=KTML_Bold=کوردستانی گەورە خەیاڵە=KTML_End=
#سەلام سەعدی#
کاتی ئەوە نەهاتووە پێداچوونەوەیەکی جددی و واقیعی بە دروشمەکانی کوردایەتی و بەو خەیاڵانەدا بکەین کە زیاتر لە نیو سەدەیە خەڵکی خۆمانی پێ سەرمەست دەکەین؟
ساڵانێک لەمەوبەر، #مام جەلال#، کە من وەک بەئەزموونترین سیاسەتمەداری کورد دەیبینم، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا گوتی: دەوڵەتی کوردی خەونی شاعیرانە. ئەوکات دەستەبژێری کورد تا ماوەیەکی درێژ بەرپەرچی ئەو قسەیەیان دایەوە، وەک ئەوەی مام جەلال کوفری کردبێت، بەڵام ئەو دەستەبژێرە تاوەکو ئێستاش بەرچاویان روون نییە کە مەبەستیان لە “دەوڵەتی کوردی” چییە؟ ئایا چوارچێوەی دەوڵەتەکە ئەو نەخشە ناواقیعییەیە کە لە کەنداوی فارسەوە دەستپێدەکات و بۆ دەریای سپیی نێوەڕاست درێژ دەبێتەوە؟ ئەمە مامەڵەیەکی عاقڵانەیە لەگەڵ سیاسەت؟
من ئەو دەوڵەتە بەو نەخشەیەوە، بە خەونی شاعیر نا، بەڵکو بە خەونێک دەزانم کە تازە مەحاڵە وەدیبێت. پێشموایە نابێ سیاسەتکاری تێگەیشتوو وزەی میللەتێکی تێدا بەفیڕۆ بدات و جیهانی دەرەوەش لە هیچ و خۆڕایی لەخۆی بتۆقێنێ.
پێش هەر شتێک لە هیچ شوێنێکی دنیادا نموونەی دەوڵەتێکی وا نییە کە سنوورە سیاسییەکەی هاوتەریبی سنوورە نەتەوەییەکەی بێت. بەکردەوەش هیچ هێزێکی سەرەکیی کورد، لە 100 ساڵی رابردوودا، بەگوێرەی ئەو سنوورە ناواقیعییە سیاسەتی نەکردووە. ئەوەی کە هەبووە تەنیا ئایدیای کۆمەڵێک ناسیۆنالیست بووە کە دوای سۆز و عاتیفەیەکی پێنەگەیشتوو کەوتبوون. ئەو کەسانەش ئەمڕۆ بەکردەوە لە گۆڕەپانی سیاسیدا نەماون.
=KTML_Bold=بەڵام بۆچی گرنگە دەست لەم ناواقیعیبوونە هەڵگرین؟=KTML_End=
ئەمڕۆ لەسەر گۆڕەپانەکە دوو هێزی سەرەکی، واتە پارتی کرێکارانی کوردستان PKK و پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ململانێی دەسەڵات و نفوزدان. ئەو ململانێیە خەریکە بەرەو شوێنێکی مەترسیدار ملدەنێت کە دیسان چارەنووسی ئەم خەڵکە ماندووە، خێر لەخۆنەدیوە، هەمیشە ئاوارەیە بەرەو هەڵدێر دەبات. پارتی و PKK لە دوو پێگەی جیاوازدان. پارتی بەرپرسیارێتییەکی گەورەتری لەئەستۆیە. بەپێچەوانەی جەمیل بایک و گەریلاکانی کە هەر خۆیان و چەکەکانیانن و لە هەر چیایەک زۆریان بۆ هات دەچنە چیایەکەی ئەولاتر.
پارتی خەریکی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی وڵاتێکە کە پڕە لە کۆمپانیا و بەرژەوەندی و کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتیی بیانی و خەڵکێک لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنی ئاسایش و ئارامییەی کە پێیدراوە، سەرمایەی خۆی هێناوەتە نێوی و بەرژەوەندییەکانی خۆی لەگەڵ گرێداوە، بەڵام PKK وەکو هێزێک کە هێشتا لە شاخە رەفتار دەکات و ئەوەیش کە مافی دەستێوەردان و خۆهەڵقورتاندنی لە کاروباری هەرێمی کوردستاندا داوەتێ، هەمان ئەو بیرۆکە کرچ و کاڵەی کوردستانی گەورە”یە کە خۆیان هەر زوو راست و چەپێکیان بەسەردا هێناو دەستیان لێ هەڵگرت، پاش ئەوەی لە دروشمی رزگارکردنی چوار پارچەوە دابەزین بۆ خۆسەریی دیموکراتی و سەرکردەکانیشی چەندینجار گوتیان ئەوان دژی دامەزراندنی دەوڵەتن.
کەواتە ئێستا کاتی هاتووە ئەو تێنەگەیشتن و پێنەگەیشتنە سیاسییە کۆتایی بێت.
پێش هەر شتێک پارتی دیموکراتی کوردستان هێزێکی خاوەن بەرپرسیارێتیە لە هەرێمی کوردستان و دەبێ دەست لە کاروباری کوردی دەرەوەی ئەم بەشەی کوردستان بکێشێتەوە. دەستوەردانی ئەم چەند ساڵەی دوایی پارتی و تاڕادەیەک یەکێتیش لە کاروباری کوردی بندەستی سووریا بەرهەمەکەی تەنیا ئاڵۆزترکردنی رەوشی ئەو بەشەی کوردستان بووە، لەولاشەوە PKK بە سەرقاڵکردنیان بە ئاپۆچێتی، خەریکە هەلێکی مێژووییان لەدەست دەدات کە بنیاتنانی کیانێکە بۆ خۆیان. من لەو بڕوایەدام ئەگەر PKK ئەو بەشەی نەکردبایە قەڵا و زۆنی خۆی، لەوانە بوو خۆیان رێگایەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تورکیای تاکە دەروازەیان بۆ دنیای دەرەوە بدۆزنەوە.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە هەرچەندە دروشمی ناواقیعیی دروستکردنی کوردستانی گەورە دروشمێکی جوانە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا بۆ مەرامی حیزبی بەکارهاتووە و لە کردەوەدا کەس بەگوێرەی ئەو ئایدیایە کاری نەکردووە. خۆ ئەگەر بکەوینە نموونە هێنانەوە بۆ سەلماندنی ئەم فاکتە، ئەوە دەبێ ئەم وتارە زۆر درێژ بکەینەوە. PKK کە پژاکی لە کوردی بندەستی ئێران راستکردەوە، حیزبەکانی ئەوێ، سەرەڕای هەموو ناکۆکییەکانیان، هاوڕابوون لەسەرئەوەی کە وەک هێزێکی رەسەن مامەڵەی لەگەڵ نەکەن. سەرئەنجامیش هەر ناڕەسەن دەرچوو. بۆیە کاتێک PKK لەگەڵ کۆماری ئیسلامی گەیشتە رێککەوتن، پژاکی لە رەئیسییەوە کوژاندەوە.
مێژووی حیزبەکانی کوردستان لە 50 ساڵی رابردوودا هیچ نەبووە جگە لە گەمەکردن لەسەر پەتی وڵاتانی داگیرکەر و لەسەر حیسابی کوردی پارچەکانی دیکە. ناڵێم ئەمە هەمووی خیانەت بووە، من ئاوا ئایدیاڵیست نیم و کەسێکی پراگماتیم. دەشزانم سیاسەت هونەری مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەو شتانەی کە مومکینن. کاتێک هەرێمی کوردستان جگە لە تورکیا هیچ دەروازەیەکی دیکەی نەبێ، ناچارە مامەڵەی لەگەڵ بکات، ئیتر گرنگ نییە PKK پێیخۆشە یان نا. رێگەی دروستیش بۆ ئەوان کارلێککردنێکی باشترە لەگەڵ ئەو پرۆسەی چارەسەرییەی کە لە تورکیا دەستیپێکردووە، نەک گەرادانان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان کە مەعلومە نیازێکی نەتەوەیی لەپشتەوە نییە.
لێکدانەوەی دروست ئەوەیە کە دەبێ هەریەکە لە بەشەکانی کوردستان خۆیان بەتەنیا رێگەی چارەسەری کێشەی خۆیان، بەگوێرەی هەلومەرجی سیاسیی نێوخۆیی و ئیقلیمی بدۆزنەوە. چونکە تازە پارچەکانی کوردستان بۆ هەتا هەتایە بەتەنیشت یەکەوە دەژین نەک پێکەوە. کوردستان هەرگیز بەم نەخشە سیاسییە باوەی ئێستاوە دەوڵەت نەبووە تاوەکو یەکبگرێتەوە. ئەم مێژووە درێژە لە پەرتەوازەیی، دنیایەک جیاوازیی کولتووریی دروستکردووە کە تازە هەرگیز لە بۆتەی چوارچێوەیەکی سیاسیدا ناتوێنەوە. ئێمە لەمێژوودا، جگە لە یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیا، هیچ نموونەیەکی سەرکەوتووی یەکگرتنەوەمان نەبینیوە. ئەوە هەردوو یەمەن و ئەوە میسر و سووریا و تەنانەت ئەوە بەریتانیاش کە پاش 300 ساڵ لە پێکهێنانی شانشینی یەکگرتوو، وا خەریکە سکۆتلاندی لێ جیادەبێتەوە. خۆ ئەگەر یەکگرتن ئاوا ئاسان بایە، ئەوە 22 وڵاتی عەرەبی با بەو هەموو شتە هاوبەشەوە یەکبگرنەوە، یان با هەردوو کۆریا هێڵی ئاگربڕەکەی ساڵی 1953ی نێوانیان هەڵگرن.
لەبەر رۆشنایی ئەم راستیانەدا، دەبێ کورد لە هەر کوێیەک هەن پێشانی دنیای بدەن کە سیاسەتکاری واقیعبینن و دوای بیرۆکەی کرچ و کاڵ نەکەوتوون کە رەنگە بەرەو ماڵوێرانی زیاترمان ببات. هێز و پارتە کوردییەکانی پارچەکانی دیکە دەبێ لەوە حاڵی بن کە لەم بەشەی کوردستاندا تەنیا حکومەتی کوردستان خاوەن ماڵە. بۆیەش نابێ ئەم چیا و ئەو ناوچەی لێ بگرن و دابڕن و خەڵکەکەی لە خانەخوێ هانبدەن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=