=KTML_Bold=ئەودیوی مشتومڕی سەر گوتەکانی قاسم شەشۆ=KTML_End=
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
چەند رۆژێک بەسەر ئەو مشتومڕەدا تێپەڕدەبێت کە سەبارەت بە گوتەکانی قاسم شەشۆ وەک یەکێک لە سەرکردە سەربازییەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی لەبارەی ئایینی ئیسلام دروستبووە. سەرەڕای ئەوەی کە ئێستا گرژییەکان کەمیان کردووە، دەکرێ بێژین ئەوە تەنیا پرسی ناکۆکییەکی ئایینی - کۆمەڵایەتی نییە و رەهەندێکی قووڵتری هەیە کە دەشێ پەیوەندی بە شەقبردنی زیاتری هێڵەکانی ململانێ لە جیۆپۆلەتیکی نێوخۆیی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەبێت.
#داعش# لە ئابی 2014 دا #شنگال#ی گرت و شەشۆ یەکێک لەو فەرماندانەی پێشمەرگە بوو کە تا ساتی رزگارکردنی ئەوێ لە 13ی نۆڤێمبەری 2015، لە چیای شنگال مابوونەوە و شەڕیان کردبوو. نیسانی 2017 بۆ لێکۆڵینەوەیەک چووبوومە شنگال و لە مەزارگەی شەرفەدین شەشۆم بینیبوو. لەو کاتانەدا شانازیی پێشمەرگەیەکی ئازات لە رووخساری دەخوێندەوە کە دەیویست بڵێ من بەرگریم کردووە و لە کاتی داعشیش لێرە ماومەتەوە. ئێستاش وەک کەسێکی دژە ئیسلام وێنا کراوە کە هەستی زۆرێک لە باوەڕدارانی کوردی موسڵمانی بریندار کردووە. لە راستیدا لەو کاتانەدا کە من بینیبووم وەک بڵێی وشەکانی خۆی بژمێرێ قسەی دەکرد، بۆ ئەوەی کە روانگەی دژە داعشی ئەو وەک شتێکی دژە ئیسلامی وێنا نەکرێت. سەیری ئەو ڤیدیۆیەشم کرد کە هەراکەی لێکەوتووەتەوە و لە 3ی 8ی ئەم ساڵدا لە یادی کارەساتی شنگالدا تۆمارکراوە. بەگشتی باس لە مەترسیی ئازادکردنی ئەندامانی داعش لەسەر ئێزدییەکان دەکات و داوا دەکات کە خەڵک چەکی قورس بۆ خۆیان بکڕن، چونکە بە گوتەی خۆی، هێشتا ئەگەری فەرمان و کارەساتی دیکە هەیە. ئەگەر هەموو قسەکانی پێکەوە سەیر بکرێت و ئەوەش بزاندرێت کە زمانی کوردی لە شنگال هەروا بە شێوەیەکی سەرەتایی ماوەتەوە و وەکو کوردی لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان گەشەی نەکردووە کە شێوازی گوزارشتکردنەکانی روونتر بێت، ئەوسا رەنگە کاردانەوەکان بەو جۆرە نەبوایەن کە روویاندا. هەڵبەت داڕشتنی نابەرپرسیارانەی بەشێک لە میدیاش رۆڵی گرنگی لەمەدا گێڕا.
ئێزدییەکان دەمێکی درێژە هەست بە مەترسیی مانەوە دەکەن و ئەوەش ریشەی لە رووداوە ئەمڕۆییەکان و رووداوە مێژووییەکانیشدا هەیە. تەنیا لە ئەم ساڵدا بەغدا نزیکەی 9535 کەسی لە کەسوکاری داعشە عێراقییەکانی کەمپی هۆل گەڕاندۆتەوە کە سەرەتا دەبردرێنە کەمپێکی گواستنەوە لە گوندی جەدعەی گەیارە. هەرچەند ئەم شوێنە زیاتر لە 140 کیلۆمەترێک لە شنگالەوە دوورە، بەڵام ئەم پرۆسەی گەڕاندنەوەیە کە لەوانەیە بۆ نزیکەی 18000 عێراقی دیکەی ناو کەمپی هۆلیش بەردەوام بێت، ترسێکی لای ئێزدییەکان دروست کردووە. یاسای لێبوردنی گشتی کە داواکاری سوننەکانە لەگەڵ بەردانی نزیکەی 200 شەڕکەری داعش لە سووریاش لەو دواییانەدا ئەو ترسەی بۆ ئەوان زیاتر کردووە. ترسی لەناوچوون بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی پاشخانێکی مێژوویی درێژیشی هەیە. بەشێکی زۆر لە فەرمانەکانی سەر ئێزدییەکان بەدەستی عەرەب، تورک و کوردە سوننییەکان کراوە. وەک لازارێف باسی دەکات تەنیا لە سەردەمی عوسمانیدا نزیکەی 20 لەشکرکێشی بۆ شنگال کراوە. ئەم دۆخە لە یادگەی بەکۆمەڵی ئێزدییەکاندا هەر ماوە و لەگەڵ رووداوەکاندا بەرهەمدەهێنرێتەوە. لەبەرئەوە، وشەی کورد لەلای بەشێک لە ئێزدییەکان پانتایی پێناسەکردنی ناسنامەی بەکۆمەڵیان لەگەڵ هاونەژادە موسڵمانەکانیان ناگرێتەوە کە بەیەک زمان قسەدەکەن و لەیەک تێدەگەن. ئەوان پێیان وایە هاوزمانە موسڵمانەکانیان، ئەوانەن کە لە بەشێکی زۆر لە فەرمانەکاندا دەستیان هەبووە و تەنانەت هاوکاری تورک و عەرەبە سوننەکانیان کردووە و کوشتاری ئێزدییەکان! ئەمەش قەڵشێکی گەورەی لە ناسنامەی ئایینی و ئەتنی ئەواندا دروستکردووە کە لەڕێی جەختکردنەوەیان لە ناسنامەی ئایینی خۆیان روونتر دەردەکەوێت. زۆرجار گوێت لەوە دەبێت کە هەندێکیان دەڵێن ئێمە نە عەرەبین نە کورد بەڵکو ئێزدین و ئەمەش لەو پاشخانەوە سەرچاوەی گرتووە.
بێشک هەڵتەکاندنی ناسنامەی ئەتنی ئێزدییەکان و تۆخکردنەوەی ناسنامە ئاینییەکەیان تەنیا پەیوەندی بە ترسی مانەوەی ئەوانەوە نییە، بەڵکو بابەتێکە کە بە کەڵکی ململانێ سیاسییەکانی ناوخۆی کوردستان و عێراقیش هاتووە. لە ئاستی ناوخۆیی کوردیدا بەشێوەی سەرەکی هێڵی #پەکەکە# و پارتی و تا ئەندازەیەکی کەمتریش یەکێتی لەبارەی ناسنامەی ئێزدییەکانەوە بەریەک دەکەون. پارتی لەڕێی زەقکردنەوەی رەچەڵەکی ئەتنی ئێزدییەکانەوە دەیەوێ کاریگەرییەکانی خۆی لە شنگال بپارێزێ. بۆ هەرێمی کوردستان شنگال سووچی سەرووی کەوانەیەکی جوگرافییە کە دەتوانێ لە ملی باکووری رۆژئاواوە لە بەرامبەر هەرجۆرە شەپۆلێکی فراوانخوازی دژە کوردی بەکەڵک بێت. لەلایەکی دیکەوە پەکەکەش لە ئاراستەیەکی پێچەوانەدا زیاتر حەز بە وێناکردنی ئێزدییەکانە وەک کەمینەیەکی ئایینی جیاواز دەکات، چونکە پێویستی بەوەیە کە گوتارەکەی لە دژی گوتاری پارتی بێت بۆ ئەوەی دەرفەتی شوێنکردنەوەی خۆی لەنێو کۆمەڵگەی ئێزدییەکان بەدەستبهێنێت. لەڕووی جیۆستراتیژییەوە شنگال بۆ پەکەکە رێڕەوی گەیشتنە بە رۆژئاوا، لەبەرامبەریشدا تورکیا زیاتر لە دەرچەیەکی ئاسایشییەوە وەک هەڕەشەی #قەندیل#ی دووەم تەماشای دەکات.
بۆ عێراق قەڵایەکی سەربازییە بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی سنووری نێوان خۆی و سووریا، داعش و ئاسایشی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان. شنگال دەکەوێتە بەشی باکووری رۆژئاوای هەرێمی کوردستان و ناوچەیەکی گرنگی جوگرافییە لەنێوان هەردوو رووباری دیجلە و فورات. لە ملی باکوورەوە پارێزگای موسڵ و #حەسەکە# پێکەوە دەلکێنێ و لە باشووری رۆژئاواوە بە ناوچەی سوننەنشینی عێراق و لە باشووری رۆژهەڵاتیشەوە دەگاتەوە تەلەعفەر. نزیکەی 120 کیلۆمەتر لە موسڵ دوورە و دەشتی پڕ بەرەکەتی بۆ کشتوکاڵ و بەخێوکردنی مەڕوماڵات لە نزیک ئاوی دیجلە هەیە. زەقکردنەوەی ناسنامەی ئایینی ئێزدی لە جیاتی لە رەگەزە ئەتنییەکەیان دەرفەتێکی بێ وێنە بە بەغدا دەدات کە لە ماوەی درێژخایەندا قەڵایەکی گرنگ لە ناوچەکی پڕ لە سوننە و هەرێمێکی جیۆستراتیژی وڵاتدا دروست بکات. ناوچەکانی بەری باکووری چیای شنگال(شیمال) واتە ناحیەی سنوونێ و کۆمەڵگە و گوندەکانی دەورووبەری لەگەڵ ناوچەکانی بەری باشوور (قبلەتێ) کە شنگال و کۆمەڵگە و گوندەکانی دەوروبەری لەگەڵ ناحیەی گرعزێر (قەحتانییە) لە بەعاج بە زۆری کوردی ئێزدین. هەبوونی نفوسێکی جیاوازی وەک کوردی ئێزدی لە پارێزگای موسڵ بۆ بەغدا بایەخێکی لە رادەبەدەری هەیە و لەوانەیە یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی ئەو بایەخپێدانەی ئێستای حکومەتیش بە پرسی ئێزدییەکانیش ئەوە بێت.
بۆ گرووپەکانی میحوەری موقاوەمەش چیای شنگال بنکەیەکی سەربازی گرنگە بۆ کۆنترۆڵی رێڕەوەکان، درۆن و شەڕە گریمانییەکانی داهاتوو. دەشتەکانی بەری باشووری شنگال(قبلەتێ)، تاوەکو چاوبڕ بکات درێژ دەبنەوە و چیای شنگالیش بە بەرزاییەک لە دەوری 1400مەتر، دیمەنی تۆپۆگرافیی ئەم ناوچەیەی لە دەوروبەرەکەی جیاکردووەتەوە و بەسەر بیابانەکانی عێراق و سووریادا زاڵە. ئەم چیایە بە درێژایی 75 کیلۆمەتر بەرەو سووریا و رۆژئاوا هەڵدەکشێت و لە قوڵاییەکانیدا جێگەی خۆی دەکاتەوە. پانیی سەر چیا لە هەندێک شوێندا دەگاتە نزیکەی 17 کیلۆمەتر و بەوەش ناوچەیەکی تەخت لەسەر چیا پێکدەهێنێت کە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە خۆیان بە #سەردەشت# ناوی دەبەن. ئەو تایبەتمەندییانەش لەڕووی سەربازییەوە بۆ هەڵدانی و کۆنترۆڵی درۆن، تەقاندنی مووشەک بایەخی زۆری بۆ ئەکتەرە جیاوازەکان لەڕووی ستراتیژی بەرگری و هێرشەوە هەیە. بۆ نموونە ئەگەر مووشەک یان درۆن لە شوێنێکی وەک شنگالەوە بگیردرێتە ئیسرائیل، تەقریبەن بە دووریی 700 - 800 کیلۆمەترەوە بە نیوەی ئەو کاتە دەگات کە لە شوێنیکی وەک ئێران یان لە یەمەنەوە بتەقێندرێت. ئا لەبەر ئەوەیە کە چارەنووسی شنگال نەک تەنیا بۆ ئەکتەرە ناوخۆییەکان بەڵکو بۆ گەلێک ئەکتەری ناوچەیی و نێودەوڵەتیش گرنگە. هەر ئەوەش وایکرد کە رێککەوتنی ساڵی 2020ی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ ئیدارەی ئەو ناوچەیە هێشتا لەسەر کاخەز بمێنێتەوە و جێبەجێ نەکرێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەش کە باسکرا، دەردەکەوێت کە چۆنچۆنی زیادبوونی ناکۆکییەکانی نێوان کوردانی موسڵمان و کوردانی ئێزدی دەتوانێت بەکەڵکی ناکۆکی و ململانێیەکی گەورەتری جیۆسیاسی بێت لەم ناوچەیە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=