=KTML_Bold=یارییەکی زیرەکانەی حیزبی دەعوە=KTML_End=
#سەلام سەعدی#
ئیدی ئەوەی کە عێراق بەتەواوی کەوتووەتە ژێر هەژموونی ئێران و هەموو سیاسەتەکانی لە فەلەکی بەرژەوەندییەکانی تاراندا دەخولێنەوە، بووە بە فاکت و هیچ گومان و مشتومڕێک هەڵناگرێ. عێراق لەڕووی سیستمی سیاسی و مۆدێلی حوکمڕانیشەوە هێدی هێدی هەمان ئەزموونی ئێران دووبارە دەکاتەوە: دەوڵەتێکی بە مەزهەب شیعی کە پیاوانی ئاینی (لەم نوسخەیەشدا هەر لە قوم و تارانەوە) رێبەرایەتی دەکەن و هێزێکی نیمچە نیزامی (#حەشدی شەعبی# کە هاوشێوەی سوپای پاسدارانە) بە وەلائی موتڵەقەوە بۆ ئایدیۆلۆژیای فەرمی، ئەم سیستەمە دەپارێزێ.
هەنگاوی دواتر ئەوەیە کە هاوشێوەی ئێران، کۆی هێزە سیاسییەکانی سەر گۆڕەپانی عێراق، هێدی هێدی رکابەرێتی و ململانێکانیان دەبەنە چوارچێوەی یەک سیستمی سیاسییەوە. واتە سیستمێکی جێگیر و نەگۆڕی هاوشێوەی ئەوەی ئێران کە موحافیزکاران و بەرەی ریفۆرم لە کێبڕکێی گرتنەدەستی دەسەڵاتدان، ململانێ تەنیا لەسەر گۆڕینی هەندێ نەهج و دەموچاو دەبێت. روخساری ئەم یارییە کە یاساکانی لە ئێرانەوە داڕێژراوە و حیزبی دەعوە بەڕێوەی دەبات، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەتەواوی دەردەکەوێ. ئێستا نووری مالیکی، ئەمینداری گشتیی حیزبی دەعوە و حەیدەر عەبادی بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی هەمان حیزب، بە موبارەکەی حیزبی دەعوە خۆی!، یەکلایی بوونەتەوە لەسەر ئەوەی بە دوو لیستی جیاواز بچنە هەڵبژاردنەوە.
من نموونەیەکی تری هاوشێوەی ئەمەم لە هیچ شوێنێکی دنیا پێ شک نایەت: یەک حیزبی سیاسی دوو لیستی جیاوازی بۆ هەڵبژاردن هەبێ. حیزبێک لەکاتی هەڵبژاردن ببێتە دوو بەرە و کەچی ریزەکانی حیزب یەکانگیر بێت!
لە یەکەم نیگادا، هەندێ سەیرە ئەم ململانێ گەورەیە لەناو یەک حیزب بە بەرچاوی مەرجەعی باڵا و عەڕڕابەکانی رژێمی تازەی عێراقەوە لە ئێران رووبدات و کەسیش دەخالەت نەکا. ئینجا ئەم ململانێیە لەناو حیزبێکیش کە لە 2005 بەدواوە بێ پسان حوکمی عێراقی لەدەست بووە!!
ئایا ئەمە پێچەوانەی گوتاری یەکێتیی ناوماڵی شیعەیە کە هەمیشە بۆ پارێزگاری لەو دەسەڵاتەی کەوتووەتە دەستیان جەختی لێ دەکرێتەوە؟ ئایا شیعە هەڵبژاردنەکانی ئاداری 2010یان لەبیر کردووە کە ئەیاد عەللاوی و ئیئتیلافی عێراقیەی (سوننی) بەهۆی دابەزینی لایەنە شیعییەکان بە لیستی جیاواز زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیان برد و ئەگەر حیلەی شەرعی بەهانایانەوە نەهاتبا، حوکمڕانییان لەدەست دەردەهات؟
=KTML_Bold=چی گۆڕاوە کە ئیئتیلافی نیشتمانیی عێراقی بەچەند لیستێکی جیاواز دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە و باکی بە دۆڕانیش نییە؟=KTML_End=
مەعلومە ئەوەی کە گۆڕاوە یاساکانی یارییەکەیە. لەدوای سەرکەوتنە بەئاگاهێنەرەوەکەی سوننە لە هەڵبژاردنەکانی ئاداری 2010، حوکمڕانە راستەقینەکانی عێراقی نوێ هیچ نەما نەیکەن بۆ نابووتکردنی ئیئتیلافی عێراقیە و پەرتەوازەکردنی سوننە کە لێرەدا بوار نییە هەمووی بەبیربهێنینەوە. ئەوەندە بەسە بڵێین: ئێستا سوننە چەند شارێکی وێرانکراو و یەک دوو ملیۆن ئاوارە و دەربەدەر و دوو جۆر سوننەیان هەیە: سوننەی مالیکی و سوننەی عەبادی!
ئێستا ئیتر عێراق ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە کە سێ جەمسەری شیعە- سوننە- کورد لە ململانێیەکی سیاسیدا بن. سوننە تەقریبەن لە گۆڕەپانەکە کراوەتە دەرەوە و لەم هەڵبژاردنەشدا کورد دابەش دەبنە سەر دوو جەمسەرەکەی حیزبی دەعوە کە بە هەموو بارەکاندا، دەنگی رازی و ناڕازی، لایەنگر و نەیاری ئێران و دۆست و دوژمنی ئەمریکا دەچننەوە.
لەڕاستیدا هەر ئەم تەکتیکە زیرەکانەیەی سەرکردەکانی دەعوە وەڵامی ئەو پرسیارەش دەداتەوە کە ئەگەر ئەمریکا بەنیاز بێت لەڕێی پشتیوانی لە عەبادی، عێراق لە چنگی ئێران دەربهێنێتەوە، بۆچی کارێکی ئەوتۆی نەکرد کە پەیوەندیی سەرۆک وەزیران لەگەڵ #هەولێر# تا ئەم ئاستەی ئەمڕۆ ئاڵۆز نەبێ؟
وەڵامەکە وا دیارە ئەوەیە کە ئەوە واشنتن نییە پەنا بۆ عەبادی دەبات تاوەکو عێراق لەژێر هەژموونی ئێران دەربهێنێ، ئەمە شتێکە لۆژیک قبووڵی ناکات، بەڵکو ئەوە عەبادییە سوود لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا وەردەگرێ بۆ راکێشانی ئەو دەنگانەی هاوئاوازی عرووبە و نەیاری ئێرانن و هیوایان بە حەیدەر عەبادیدا هەڵواسیوە.
سوودوەرگرتن لە پەیوەندییەکانی ریکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ رێکخستنی دیداری عەبادی و شای سعودیە و ئەو وردە هەنگاوانەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی بەغدا و ریاز نراون، زۆرتر نمایشێک بوو بۆ راکێشانی سۆزی سوننە و شیعەی نەیاری ئێران. لەپشتی هەموو ئەم نمایشەشەوە، مایسترۆیەک لە تاران دانیشتووە. بۆیە هێزە سیاسییەکانی عێراق ئەگەر نایانەوێ ببنە بەشێک لەم یارییە، ئەوە دەبێ بیرێک لە تێپەڕاندنی حیزبی دەعوە بکەنەوە نەک دابەشبوون بەسەر جەمسەرەکانیدا. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=