[شارێک وا لەناو شارێکدا]
(گۆڕستانی سەیوان، شاری خامۆشان)
لە #سلێمانی# و لە کاتی درەنگی دەم ئێوارێکا... دەڕۆیشتم، وێڵ بووبووم بە دوای کارێکا... بە لای سەیوانا تێپەڕیم... سەیوانی چی؟ شارێک وا لەناو شارێکا... لەناو شوورەی سنوور بەندی دیوارێکا.
شارێک لەم شارەی من جیایە... ئەم شارەی من پڕ لە دەنگ و لە هەرایە... دەنگی پاساری و هۆڕین و گڤەی بایە... هاتوچۆ و لە دەرگادان و مەرحەبایە... جادە و کارگەی زەبەلاح و باق و برقی کارەبایە... مامەڵەیە جەنجاڵییە... لەم لا کۆڵ و ڕاکەڕاکە و حەماڵییە... لەو لاوە سەیران و گەشت و بەتاڵییە... خەڵکی لەسەر کورسی و قەنەفە و قاڵییە...
بەڵام ئەوێ زۆر جیاوازە... بێ نەخشەیە و بێ ئەندازە... بێ دەنگ و بێ سرکە و ڕازە... هەموو خەڵکەکەی بێنازە... کەسێک نابینرێ تیایا... سام دەتگرێ بڕۆی پیایا... ئەڵێی ئاشی ئاو کەوتووە... هەموو بە جارێ خەڵکەکەی لێی خەوتووە... هەر یەکەیان لەسەر لای ڕاست لێی کەوتووە.
شاری سەیوان، بێ ئاو و بێ کارەبایە... هەر ژوورێک کەسێکی تیایە... بێ پەنجەرە و بێ دەرگایە... ماڵەکانی هەر یەک جۆر و هەر یەک بارە... بێ ستوون و بێ دیوارە... بێ حەوشەیە و بێ ستارە... لەو خاکەدا دابڕاوە وەک موغارە... تەنها سەربانەکەی دیارە... کەس بۆ لای چەپ وەرناگەڕێ... هیچ کەس لەو خەوە قوڵەی خۆی ڕاناپەڕێ... کەس بە بەردەم ماڵی کەسدا بۆ یەک جاریش تێناپەڕێ... کپ و ماتن... ڕۆژیان شەوە و شەویان شەوە و هەر یەک کاتن... بێ ڕۆژژمێر و سەعاتن... ئاغا و سەردار بوونی نییە، هەموویان هەژار و لاتن.
وای لەم شارە! بێ نووسراو و هێمای ڕێیە... کەس نازانێ ناونیشانی گەڕەک و ماڵەکەی کوێیە... لە کام جێیە... لە چواردەوریدا کێی لێیە... تەنانەت ناشزانێ ناوی ئەو شارەی کە ئەوی لێیە.
واقم وڕما لە حەوشە و بان و ماڵیان... لە ڕۆژ و وەرز و ساڵیان... وای چەندە ڕووت و ڕەجاڵن! تەنیاباڵن... کوێرن، لاڵن... لە یەکتری بێ هەواڵن... ئەڵێی مەلی سەربڕاون... لە ئازیزانی دنیایان دابڕاون... لە هەرچی موڵک و ماڵیانە ڕووت کراون... ئەڵێی دەغڵن بە داس دروێنەکراون... سواڵەسواڵە دانراون... خۆیان نەچوون، بە ناچاری بە شانی خەڵک براون... هەر کەسێک سەرەی هاتووە... لە هاتن دوانەکەوتووە.
وای چەند زۆرن... هەمەجۆرن... شێخ و مەلا... پاڵە و فەلا... سواڵکەر، چێوار... وەستای دیوار... عەریزەنووس و نووشتەنووس... کوژراو لەسەر پارە و نامووس... تاقانەی ئازیزی ناو ماڵ... دارتاش، بەقاڵ... جەڕاح، فیتەر... جاڕچی، مەیتەر... سۆفی و دەروێش... شوان و دانکێش... سەرکار، سەرباز... قەساب، کەوباز... دەرەجەداری سەربازی... سیخوڕ، پیاوکوژ، فەقێ، قازی... جاڕچی، کەبابچی، نانەوا... زەڕەنگەر و فەرمانڕەوا... ئاغا و نۆکەر و ئاسنگەر... شاعیر و ئەدیب و مسگەر... هەرچی ڕشتەی ئەو شارەیە... ئەگەر ژیر و خوێندەوارە، ئەگەر شێت و پەتیارەیە... هەرچی ناو و ناونیشانە... لێی کەوتوون لەو تیغەشانە... بێ جیاوازی، کێل کراوە بە نیشانە... ئەگەر خراپ ئەگەر چابن... هیچ کامیان لە خوا ون نابن... ئاماری کردوون هەر هەموو... کەی و لە کوێ و چۆن و چی بوو... لێی ون نابێ یەک تاڵە موو.
وای لەم جێگە نەهاتییە... لە دوای ئەو دنیا کاتییە... کە تەمەن تیای چەند درێژ بێ... گەشتێکی یەک سەعاتییە.
بەرزەخ قۆناغێکی ڕێیە، وەکوو خەوە... ئەو مردوانە هەر وەکوو کرمی ئاوریشم چوونە سووڕی قۆزاخەوە... بە ناو تونێلی بەرزەخا تێدەپەڕن... لەگەڵ شەیپوری دووەمدا ڕادەپەڕن... قنج دەبنەوە و لە گۆڕەکان دەردەپەڕن... تا هەر یەک بۆ لایەک برێن... خەڵات، یاخود سزا درێن... ئەگەر خەوتووی زوو بێرە هۆش... هاکا بۆ سەیوانی خامۆش... نۆرە گەیی بە من و تۆش.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=