=KTML_Bold=پەیامی بە تورکیایی کردنی کورد!=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
ئەم نووسینە هەوڵێک نییە بۆ گومان خستنە سەر توانای هوشیاری و تێفکرینی ئۆجەلان، بە پێچەوانەوە، ئەوە یەکلایی بووەتەوە کە ئۆجەلان یەکێکە لەو سەرکردە سیاسییانەی کورد کە لە ئاستێکی باڵای فیکری و فەلسەفیدا تێدەفکرێت، بەڵکو قسە لەسەر ئەوەیە کە ئەو شەڕی چەمکبازییەی ئۆجەلان چەندە لەگەڵ ئەو واقیعە سیاسییەی ئەمڕۆی دونیادا دەگونجێ لە پەیوەست بە چارەسەری دیموکراسی دۆزی کورد لە تورکیا؟
بەو پێیەی کورد لە شەڕی سیاسیدا پێویستی بە قووڵبوونەوەی فەلسەفی و شەڕی چەمکەکان نییە، ئەوەندەی پێویستی بە سیاسەتێکی ریالیستی و پراگماتییە. کەچی هێشتا ئۆجەلان دەیەوێت ئەو شەڕە بە فەلسەفەی شکلانییەت و عەقلانی بەڕێوە بەرێت. ئەو هێشتا گیرۆدەی شتە سەرەتاییەکان و کۆمەڵێک بەها و گوتەزایە کە لەگەڵ پێدراو و دەرهاویشتەکانی واقیعدا یەکناگرنەوە. بەو پێیەی لەگەڵ شتە نوێیەکان و پێدراوە هەنووکەییەکان و دەرهاویشتە و کاریگەرییەکانیان لە گۆڕەپانی سیاسەتی تورکیا مامەڵەی نەکردووە و تاوەکو ئێستاش دەرگیری بەکاربردنی چەکمە سوواوەکانی سەردەمی جەنگی سارد و چاخەکانی کۆڵۆنیالیزمی پورتوگالی و ئیسپانی و هۆڵەندی و ئەوانی دیکەیە لە ناوچەکەدا!
بەکاربردنی چەمکی ئیمپریالیست و هاوشێوەکانی لە سەردەمی تاک جەمسەری دونیادا، جگە لە خۆبواردن لە جەوهەری دۆزێکی نەتەوەیی زیاتر، مانایەکی دیکە ناگەیەنێت. ئەو برایەتییەی گەلان کە ئۆجەلان باسی لێوە دەکات، لەگەڵ گەردەلوولی ململانێ و بەرژەوەندییەکانی هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا بە بادا چوو و تادێت کاڵتر دەبێتەوە.
پەیامی ڕێبەری زیندانیکراوی #پەکەکە# لە نەورۆزی ئەمساڵدا، هێندەی بە تورکیایی کردنەوەی دۆزێکی نەتەوەیی و کوردستانی بوو کە بە دەیان هەزار گەنجی کورد لە پێناویدا خوێنیان ڕژاند، ئەوەندە خستنەڕووی چارەسەرێکی ڕیشەیی کورد و کوردستانیانەی دۆزەکە نییە، کە بە درێژایی چڵ ساڵ کوردی پێ سەرقاڵ و گیرۆدە کرا. تا ئەو ئاستەی ئۆجەلان هێندەی شەهید ئازاد مستەفا و پەکەکە بە قەد پاسۆک، هەناسەی کورد و کوردستانیبوونیان لە پەیوەست بە سەربەخۆیی کوردستان درێژ نەبوو و لە نیوەی ڕێگا هەناسەسووار بوون!
پەکەکە و ڕێبەرەکەی کە بە درێژایی تێکۆشانی خۆیان، شۆڕش و بزووتنەوەی کوردایەتیی پارچەکانی کوردستان و لەناویاندا شۆڕشی باشوور و سەرکردەکانیان بە ناوچەگەرێتی و هەرێمچێتی تۆمەتبار دەکرد، تا ئەوەی پێیانوابوو باشوور ئیرادەی کورد و کوردستانیبوونی لە مانا و بەهای خۆی بەتاڵ کردووەتەوە و لە خەونی عێراقچێتیدا خنکاندوویانە، هات لێرە و لە ڕێگەی دروستکردنی دوکانی سیاسی و حزبی سێبەر، بەڕەی خەبات لەژێر پێی حزبەکانی ئێرە دەربهێنێ. ماوەیەکی باش توانی ئەو گەمە ئایدیۆلۆژییە بکات، بەتایبەتی کە شەڕی ناوخۆ زەمینەیەکی باش بوو، خەڵکێک کە بە دروشمی سەربەخۆیی و یەکپارچەیی کوردستان ئەبڵەق دەبوون، بەختی خۆیان بدەنە دەستی ئەو حزبە، بەڵام ساڵ دوای ساڵ، دەرکەوت کە پەکەکەش ئەو هێزە نەبوو، ببێتە وەڵامگۆی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی مرۆڤی کورد.
ئۆجەلان لەو پەیامەیدا کە درێژکراوەی پەیامەکانی نەورۆزی ساڵەکانی پێشووە، بەڵام بە کەمێک ترش و خوێی ئەنیتەرناسیونال و گەردوونیانە. هێندەی هەوڵی داوە پەیامەکەی بکاتە قەڵغانی خۆپارێزی لە تانە و ڕەخنەی ڕای نێودەوڵەتی، ئەوەندەی هەڵپەیەتی بۆ باوەڕپێهێنانی دونیا کە تەڤگەرەکەیان دەتوانێ نماییندەی ڕاستەقینەی برایەتیی گەلان بێت لە ناوچەکەدا. ئەوەندە خوێندنەوەی لۆژیکی بۆ ڕاستی ئەو ڕووداوانەی لە تورکیا و باکووری کوردستان لە پەیوەست بە هەڵوێستی حکومەتەکەی ئاکەپە لە ئاست دۆزی کورد لەو پارچەیەی نیشتمان دەگوزەرێن، نەکردووە. ئاخر هەمووی پێنج و دوو ڕۆژێک پێش ئەو پەیامە پۆست تورکیاییەی ڕێبەری پەکەکە. ئەردۆغان، سەرۆکی کۆماری تورکیا و داینەمۆی عەقڵ و سیاسەت و ستراتیژەکانی ئاکەپە لە مێرسین گووتی: لە تورکیادا کێشەیەک نییە بە ناوی کێشەی کورد. دەی ئیتر ئۆجەلان بە نیازە ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی بخاتە گرەوی ئەو برادەرە!
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا کە خەمخۆری ڕادیکاڵانەی خۆی بۆ برایەتیی کورد و تورک دەربڕی، کەچی دوور و نزیک باسی کوردستان و ئەو تەحەددییانەی نەکرد کە ڕووبەڕووی کورد دەبنەوە، بە وشەیەک سۆزێکی بۆ برایەتی و هاوخەباتی و هاوپشتی نەتەوەیی کوردی پارچەکانی کوردستان لە شەڕی تیرۆر دەرنەبڕی. باسی لە ئیمپریالیزم و پیلانەکانی لە ناوچەکەدا کرد، وەلێ بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان ( وەک خۆی گوتەنی ئیمپریالیزم!)ی بۆ ئازادکردنی کۆبانێ لە دەست #داعش# نادیدە گرت و دەمی نەگرت باس لە گەمە هەرێمایەتییەکانی ئێران و مەترسی داعش و ڕۆڵی تورکیا لەو گەمانەدا بکات. ئۆجەلان تێکەڵبوونی خوێنی گەریلا و #شەڕڤان# و پێشمەرگەی نەبینی، تەختکردنی کۆبانی و #شنگال#ی بیرنەهاتەوە، کە کورد ئەو قوربانییانەی لە پێناوی ئازادی و ئاشتی و بەیەکەوەژیانی گەلاندا داوە و دەدات.
بەداخەوە، ئۆجەلان ئاماژەی بە هەموو شتێک کرد بۆ بە تورکیایی کردنەوەی کورد و باکووری کوردستان، بەڵام ڕێگەیەکی نیشان نەداین بۆ کوردستانیبوون و داڕشتنەوەی بنەماکانی برایەتیی کوردان. ڕێبەری پەکەکە بە باسکرن لە شەڕی تایبەتی و دەروونیی ئیمپریالیزم، بە دەستی ئەنقەست و لەپاڵ بەلاغەتی زمان و بەرهەمهێنانەوەی چەمکگەلێک لە چوارچێوەی داڕشتنی فەلسەفییانە، زۆر شتی دیکەی لەبیر بردینەوە کە دەبنە بناغەی پتەوکردنی برایەتیی گەلانی ناوچەکە! [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=