=KTML_Bold=بەرەو سەپاندنی خزمەتی سەربازی=KTML_End=
#سەلام سەعدی#
ئەم رۆژانە مشتومڕێکی گەرم لە ئارادایە دەربارەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و رێکخستنەوەیان لەژێر چەتری سوپایەکی نیشتمانیدا. ئەم ئەرکە تەحەدایەکی گرنگە بۆ تاقیکردنەوەی تواناکانی سیاسەتوانی کارامە و بەهێز. چوونە بنباری ئەرکێکە کە زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین ئایندەی هەرێمی کوردستانی لەسەر بەندە. یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە پووچەڵکردنەوەی مینێک یان بۆمبێکی تەوقیتکراو دەچێ کە هەر دەبێ رۆژێ لە رۆژان یەکێک پڕکێشی بکات و دەستی بۆ ببا. بەڵام شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم مەسەلە گرنگ و مەترسیدارە مرۆڤ تووشی نائومێدی دەکات.
=KTML_Bold=سەرلەبەری ئەندامانی ئەو هێزە لە حیزبەوە هاتوون=KTML_End=
لەم رۆژانەدا، پاش گوتارەکەی #مەلا بەختیار#، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە گوتی هەرشتێ پێشتر لەگەڵ ئەوان گفتوگۆی لەسەر نەکرابێ، لە هەر وەزارەت و دامودەزگایەکەوە دەرچووبێ قبووڵی ناکەن و رێگە نادەن بەناوی ئەم وەزارەت و ئەو وەزارەتەوە مەرجیان بەسەردا بسەپێنرێ، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە راگەیێنراوێک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە دژی پرۆسەی بە نیشتمانیکردنی پێشمەرگە بوەستێ.
ڕاگەیێنراوەکە باسی نامەیەکی حەوت خاڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ #وەزارەتی پێشمەرگە# کە تێیدا داوا لە وەزارەت دەکات دیاردەی حیزبایەتی لەناو ریزەکانی پێشمەرگە نەمێنێ. زۆر باشە.. جا چ خەمخۆرێک هەیە لەگەڵ ئەمە نەبێ؟ چ دڵسۆزێ دژی ئەوەیە پێشمەرگە لەسەر بنەمایەکی نیشتمانی رێکبخرێ؟
خۆی کێشەکە لە میکانیزم و چۆنێتی بەدیهێنانی ئەم ئامانجەدایە با ئەمە داواکاریی گشت لایەنە سیاسییەکانیش بێت. دەستی حیزب چۆن لەم هێزە دووردەخرێتەوە کە بریکارە پارتیەکەی وەزارەت بڵێ وەزارەتی پێشمەرگە وەزارەتی شەراکەتە.
=KTML_Bold=پارتی 57%ی پێکدێنێ و یەکێتیش 43%؟=KTML_End=
لە یەکخستنەوەی دوو ئیدارەکەی #سلێمانی# و #هەولێر#ەوە تاوەکو ئەمڕۆ کە یەکخستنەوەی وەزارەتە هەستیارەکانی پێشمەرگە، دارایی و ناوخۆیان بۆ قۆناغی دواتر هێشتەوە، نزیکەی 10 ساڵی رەبەق تێپەڕیوە. لەم ماوە زەمەنییەدا سێ کابینەی حکومەت بەڕێکراوە و وا لە نیوەی تەمەنی چوارەمیش نزیک دەبینەوە، بەڵام بڕوانن لە وەزارەتێکی وەک پێشمەرگە هێشتا مشتومڕەکان لەبارەی چین؟ گۆڕان داوای پشکی خۆی دەکات لەو وەزارەتە. پارتی دەڵێت با بچن لە بەشی یەکێتی داوا بکەن. یەکێتی دەڵێت خۆ گۆڕان پێشمەرگەی نییە تا پشکی بەربکەوێ و...هتد.
=KTML_Bold=کێشەکە لە میکانیزم و چۆنێتی بەدیهێنانی ئەم ئامانجەیە=KTML_End=
خۆی لە راستیدا دروستکردنی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانی ئەرکێکی زۆر دواخراوی درەنگ کەوتووە کە دەبووایە ساڵی 1992 لەگەڵ دامەزراندنی یەکەم پەرلەمان و حکومەت بچوونایە بنباری. ئەگەر دەڵێن شەڕی ناوخۆ نەیهێشت، خۆی شەڕی ناوخۆ بەدیوێکیدا بەرهەمی خراپ بەجێهێنانی ئەم ئەرکە بوو لەڕێی کۆکردنەوەی پێشمەرگە بارگاوییەکان بە ئایدیۆلۆژیا لەژێر چەترێکی نامەحکەم و نەپساندنی پەتی گەڕانەوەیان بۆ بڕیاری سیاسییەکانی ناو حیزب. ئێستاش کە رێنمایی دەدرێتە وەزیری پێشمەرگە بۆ قەدەغەکردنی کاری رێکخستن و حیزبایەتی لەناو وەزارەت مرۆڤ هەمان میکانیزمی بیردێتەوە. سادەترین پرسیار کە لێرەدا بکرێت ئەوەیە چۆن حیزبایەتی لەناو ریزەکانی پێشمەرگە قەدەغە دەکرێت لەکاتێکدا سەرلەبەری ئەندامانی ئەو هێزە لە حیزبەوە هاتوون؟
ئەم وەزارەتە کە لە ساڵی 1992ەوە هەیە دیارە بەگوێرەی یاسایەک دامەزراوە و دەبێ لە یاسای وەزارەتدا هەموو ئەم شتانە یەکلایی کرابنەوە، کەواتە چ پێویست دەکات رێنمایی بدرێتە وەزیر بۆ نەهێشتنی حیزبایەتی لەناو وەزارەت. راستتان دەوێ؟ دەبێ حیزبایەتی لەناو سەرجەم وەزارەتەکان و دامودەزگا حکومییەکان قەدەغە بن بەو سیفەتەی ئەمانە موڵکی گشتین. حیزبایەتی کە لەناو وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی و داد هەبن، ئەوە چ چاوەڕوانییەکە بەتەما بین لەناو وەزارەتێکی وەک پێشمەرگە بە رێنماییەک بنبڕ بکرێ؟
بۆ یەکێک کە بە وردی چاودێری ئەم هەوڵانەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە بکات، هەرگیز ناتوانێ باوەڕ بهێنێ کە نیەتێکی راستەقینە هەیە بۆ بە نیشتمانیکردنی ئەم هێزە و یەکخستنیان لەژێر چەتری سوپایەکی مۆدێرن و تێپەڕاندنی قۆناغی میلیشیایی و دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی پێکدادانێکی ناوخۆیی.
=KTML_Bold=دروستکردنی سوپایەکی یەکگرتووی ئەرکێکی زۆر دواخراوی درەنگ کەوتووە=KTML_End=
ئاخر تا پێشمەرگە لەم فۆرمەی ئێستایدا بمێنێتەوە ئەم ئەگەرە هەمیشە کراوەیە و دروشمی جارێکی دیکە شەڕی ناوخۆ رووناداتەوە ناتوانێ دڵنیایی بداتە هیچ کەسێ. وڵات بە دروشم و هیواخواستن بەڕێوەناچێ و پێویستی بە کاری راستەقینە هەیە. دەبێ دوو حیزبە سەرەکییەکە پێشانی بدەن کە ئامادەن دەستبەرداری هێزە چەکدارەکانیان بن.
تاکە رێگەش بەڕای من کردنەوەی دەرگایە بەڕووی خزمەتی سەربازیی ناچاریدا بۆ هەموو گەنجانی هەرێمی کوردستان کە تەمەنیان گەیشتووەتە 18 ساڵ و بۆ بەرزڕاگرتنی ناوی پێشمەرگەش دەکرێ ناوی بنرێ خزمەتی پێشمەرگایەتی. ئەم خزمەتە دەبێ لانیکەم بۆ سێ ساڵ بێت و دوایی، ئەوەی ویستی درێژەی پێبدات لە ریزی پێشمەرگەدا بمێنێتەوە. ئەمە تاکە رێگەیە بۆ دەربازبوون لەم قۆناغە و دەکرێ دوای 20 ساڵی تر کە لە مەترسی دەرباز بووین، خزمەتی ناچاری هەڵبوەشێنرێتەوە.
ئەمە ئەگەر لە یەکخستنەوەی دوو ئیدارەکەی هەولێر و سلێمانییەوە کاری پێبکرایە، ئێستا نیوەی رێگاکەمان بڕیبوو، هەر رۆژێکیش بمانەوێ هەنگاوی راستەقینە بۆ دروستکردنی سوپایەکی مۆدێرن بنێین، دەبێ هەر لێرەوە دەستپێبکەین. بەپێچەوانەشەوە پەیوەستبوون بە ریزەکانی پێشمەرگەوە لەسەر بنەمای خۆبەخشی، مانای هێشتنەوەی دەستی یەکێتی و پارتییە لەناو پێشمەرگە هەتا رۆژی قیامەت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=