#عادل باخەوان#
ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنە گەورەکەیە لە ئەمریکا. ئیدارەکەی جۆ بایدن دەیویست باوەڕ بە ئەمریکییەکان و هەموو جیهان بهێنێت بەوەی کە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئارامتر و سەقامگیرترە، بە ڕادەیەک کە تەنانەت پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و عەرەبی سعودیەش ئاسایی دەبنەوە، بەڵام لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە، هەموو جیهان بە گشتی و ئەمریکییەکان بەتایبەتیی تێگەیشتن لەوەی کە ئیدارەکەی بایدن باسی لە سەرابێکی فراوان کردووە نەک واقیعێکی کۆنکرێتی!
ئیدارەی دیموکراتەکان کە دەیویست چیتر لە قوڕاوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕستدا نەچەقێت و دەست بە وەهمەکانییەوە بگرێت، وەهمی دانووستانی سەرکەوتوو لەگەڵ ئێراندا، وەهمی کۆنترۆڵکردنی میلیشیاکان لە ئێراقدا، وەهمی پەراوێزخستنی پرسی فەلەستینی و چەندین وەهمی دیکە، دیسانەوە، ڕێک وەک 2014 کاتێک کە #داعش# موسڵی داگیرکرد، بەناچاری دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پشتیوانی بێ قەید و شەرتی خۆی بۆ ئیسرائیل دووپاتدەکاتەوە و بە تووندی هەڕەشە لە حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی دیکەی سووریا و ئێراق دەکات کە وریابن لە سیستمی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ڕووداوەکاندا.
ڕەنگە بە درێژایی تەمەنی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن، هێندەی ئەم چەند ڕۆژە کاتی بە تەلەفۆنکردنەوە بەسەر نەبردبێت. هەر لە مەحموود عەباسەوە تاوەکوو دەگاتە بن زاید، بن سەلمان، بن حەمەد، مارشاڵ سیسی، ئەردۆغان و تەنانەت لوبنانییەکان و ئەو ناوەندانەش کە لە سووریا و ئێرانەوە نزیکن، پەیوەندیی پێوەکردوون. ئەنتۆنی بلینکن لەلایەکەوە دەیەوێت قەناعەتیان پێ بکات کە سەرکۆنەی ئەو پەلاماردانەی حەماس بکەن و لەلایەکی دیکەشەوە دەیەوێت دەستێوەردان بکەن بۆ ئەوەی جەنگەکە تەنیاوتەنیا لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا بمێنێتەوە و هیچ گرووپ و لایەنی دیکە نەیەنە سەر هێڵ.
لێرەوە و جارێکی دیکە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئیدارەی دیموکراتەکان ناچار دەکەن بە مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو لایەکدا و گەڕانەوە بۆ هەموولایەک، با ئەو لایەنانەش لە چاوی ئەواندا خودی شەیتانیش بن.
باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە کۆی ڕەخنەکان لە حکومەتەکەی بنیامین ناتەنیاهوو کۆتاییان پێدێت و چیتر باس لە پڕۆژە نادیموکراتییەکانی و ڕیفۆرمی نادرووستی سیستمی دادوەری و ستراتیژییە هەڵەکانی ناکرێت، تاکە شتێک باس دەکرێت و ڕووناکی دەخرێتە سەر، بریتییە لە پشتیوانیی بێ قەید و شەرت و هاوکارێکردنی ئیسرائیل بۆ سەرکەوتن لەم تاقیکردنەوەیەدا. کاتێک کەشتییەکە نوقم دەبێت، پرسیار لەوە ناکەن کێ بەرپرسیارە لە شکستەکان، بەڵکوو هەموویان پێکەوە کۆدەبنەوە بۆ ڕزگارکردنی و دواتر کیتاب و حساب دەست پێ دەکات. هەر لێرەوەیە کە سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری بە هەموو لایەک دەدات و دەڵێت: هەر دوژمنێکی ئیسرائیل ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ سوودوەرگرتن، بەدڵنیاییەوە باجی قورس دەدات.
بێگومان پشتیوانیی ئەمریکا تەنیا قسە نییە، بەڵکوو دۆخێکی کۆنکرێتیشی هەیە و لە دوێنێوە USS Gerald-Ford کە یەکێکە لە کەشتییە هەرە گەورە فڕۆکەهەڵگرەکان لە جیهان، دەریای سپی نێوەڕاست تەی دەکات و ڕێگەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتووەتەبەر. ئەرکی ئەو بنکە سەربازییەی نێودەریا، بریتییە لە پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل لە کاتی پێویستدا لەلایەک و چاودێریکردنی جموجوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەکی دیکەوە، چونکە هەر دەستێوەردانێکی ڕاستوخۆی ئێران، دەکرێت تەواوی یاساکانی یارییەکە بگۆڕێت.
بەدیوێکی دیکەدا و سەرەڕای هەموو جیاوازی و بەریەکێکەوتن و لێکدابڕانەکان لەنێوان کۆماریەکان و دیموکراتەکاندا، ئیدارەی جۆ بادین لە بەردەم کۆدەنگییەکی نیشتمانیدایە سەبارەت بە بەرگریکردن و پشتیوانیی سەربازی لە ئیسرائیل. ئەم کۆدەنگییە دۆخێکی ئێجگار ناوەزەیە و زۆر دەگمەنن ئەو پرسانەی کە درووستی دەکەن، بۆ نموونە جەنگی ئۆکراینا نەیتوانی ئەم کۆدەنگییە لەنێو ئەمریکییەکاندا درووستبکات و ژمارەی ئەو کۆمارییانەی کە داوای پشتکردن لە ئۆکرانیا دەکەن کەم نین. واتە لە بەردەم کۆدەنگییەکی لەم جۆرەدا، چیتر بایدن ناتوانێت بەخێرایی نەجوڵێتەوە و بەرنامەیەکی ڕوونی پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل پێشنیاز نەکات.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، تراژیدیای ئیدارەکەی بایدن لەوەدایە کە زیاتر لە دوو ساڵە دەیەوێت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کێشەکانی هەڵبێت و خۆی یەکلاییبکاتەوە بۆ ئیدارەکردنی قەیرانەکانی لەگەڵ چیندا. ئێستا کە دێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، متمانەی خۆی لەدەستداوە. سعودییەکان کە هاوپەیمانی هەمیشەییان بوون بە گومانەوە لێیان دەڕوانن. میسری مارشال سیسی خراپترین پەیوەندی لەگەڵ بایدن و ئیدارەکەیدا هەیە. تورکیای ئەردۆغان بە چاویلکەی ڕەشەوە نەبێت ئەمریکای بایدن نابینێت و ناکۆکییەکانیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فراوانتر دەبن، واتە جۆ بادین بۆ ڕۆژهەڵاتێکی نێوەڕاست دەگەڕێتەوە کە یەکدیان تەڵاقداوە و ئەمەش بەهیچ شێوەیەک کارئاسانی بۆ ناکات. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=