چاوخشاندنەوە بەپەیمانی سیڤەرو لەبابەتە لاوەکییەکانیش باسکردنی سنوری نێوان تورکیاو یۆنان، کێشەی کەمینەکان، سیستمی تەنگەکان، ئیمتیازاتە بیانییەکان و چەند بابەتێکی تر بوو .
بڕیارەکانی لوزان سەبارەت بە کوردستانی باشوور
بڕیارەکانی لۆزان بەناوەڕۆک خاڵەکانی پەیمانی سیڤەریان هەڵوەشاندەوە چونکە پەیمانی لۆزان هیچ ماددەیەکی تێدا نەبو باس لەدامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بکا لەهەر پارچەیەکی کوردستان و هەروەها هیچ ئاماژەیەکیشی تێدا نەبو بۆ مافی کورد لەدامەزراندنی دەوڵەت.
لۆزان وەک سیڤەر زیاتر لەخزمەتی بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی بریتانیادا بوو لە ناوچەکەداو ئەمەش لێی ڕادەبینرا ببێ بەمایەی توڕەبوونی فەرەنسا لەبریتانیا چونکە پێش ئەمەش فەرەنسا لەخاڵەکانی سیڤەر نیگەران بوو و وای دەڕوانییە پەیمانی سیڤەر کەزیاتر لەقازانجی بەرژەوەندییەکانی بریتانیا دایە .
دەستبەرداربوونی بریتانیا لەخاڵەکانی سیڤەر دەستبەرداربوونێکی ڕون و ئاشکرایەو ئەمەش زیاتر لەسێ بەڵێندا دەردەکەوێ کەلۆرد کرزن لەکۆنفرەنسی لۆزان دەری بڕی و بەهۆیانەوە دورایییەکانی سیاسەتی بریتانیای لەمیسۆپۆتامیاو کوردستان ڕون کردەوە. ئەو سێ بەڵێنەش بریتی بوون لە:
1-بەڵێن دان بەگەلی عەرەب بەوەی کەجارێکی تر ناخرێتە بەر دەسەڵاتی تورک.
2-بەڵێن دان بەپاشای ئێراق فەیسەل.
3-بەڵێن دان بەکۆمەڵەی گەلان بەوەی کەئێراق دەخاتە ژێر ماندێتی خۆیەوە .
بەمجۆرە، کرزن ئاماژەی بۆ هیچ بەڵێنێک نەکرد کەبریتانیا بە کوردی کوردستانی باشووری دابو. گاڵتەکردنی بریتانیا بەمەسەلەی کورد وەک لەبەڵێنەکانی کرزن لەلوزان دەردەکەوێ، گەیشتە ئەوپەڕەکەی، ئەویش کاتێک کرزن وای دانا کەبریتانیا پابەندی ئەو بەڵێنە دەبێ کە بەفەیسەلی داوە کەکابرایەکی نامۆ لەئێراق، کەچی هەمو ئەو بەڵێنانەی لەبیر خۆی بردەوە کەبریتانیا بەگەلی کوردی دابو.
ئیتر لەپەیمانی لوزانەوە مەسەلەی کورد گەڕایەوە بۆ خانەی یەکەم و لەمەسەلەیەکەوە کەداننپێدانانێکی مافناسی و نێودەوڵەتیی بەدەست هێنابوو و کۆمەڵەی گەلانیش دانی پێدا نابو بوو بەمەسەلەیەکی قەتیسکراوی نێو چوارچێوە خۆماڵییەکان و ئیدی وای لێ هات کەوەک کێشەیەکی کەمینەکان تەماشا دەکرا.
تێبینی دەکرێ کەبریارەکانی لۆزان ناوی کورد ناهێنن و هەروەها ناوی هیچ نەتەوەیەکی ژێر دەسەڵاتی تورک ناهێنن و تەنیا لەماددەکانی 37-44 ئاماژە بۆ پێویستیی بوونی گەرەنتی بۆ پاراستنی مافی کەمینەکان دەکەن .
ماددە سێی لۆزان بۆ تاوتوێ کردنی ئەو سنورە تەرخان کرابو کەکوردستانی سوریای لەکوردستانی باکور جیا دەکردەوەو وای باس کرد کە ئەو سنورەی لەنێوان تورکیاو سوریادا هەیە وەکو سنوری فەرمیی نێوانیان دەمێنێتەوە. بەمجۆرە لۆزان بەناوەڕۆک و بەبێ ناوهێنانی کورد، بۆ ڕازی کردنی مستەفا کەمال، مامەڵەی لەگەڵا مەسەلەی کورددا کرد. مستەفا کەمال خۆیشی جەختی لەسەر ئەو ڕاستییە کردەوەو وتی ( (ئێمە ڕازی نەبوین ئەم مەسەلەیە (واتە مەسەلەی کورد)بخرێتە ئەجندەی کۆنفرەنسەکەوە)) .
لەبەر ڕۆشناییی ئەم ڕاستییانە، بڕیارەکانی لۆزان هەمو لایەنە باشەکانی پەیمانی سیڤەر ڕاماڵی و بە هۆیەوە کوردستانی عوسمانی بەسەر سوریاو تورکیاو ئێراقدا دابەش کراو یەکپارچەیییەکەی وەک یەک هەرێمی خاوەن زۆرینەیەکی کوردنشینی ئەم بەشە ئاسیایییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو برا.
مەینەتیی کورد وەک لێکۆڵیار حورانی دەڵێ، تەنیا لەوەدا نەبو کەلۆزان کوردی لەئیدارەیەکی ئۆتۆنۆم وەک سیڤەر باسی کردبوو، بێبەش کرد، بەڵکو هەروەها لەوەدا بوو کەلۆزان ڕێی خۆش کرد بۆ لکاندنی ویلایەتی موسل (واتە کوردستانی باشوور) بەدەوڵەتی ئێراقەوە کەدواتر ڕازی نەبو تەنانەت بڕیارێکی تایبەتی کۆمەڵەی گەلانیش جێبەجێ بکات کەداوای کرد کوردی ویلایەتی موسل مافە نەتەوەیییە بنەڕەتییەکانیان بۆ بسەلمێنرێ .
هەمو ئەم هەنگاوو بڕیارانەی لۆزان لەگەڵا بەرژەوەندییە ستراتیجی و سیاسییەکانی بریتانیا لە ناوچەکەدا دەگونجان و ئەم بەرژەوەندییانە بەپێی گۆڕانە ئیقلیمی و جیهانییەکان و هەروەها بەپێی گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی ناو خودی بریتانیا بەردەوام دەگۆڕان.
ئامانجە ستراتیجییەکانی بریتانیا لەکوردستانی باشوور پاش ئیمزاکردنی پەیمانی لوزان
هەندێ لەلێکۆڵەرەکانی وەک ڕۆبەرت ئۆلسن و ئیحتیشامی و هینبوش وای دەبینن کەلۆزان ڕەنگدانەوەی سیاسەتێکی بەرفراوانتری بریتانیایەو دورایییەکی جیۆپۆلەتیکی و ستراتیجیی هەمەگیرتری لەدورایییە جیۆپۆلەتیکی و ستراتیجییەکانی پەیمانی سیڤەر لەبەرچاو گرتووە. لەڕوانگەی خاوەنی ئەم بۆچونەوە، بریتانیا بەهۆی لۆزانەوەو لە ڕێی ئێراق و بەهاوکاریی دوو دەوڵەتی گورج و گوڵی وەک تورکیا کەمالیست و ئێرانی پەهلەوییەوەو بەبێ دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی، دەیویست دەسەڵاتی خۆی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بسەپێنێ. بۆیەش دەیویست ئەم پڕۆژەیەی لە ڕێی ئەو دەوڵەتانەوە بێ چونکە ئەو دەوڵەتە ئیقلیمییەی کە لەگروپی دەوڵەتە مامناوەنجەکانە، بەڕێژە بەدەوڵەتێکی زلهێز دەژمێردرێ و دەشتوانێ کار بکاتە سەر سیستمی ناوچەیی چونکە ڕابەرەکانی پێگەیەکی خۆماڵیی باشیان هەیەو دەسەڵاتیان سیستمە ئیقلیمییەکە تێدەپەڕێنێ و هیچی نامێنێ بگاتە ئاستی دەسەڵاتی جیهانی. ئەمەش وا لەو ڕابەرانە دەکات بتوانن بەرپەرچی ئەو گەلەکۆمەکێ ئیقلیمییانە بدەنەوە کەدەوڵەتە ئیقلمییە بەڕێژە بچوکترەکان پێکی دەهێنن . ئەم دەوڵەتانەش ئامانجێکی هاوبەشیان هەبووە. تائێستاش هەر ئەو ئامانجە هاوبەشەیان هەیە ئەویش ڕێ گرتنە لەپەیدابوونی قەوارەیەکی سەربەخۆ لەکوردستاندا چونکە ئەم قەوارەیە ڕەنگدانەوەی خراپی لەسەر دەوڵەتانی ناوچەکە دەبێ.
پاش زیادبوونی نفوزی مستەفا کەمال پاش ڕاگەیاندنی پەیمانی سیڤەر، بریتانیا درکی بەوە کرد کەئەگەر ماددەکانی سیڤەر جێبەجێ بکرێن ئەوا دەبێ بەفاکتەرێکی گێرەشێوێنی لەکوردستانی باشوورو کێڵگە نەوتییەکانی و بەهۆی ئەمەوە ساتوسەوداکردن لەگەڵا تورکیا دەبێ بەتاکە ڕێوشوێن بۆ مسۆگەرکردنی ئەمن و ئاسایش لەم ناوچەیەدا کەبایەخێکی ستراتیجیی لەڕادەبەدەری بۆ بریتانیا هەیە.
جەعفەر عەسکەری کە لەوتووێژەکانی لوزان ڕاوێژکاری کرزن بوو، ئاماژە بۆ ئەو ئامانجە ستراتیجییانە کرد کەلۆزان بۆ بریتانیای بەدی دێنێ و وتی وازهێنان لەپارچەیەکی کوردستانی باشوور (مەبەستی جێبەجێ کردنی ماددە 64ی پەیمانی سیڤەر بوو) دەبێتە هۆی ڕێ خۆشکردن بۆ دەستێوەردانی تورکیا لەئێراق و ئەمە پاشاگەردانی و شێواویی لێ دەکەوێتەوەو دەبێتە هۆی شڵەژاندنی هەڵوێستی حکومەتی ئێراق چونکە وازهێنان لەموسل دەبێتە هۆی وازهێنان لەبەغداو وازهێنان لەبەغدا دەبێتە هۆی وازهێنان لەبەسرەو ئەمەش بەبێ گومان بەرژەوەندییەکانی بریتانیا لەکەنداوی فارس دەخاتە مەترسییەوە .
ئیدمۆندزیش بەنۆرەی خۆی جەختی لەسەر ئەوە کردبۆوە کەپێویستە ویلایەتی موسل وەک بەشێک لەئێراق بمێنێتەوەو پێی وابو بەمە بەرژەوەندییەکانی بریتانیا لە ناوچەکەدا بەپێی ئەوەی کەلۆزان بڕیاری لێدا، دێتە دی. ئیدمۆندز ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کەبریتانییەکان لەوە دڵنیا بوون کەبەسرەو بەغدا بەبێ موسل بەکەڵکی دروستکردنی دەوڵەتێکی باش نایەن و لەدیدی بریتانیاوە جیاوازی نییە لەنێوان بەرژەوەندیی کۆتاییی ئێراق و بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆی بریتانیادا .
ماددەی سێیەمی لوزان دەڵێ ( (تا ئەو کاتەی بەبڕیارێک دەگەن سەبارەت بەململانێی سنور، هەردو حکومەتی بریتانیاو تورکیا پەیمان دەدەن کەهیچ جموجۆڵێکی سەربازی یان ناسەربازیی وا ناکەن ببێتە مایەی گۆڕینی بارودۆخی ئەو سەرزەمینەی کەچارەنوسەکەی دەوەستێتە سەر بڕیارێکی کۆتایی)) . بەم ماددەیە بریتانیا دو ئامانجی پێکا: لەلایەک هێڵی ئاگڕبڕی نێوان تورکیاو هێزەکانی بریتانیا لەویلایەتی موسل بووە.سنوری ڕاستەقینەی نێوان ئێراق و تورکیا ئەویش لەسەر بنەمای پاراستنی بارودۆخی دیفاکتۆ. ئەمەش بەدی هێنانی ئامانجێکی گرنگ بوو کەباڵێکی سەرەکیی ناو بریتانیا دەمێک بوو هەوڵی بەدی هێنانی دەداو بریتی بوو لەلکاندنی کوردستان بەئێراقەوە. ئامانجی دووەم کەبریتانیا لەم ماددەیە بەدەستی هێنا ڕەواندنەوەی مەترسیی تورک بوو لەسەر ئێراق چونکە بریتانیا هەمیشە لەم هەڕەشەیە تۆقی بوو. ئەم مەترسییە بەردەوام چەرچلی نیگەران کردبو کەئەوسا وەزیرانی وڵاتە داگیرکراوەکان بوو بەڵام بەهۆی بڕیارەکانی لوزانەوە ئەم مەترسییە نەما.
بریتانیا تاکە لایەن نەبو کەگەلێک ئامانجی ستراتیجیی لەبڕیارەکانی لوزان بەدەست هێنا بەڵکو تورکیاش قازانجی ستراتیجیی گرنگی بەدەست هێنا چونکە تورکیا بەهێزو متمانەوە چوو بۆ لۆزان ئەویش پاش سەرکەوتنی سوپاییی پایەدار لەشەڕگەرداو پاش ئەنجامدانی چەند سەرکەوتنێکی دیپلۆماسیی زیرەکانە.
دەستکەوتەکانی تورکیا لەلۆزان
ئەگەرچی تورکیا لایەنە دۆڕاوەکەی جەنگی یەکەمی جیهان بوو بەڵام لەلوزان توانی زۆر ئامانج بەدەست بێنێ کەئەمەش گرنگترینییایە:
1-تورکیا توانی پەیمانی سیڤەر لەکۆڵا خۆی بکاتەوە. ئەم پەیمانە وای دانابو دو دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆل دابمەزرێندرێ یەکێکیان بۆ کوردو ئەوی دیکەیان بۆ ئەرمەن. بەپێی لوزان کوردو ئەرمەن بوونە هاووڵاتیی پلە دوی دەوڵەتی تورکیاو کێشەکانیشیان بوو بەکێشەی کەمینەکان.
بەپێی ماددە 38ی بڕگەکانی 1-15 تورکیا پەیمانی دا کەژیان و ئازادیی زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی تورکیا بپارێزێ بەبێ هیچ جیاوازییەک بەهۆی ڕەگەزو ڕەچەڵەک و نژادو ئاینەوەو و بەم پێیە ئیتر پێویستی بەدامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بۆ کوردو ئەرمەنەکان نەکرد.
2-بەپێچەوانەی پەیمانی سیڤەرەوە کەتورکیای پارچە پارچە کرد، لوزان تورکیای بردە ئاستی دەوڵەتە سەرکەوتووەکانەوە .
3-پەیمانی لوزان داننانێکی نێودەوڵەتی بوو بەداواکانی پەیمانی نیشتمانی، بەمەش تورکیا بوو بەتاکە دەوڵەتی بەزیوی جەنگی یەکەمی جیهان کەبتوانێ جارێکی هەڵسێتەوە سەر پێ و ئەم مەرجانەی ئاشتی ڕەت بکاتەوە کەهاوپەیمانەکان لەپەیمانی سیڤەردا دەیانویست بیسەپێنن بەسەریاو بەمەش تورکیا توانی تەواوی سەروەریی خۆی بۆ ئەنادۆل بگێڕێتەوە .
4-زۆربەی هەرە زۆری بڕیارەکانی لۆزان لەبەرژەوەندیی تورکیادا بوون و لەم بارەیەشەوە سیستمی مافی بیانی کە لەتورکیا بەهێمای پاشکۆیاتی و ملکەچی دادەنرا هەموی لەبەر یەک هەڵوەشێنرایەوە .
5-تەنانەت مەرجەکانی ماددە 36ی تایبەت بەمافی کەمینە ناتورکەکانیش ئەوەندەی پێ نەچو تورکیای کەمالیست لێی پاشگەز بۆوە چونکە لوزان هیچ میکانیزمێکی تێدا نەبو بۆ لێپرسینەوەی تورکیا لەکاتی پێشێل کردنی بڕیارەکاندا. پاش کەمتر لەساڵێک لەئیمزاکردنی پەیمانی لۆزان، تورکیا بڕیاری داخستنی خوێندنگە کوردییەکانی دەرکرد . لەوەی باس کرا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کەتورکیا لەپەیمانی لۆزاندا زۆر ئامانجی نەتەوەییی ستراتیجیی بەدەست هێناو تەنیا لەهەندێ شتی کەم دا زەرەری کرد.
دەستکەوتەکانی ئێراق و لایەنەکانی تر لەلوزان
بەهۆی بڕیارەکانی لوزانەوە کەتایبەت بوون بەدیاری کردنی سنوری نێوان ئێراق و تورکیا- ئەگەرچی ئەمە بەشێوەیەکی کاتی بوو- سنوری باکوری ویلایەتی موسل بوون بەسنوری ڕاستەقینەی نێوان ئێراق و تورکیا لەسەر بنەمای دیفاکتۆ ئەمەش ڕێی بۆ لکاندی هەمو ویلایەتەکە بەئێراقەوە خۆش کرد.
تەنانەت ئەمریکاش کەوەک ئەندامێکی ڕەسەن بەشداریی لەکۆنفرەنسەکەدا نەکردبوو و بڕیارەکانی لوزانیش هیچیان پێ نەبەخشی بوو، لەبەر ئەوەی لەکاتی وتووێژەکاندا پشتی تورکیای گرتبو، وەک پاداشت، تورکیا مافی دەرهێنانی نەوتی دایە کۆمپانیای چستەری ئەمریکی و گرێبەستێکی لەگەڵادا ئیمزا کرد بۆ دروست کردنێکی هێڵێکی ئاسنین بەدرێژییی دو هەزار میل.
لەبەر ڕۆشناییی ئەوەی کەباسمان کرد، دەتوانین ئەوە بڵێین کەهەمو لایەنە بەشدارەکانی لوزان بەپلەی جیا جیا بەرژەوەندییەکانی خۆیان پاراست، تەنانەت ئەو لایەنانەش کە بەشێوەیەکی فەرمی بەشدارییان تێدا نەکردبو وەک ئەمریکاو ئێراق، ئەوانیش دەستکەوتیان بەدەست هێنا چ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ چ بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ. لەلۆزان کور تاکە لایەنی دۆڕاو بوو.
پەیمانی لوزان و مەسەلەی دابەشکردنی کوردستان
دابەشکردنی کوردستانی عوسمانی (باشوورو باکور) بەو شێوەیەی کەئێستا هەیە، هەندێ لەتوێژینەوەکانی کورد وای دادەنێ کەرەنگدانەوەیەکی نەگەتیڤی بڕیارەکانی لوزانە چونکە پەیمانی سیڤەر باسی یەکپارچەکردنی باشوورو باکوری کردبوو نەک دابەش کردنی. بەڵام ئەگەر بەوردی لەئەنجامی هەردو پەیمان بکۆڵینەوە، بۆمان دەردەکەوێ کەئەم بۆچونە دروست نییە، ئەویش لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:
1-رێککەوتننامەی لوزان هیچ ماددەیەکی دەربارەی دیاری کردنی سنورێکی نوێ بۆ کوردستان تێدا نییەو لەکاتی وتووێژەکانی لوزاندا عیسمەت پاشا پێشنیاری بۆ کرزن کرد سنورێک لەنێوان تورکیاو ئێراق دەستنیشان بکرێت ئەویش بەڕەزامەندیی بریتانیا و تورکیا پاش ساڵێک لەجێبەجێ کردنی پەیمانەکە . ئەم سنورەی کەعیسمەت پاشا پێشنیاری کردو لوزان پەیڕەویی کرد، سنورێکی تازە نەبو بەڵکو گونجاو بوو لەگەڵا ئەو سنورەی کە بەپێی ڕێککەوتننامەکانی پێشوو کێشرا بوو.
2-سیڤەر دەکرێ بەو پەیمانە ناوزەد بکرێ کەکوردستانی پێ دابەش کرا چونکە نەخشەی سیڤەر بۆ دەوڵەتی ئەرمەن چەندەها شاری کوردنشینی دێرینی گرتۆتەوەو لەمەدا دەردەکەوێ کەپەیمانی سیڤەر کوردستانی عوسمانیی بەسەر چوار پارچەدا دابەش کردوە، پارچەیەکیان لەکوردستان سەنرایەوەو درا بەدەوڵەتی ئەرمەن، پارچەیەکی تریش بۆ تورکیا هێڵیرایەوە، پارچەیەکی دیکەش درا بەسوریاو پارچەیەکیش ولایەتی موسل بوو کەماددە 64ی پەیمانەکە وای دانابوو پاش ساڵێک لەدامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆل، بۆی هەبێ ببێ بەبەشێک لەو دەوڵەتە.
3-سەبارەت بەسنوری نێوان کوردستانی ڕۆژهەڵات و کوردستانی عوسمانی، دیارە ئەم سنورە زادەی لوزان نەبووە.بەڵکو بەردێژاییی چوار سەد ساڵا هاتۆتە ئاراوە.
4-سنوری نێوان کوردستانی باشوورو باکوریش دەستکردی لوزان نەبووە.چونکە دەستنیشانکردنی ئەم سنورە بۆ قۆناغێکی تر هەڵگیرا یاخود بڕیار درا بۆ کۆمەڵەی گەلان بەرز بکرێتەوە.
بەم پێیە، دابەش و پارچە پارچەکردنی کوردستان بەرەنجامی دابەشکردنەکانی پێشوو بوو لەدابەشکردنە ئیدارییەکانی سەردەمی عوسمانییەوە تا دەگاتە سایکس- پیکۆو هێڵی ئاگربڕو ماددەکانی پەیمانی سیڤەرو لەدواییدا تا دەگاتە لوزان کە بەشێوەیەکی فەرمی سنورە پێشنیارکراوەکان و بەرەنجامەکانی هەلومەرجی ئەو ڕۆژەی چەسپاند.
باس کردنی ئەوەی کەگوایە لوزان کۆنگرەی دابەشکردنی کوردستان بووە.بەو مانایە دێت کەگوایە کوردستان پێش لوزان یەکپارچە بووە. لوزانیش هاتوەو پارچە پارچەی کردووە. ئەمەش لەگەڵا ڕاستییەکانی مێژوودا ڕێک ناکەوێ.
لکاندنی کوردستانی باشوور بەئێراقەوە وەک ڕەنگدانەوەیەکی سیاسەتی بریتانیا پاش پەیمانی لوزان
لە 24ی تەموزی 1923دا پەیمانی لوزان ئیمزا کراو بڕیار درا پەیمانەکە لە 6ی ئابی 1924 کاری پێ بکرێ. یەکلاکردنەوەی کۆتاییی کێشەی ویلایەتی موسڵیش دواتر بەپێی بڕیاری 16ی کانونی یەکەمی 1925ی ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان هاتە دی . بەڵام سەرەڕای ئەمە، بریتانیا وەک دەوڵەتی ماندێتەری ئێراق، تەنانەت پێش پەیمانی لوزانیش، کوردستانی بەجۆرێک بەڕێوە برد وەک ئەوە وابێ کەرەزامەندیی تورکیای بەدەست هێنا بێ بۆ لکاندنی بەئێراقەوە.
ئەمەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کەبریتانیا هەر لەسەرەتاوە ویستویەتی تورکیا ناچار بکات دەست لەکوردستانی باشوور بەهەر نرخێک بێ هەڵگرێ. هۆی ئەم پێداگرتنەی بریتانیاش بۆ چەندەها هۆی ستراتیجی و جیۆپۆلەتیکی و جیۆستراتیجی دەگەڕێتەوە.
پەیمانی لۆزان کۆتاییی بەهەمو ئەو نەخشەو پڕۆژانەی بریتانیا هێنا کەخۆیان لەپەیمانی سیڤەردا دەبینییەوەو ئاماژەیان تێدا بوو بۆ دروست کردنی قەوارەیەکی کوردیی سەربەخۆ تاکوو ببێ بەدەوڵەتێکی لەمپەر لەنێوان ناوچەی دەسەڵاتی بریتانیا لەمیسۆپۆتامیاو دەسەڵاتی تورک و ڕوس لەباکوردا. لەبەر ئەوە پاش لوزان هەمو ئەو دەنگانەی لەبریتانیا بانگەشەیان بۆ ئەو نەخشەو پڕۆژانە دەکرد ورتەیان لێوە نەهات و بێدەنگ بوون.
ئەم سیاسەتەی لکاندن لەقازانجی دەوڵەتە تازە دروستکراوەکەی ئێراق بوو. هاوبەرژەوەندیی ئێراق و بریتانیاش لەمەسەلەی لکاندنی کوردستان بەئێراقەوە لەهەر مەسەلەیەکی تر زیاتر ڕون و ئاشکرا بوو چونکە لکاندنی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی بەئێراقەوە یەکێ لەگرنگترین ئامانجەکانی دەوڵەتی ئێراق بوو.
وازهێنانی تورکیا لەویلایەتی موسل کارێکی ئاسان نەبو چونکە ( (پەیمانی نیشتمانیی تورک)) خاڵێکی تێدا بوو موسلی بەپارچەیەکی تورکیا دەدایە قەڵەم . تەنانەت پاش ئەوەش کەمستەفا کەمال ڕازی بوو بەلکاندنی موسل بەئێراقەوە لەکانونی یەکەمی ساڵی 1925دا، تورکیا ئامادە بوو هەمو شتێک بۆ بریتانیا بکا لەوانە پێشکەش کردنی سامانە پەترۆلییەکەی کوردستان، تاکوو ئەم ویلایەتە بگەڕێتەوە باوەشی، چونکە سەرکردەکانی تورک دەترسان ئەم ویلایەتە لەسایەی سەرپەرشتییەکی بەلێبوردنی بریتانیادا ببێ بەکوانوی بزووتنەوەی کوردو کوردیش لەدیدی ئەم سەرکردانەوە مایەی هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی تورکیا . هەر وەک چۆن سەرکردەکانی تورکیا کوردستانی باشووریان بەهەرێمێکی پێویست بۆ ئاسایشی نەتەوەییی تورکیا دادەنا، سەرکردەکانی ئێراقیش مەسەلەی لکاندنی کوردستانی باشووریان بەئێراقەوە بەمەسەلەی مان و نەمان دادەناو لەم چوارچێوەیەدا فەیسەل لەو بڕوایەدا بوو کەبەبێ ویلایەتی موسل زەحمەتە ئاسایشی ناوخۆی ئێراق دابین بکرێت .
جا پێش تورک و ئێراقییەکانیش، سیاستمەدارانی بریتانیا دەیانویست بەهۆی لکاندنی کوردستانی باشوور بەئێراقەوە کۆمەڵێک ئامانجی ستراتیجیی گەورە بەدەست بێنن. بۆیە شتێکی ئاسایی بوو کەبەرژەوەندیی دەوڵەتە داتاشراوەکەی ئێراق و بەرژەوەندیی ستراتیجیی بریتانیا لەکوردستاندا یەک بگرێتەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی چاوچنۆکییەکانی تورکیا. لەم بوارەدا بریتانیا توانی زۆر زیرەکانە کوردستانی باشوور وەک کارتێکی براوە هەم لەگەڵا تورکیا بەکار بێنێ و هەم لەگەڵا دەوڵەتی ئێراقدا.
لەڕێی یاری کردن بەم کارتە، بریتانیا توانی کوردستانی باشوور وەک ناوچەکانی تری ئێراقی ژێر ماندێت ئیدارە بکات. بەکردەوە، لەگەڵا ڕاگەیاندنی پەیمانی لۆزاندا چارەنوسی کوردستانی باشوور یەکلا کرایەوە بەڵام تاکە ناوچەی کەهێشتا چارەنوسی یەکلا نەکرابۆوە ناوچەی سلێمانی بوو کە لەدوو ماوەدا ئۆتۆنۆمییەکی کورتخایەن و پچڕ پچڕی بەخۆوە بینی بوو.
سەبارەت بەوەی کەچۆن بریتانیا لەمانۆرەکانیدا لەگەڵا تورکیا سودی لەکارتی کورد وەرگرتوە، ئەوا دیارە کەبریتانیا بەرانبەر بەوەی کەتورکیا لەکاتی وتووێژی لوزاندا دەستبەرداری بەشێکی داواکانی خۆی لەویلایەتی موسل دەبێ، بریتانیاش دەستبەرداری دروست کردنی دەوڵەتێکی کوردی دەبێ لەرۆژهەڵاتی ئەنادۆل و باشووری کوردستان و پاشان تورکیا لەکاتی وتووێژی دوقۆڵیدا دەستبەرداری هەمو داواکانی بوو لەویلایەتەکە. وتووێژە دوقۆڵییەکەش بەسەرپەرشتیی کۆمەڵەی گەلان ئەنجام دراو لەکۆتاییی ساڵی 1925دا بڕیارێکی یەکجارەکیی لێ کەوتەوە سەبارەت بەلکاندنی ویلایەتی موسل بەئێراقەوە.
لەم ماوەیەشدا بریتانیا توانی کارتی کورد لەدژی ئێراق بەکاربێنێ بۆ ئەوەی ناچاری بکا سەر بۆ داواکانی کەچ بکا، لەوانە داواکەی سەبارەت بەسامانی پەترۆل.
سلێمانی تاکە ناوچە بوو کەهێشتا دژی ئەوە بوو کەبچێتە سەر دەوڵەتی تازە دروستکراوی ئێراق، بۆیە لەم ماوەیەدا سلێمانی هەم ڕوبەروی بریتانیا ببۆوە هەم ڕوبەڕوی ئێراق. ئەمەش وای لەئێراق کرد هەست بەوە بکات کەتەنیا بریتانیا کەلێی ڕادەبینرێ بتوانێ سلێمانی بەبەغداوە بلکێنێ. ئەمەش هەلێکی زۆرتری بۆ بریتانیا دروست کرد تاکوو مەرجێکی زۆرتر بەسەر حکومەتی ئێراقدا بسەپێنێ.
لکاندنی سلێمانی بەئێراقەوە وەک ئامانجێکی هاوبەشی ئێراق و بریتانیا
دروست کردنی دەوڵەتی ئێراق بەپێی سیستمی ماندێت لەلایەن بریتانیاوە، ڕەنگدانەوەی ژمارەیەکی زۆری گوشار بوو لەسەر بریتانیا لەلایەن هاوپەیمانەکانییەوە لەسەروی هەمویانەوە ئەمریکاو هەروەها لەناوخۆی کۆمەڵگای بریتانیاو ئێراقیش گوشار لەسەر بریتانیا هەبوو.
بەدروست کردنی ئەم دەوڵەتە، بریتانیا خۆی لەزۆر گوشار ڕزگار کردو توانی بەشێکی زۆری بەرژەوەندییە ستراتجیی و جیۆستراتیجییەکانی خۆی لەکوردستان و ئێراق و کەنداودا بەدی بێنێ. هەروەک چۆن حکومەتی ئێراق پێویستی بەبریتانیا بوو بۆ دووماهی هێنان بەحکومەتی شێخ مەحمود لە ناوچەی سلێمانی، بریتانیاش پێویستی بەئێراق بوو بۆ دوایی هێنان بەئەزمونەکەی شێخ مەحمود چونکە لەناوبردنی بزاڤەکەی شێخ مەحمود دەیتوانی هەڵوێستی بریتانیا لەلوزان پتەو بکات، جگە لەوەی کەبریتانیا لەبەر ئەوەی کەم هێزی پیادەی لەبەر دەستدا بوو، پێویستی بەو هێزە بوو کەحکومەتی ئێراق بۆی دابین دەکردو بەم شێوەیە وای نیشان دەدا کە لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر ناوچەی سلێمانی بەشێکە لەپێداویستییەکانی هاوکاری کردنی ئەو حکومەتەی کە لەژێر ماندێتی بریتانیا دایە.
لەبەر ئەوە بریتانیا بەهەمو هێزی خۆیەوە پشتگیریی لە حکومەتی ئێراق کرد، هەم پاش ڕاگەیاندنی بڕیارەکانی لۆزان و هەم پێش دەستبەکاربوونی ڕێککەوتننامەکە ئەویش بۆ ئەوەی خێرا کۆتایی بەسێیەم ئیدارەی شێخ مەحمود بێنێ. هەلومەرجی ئەم قۆناغە نیشانی دەدا کەبەبێ پشتگیریی لۆجستیکی و بەشداریی مەیدانیی هێزەکانی بریتانیا لەکاتی هێرشکردنە سەر سلێمانی، هێزەکانی ئێراق هەرگیز نەیاندەتوانی تەنانەت بیر لەو لەشکرکێشییەش بکەنەوە.
خۆشبەختیی ئێراق لەوەدا بوو کەبەرژەوەندییەکانی بریتانیا ڕێک بوون لەگەڵا بەرژەوەندییەکانی ئێراقدا چونکە بریتانیا دەیویست دەست بەسەر نەوتی کەرکوکدا بگرێ، ئەمەش وای لێ کرد بکەوێتە گەڕ بۆ لکاندنی ویلایەتی موسل بەئێراقەوە . لەم چوارچێوەیەدا کۆتایی هێنان بەئیدارەی سلێمانی لوتکەی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان ئێراق و بریتانیا بوو چونکە مانەوەی ناوچەی سلێمانی لەدەرەوەی دەسەڵاتی بەغدا زۆر لەنرخی بەدەست هێنانی پارچەکانی تری ویلایەتی موسل کەم دەکردەوە، بەتایبەتی کەناوچەی سلێمانی لەڕوانگەی بریتانیاوە بایەخێکی ستراتیجی و ئابوری و سیاسیی هەبوو. نزیکیی ناوچەی سڵێمانی لەکێڵگەکانی نەوتی کەرکوک و ئەگەری پەیدابوونی مەترسی بەهۆی مانەوەی سلێمانی لەدەرەوەی دەسەڵاتی بەغدا، وای کرد بریتانیاو ئێراق قوڵتر بیر لەپەلەکردن لەکۆتایی هێنان بەئۆتۆنۆمییەکەی ئەم ناوچەیە بێنن. بەڵام بریتانییەکان زۆر بەدەگمەن بەئاشکرا ڕازو نیازی خۆیان درکانەوە.
بەرانبەر بەم هاوکاری و هاو ئاهەنگییەی نێوان بریتانیاو ئێراق، نۆیل تاکە ئەفسەری سیاسی لەئیدارەی بریتانیا لەئێراق تاکۆتایی کەسوزی بۆ کوردو مەسەلە ڕەواکەی هەبوو و زۆر ڕقی لەو سیاسەتە بوو کەهای کۆمیشنەر دایڕِشتبوو و هەستی بەو داوەش دەکرد کەبۆ چارەنوسی کوردستان نراوەتەوە .
هەوڵەکانی بریتانیا بۆ لاوازکردنی شێخ مەحمود پێش هێرش کردنە سەری
لەبەهاری 1924دا ڕەفیق حیلمی بەدەست بەتاڵی لەئەنکەرە گەڕایەوە. ناوبراو لەسەر داوای شێخ مەحمود چوو بوو بۆ ئەنکەرە بۆ وتووێژ لەگەڵا سەرکردەکانی تورک سەبارەت بەو پشتگیرییەی کەحکومەتی ئەنکەرە دەتوانێ بیدا بەهێزەکانی شێخ مەحمود بەڵام مستەفا کەمال و سەرەک وەزیرانەکەی ڕەووف حسێن بەگ هەر ئەوەیان بە کورد وت کەخوا ڕۆژی قیامەت پاداشتی کوردەکان دەداتەوە چونکە جیهادیان لەدژی کافرەکان کردوە .
شێخ مەحمود بەهۆی ئەمەوە تەنیا دوو ڕێگای لەبەردەمدا مایەوە کەخۆشەکەیان ناخۆش بوو، یا سەردانەواندن بۆ داواکانی های کۆمیشنەری بریتانیا کەداوای لێ کردبوو بچێ بۆ بەغدا یا وتووێژ لەگەڵا ئەو ئەفسەرە سیاسییەی کەسەرکردایەتیی لەشکرکێشی دەکات بۆ سەر سلێمانی یاخود درێژە بەتەحەداکردنی بریتانیا بدا. لەکۆتاییدا شێخ مەحمود ڕێگای دووەمی هەڵبژارد بەڵام کەناڵەکانی کۆنتاکت و پەیوەندیی لەگەڵا ئینگلیزدا هێشتەوە.
بەر لەوەی ڕوبەڕوبوونەوەیەکی دژوار لەگەڵا شێخ مەحموددا ڕو بدات، ئیدمۆندز کەوتە بڵاوە پێکردنی لایەنگرە سەختەکانی کەپشتگیریی شێخیان دەکرد. ئیدمۆندز توانی ئێران قەناعەت پێ بکات کەلێبوردنێک بۆ سمایل ئاغای شکاک دەر بکات تاکوو شێخ مەحمود بەتەنیا بمێنێتەوەو بەناچارییەوە لەئێران بگەڕێتەوە. پێش ئەوەش توانی بوی چەشنە هاوکاری و هەماهەنگییەک لەگەڵا سەید تەها شەمزینیدا مسۆگەر بکات.
ئەنجامدانی هێرشێکی یەکلاکەرەوە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شێخ مەحمود، پێویستی بەژمارەیەکی زۆر هێزی پیادەی بریتانیا هەبو بۆ شەڕکردن لە ناوچەیەکی شاخاویی دژواردا، ئەمەش شتێک بوو لەو قۆناغەدا لەدەرەوەی توانای بریتانیا بوو، ئەویش لەبەر چەندان هۆ کەهەندێکی پەیوەندیی بەسروشتی شەڕی ناوچەی شاخاوییەوە هەیەو هەندێکی پەیوەندیی بەوەوە هەیە کەبریتانیا هێزی پیادەی نەبووە.
لەبەر ئەوە نە لەڕوی سوپایییەوەو نە لەڕوی ئابورییەوە بەرژەوەندیی بریتانیا لەوەدا نەبو کەسەرلەنوێ هێزەکانی بەو ناوچانە وەر بکات کەکاتی خۆی لێی کشابۆوە . وەک هەوڵێکیش لەلایەن بریتانیاوە بۆ سود وەرگرتن لەکات، بریتانیا بەردەوام بوو لەسەر ناردنی شاندو نامە بۆ شێخ مەحمودو هەروەها بەردەوام پێشوازیی لەو کەسانە کرد کەشێخ مەحمود دەیناردن و نامەی پێ دەناردن بەڵام بەبێ گەیشتن بەچارەسەرێکی کۆتایی.
هنری دۆبس های کۆمیشنەری نوێی بریتانیا بەتەواوەتی لەو بڕوایەدا بوو کەکەسایەتیی بەهێزی شێخ مەحمود وای لێ دەکات تاکە کەس بێ کەدەتوانێ زۆر کاریگەریی لەسەر ڕوداوەکانی ناوچەی سلێمانی هەبێ و تا زیندوو و ئازاد بێ مەحاڵە ئیدارەیەکی سەربەخۆ لەسلێمانی بێتە دی، لەبەر ئەوە دۆبس وای بەباش زانی کەئەگەر شێخ نەکوژرێ یان نەگیرێ، دەبێ لەگەڵیدا ڕێک بکەون .
کوشتن و گرتنی شێخ مەحمود کارێکی ئاسان نەبو. بۆیە بەر لەوەی کەبریتانیا بەسوپا ڕوبەڕوی ببێتەوە هەر ئەوەی لەبەردەمدا بوو کەکار بۆ کەم کردنەوەی دەسەڵاتی بکات، ئەویش پاش ئەوەی ئیدمۆندز توانی هەندێ لەکەسایەتییە کاریزمایییەکانی لێ دور بخاتەوە، بەتایبەتی سمایل ئاغای شکاک (سمکۆ).
هەوڵدان بۆ دەستەمۆکردنی شێخ مەحمود بەشێک بوو لەسیاسەتی نوێی بریتانیاو لەم بارەیەوە های کۆمیشنەر نامەیەکی تایبەتی بۆ شێخ مەحمود نارد تێیدا باسی ئەوەی کرد کە بەپێی هەنگاوە تازەکان قەزاکانی قەڵادزەو چەمچەماڵا و هەڵەبجە و قەرەداغ و سەنگاوو ناحیەی ماوەت چیدی پەیوەندیی ئیدارییان بەشاری سلێمانییەوە نییەو شێخ مەحمود بۆی نییە دەست لەکاروباری شێخەکانی سەرگەڵوو وەر بدات و ئەگەر واش بکات ئەوا توندترین تەگبیر لەدژی وەردەگیرێ .
بەپێی ئەم هەنگاوە تازانە، دەسەڵاتی سێیەم بەڕێوەبەرایەتیی شێخ مەحمود زۆر بەرتەنگ کرایەوەو ئەم دەسەڵاتە لەچاو دەسەڵاتی دوو بەڕێوەبەرایەتییەکەی پێشو زۆر کەم بوو. ئەم هەنگاوانە نیشانەی ئەوە بوون کەبریتانیا جیتر کەیفی بەوە نایەت کەکورد بەڕێوەبەرایەتییەکی جیا لەبەغدای هەبێ و بڕیاریشی داوە ناوچەکە بەئێراقەوە بلکێنێ.
بەڵام ئیدمۆندز وای نیشان دا کەلێپرسراوەتیی هێرشکردنە سەر سلێمانی لەئەستۆی حکومەتی ئێراقدایە چونکە ڕای های کۆمیشنەری بریتانیا هنری دۆبس ئەوە بوو کەمادامەکێ ناتوانرێ شێخ بگیرێ یان لەناو ببرێ، دەبێ لەگەڵیدا ڕێک بکەون گوایە حکومەتی ئێراق دژی ئەم بۆچونە بووە. هەروەها ئیدمۆندز ئەوەشی خستە ملی حکومەتی ئێراقەوە کەپابەندی ئەو لێدوانە فەرمییە هاوبەشەی کۆتاییی ساڵی 1922 نەبووە.کەمافی دەدایە دانیشتوانی ناوچەی سلێمانی بەڕێوەبەرایەتییەک بۆ خۆیان پێک بێنن کەپەیوەندیی بەحکومەتی ئێراقەوە نەبێ .
لێپرسراوەتیی پابەند نەبوون بەم لێدوانە هاوبەشە تەنیا لەئەستۆی حکومەتی ئێراقدا نییە بەڵکو هەروەها لەئەستۆی حکومەتی بریتانیاشدایە، بەتایبەتی کەدەرکردنی لێدوانەکەو کڕۆکەکەی بەدەستپێشخەریی خودی ئیدمۆندز بوو و ئەو لەشکرکێشییەی کرایە سەر سلێمانی ئەگەر بریتانیا خۆی بەپێویستی نەزانیبا هەرگیز ئەنجام نەدەدرا بەتایبەتی کەبەشداریی حکومەتی ئێراق لەلەشکرکێشییەکەدا تەنیا بەناو بەشداریکردن بوو.
قۆناغی دواییی نەخشەکانی بریتانیا سەبارەت بە کوردستانی باشوور
لەبەهاری ساڵی 1924دا بریتانیا سەرقاڵی بەدی هێنانی ڕەزامەندیی ئەنجومەنی دامەزرێنەری ئێراق بوو لەسەر پەیمانە درێژخایەنەکەی ئێراق- بریتانیا ڕون و ئاشکراش بوو کەبریتانیا سورە لەسەر یاری کردن بەکارتی کورد بۆ سەپاندنی نەخشەو پڕۆژە ستراتیجی و جیۆستراتیجییەکانی لەئێراق و کوردستانی باشووردا.
هنری دۆبس پەرلەمانتارە بەرهەڵستکارەکانی دژی پەیمانەکەی ئاگادار کردەوە کەرەت کردنەوەی پەیمانەکە ئەنجامی هەرە خراپی لێ دەکەوێتەوە سەبارەت بەویلایەتی موسل. لەبەر ئەوە لایەنگرانی حکومەت لەناو پەرلەمان پڕۆژەی بڕیارێکیان پێشکەش کرد کەرەزامەندیی لەسەر پەیمانەکە نیشان دەدا بەڵام هەندێ تێبینیی لەسەر هەبو وەک ئەوەی کە ( (ئەگەر حکومەتی بریتانیا نەتوانێ مافەکانی ئێراق لەهەمو ویلایەتی موسل بپارێزێ، ئەوا پەیمانەکە هەڵدەوەشێتەوە)). بۆیە پەرلەمان بەزۆرینەیەکی فراوان ڕەزامەندیی لەسەر پڕۆژەکە نیشاندا .
جەخت کردنی پەرلەمانەکە لەسەر مافەکانی ئێراق لەهەمو ناوچەکانی ویلایەتی موسل بەناوەڕۆک بەمانای سەپاندنی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی دەهات بەسەر سلێمانیدا چونکە ناوچەکانی تری ویلایەتی موسل بەکردەوە لەژێر دەستی حکومەتی ناوەندیدا بوون. سلێمانی تاکە ناوچە بوو کەدژی سەردانەواندن بوو بۆ حکومەتی ناوەندی. بۆیە لکاندنی سلێمانی بەئێراقەوە بەنیسبەت بریتانیاو حکومەتی ئێراقەوە هیچ کەمتر نەبو لەلکاندنی ویلایەتی موسل بەشێوەیەکی فەرمی بەئێراقەوە.
لە 20ی ئایاری 1924 فڕۆکەکانی بریتانیا کەوتنە فڕێدانی بڵاوکراوە بەسەر ناوچەکانی کوردستانداو لەو بڵاوکراوانەدا هەڕەشەیان لەدانیشتوانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شێخ مەحمود کرد. پاشان فڕۆکەکان کەوتنە فڕێدانی بڵاوکراوەی تایبەت کەئاراستەی شێخ مەحمود کرابوون و تێدا داوایان لێ دەکرد خۆی و هێزەکانی تا 25ی ئایار سلێمانی بەجێ بهێڵێت. پاش ئەمە بەپێنج ڕۆژ فڕۆکەکان گەرەکەکانی شارەکەیان بۆردومان کردو لەئەنجامدا زۆربەی دانیشتوان شارەکەیان چۆڵا کردو تەنیا دەوروبەری 700 کەس لەکۆی بیست هەزار کەس لەشار مایەوە .
لەناوەڕاستی تەموزدا هێزێکی سوپای ئێراق بەپشتیوانیی پۆلیس و هێزێکی لیڤیی ئاشورییەکان هێرشی کردە سەر سلێمانی و ئەم هێزە هێزی ئاسمانیی بریتانیا پشتگیریی دەکرد. سەرکردەی ئەم هێزە بەناو عەلی ڕەزار عەسکەری بوو بەڵام لەڕاستیدا سەرکردەی ڕاستەقینە کاپتن چاپمان* بوو. ئەم هێزە توانی لە 19ی تەموزدا سلێمانی بگرێ . شار ئاسان خۆی بەدەستەوەدا چونکە پێش هێرشەکە بەچەند ڕۆژێک شێخ مەحمود شارەکەی بەجێ هێشتبو. بەمە کۆتایی بەسێیەم هەوڵی شێخ مەحمود بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی سەربەخۆ لەکوردستانی باشوور هات و سێیەم ئیدارەی ڕاستەوخۆی بریتانی لە ناوچەی سلێمانی دەستی پێکرد. ئەم ئیدارەیە تا 7ی ئازاری 1925 درێژەی کێشاو دواتر ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ کرایە یەکەم موتەسەریفی لیوای سلێمانی و لیواکەش وەک یەکێ لەلیواکانی سەر بەڕژێمی پاشایەتیی ئێراق مامەڵەی لەگەڵدا کرا .
ئامانجە جیۆستراتیجییەکانی بریتانیا پاش لکاندنی سلێمانی بەئێراقەوە
گرتنی شاری سلێمانی ئاماژەیە بۆ سەرکەوتنی بریتانیا لەدروستکردنی چوارچێوەیەکی سیاسی بۆ دەوڵەتێکی یەکگرتوو کە لەباکوردا لەزاگرۆسەوە دەست دەکاو لەباشووردا تا سەر کەنداو کۆتاییی دێ. ئەم چوارچێوەیە ولسن لەتشرینی دووەمی 1918ەوە بانگەشەی بۆ کردبوو، کاتێک باسی ئەوەی کرد کەویلایەتەکانی بەسرەو بەغداو موسل دەبێ لەڕوی ئیدارییەوە یەک یەکدیان لێ پێک بێت. دیارە بریتانیا سەرکەوتوو بووە.لەدروست بەغداو موسل دەبێ لەڕوی ئیدارییەوە یەک یەکەیان لێ پێک بێت. دیارە بریتانیا سەرکەوتوو بووە.لەدروست کردنی قەوارەیەکی سیاسی کە بەپێی سیستمی ماندێت سەر بەبریتانیا بووەو بەمەش بریتانیا دەستی کراوە بوو بۆ سودوەرگرتن لەبەهرەکانی هەڵکەوتی جوگرافی بۆ وەدی هێنانی ئامانجە ستراتیجی و جیۆستراتیجییەکانی خۆی. لەناوبردنی دوایین کوانوی بەرگریی کوردو نەهێشتنی هەوڵی کورد بۆ خۆجیاکردنەوە لەئێراق، ئاسۆیەکی بەرینی بەڕوی بریتانیاوە کردەوە بۆ وەدەست هێنانی ئەم ئامانجانەی کەدەمێک بوو هەوڵی وەدەست هێنانیانی دەدا. ئەگەرچی بریتانیا شێوەو تاکتیکەکانی وەدەست هێنانی ئەو ئامانجانە زۆر دەستکاری کرد چونکە لەکۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهانەوە زۆر کێشەو ئاڵۆزیی هاتە پێش بەڵام ئامانجە سەرەکییەکان وەکو خۆیان مانەوەو گۆڕانیان بەسەردا نەهات.
پاش ئەوەی بریتانیا دەستی بەسەر هەمو بەشەکانی میسۆپۆتامیادا گرت (بە کوردستانی باشووریشەوە) کۆنترۆل کردنی کەنداوی فارسی مسۆگەر کردو تورکیاشی ناچار کرد ڕازی بەوەی کەچیا بڵندەکانی کوردستان ببنە ناوچەی کێشانی سنور لەگەڵا ئێراقدا. جارێ کەمتر لەپێنج مانگ بەسەر کۆنترۆل کردنی سلێمانیدا تێپەڕی بوو، کاتێک کۆمەڵەی گەلان بڕیاریدا ویلایەتی موسل بەئێراقەوە بلکێنێ. ئیدی بەهۆی ئەمەوە هەڕەشەی تورکیا لەسەر بەغداو بەسرەو کەنداو نەما. پاش ئەوەی بریتانیا کۆنترۆلی دەوڵەتی ئێراقی کرد، پاراستنی کێڵگە نەوتەکانی خۆزستان ئێرانی مسۆگەر کرد. ئەو کێڵگە نەوتانە پێش هەڵایسانی شەڕ بەچەند ساڵێک کۆمپانیا ئینگلیزییەکان دەستیان بەدۆشینیان کردبوو. جگە لەوە کۆنترۆڵا کردنی دەوڵەتە تازەکەی ئێراق لەلایەن بریتانیاوە بەو مانایە دەهات کەئیدی قەوارەیەک دروست کراوە کەهەندێ لەسیاسەتمەدارانی بریتانیا بانگەشەیان دەکرد لەوێوە پشتێنەیەک دروست بکرێ بۆ پاراستنی سنوری ڕۆژئاوای هندستان.
بەرژەوەندییە جیۆستراتیجییەکانی تر کەپاش لکاندنی سلێمانی بەئێراقەوە بریتانیا توانی بۆ خۆی دابینیان بکات لەوەدا بوون کەئیدی توانی دەست بەسەر سامانی پەترۆلی زۆرو زەوەندیکوردستاندا بگرێت و لەم بوارەدا بریتانیا ڕازی بوو بەشی ئەڵمانیا لەو نەوتە بدات بەفەرەنسا. پاش لوزان بریتانیا ناچار بوو مل بۆ گوشارەکانی ئەمریکا بنێت، بۆیە ڕازی بوو بەسەلماندنی بەشێک بەقەد بەشی فەرەنسا لەنەوتەکە بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان.
ئاشکرایە کەناچارکردنی ئێراق بۆ نیشاندانی ڕەزامەندی لەسەر پەیمانی ئێراق- بریتانیا یەکێک بوو لەئامانجەکانی بریتانیا کەویستی بەیاری کردن بەکاری ویلایەتی موسل بیهێنێتە دی. ئەگەر ناوچەی سلێمانی لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی بمایەتەوە، تەنانەت ئەگەر تورکیاش بەشێوەیەکی فەرمی دەستی لەویلایەتی موسل هەڵبگرتایە، لەوانەیە کێشەی ویلایەتەکە بەبێ چارەسەر بمایەتەوە. لەبەر ئەوە ڕۆڵی بنچینەیی و یەکلاکەرەوەی بریتانیا نەهێشتنی بەرگریی کورد بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی و دوا بەدوای ئەمە سەرکەوتنی بریتانیا لەهاندانی کۆمەڵەی گەلان بۆ دەرکردنی بڕیاری لکاندنی ویلایەتی موسل بەئێراقەوە، بووە.مایەی پتەوترکردنی پێگەی بریتانیا لەناچارکردنی حکومەتی ئێراق و پەرلەمانەکەی (ئەنجومەنی ئەعیان) بۆ پەسندکردنی پەیمانەکە لە 18ی شوباتی 1926دا. بەمەش بریتانیا لە ڕێی بەکارهێنانی کارتی کوردەوە ئامانجێکی تری خۆی لەئێراق وەدەست هێنا.
لەهەوڵێکدا لەلایەن بریتانیاوە بۆ چاوبەستەکی و نیشاندانی ئەوەی کە ئەو لەو پەیمان و بەڵێنانەی کە لەکاتی ساڵانی جەنگ و پاش ئەو جەنگە داویەتی بە کورد، بەهیچ شێوەیەک پەشیمان نەبۆتەوە، بریتانیا یاداشتێکی بۆ کۆمەڵەی گەلان نارد تێدا پابەندبوونی خۆی بەبەڵێنەکانی بەرانبەر بە کورد ڕون کردۆتەوە.
یاداشتەکە کەڕۆژی 2ی ئازاری 1926 نێردراوە باسی ئەوەی تێدا کراوە کەڕێژەیەکی زۆری کورد کار لەوەزارەتەکانی دارایی و ناوخۆو داد لە ناوچە کوردنشین و ناکوردنشینەکان کار دەکەن و کوردیش بەشی لە حکومەتی ناوەندیدا هەیە: لەکۆی 20 ئەندامی ئەنجومەنی ئەعیان دووانیان کوردە، لەکۆی 88 پەرلەمانتار 14 پەرلەمانتار کوردەو لە حکومەتیش دوو وەزیری کورد هەیە، جگە لەڕێژەیەکی بەرزی کورد لەدەزگاکانی پۆلیس و سوپادا .
ئەم بەڕوکەش بەشدارییەی کورد لەدەزگاکانی دەوڵەتی ئێراقدا کە بەهیچ چەشنێک لەگەڵا قەوارەی دیموگرافیی گەلی کورددا نەدەگونجا، بەراورد ناکرێ لەگەڵا مافی گەلی کورد لەدیاری کردنی چارەنوسی خۆی لەکوردستانی باشوورداو تەنانەت ئەو بەشدارییەی کوردیش لەدەزگاکانی یاسادانان و ڕاپەڕاندندا شتێکی مسۆگەرو دەستەبەر نەبو چونکە تەنیا ڕژێمە دیموکراتە ڕاستەقینەکان دەتوانن گەرەنتیی ئەو مافانە بکەن لەچوارچێوەی دەوڵەتێکی فرە ڕەگەزو نەتەوەی وەکو ئێراقدا. دەوڵەتی ئێراقیش لەساڵەکانی بیستی سەدەی ڕابردودا لەو جۆرە دەوڵەتە دیموکراتانە نەبو. لەبەرئەوە بەشداربوونی کورد لەدەزگاکانی دەوڵەتی ئێراقدا تا دەهات تەنگەبەرتر دەبوو، بەتایبەتی چەند لە ساڵی 2003 نزیک دەبینەوە.
هەڵسوکەوتی سەرکوتکەرانەی بریتانیاو ئومێدی کورد بەسەربەخۆیی
ئەگەرچی بریتانیا بەپەنا بردنە بەر سیاسەتی بەکارهێنانی هێز لەو کاتانەی کەهەستی کردوە بەڕێوشوێنێکی ئاشتییانەو بەدیالۆگ و دانوستان ئامانجە سیاسی و جیۆستراتیجییەکانی خۆی پێ نایەتە دی، توانیویەتی ڕاپەڕین و بەرگریی کورد لەکوردستانی باشوور سەرکوت بکات، لەراپەڕینی خێڵی گۆیانەوە تا پێکادانەکانی لەگەڵا بارزانی و زێبارییەکان و شەڕەکانی لەئامێدی و ڕەواندزو گەرمیان و هەورامان و لەکۆتاییشدا تا خاشەبڕکردنی بزووتنەوەکەی شێخ مەحمود لەسلێمانی و ئەگەرچی بریتانیا سەرکەوتوو بوو لەپارچە پارچە کردنی کوردستان و دابەشکردنی دانیشتوانەکەی بەسەر چوار دەوڵەتانداو ناساندنی پرسەکەیان وەک کێشەی کەمینەی تایبەت بەهەر یەکێ لەچوار دەوڵەتەکە بەو جۆرەی کەڕێککەوتننامەی لوزان بڕیاری لەسەر دابوو و هەروەها لەئەنجامی ساتوسەودای دوقۆڵیی نێوان بریتانیاو هەر یەک لە حکومەتەکانی ئەنکەرەو بەغدادو تاران، بەڵام ئەم سیاسەتە نەیتوانی گیانی ئومێد لەناخ و دەرونی مرۆی کورد لەهەمو پارچەکانی کوردستان دابمرکێنیتەوە.
هەر بۆ بەڵگە، کاتێک ڕۆژنامەوانی بەڕەگەز ئەڵمان گوتفرید موللەر بەدزییەوە لەبەغدا چاوی بەشێخ مەحمود کەوت، ئەویش پاش دە ساڵا لەخامۆش کردنی کڵپەی سێیەمین هەوڵی بۆ وەدەست هێنانی خویبوون، دەبینین شێخ مەحمود ڕازی دڵی خۆی بۆ ئەو ڕۆژنامەوانە دەکاتەوەو لەو چاوپێکەوتنەدا کە لەهاوینی ساڵی 1934 ساز کرا باسی پلانەکانی خۆی بۆ دەکات سەبارەت بەچارەنوسی کوردستان. لەو چاوپێکەوتنەدا شێخ مەحمود بەموللەری گوتبو کە ئەو چاوەڕێی ئەوە لە حکومەتی عەرەب (واتە حکومەتی ئێراق) ناکا بەڵێنی خۆی کەداویەتی بە کورد جێبەجێ بکات، بۆیە ئەویش (واتە شێخ مەحمود) ناتوانێ بۆ هەتا هەتایە دەستەوەستان ڕابووە.تێت و هیچ نەکات و بەنیازیشە بەغدا بەجێ بێڵێ و ئەوسا ( (ئیتر شۆڕشێکی سەرتاسەری ڕادەگەیەنم و ئەوسا هەمو خەڵکی بەشەرەف و شەڕکەری بەتوانا لەدەورم کۆ دەبنەوەو شەڕێکی گشتگیر لەدژی دوژمنەکانمان هەڵدەگیرسێنین و گەلەکەم لەفارس و تورک و ڕوس و ئێراق ڕزگار دەکەم. ئیتر ئەوسا جارێکی تر چوارو نیو ملیۆن کورد بەیەکتری شاد دەبنەوەو کوردستانێکی ئازادو سەربەخۆ پێک دێنین)) .
=KTML_Bold=سەرچاوەکان:=KTML_End=
Lawrence James, The Rise and Fall of the British Empire, London, WC2E 7EN, 2000, PP.402-403.
سی. جی. ادموندز، کرد وترک وعرب، ص 300-301.
Salah Ransdan Songel, Turkish Kemal and the Turkish national movement. SACE Studies 20 th Century, Volum. 3. 1975, p.185.
فاچل حسین، مشکلە الموصل، الگبعە الپالپە، بغداد، 1977، ص 29.
Salah Ramsdan Songel, OP.cit. p. 192.
فۆاد حمە خورشید، القچیە الکردیە فی المۆتمرات الدولیە، مۆسسە موکریانی للگباعە والنشر، اربیل، 2001، ص 77.
فاضل حسین، المصدر السابق، ص 31.
حامد محمود عیسی، القچیە الکردیە فی ترکیا، مکتبە مدبولی، القاهرە، 2002، ص 180.
Mehrdad R. Izady, The Kurds- Concise Handbook, London, 1992, p.1.
حامد محمود عیسی، المصدر السابق، ص 180-181.
A. H. Haurani, Minorites in the Arab World. Oxford university press, London, New York, 1947, p. 97.
ڕوبرت اولسن، المسألە الکردیە فی العلاقات الترکیە- الایرانییە، ترجمە محمد احسان، اربیل، 2001، ص 20-21.
Mehrdad R. Izady. Op. cit. p. 61.
کامەران محەمەد ئەمین مەنتک، کوردستان لەنێوان ململانێی نێودەوڵەتی و ناوچەیدا، سلێمانی، 2000، ل 156-157.
سی. جی. ادموندز، المصدر السابق، ص 357.
فاچل حسین، المصدر السابق، ص 39.
Christopher Catherwood, Winston s Folly, Imperialism and the creation of Modern Iraq, USA, 2004, p. 102-103.
حامد محمود عیسی، المصدر السابق، ص 182.
کەندال و چەند نوسەرێکی تر، گەلێکی پەژموردەو نیشتمانێکی پەرت، وەرگێڕانی گۆمەیی و حەوزێز، سوید، 1998، ل 131.
Bernard Lewis, The emergence of modern Turkey, 2 nd edition, London, 1961, pp. 254-255.
محمد عزت دروزە، ترکیا الحدیپە، مگبعە الکشاف، 1946، بیروت، ص 58-59.
Feroz Ahmed, The Making of Modern Turkey, London, New York,1993.p.66.
اللجنە الاستشاریە فی وزارە الخارجیە، دراسە حول امریکا والغرب والقچیە الکردیە فی العراق وترکیا وایران، القسم الانکلیزی من الدراسە، بدون مکان وسنە الگبع، ص 171.
فاچل حسین، المصدر السابق، ص 36.
کەندال، سەرچاوەی پێشو، ل 109.
فاچل حسین، المصدر السابق، ص 38-39.
Salah Ramsdam Songel, Op. cit.p.194.
عپمان علی، دراسات فی الحرکە الکردیە المعاصرە (1833-1946)، مگبعە وزارە الپقافە، اربیل، 2003، ص455.
تقریر لجنە عصبە الامم الخاصە بالتحقیق فی مشکلە الموصل، بدون ژکر اسم المترجم او مکان و سنە الگبع، ص 3.
فۆاد حمە خورشید وجزا توفیق گالب، مۆتمر لوزان مۆتمر تقسیم کردستان، مجلە جامعە السلیمانییە، العدد3، 2000، ص 15.
جرجیس فتح الله، یقڤە الکرد، دار اراس، اربیل، 2002، ص258.
ڕەفیق حیلمی، یاداشت، چاپی سێیەم، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، 2003، ل 363.
سدیق ساڵح، حکومەتی کوردستان لەسلێمانی (1918-1924)، سلێمانی، 2003، ل80.
ڕەفیق حیلمی، یاداشت، چاپی ئەمیندارێتیی گشتی، بەشی یەکەم، ل 118.
سدیق ساڵح، سەرچاوەی پێشو، ل 79-80.
عپمان علی، المصدر السابق، ص 432.
سی، جی، ادموندز، المصدر السابق، ص 224.
فاچل حسین، المصدر السابق، ص 47-48.
کەمال مەزهەر، چەند لاپەڕەیەک لەمێژوی کورد، بەرگی 2، هەولێر2001، ل 42.
عبدالعزیز یاملکی، کشف القناع عن بعچ الوقائع العراقیە، دار المعرفە، بغداد، 1957، ص 13.
سدیق ساڵح، هەمان سەرچاوە، ل 89.
فاچل حسین، المصدر السابق، ص 178-179.
بۆ زانیاریی زۆرتر دەربارەی ئەم چاوپێکەوتنە سەرنجڕاکێشە، بچۆرەوە سەر:
Gottfried Gohns Muller. Einbruch ins Verschlaffene Kurdistan. Druch. Schrift. Verlaghaus. G.M.B.H. Stuttgard. [1]