=KTML_Bold=قاسم #سلێمانی# و مەکگورک و چارەنووسی عێراق=KTML_End=
#نەوزاد هێتوتی#
هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی عێراق لە زۆر رووەوە جیاواز بوو لەچاو هەڵبژاردنەکانی پێشوو، لەلایەک دابەشبوونێکی گەورە لە نێوان پێکهاتەکان و تەنانەت لەناو خودی یەک پێکهاتەدا روویداوە. لەلایەکیش هیچ قەوارە و هاوپەیمانییەک نەیتوانیوە هاوشێوەی جاران رێژەیەکی بەرچاوی کورسییەکان بباتەوە، بەشێوەیەک کە رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبێت لە پێکهێنانی حکومەتدا. لیستی عەبادی کە حکومەت و دەسەڵاتی بەدەستەوە بووە و لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرا، بە پێچەوانەی زۆربەی پێشبینییەکان لە دوای لیستی سەدر و فەتحی هادی عامری لە ریزی سێیەم دێت.
لە هەموویان گرنگتر ئەوەیە، ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدایە کە عێراق و ناوچەکە لەبەردەم تەحەدای گەورەدان. بەتایبەتی دوای شکستی #داعش# ، ئێران و ئەمریکا کە دوو گەمەکەری هەرە سەرەکین لە عێراقدا، ململانێی نێوانیان توندتر و بەهێزتر بووە، بێگومان ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتی ئایندە دەبێت.
ئێستا برێت مەکگورک و قاسم سلێمانی کە دوو ئەکتەری سیاسی بەهێزن و هەڵگری دوو پەیام و ئەجندای لێکجیاوازن، جموجوڵەکانیان بە ئاراستەی دروستکردنی کوتلەیەکی مەزنی پەرلەمانی بەشێوەیەک ببێتە هۆی لەدایکبوونی حکومەتێکی بەهێز، هاوپەیمان و نزیک لە خۆیان، چڕکردووەتەوە. لەم روانگەیەشەوە، ئێران و ئەمریکا بەهۆی شکستی ئەو لیستانەی لێیان نزیکن، ناچارن بە دوای دروستکردنی هاوپەیمانێتیدا بگەڕێن کە ئەمەش بێگومان بێ کێشە و گرفت نییە. بەهۆی ئەوەی بەرنامە و ئەجندای لیست و قەوارە سیاسییەکان زۆر لێکجیاوازن و ناکوکی مەزنی سیاسی، تایفی و نەتەوەیی باڵی بەسەر ئەم وڵاتەدا کێشاوە. لەلایەکی تریشەوە، لە دوای 2003 ، سەرەڕای ململانێ و هەڤڕکیی بەردەوامی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تارادەیەک لێکتێگەیشتنێکی رانەگەیەنراو هەبووە سەبارەت بە پۆستی سەرۆک وەزیران و دروستکردنی حکومەت.
بەڵام دوای هاتنی ترەمپ، پێدەچێت ئەگەری هەماهەنگی و تەوافوق لەنێوان ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق و دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی ئایندە، ئەگەرێکی زۆر لاواز بێت. بەتایبەت ئیدارەی ئێستای ئەمریکا سیاسەتێکی زۆر توندی هەمبەر ئێران گرتووەتە بەر و بە فاکتەری سەرەکی تێکدان و ناسەقامگێری و پاڵپشتیکردنی تیرۆری دادەنێت. ترەمپ داوای خۆڤەکێشان لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەل ئێران لە 8ی ئایار و ئاشکراکردنی دوایین ستراتیژی خۆی کە لەلایەن مایک پامپیۆ لە 21 ی ئایاری 2018 راگەیەنرا، جەخت لەسەر سنووردارکردن و رووبەڕووبوونەوەی هەژموون و فراوانخوازیی ئێران دەکات لە عێراق و تەواوی ناوچەکە و داواش لە ئێران دەکات رێز لە سەروەریی خاکی عێراق بگرێت و دەست لە کاروباری ناوخۆی وەرنەدات.
بۆیە ئێستا پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئەگەر ئەمریکا و ئێران لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو رێکنەکەون و سازش نەکەن، ئایا دەتوانرێت حکومەتی داهاتوو پێکبهێنرێت؟ ئایا دەتوانرێت حکومەتێک لە بەغدا دروست بکرێت بە تەواوەتی لە دەرەوەی کاریگەری و کارتێکردنی ئێران یان ئەمریکادا بێت؟ بژارە و ئەگەرەکانی بەردەم ئەمریکا و ئێران چی دەبن سەبارەت بە حکومەتی ئایندە؟
بێگومان لەحاڵەتی نەبوونی سازانی دوو لایەنی، تاڕادەیەک سەختە پێشبینی ئەوە بکرێت کە کام لایەن بە کۆکردنەوەی زۆرینەیەکی سیاسی، سەرکەوتوو دەبێ لە پێکهێنانی حکومەت. بەڵام لە حاڵەتێکی وەهادا، بژارەی بەردەم ئێران بەوشێوەیە دەبێت کە هەوڵ دەدات هەموو ئەو لایەنانەی لێی نزیکن (فەتح، دەوڵەتی یاسا، بەشێک لە لیستی نەسر، یەکێتی و بەشێک لە سوننەکان) گەورەترین کوتلەی ناو پەرلەمان دروست بکەن. بێگومان ئەمە یەکێکە لەو بژارانەی ئێستا قاسم سلێمانی هەوڵی بۆ دەدات. بەڵام ئەم سیناریۆیە بێ کێشە نییە، لە لایەک لەوانەیە ئێران نەتوانێت قەناعەت بە بەشێک لە لیستی نەسری سەر بە عەبادی بکات بۆ چوونە ناو ئەم هاوپەیمانییە. لەلایەکی تریشەوە ئەم سیاسەتەی ئێران رووبەڕووی کاردانەوەی توندی رەوتی سەدر دەبێتەوە کە لیستی یەکەمی هەڵبژاردنەکانە. بەدەر لەوەی رێککەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆک وەزیران ئەوەندە ئاسان نابێت.
بەپێچەوانەوە، ئەمریکا هەوڵ دەدات حکومەتێک دروست بکات کە کەمترین کاریگەریی ئێرانی بەسەرەوە بێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئەمریکا مەبەستیەتی، لیستەکانی عەبادی، حەکیم، سەدر، عەللاوی، نوجەیفی و پارتی لە یەک بەرەدا کۆبکاتەوە. بەڵام دیسان ئەم بژارەیە بۆ ئەمریکا ئەوەندە ئاسان نییە. لەلایەک لەوانەیە پارتی ئەمجارە بە ئاسانی نەچێتە ژێر باری سیاسەتی ئەمریکا، بەتایبەتی بەهۆی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر کە گەلەکۆمەیەکی گەورە لە کورد و پارتی کرا و ئەمریکا بێ هەڵوێست و دەستەوەستان بوو بەرامبەری و چاوی پۆشی لە هێرشی ئێران و میلیشیا شیعەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان. بۆیە بۆ رازیکردنی پارتی، دەبێت ئەمریکا پێشوەختە هەندێک هەنگاوی پراکتیکی بهاوێژێت و بەشێک لەو غەدرەی کە لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان لە کورد کراوە، راست بکاتەوە.
لەلایەکی تریشەوە، ئەمریکا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەدر نییە، لە دوای 2003 پێکدادانی خوێناوی لە نێوان هەردوو لا روویداوە و دەیان سەربازی ئەمریکی بەدەستی هێزەکانی سەدر کوژران. بۆیە ئەمریکا متمانەی زۆری بە سەدر نییە، بەتایبەتی هەڵوێستەکانی سەدر زۆر جێگیر نین و بەردەوام گۆڕانی بەسەردا دێت و بە ئاسانی سەنگەری خۆی دەگۆڕێت. هەروەها ئەگەر چی سەدر دژی دەستێوەردانی ئێرانە لە عێراقدا ، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دژی مانەوەی هێزی سەربازی ئەمریکایە لە عێراق.
بەڵام سەرەڕای ئەم هەڵوێستەی سەدر بەرامبەر ئەمریکا، هەندێک ناوەندی واشنتن باس لەوە دەکەن کە دەکرێت کار لەگەڵ رەوتی سەدر بکرێت، بەهۆی بوونی کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش لە نێوانیاندا. لەوانە هەردوو لایەن لەگەڵ ئەوەدان کە دەسەڵاتی ئێران لە عێراق کەم بکرێتەوە. میلیشیا شیعییەکان دەبێت هەڵبوەشێنەوە یان تێکەڵ بە سوپای عێراق بکرێن. سەدر تارادەیەک دروشمێکی عروبی و ناتایفی هەڵگرتووە و لەگەڵ ئەوەدایە کە کورد و سوننە بەشداریی کارا لە حکومەتدا بکەن. هەروەها داوا دەکات عێراق لەسەر ئاستی هەرێمی، پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ دراوسێکان هەبێت، بە تایبەتی دەوڵەتانی عەرەبی سوننی. بۆیە ئەم خاڵانە دەکرێت ببنە بنەمایەک بۆ کار و پرۆژەی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا.
بەشێوەیەکی گشتی، ئەگەر ئەمریکا و ئێران لە رێگەی سازان و لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش کار بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئایندە نەکەن و لەسەر کاندیدی سەرۆک وەزیران رێکنەکەون، زۆر سەختە حکومەتێکی بەهێز لە بەغدا دروست بکرێت. تەنانەت ئەگەر دروستیش بکرێت، حکومەتێکی زۆر لاواز و لەرزۆک دەبێت. عێراق دووبارە دەبێتە مەیدانی ململانێی نێوان هێزەکانی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی. بێگومان ئەمەش دووبارە وڵاتەکە دەخاتەوە ناو قەیرانێکی سیاسی و ئەمنیی گەورە و دەرگا بە ڕووی شەڕی بە وەکالەت دەکاتەوە کە دوور نییە بەرەو دابەشبوونی یەکجارەکی ببات.[1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=