=KTML_Bold=دەکرێ بەو ژنە نیاندەرتاڵەی شانەدەر بگوترێت کورد؟=KTML_End=
#هیوا عەساف#
نەتەوه، کۆمەڵە خەڵکێکن لەسەر بنەمای زمان ناوێکیان بەسەردا دەبڕێت. زمان هاوشێوەی مرۆڤ لەدایکدەبێت و گەشەدەکات و دەمرێت، وەچە دەخاتەوە و باوان لەنێودەچن. ئێستا نزیکەی هەشت ملیار مرۆڤ لە جیهاندا هەن، ئەم ژمارەیە 100 ساڵ پێش ئێستا زۆر کەمتر بووە، ئەگەر بشگەڕێینەوە سەدان، هەزاران و دەیان هەزار ساڵ پێش ئێستا، بێگومان ژمارەکە کەمتر و کەمتر دەبێت. واتە تاوەکو بەره و قۆناخەکانی پێشتر بگەڕێینەوە، ژمارەی مرۆڤ کەمتر دەبێت.
ئێستا نزیکەی هەشت هەزار زمان لە جیهاندا هەن. ئه و هاوکێشەیەی سەرەوە بۆ زمانیش ڕاستە، واتە تاوەکو بەره و قۆناخەکانی پێشتر بگەڕێینەوە، ژمارەی زمانەکان کەمتر دەبێت. وەک چۆن مرۆڤ وەچە دەخاتەوە، باوان لەنێودەچن و ژمارەی وەچەکان زیاترن لە باوان، زمانیش لە گەشە و گۆڕاندا بۆ زمانی جیاواز، شیدەبێتەوە و لە دایکە زمانێکەوە چەندین زمانی دیکە دەکەوێتەوە، بۆ نموونە لە زمانی لاتینییەوە زمانەکانی (ئیتالی، پۆرتوگالی، ئیسپانی، کەتەلانی، فەرەنسی، ڕۆمانی ...) کەوتوونەتەوە و ئێستا لە کەتوار (واقع)دا شتێک نەماوە بە ناوی زمانی لاتینی. واتە لاتینی خۆی مردووە و چەند وەچەیەکی خستووەتەوە. لەم گۆڕانەشدا، لە پاڵ زۆربوونی ژمارەی مرۆڤ، ژمارەی زمانەکانیش زۆربوون. ئێمە، نازانین زمانە مردووەکان چۆن بوون، تەنیا ئەگەر پاشماوەی نووسراوی ئه و قۆناخەمان دەستبکەوێت، کە زمانەکەی تێدا بەکارهاتووە. تەنانەت زۆر زمان هەیە ناویشی نازانین، تەنیا چەند زمانێکی وەک (لاتینی، سانسکریتی، سۆمەری ...) زانیارییان لەبارەوە دەستدەکەوێت.
ئه و زمانانەی ئێستا بەکاردێن، وەک (کوردی، عەرەبی، فارسی، ئیسپانی ....) لە قۆناخێکدا سەربەخۆیی خۆیان وەگرتووە و ئه و ناوەیان لێنراوە. پێش ئه و قۆناخە باوانێکیان هەبووە و ناوێکی دیکەیان هەڵگرتووە. بۆ نموونە ئەگەر بگەڕێینەوە هەزار ساڵ پێش ئێستا، شتێک بە ناوی زمانی ئیسپانی نییە، ئەمە بۆ زمانەکانی دیکەیش وایە. مێژووی بەکارهێنانی ئه و ناوانە بۆ زمانەکانی ئێستا، بەدەگمەن لە دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا تێدەپەڕێت، هەشیانە چەند سەد ساڵێکە ناونراون.
لەسەر ئه و بنەمایە، ناکرێت قۆناخەکانی هەزاران ساڵ پێش ئێستا ناوی زمانی ئێستایان بەبەردا بکەین، ناکرێت بگوترێت پێغەمبەر (ئیبراهیم) کورد، یان عەرەب بووە، چونکە سەردەمی ژیانی ئه و شتێک بە ناوی زمانی کوردی یان عەرەبی نەبووە. دەکرێت بگوترێت فڵان نەتەوه، نەوەی فڵان نەتەوەی کۆن یان فڵان کەسایەتییە.
دۆزینەوەی کەللەسەری ژنێکی نیاندەرتاڵ لە کوردستان، کە بۆ دەیان هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بەڵگەی ئەوەیە له و قۆناخەدا ژیان لە کوردستان هەبووه، بەڵام ناکرێت بە خەڵکی ئه و سەردەمە بگوترێت کورد یان عەرەب یان فەرەنسی... هتد. ئه و سەردەمە بە ناوچەکەش نەگوتراوە (کوردستان)، چونکە مێژووی بەکارهێنانی ئه و زاراوانە زۆر نوێترە لەچاو مێژووی مرۆڤی نیاندەرتاڵ، بۆیە ناکرێت به و ژنە بگوترێت داپیرە گەورەی کورد بەتەنیا، بەڵکو دەکرێت هەموو جیهان یان بەشێکی زۆری جیهان بە داپیرەی خۆیانی بزانن. دەشکرێت خەڵکی ئه و سەردەمە بە زمانی جەستە پەیوەندییان کردبێت، یان زمانیان زۆر سادە و ساکار بووبێت. هەروەها دەشێت پەیوەندیی نەژادی لەنێوان ئه و نەوەیە و نەوەی ئێستا هەر نەمابێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=