=KTML_Bold=کابینەی سێ رێگرەکە=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
زیاتر لە 120 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا رەت بووە، تا ئێستا کەس نازانێ کەی کابینەی نوێ پێکدەهێنرێ. هەر هێزە و لەلای خۆیەوە ئۆباڵی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت دەخاتە ئەستۆی ئەوەی دیکە بەبێ ئەوەی تا ئێستا هیچ لایەنێک بوێریی ئەوەی هەبێت کە روون و راشکاوانە هۆکارەکانی دواکەوتنی پرۆسەکە بۆ رای گشتی باس بکات.
وەکوتر، هەر هێزە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر پێکهاتەی کابینەی نوێی حکومەت بە دڵی خۆی نەبێ، ئەوا بژاردە و هەڵوێست و قسەی دیکەی دەبێ. ئەو هەموو (دیکە)یانەش هێندەی لە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە و دەسکەوتنی زۆرترین پۆست و ئیمتیاز دەچن، ئەوەندە هەوڵی خەمخۆرانە نین بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و وەڵامدانەوەی خواست و پێداویستییەکانی هاووڵاتیان.
یەکێتی دەڵێ ئەگەر بە دڵی من نەبێت، ئەوا قسەی خۆم دەبێت. بۆ کەسی چاودێر بەسەر رووداوەکانیشەوە، قسەکەی یەکێتی روون و ئاشکرایە و تەنها بە هەندێ بەلاغەتی سیاسی رووپۆش کراوە کە راستییەکەی مەبەستی ئەو حیزبە لە قسەی خۆی، ورووژاندنی بابەتی دەستوور و ختوکەدانیەتی.
گۆڕان بەلای خۆیەوە دواکەوتنی پرۆسەکە بۆ ناشەفافیەتی کۆبوونەوە و دانوستاندنەکانی پێکهێنانی کابینە دەگەڕێنێتەوە، لە کاتێکدا خودی گۆڕان تاوەکو ئێستا راستگۆ و راشکاو و شەفاف نییە لەوەی کە ئەو بۆ خۆی چ پۆستێک و چەند پۆستی دەوێ و بەربژارەکانی کێن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانە؟
(پارتی)ش لەلایەک بۆ نەڕەنجاندنی هاوپەیمانە ستراتیژییەکەی و تووڕەنەکردنی گۆڕان، دوا بڕیاری راشکاوانەی خۆی نەداوە و هەڵوێستی روونی خۆی ئاشکرا نەکردووە و وێناچێ مەبەستیشی بێت لە نێوان بێنە و بەردەی دوو حیزبەکەی دیکەدا، ئاوا بە ئاسانی خۆی یەکلایی بکاتەوە. لە کاتێکدا پارتی لە هەر هەموویان بەرپرسیارێتی زیاتری دواکەوتنی پرۆسەکەی دەکەوێتە ئەستۆ و چیتر پێویست نییە هاووڵاتیان لە چاوەڕوانی (ئانا و پانا)ی نێوان یەکێتی و گۆڕاندا بهێڵێتەوە!
بە درێژایی بیست و ئەوەندە ساڵەی دەسەڵاتدارێتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرفتی سەرەکی بەردەم باش بەڕێوەنەچوونی حوکمڕانی لە جومگە سەرەکییەکانی حوکمڕانی و تا دەگاتە دامەزراوەیەکی بچووکی وڵات، دانانی جێگر بووە. ئەو شتەی کە لەناو شەقام و تەنانەت کایەی سیاسیشدا ناوی لێنراوە (رێگر!). چەمکێک کە ئێستا بووەتە کەلتوورێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی باو و هەنووکەش لە پێکهێنانی کابینەی هەشتەمدا بووەتە گرێکوێرەی سەرەکی.
یەکێتی داوای جێگری حکومەت دەکات، گۆڕانیش هەمان داوای هەیە، تورکمانەکان جێگرێکیان بۆ کاروباری تورکمانەکان دەوێ و رەنگە کلدۆئاشوورییەکانیش شتێکی لەم چەشنەیان لە خەیاڵدا بێت. بیرکردنەوە و بۆچوونی زاڵی هەنووکەییش ئەوەیە کە سەرۆکی حکومەت (سێ رێگر)ی هەبن. ئەمەش بۆ خۆی هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ لەپەلوپۆخستنی کارەکانی کابینەی داهاتوو.
ئەو کێشمەکێشەی نێوان هێزە کوردییەکان و دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت، خەیاڵمان دەباتەوە بۆ هەڵبژاردنی پێشووی عێراق کە سەرەڕای سەرکەوتنی لیستی عێراقیە بە براوەی یەکەم، کەچی بەرژەوەندی و ململانێی سیاسی و بە رەزامەندی کوردیش لەگەڵی، لیستی دەوڵەتی یاسا و مالیکی کرانەوە حوکمڕان، ئەو حکومەتەی ئێستا دار و بەرد و ئاو و هەوای عێراق لێی بێزارە، بەوانەشەوە کە کاتی خۆی لەسەر حیسابی لیستی عێراقییە پشتیوانییان لێکرد. حکومەتێک ساڵانێکە راست و چەپ و بۆ مەرامی ئایدیۆلۆژی و تایفی، (شەلم، کوێرم، نابوێرم) بەربووەتە گیانی پێکهاتەکانی عێراق.
ئەوەی ئەمڕۆ لە باشووری کوردستاندا دەگوزەرێ، هەوڵێکە بۆ دووبارەکردنەوەی هەمان سیناریۆی عێراق، بەڵام لە بەرگێکی دیکەدا. واتە ناچارکردنی گۆڕانە بۆ چوونە ژێر باری داخوازییەکانی یەکێتی. لە کاتێکدا لە دونیای دیموکراسیدا ئەزموونێک نادۆزیتەوە، براوەی سێیەم ببێتە ریش سپی هێزەکان و سەرپشکی بڕیاردەر لە مافی براوەی دووەم و سیخورمەش لە براوەی یەکەم بگرێت!
لەم گۆشەنیگایەوە، چیتر دواخستنی پێکهێنانی کابینەی نوێ، جگە لەوەی بێڕێزیکردنە بە گەمەی دیموکراسی و بێبەهاکردنی پرەنسیپی دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، هاوکات گاڵتەکردنێکی ئاشکرایشە بە ئیرادە و دەنگی هاووڵاتیان.
گەورەترین بێڕێزیش بە چەمکی دیموکراسییەت و گاڵتەکردن بە ئیرادەی سیاسی ئەوەیە کە سەرۆکی حکومەتێک هەبێ سێ جێگری هەبن کە لە بنەڕەتدا دەبنە (سێ رێگر!)ی راستەقینەی فول ئایدیۆلۆژی. ئەو دەمەش دەبێ بڵێین، خۆزگەمان بە (کفن دز)، واتە سەردەمی ئەزموونی (فیفتی بە فیفتی)! [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=