=KTML_Bold=موزایەدە بە کوشتاری ئەرمەنەوە=KTML_End=
#سەلام سەعدی#
لەم وڵاتە، هەموو شتێ، دواجار دەبێ بئاڵێتەوە ململانێی یەکێتی و پارتی.. تەنانەت پرسی کوشتاری ئەرمەنیش.
پەرلەمانتارانی یەکێتی کە حیزبەکەیان لە بەرەی دژی تورکیا دەبینن، بە حەماسەتەوە پشتیوانی لەو پرۆژە بڕیارە دەکەن کە داوا دەکات پەرلەمانی کوردستان ئەو کوشتارە وەک جینۆساید بناسێ.. ئەوانەی پارتی کە خۆیان لە بەرەی تورکیا دەبینن، بە هەنگاوێکی خەتەری دەزانن بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان... واتە وەک دەبینین هەموو شتێ هەر لە روانگەی حیزبییەوە دەبینرێ !
چ عاجباتیخانەیەکی تری دنیا ئاوا مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی دنیای دەوروبەری دەکات؟ جارێ پێش هەموو شتێ پەرلەمانتارانی ئێمە چۆن بەو قەناعەتە کۆنکریتییە گەیشتوون کە ئەوەی روویداوە جینۆساید بووە یان نەبووە؟، هەر بە عاتیفە؟!، هەر بە لێکدانەوەی حیزبی یان بەرئەنجامی بەدواداچوون و بینینی بەڵگە و دۆکیومێنتەکانی تایبەت بەو رووداوە؟. کام لەو پەرلەمانتارانە پرسیاری کردووە کە بۆچی لەدوای سەت ساڵ لەو رووداوە، تا ئێستا تەنیا بیست دەوڵەت وەک جینۆساید ناسیویانە؟
حەزدەکەن بزانن ئەو دەوڵەتانە کامانەن؟
ئەرجەنتین، ئەرمینیا، بەلجیکا، کەنەدا، چیلی، قوبرس، فەرەنسا، یۆنان، ئیتالیا، لیتوانیا، لوبنان، هۆڵەندا، پۆڵۆنیا، رووسیا، سلۆڤاکیا، سوێد، سویسرا، ئۆرۆگوای، ڤاتیکان و ڤەنزوێللا. ئەی ئەوانی تر؟
دیارە بەو قەناعەتە نەگەیشتوون کە ئەوەی روویداوە جینۆسایدە، یان بەرژەوەندییان وا ناخوازێ.
ئەی بەرژەوەندیی کورد بۆ وا دەخوازێ کە ئیعتیراف بکا ؟
ڕەنگە بڵێن کوردیش وەکو ئەرمەن جینۆساید کراون و هەردوولا هاوخەمین.
دەی زەحمەت نەبێ ئەرمینیا وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری بۆچی ئەو دەستپێشخەرییە ناکا و ئەو ئیعتیرافە بە جینۆسایدی کورد ناکا ؟
دەی ئێستا تەماشایەکی لیستی ناوی دەوڵەتەکانی سەرەوە بکەوە و بزانە بۆچی ناوی ئیسرائیلی خاوەن هۆلۆکۆستی تێدا نییە ؟!
کام لەو پەرلەمانتارە ئەرمەندۆستانە پرسیاری ئەوەی کردووە کە بۆچی حکومەتی ئەرمینیا جیاکاری بەرامبەر کوردی وڵاتەکەی دەکات و بۆچی پشتیوانی لەو رەوتە ئێزدییە دەکات کە پێیانوایە ئێزدی کورد نین و نەتەوەیەکی سەربەخۆن و زمانەکەیان لەو وڵاتە بە (ئێزدیکی) ناسراوە نەک کوردی؟ لە سیاسەتدا بەرژەوەندیی هاوبەش نییە؟ کوا بەرژەوەندیی کورد لەوەدا؟
دوا پرسیارم: ئایا ئێمەی کورد لەم ساتەدا کێشەی لەوە گەورەترمان نییە ؟
بەڕێز پەرلەمانتارانی ئینساندۆستی ئەرمەندۆست، ئەم حەماسەتەی هەندێکتان و واژۆکردنتان بۆئەوەی ئەم هەرێمۆکەیە بڕیارێکی ئاوا گەورە بدا، کاڵفامییەکی زۆری پێوە دیارە. ئێوە هەر لەخۆتان بپرسن، تورکیا کە نەیهێشتووە دەوڵەتێکی وەک ولایەتە یەکگرتووەکان ئەو تاوانە بە جینۆساید بناسێ لەکاتێکدا 42 ولایەتیشی دانیان بەوەدا ناوە کە جینۆساید بووە، ناتوانێ رێ لە هەرێمی کوردستان بگرێ کە تەنانەت بنێشت و چەرخ و دۆ و ماستیشی لەوێوە بۆ دێ ؟
هەر بۆ زانیاریتان من یەکەم کەسم کە ساڵی 2007 لە وتارێکدا لە هەفتەنامەی میدیا داوام لە پەرلەمانی کوردستان کرد کوشتاری ئەرمەن بە جینۆساید بناسێ، بەڵام من ئەوکات و ئێستاش رۆژنامەنووسم، تەنیا نوێنەرایەتی خۆم دەکەم و بەناوی خۆمەوە قسە دەکەم.. مرۆڤ کە لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بوو دەبێ بەرپرسیارانە بیربکاتەوە و رەفتار بکا و بڕیار بدا. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=