=KTML_Bold=عێراق پاش هەڵکشانی فاشیزمی ئیسلامی=KTML_End=
#سەلام سەعدی#
دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر هێڵەکانی پێشەوەی #داعش# و گەیاندنی کۆمەکی سەربازی و مرۆیی لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە بە هەرێمی کوردستان کە هاوکات بوو لەگەڵ پرۆسەی دوورخستنەوەی مالیکی لەدەسەڵات لەنێو پێشوازییەکی گەرم و خێرای نێوەندی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بۆ هەردوو هەنگاوەکە، وا دێتە بەرچاو کە هەموو پێکەوە یەک پاکێجی ئەمریکی بن بۆئەوەی بە زەبری هێز عێراقی گیرخواردوو لەنێو قەیرانەکان بخەنەوە سەر راستەڕێی ئەو پرۆسە سیاسییەی لەپاش 2003 وە بۆ دامەزراندنی عێراقێکی مۆدێرنی دیموکراسی دەستی پێکرد.
هێشتا ئیدارەی ئەمریکا سوورە لەسەرئەوەی کە ئەو پرۆسەیە دەبێ بگاتە ئەنجامێک و خوێنی پێنج هەزار سەرباز و دەیان ملیار دۆلاری بەفیڕۆ نەچێ. هەر لەم چوارچێوەیەشدا کوردیان رازی کرد بەوەی بگەڕێتەوە نێو پرۆسەی سیاسی و کێشە هەڵواسراوەکانی لەگەڵ بەغدا بە دیالۆگ چارەسەر بکات. بەڵام ئەمە لەکاتێکدایە کە عەرەبی سوننە رێگەیەکی تەواو جیاوازیان گرتووە. هێزە مەدەنی و میانڕۆکانی سوننە کە ئامادەبوون بەشێک بن لە پرۆسەی سیاسی و لە 10 ساڵی رابردوودا لەلایەن مالیکییەوە لاواز کران و لە گۆڕەپانەکە دوورخرانەوە، جێی خۆیان بۆ گرووپێکی دڵڕەقی بێبەزەیی چۆڵ کرد کە لە #بەعس#یزم و ئیسلامی رادیکاڵ، هێزێکی فاشیستی ئیسلامی بەناوی داعش پێکهێناوە. ئەم هێزە نە لەگەڵ کەس دیالۆگ دەکات، نە سەرە داوێکیشی هێشتووەتەوە بۆئەوەی بهێنرێتە نێو پرۆسەی سیاسی.
بەیاننامەیەکی ئەم گرووپە لەبارەی هۆکارەکانی پەلاماردانی کوردستان زۆر شتمان لەبارەی حەقیقەتی ئەم گرووپە پێدەڵێ. بەگوێرەی بەیاننامەکە، هەرێمی کوردستان زیاد لە بەڕەی خۆی پێی راکێشاوە. ئەوان ئێستا ئەو ناوچانەیان لە کورد ستاندووەتەوە کە لەپاش 2003 وەک ناوچەی ناکۆکی لەسەر ناسران و سەرەتا هێزی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی سەرپەرشتی ئاسایشی ناوچەکەیان دەکرد، پاش ئەوەی ئەوان سوپای عێراقیان لەو ناوچانە وەدەرنا، بەگوێرەی بەیاننامەکە، کورد ئەو هەلەیان قۆستەوەو کەوتنە فراوانخوازی، بۆیە بە ئەرکی خۆیانی دەزانن بمانگێڕنەوە بۆ ئەو سنوورەی کە لەلایەن رێژیمی بەعسەوە بە سنووری ناوچەی ئۆتۆنۆمی دیاری کرابوو.
ئەم چەند دێڕە پێماندەڵێ کە ئەوانەی دەوڵەتی خەلافەتیان راگەیاندووە، کۆمەڵێک شێت و بێمێشکی چەکدار نین کە لە ئەنجامی زۆر رۆچوون لەناو دەقی ئاینی وەبای توندڕەوی لێیدابن. لەو چەند دێڕەدا دیارە کە ئایدیۆلۆژیای قەومی و فکری ئاینی چەندە یەکانگیرن و سەرانی دەوڵەتی خەلافەت چەندە بەتەنگ ئەو خاکەوەن کە بە خاکی عەرەبی دەزانن. لەڕاستیدا ئەگەر بیانییەکانی لێ دەربکەین، جەنگاوەرە عێراقییەکانی داعش هەمان کارمەندانی دەزگای ئەمنی تایبەت و هێزی مغاویر و ئەو هێزە تایبەتانەن کە بەشێوەیەکی باش مەشقدراون و پاش 2003 زۆربەیان ئاودیوی سووریا بوون. ئەمانە هەمان ئەو باڵە بەعسییەن کە ساڵانی نەوەتەکان لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئیمانیدا سەری سۆزانییەکانیان بە شمشێر دەپەڕاند و گوێ و زمانی بەرهەڵستکارانیان دەبڕی و بەڤیدیۆش تاوانەکانی خۆیان وێنە دەگرت. داعش هیچ نییە جگە لە ئاوێتەبوونی ئەم دوو رۆحە تاواندۆستەی ئیسلامی رادیکاڵ و ناسیۆنالیزمی توندڕەو کە دەیەوێ تۆڵەی هەموو زەلیلییەکانی رابردووی ئوممەتی عەرەبی بکاتەوە، ئەمەشە کە ئەم هێزەی کردووەتە هێزێکی فاشیست.
***
لەڕاستیدا ئەم ئاوێتەبوونەی ئیسلامی رادیکاڵ لەگەڵ فکری فاشیزم هەر بە تەنیا بۆ سەرسامی و هاوسۆزیی حەسەن بەننای دامەزرێنەری ئیخوان موسلیمین بۆ شەخسی موسولینی و بزووتنەوەی فاشی لە ئیتالیا ناگەڕێتەوە. وەک مەعلومە حەسەن بەننا لەم رووەوە نووسینی هەیە کە ساڵی 1935 لە گەرمەی هەڵکشانی فاشیزمی ئیتالی و ئەڵمانیدا بڵاوبووەتەوە (السنيور موسوليني يشرح مبدا من مباديء الاسلام). دیارە ئەم پەیوەندی هاوسۆزییەی ئیسلامی رادیکاڵ لەگەڵ فاشیزم دەکرێ باسێکی سەربەخۆ بێت و لێرەدا بواری رۆچوونە نێو ئەو پەیوەندییە نییە، بەڵام بیرهێنانەوەی ئەوە گرنگە کە ئەم پەیوەندییە دوو رووی هەیە: روویەکی مێژوویی و روویەکی بونیادی. بۆنموونە سوودوەرگرتن لەهەندێ دەقی قورئان و تەوزیفکردنەوەیان بۆ سووک سەرنجدان و بەکەمزانینی ئەوانی دی و خۆبینین وەک بوونەوەرێکی باڵاتر، بەوپێیەی خودا وا وەسفی کردوون کە (کنتم خیر امە اخرجت للناس) و دوایین پەیامی خۆیشی بۆ مرۆڤایەتی بە زمانی ئەوان ناردووە.
وەک مەعلومە فکری ئاینی بەشەر بۆ دوو جۆر پۆلێن دەکات: موسڵمان و کافر. هەموو شتەکان بەگوێرەی ئەم دوالیزمە پۆلێن کراون. کافریش لەم دیدەوە (کالبهائم بل هم اظل سبيلا)، واتە مەڕو ماڵاتن، بۆیەشە چەکدارانی داعش وا بێباکانە چەقۆ دەنێنە سەر ملی قوربانییەکانیان. ئەم بزووتنەوەیە هەموو ئەو پێداویستی و کەرەستانەی لەبەردەستە کە بۆ سەرپێخستنی بزووتنەوەیەکی فاشی پێویستن، لەپێش هەموویانەوە هەستکردن بە زەلیلبوون و دۆڕاوی. دروستکردنی ئەو قەناعەتە لای خەڵک کە تۆ لەڕاستیدا دەتوانی زۆر باڵادەست بی، بەڵام ئەوەتا جیهان هەموو لەدژی تۆ یەکیانگرتووە و دژایەتیت دەکەن. هەستکردن بەوەی کە تۆ رابردوویەکی زێڕین و پڕ سەروەریت هەیە و دەبێ بەدەستی بهێنیتەوە.
ئینجا پێویستت بە داتاشینی دوو دوژمنی ناوخۆیی و دەرەکییە، لەدۆخی داعشدا دوژمنی ناوخۆیی لیستێکی درێژن، بەهەمان شێوە دوژمنی دەرەکیش کە هەر خەریکی پیلانگێڕین بۆ لەناوبردنی ئوممەت. رێژیمی فاشی پێویستی بە دروستکردنی ئوممەتێکی یەکڕەنگە و تەحەمولی جیاوازبوون ناکات.
خەلافەتەکەی داعشیش لەگەڵ دەستبەکاربوونی، بە پاکتاوکردنی کریستیان و ئێزدی و شەبەک و شیعە مەزهەب دەستیپێکرد. ئەم بزووتنەوەیە ئەوانەی دەرەوەی خۆی بە رادەیەک کەم تەماشا دەکات، کە ماف بەخۆی دەدات هەموو پیاوەکانیان بکوژێ و ژنەکانیان بەتاڵانی ببات و پەرستگاکانیان بڕووخێنێ.
ئێستا لەسایەی هەموو ئەم راستیانەدا پرسیارە سەختەکە ئەوەیە کە ئایا چ جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیە دەکرێ. وەکو دیارە، بۆردومانی پێگەکانیان لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکاوە بەهیچ جۆرێک ئەو نیازەی نییە کە ئەم بزووتنەوەیە لەناوببات، تەنانەت ئەگەر بشیەوێ لەناوناچێت، چونکە ئەمە لە ئایدیۆلۆژیای کۆمەڵێک چەکدار دەرچووە و بووە بە فکری پێکهاتەیەک. جگە لەوەی دەوڵەتێکی لەناو دوو دەوڵەتی دراوسێ: عێراق و سووریادا دامەزراندووە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش نیازیان نییە توخنی سووریا بکەون. دیاریش نییە ئەگەر ئەمانە گریمان حوکمی عێراقیان گرتەوە دەست، چی لە ملیۆنان شیعە و کورد و کریستیان و ئێزدی و سابیئە دەکەن. من وای دەبینم کە هەڵکشانی ئەم بزووتنەوەیە بەمانای داهاتوویەکی درێژ لە شەڕو کوشتارە لەم ناوچەیە و بەتایبەتی لەعێراقدا. وەک چۆن هەردوو گەلی ئەڵمانی و ئیتالی باجێکی زۆر قورسی وەلائیان بۆ فاشیزم دا، خەڵکی عێراق و بەتایبەتیش عەرەبی سوننە باجێکی قورسی پشتیوانی لە داعش چاوەڕێیان دەکات، ئەگەر بەخۆ نەکەون و بە کۆمەکی لایەنە عێراقییەکانی دیکە ئەڵتەرناتیڤێکی نەرم و مەدەنی بۆ داعش نەدۆزنەوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=