گرنگیی مێژوو لە جیهانی ئەمڕۆدا 09
نووسینی: #کامەران محەمەد قادر#
$لە ئەرشیفەوە بۆ داهێنانەکان، لایەنی پیشەیی زانینی مێژوویی$
=KTML_Bold=5-هۆشیارکردنەوە و داکۆکیکردن=KTML_End=
تێگەیشتنێکی قووڵ لە مێژوو (هۆشیاری ڕۆشنبیریی )و (هاوسۆزیی) بەهێز دەکات، کە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بە پێویست دادەنرێن.
بۆ نموونە (جین ئادامز Jane Adams) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێشەنگ لە بواری کاری کۆمەڵایەتی و هاوبەشی دامەزرێنەری کۆمپانیای هال هاوس، تێڕوانینە مێژووییەکانی خۆی بۆ چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە ئەمریکا بەکارهێنا. ئادەمز بە تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشە مێژوویییەکانی هەژاریی و نایەکسانی، بەرنامەیەکی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی یەکلاکەرەوەی جێبەجێ کرد، کە پشتیووانییەکی چارەنووسسازیان پێشکەش بە کۆمەڵگە کۆچبەرەکان کرد و بنەمای خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییە مۆدێرنەکانی دانا. کارەکانی ئەو ئەوە دەسەلمێنن، کە چۆن هۆشیاریی مێژوویی دەتوانێت چاکسازی کۆمەڵایەتی کاریگەر بەرەوپێش ببات و ژیانی دانیشتووانی پەراوێزخراو باشتر بکات.
هەروەها سیزار چاوێز César Chávez، سەرۆکی سەندیکایی و چالاکوانی مافە مەدەنییەکان، لە ساڵانی شەستەکاندا بەشداری دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتی کرێکارانی کێڵگە (UFW) ی کرد. تێگەیشتنی قووڵی دەربارەی ئیستغلالکردنی مێژوویی کرێکاران، ڕۆڵێکی گرنگی لە داکۆکیکردنی مافەکانی کرێکارانی کێڵگەدا بینی. چاوێز کە وەک کرێکارێکی کۆچبەری کێڵگە گەورە ببوو، بۆیە بە چاوی خۆی ئەو بارودۆخە سەختانەی بینیبوو کە ڕووبەڕووی کرێکاران بووبووەوە و لە مێژووی بزووتنەوە کرێکارییەکان و خەباتی مافە مەدەنییەکانی کۆڵیوەتەوە.
چاوێز بە کەڵک وەرگرتن لە زانینە مێژووییەکان، مانگرتن و بایکۆتی بەرچاوی ڕێکخست، بەتایبەتیی مانگرتنی ترێی دێلانۆ، ئەمەش سەرنجی نیشتمانی بۆ دۆخی خراپی کارکردنی کرێکارانی کێڵگە و کەمی کرێکانیان ڕاکێشا. لەبەر ئەوە هەوڵەکانی بووە هۆی باشتربوونی مووچە و یارمەتییەکان و بارودۆخی کارکردن لە ڕێگەی گرێبەستەکانی دانووستانکاری یەکێتی کرێکارانی کێڵگەکانەوە، ئەمەش ژیانی زۆرێک لە کرێکارانی گۆڕی.
بەمشێوەیە کارەکانی چاوێز ئەوە دەردەخەن کە چۆن هۆشیاری و زانینی مێژوویی دەتوانێت داواکارییە کاریگەر و چاکسازییە کۆمەڵایەتییەکان پێشبخات. تا ئێستاش میراتەکەی ئیلهامبەخشی بزووتنەوە دادپەروەریی کۆمەڵایەتییەکانە و هێزی زانینی مێژوویی لە پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی کۆمەڵایەتیدا نیشان دەدات.
=KTML_Bold=6-داهێنان و گونجاندن=KTML_End=
زۆرجار بۆ هاندانی داهێنان و گونجاندن لە بوارە جیاوازەکاندا، ئیلهام لە ڕابردوو وەردەگیرێت. بۆ نموونە (لیۆناردۆ داڤینچی Leonardo da Vinci)، هونەرمەند و زانای سەردەمی ڕێنێسانس، ئاشکرایە کە ئەو لەژێر کاریگەریی هزری ڕێنێسانسدا بوو، ئەو زانیارییانەی لە لێکۆڵینەوەی (بەرهەمەکانی پێشوو) و (پەرتووکە کۆنەکان) بەدەستی هێنابوو، وەک پەرتووکی ئەندازیاریی و ئایرۆداینامیکا، لەگەڵ تێبینییە وردەکانی خۆی دەربارەی سرووشت و زانستە سرووشتییەکان. ڕۆڵێکی گرنگیان لە توێژینەوەی بواری فڕۆکەوانیدا بینی! ئەوانەش بەشێک بوون لە هەوڵە زۆرەکانی بۆ تێگەیشتن و جێبەجێکردنی بنەماکانی فیزیا و ئەندازیاریی. واتە (زانینی مێژوویی) و (بیرکردنەوەی داهێنەرانە)ی خۆی پێکەوە تێکەڵ کرد، لە ئەنجامدا کۆمەڵە بیرۆکەیەکی لا گەڵاڵە بوو، کە زۆر پێش سەردەمەکەی خۆی کەوت. تیانووسەکانی پڕن لە دیزاینی ئامێرەکان و توێژینەوە توێکاریی و کارە هونەریەکان، هەموو ئەوانە ئەوە ڕوون دەکەنەوە، کە چۆن توانیبووی پەی بە پەیوەندیی قووڵی نێوان زانینە مێژوویی و زانستییەکانی سەردەمەکەی ببات. توانای داڤینچی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لە کایە جیاوازەکان و داهێنان لەسەر بنەمای تێگەیشتنی مێژوویی، پاڵێکی وای بە تەکنەلۆجیا و هونەرەوە نا، کە بەدرێژایی تیپەڕبوونی کات مرۆڤەکان لەو هەل و بوارانەی کارکردن بەهرەمەند ببن، کە ئەو وەک میراتێک لە دوای خۆی بەجێی هێشت.
هەروەها (هێنری فۆرد Henry Ford) لە میانەی جێبەجێکردنی زانینە مێژووییەکان بەسەر پڕۆسەکانی درووستکردن و کۆکردنەوە (التصنیع و التجمیع)دا، شۆڕشێکی گەورەی لە پیشەسازی ئۆتۆمبێلدا بەرپاکرد. فۆرد بە لێکۆڵینەوە و باشترکردنی شێوازەکانی پێشوو، هێڵی کۆکردنەوەی جوڵاوی ئاشکراکرد، دیارە لە سەرەتای ساڵانی 1900 ئۆتۆمبێلەکان بە دەست درووست دەکران، ئەمەش وای کردبوو، کە نرخەکەی زۆر گران بێت و کەم کەس توانای کڕینی هەبێت. بەڵام لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانی فۆرد لە مێژوو و چۆنێتی درووستکردن و پەرەسەندن و پڕۆسەکانی بەرهەمهێنان لە کارگەکانی گۆشت و مۆبیلیات و… تاد، توانی بیرۆکەی هێڵی کۆکردنەوەی جوڵاو وەربگرێت.
ئەو لە ساڵی 1913 هێڵی کۆکردنەوەی جوڵاوی لە کارگەکەیدا ناساند. ئەم داهێنانە کاریگەریی زۆری لەسەر تێچوو و خێرایی بەرهەمهێنان هەبوو. واتە ئەو کاتەی کە بۆ کۆکردنەوەی پارچەکانی ئۆتۆمبێلک پێویست بوو، لە 12 کاتژمێرەوە بۆ تەنیا نزیکەی دوو کاتژمێر و نیو کەمیکردووە. ئەم پێشکەوتنە لە کاراییدا تێچووی ئۆتۆمبێلی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە، ئەمەش وای کرد، کە بتوانێت بۆ بەشێکی فراوانتر لە خەڵک بەردەست بێت.
بەمشێوەیە دیدە مێژووییەکانی فۆرد بۆ پیشەسازی، نەک هەر پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی گۆڕی، بەڵکوو پێوەرگەلێکی نوێی بۆ درووستکردنی ئۆتۆمبێل بە گشتی دانا. واتە هێڵی کۆکردنەوەی جوڵاو بووە پێوەرێک بۆ زۆربەی پیشەسازییەکانی دیکە، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات، کە چۆن هۆشیاریی مێژوویی دەتوانێت پێشکەوتنی تەکنەلۆجی و ئابووری بەرەوپێش ببات.
=KTML_Bold=7-شیکاری ئابووری و داڕشتنی سیاسەت:=KTML_End=
زانینی مێژوویی گرنگییەکی بەرچاوی بۆ پەرەسەندنی سیاسەتی ئابووری کاریگەر و چارەسەرکردنی ئاستەنگە هاوچەرخەکان هەیه، بۆ نموونە (جۆن ماینارد کینز John Maynard Keynes) ، ئابووریناسێکی دیار، (تێڕوانینە مێژووییەکانی) خۆی بۆ پەرەپێدانی ئەو تیۆریانە بەکارهێنا، کە لە سەدەی بیستەمدا شۆڕشیان لە سیاسەتی ئابووریدا بەرپاکرد. تێگەیشتنی لە (ڕەوت) و (قەیران)ە ئابوورییە مێژووییەکان، وەک چاوگێکی ئیلهام وەرگرتن وابوو، بۆ بەرهەمە بەناوبانگەکەی (تیۆری گشتی دامەزراندن و کەڵک و پارە)، کە سیاسەتی ئابووری گشتی نوێی داڕشت. تواناکانی کینز بۆ شیکردنەوەی زانیارییە مێژووییەکان و بەکارهێنانیان بۆ پرسە هاوچەرخەکان، یارمەتیی حکومەتەکانی بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگە ئابوورییەکان و بەهێزکردنی گەشەسەندنی ئابووری بەردەوام دا.
هەروەها (فرانکلین دی ڕۆزڤێڵت Franklin D. Roosevelt) ، سی و دووەمین سەرۆکی ئەمریکا، تێگەیشتنی خۆی لە شێوازە ئابوورییە مێژووییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو بێبازاڕییە گەورەیە بەکارهێنا، کە لە سەردەمەکەیدا سەریهەڵدا. دواترلە میانەی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنە نوێیەکەدا-کە زنجیرەیەک چاکسازی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بوو-بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و دابینکردنی ئاساییشی کۆمەڵایەتی و هاندانی بوژانەوەی ئابووری، سوودی لە ئەزموونە مێژووییەکان وەرگرت. بۆیە سیاسەتەکانی (ئابووری) و (حکومەت)ی ئەمریکایان گۆڕی، ئەمەش نیشانیدا کە چۆن زانینی مێژوویی دەتوانێت کەڵک بە پڕۆسەی داڕشتنی سیاسەتی کاریگەر و پێشکەوتنی نیشتمانی بگەیەنێت.
بەمشێوەیە توێژینەوەی مێژوو، کۆمەڵێک کارامەیی بەهاداریی لە بوارە پیشەییە جیاوازەکاندا فەراهەم کرد. لە میانەی لێکۆڵینەوەی نموونە مێژووییەکاندا، دەبینین کە تاکەکان چۆن بە زانیاری و لێهاتووییە مێژووییەکان بەهرەمەند بوون، بۆ ئەوەی لە بوارەکانی یاسا، ڕۆژنامەگەریی، ئەدەب، ستراتیجی سەربازیی، داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ، تەکنەلۆجیا، ئابووری و… تاد، سەرکەوتوو بن. تێگەیشتن و بەکارهێنانی دیدە مێژووییەکان، دەتوانن ببنە هۆی پشکدارییەکی بەرچاو لە تەواوی بوارەکانی ژیاندا، ئەمەش وا دەکات توێژینەوەی مێژوو ئامرازێکی گرنگ بێت، بۆ گەشەپێدانە کەسیی و پیشەییەکان.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!