ئەرزڕۆم، یەکێک لە شارەکانی باکووری کوردستانە و دانیشتووانی ئەم شارە لە 367.000 کەس، لە کوردانی زازاکی و کرمانج و تورکی ئاناتۆڵی و ئەرمەنی پێکهاتوون. ئەم شارە 1900 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و بەهۆی کەشوهەوا ساردەکەیەوە بووەتە ناوەندی یارییە زستانییەکان و بە ساردترین شاری باکووری کوردستان دادەنرێت.
مێژووی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئورارتو، کە بنەماڵەی ئەرتاشسی لەوێ نیشتەجێ بوون، یەکەم دانیشتووانی ئەم ناوچەیە ئەرمەنییەکان بوون کە لەوێ شارێکیان دامەزراند بە ناوی (کارین). لە سەردەمی بیزانس (ڕۆمانی ڕۆژهەڵات) لە شارەکە قەڵایەک بە ناوی تیۆدۆسیوپۆلیس (Theodosiopolis) درووستکرا و شارەکەش بە ناوی قەڵاکەوە ناو دەبرا. ئەرزڕۆم چەند جارێک لە شەڕەکانی نێوان ئێران و ڕۆما و دەسەڵاتی ئەو کاتەی ئێران و عوسمانییەکاندا ژێردەستەیی خۆی گۆڕی، و هەروەها لە ساڵی 502 زاینی (بەهرام گور) دەستی بەسەر شارەکەدا گرت بەڵام پاش ماوەیەکی کورت شارەکە گەڕایەوە ژێر دەسەڵاتی ڕۆمەکان.
لە سەردەمی قاجاردا دانووستانێکی گرنگی مێژووی لە ئەرزڕۆم ئەنجامدرا، کە ئەو دانووستانە بۆ دیاریکردنی سنووری نێوان دەسەڵاتی ئێران و دەسەڵاتی عوسمانی بوو کە میرزا تەقی خانی ئەمیر کەبیر سەرۆکایەتی دەکرد.
=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org//files/relatedfiles/2024/596365/0001.JPG?ver=20240919090620=KTML_Photo_Alt=ئەرزڕۆم=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org//files/relatedfiles/2024/596365/0001.JPG?ver=20240919090620=KTML_Photo_End=
جەنگی عوسمانی و سەفەوییەکان لە پێش مردنی باوکی سوڵتان ئەحمەدی یەکەم (محەمەدی سێیەم) دەستی پێ کرد. پاش ئەوەی دەسەڵاتی وەرگرت، (یوسف سنان پاشا)ی وەک سەرکردەی سوپای ڕۆژهەڵات دەستنیشان کرد. سوپای عوسمانی لە #15-06-1604# لە قوستەنتەنییە بەرێ کەوتن، بەڵام کاتێک لە ڕۆژی #08-11-1604# گەیشتە بەرەی ڕۆژهەڵات سوپای سەفەوییەکان #یەریڤان#یان گرت و چوونە ناو پارێزگای قارس و هێزە عوسمانییەکان تەنیا توانیان لە (ئاخالتسیخه) بەر بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی سەفەویی بگرن. سەرەڕای هەلومەرجی گونجاو (یوسف سنان پاشا) بڕیاری دا زستان لە #وان# بمێنێتەوە، بەڵام دواتر بەرەو ئەرزڕۆم ڕۆیشت بۆ ڕێگرتن لە هێرشی سەفەوییەکان، کە ئەمەش بووە هۆی نائارامی لە سوپای عوسمانیدا و لە مێژوودا ئەو ساڵە بە ساڵی بەفیڕۆ چووی عوسمانییەکان ناسراوە.
نووسەری ڕووسی (ئەلیکساندەر پوشکین) کورتە چیرۆکێکی هەیە بەناوی (سەفەر بۆ ئەرزرۆم) کە لە شێوەی سەفەرنامەیەک نووسراوە، لەم گەشتنامەیەدا، پوشکین باسێکی کورتی گەشتەکەی لە ساڵی 1829 دەکات، کە بۆ پەیوەندی کردن بە سوپای ژەنەراڵ پاسکێڤیچ سەردانی ئەرزڕۆمی کردبوو. [1] [2]