جا (گۆڕان) نەگەیشتووەتە کوێ؟!
#نووری بێخاڵی#
هاوکارم (مەحمود یاسین کوردی) لە ژمارەی رابردووی هەفتەنامەی (رووداو)دا وتارێکی بەناوونیشانی (گۆڕان گەیشتە مەکتەبی سیاسی یەکگرتووش!) بڵاوکردووەتەوە. وتارێک هەرنا بەلای منەوە سەرنجڕاکێش بوو. وتارێک، ناوەڕۆکەکەی کەم و زۆر لە بیرۆکەیەکی پێشووتری من نزیک بوو دەربارەی سیاسەتی زیرەکانەی (گۆڕان) لە تێپەڕاندنی شەپۆلەکانی دەنگ و رەنگی خۆی بە ناڕاستەوخۆ بۆ ناو هێزە سیاسییەکان و تەنانەت دەزگا میدیاییەکانیش لە کوردستاندا. بیرۆکەیەک کە دەمێکە دەمەوێ بیکەمە وتارێک و پێموایە ئێستا کاتی هاتووە.
شتێک، کە لە تۆڕی میدیایی (رووداو)دا جێی خۆشحاڵییە و پێموانییە لە هیچ دامەزراوەیەکی میدیایی کوردستاندا هەبووبێت و هەبێت، ئەوەیە کە کارمەندەکانی لە باکگراوندی سیاسی و ئایدیۆلۆژی جیاوازەوە هاتوون و بە هەمان باکگراوندیشیانەوە لەناو دەزگاکەدا درێژە بە کار دەدەن. بەو مانایەی کەسیان ناچار بە چوونە ژێرباری ئایدۆلۆژیا و سیاسەتێکی دیاریکراو نەکراون و تەنها شتێک کە مەرجی پابەندبوونە، دیوە پڕۆفیشناڵی و پیشەییەکەی کاری میدیاییە. ئەمەش بەو مانایە دێت کە رووداو خاوەنی گوتارێکی سیاسی (مەبەست حیزبی و ئایدیۆلۆژی رووت و دیاریکراو) نییە، کە ئەمەیان جیاوازە لەو پەیام و ستێرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەی کردوویەتییە سەرمەشقی کاری خۆی.
پەیامێکی نەتەوەیی – نیشتمانیی داماڵراو لە لایەنگیری شۆڤینییانە و بارگاوی بە پرەنسیپ و بنەما پیشەییەکانی کاری راگەیاندن. کەچی هەست دەکرێ لە سێبەری ئەم پانتاییە کراوەیەی (رووداو)دا، گوتارێکی سیاسی دیاریکراو چەکەرە دەکات کە دواجار زیان بە (رووداو) خۆی و پەیامەکەی و کارە پرۆفیشناڵییەکەی دەگەیەنێت و لەبەردەم وەرگرەکانیدا دەیخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی.. چۆن؟
ڕوونتر بڵێین، ئەم هەلومەرجە کراوەیەی دەزگاکە وایکردووە، کە بە ئاگایی، یان بە نائاگایی بەڕێوەبەرانی کەناڵە جیاوازەکانی ئەم تۆڕە (تەلەفزیۆن و پۆرتاڵ و هەفتەنامەی رووداو)، هەست بە چرۆکردنی گوتارێکی سیاسی دیاریکراو لە بەرهەمەکانیدا بکرێت. گوتارێک ئەوانە درکی پێدەکەن کە لە گەمەی زمان و بەلاغەتی سیاسی و هونەر و مانۆڕی داڕشتنی هەواڵ دەگەن. ئیدی چ زمانی نووسینی وتارەکان بێت، یان جۆر و سروشتی داڕشتنەوە و رووماڵی ئەو هەواڵ و راپۆرت و رێپۆرتاژ و بەدواداچوونە رۆژنامەوانیانەی پەیوەندییان بە رەوشی سیاسی کوردستان و بەتایبەتی ململانێی نێوان هێزە سیاسییەکانەوە هەیە.
ئەو گوتارە سیاسییەی کە وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا بە ئاگاییەوە بێت، یان نائاگایی و بەبێ بەرامبەر ریکڵامی بۆ دەکرێت، هەڵگری هەمان ئەو زمان و دونیابینییە سیاسیەیە کە بزووتنەوەی (گۆڕان) و دەزگا میدیاییەکانی هەیانە، وەک چۆن جار جارەش تۆنی هەندێ گوتاری خەوتووی ئیسلامییەکان و بەتایبەتی رەنگدانەوەی بیرکردنەوەی ئیخوانی (یەکگرتوو)ی بەسەرەوە دیارە. بۆ مێژووش، ئەو زەمینەی هێدی هێدی چەکەرەکردنەی ئەم فۆرمانە لە گوتار، کەمتر پەیوەندی بە کەمتەرخەمی عەقڵی بەڕێوەبردنی تۆڕەکەوە هەیە، بەڵکو زیاتر گرێدراوی دونیابینی کراوەی ئەو عەقڵە لەلایەک و لەلایەکی دیکە زادەی نەعرەی خەوتووی ناوەوەی خاوەنەکانیانە، وەک چۆن رەنگە خراپ سوودوەرگرتن لەو فەزا کراوەیەی (رووداو)یش بەشێک بێت، بۆ درێژەپێدانی ئەو گەمەیەی کە رەنگە لە ئایندەدا بە قازانج بۆ (رووداو) و دەستکەوت و دەستپێشخەرییەکانی لە بواری میدیادا نەشکێتەوە.
ئەگەر ئەم دەرکەوتەیە لە بێئاگایی و نیازپاکییەوە بێت شتێکە، ئەگەریش بە ئاگاییە و بە مەبەستی گەمەیەکی سیاسی و لەپێناو مەرام و مەبەستێکی سیاسی بکرێت، نەک ئاسایی نییە، بگرە خودی تۆڕەکە و پەیامە پڕۆفیشناڵییەکەی دەخاتە ژێر پرسیاری قورس. چونکە ئەوە نە ئەرکی (رووداو)ە بێتە نێو گەمەی سیاسی حیزبەکان و حاکمی راوێژکاری دابەشکردن و بەشینەوەی پۆست و ئیمتیازەکانی کابینەی حکومەت و هێڵە گشتییەکانی پارسەنگ و هاوسەنگی هێزە رکابەرەکانی کوردستان یەکلا بکاتەوە و نە لەگەڵ خودی پەیامەکەی خۆیشیدا دێتەوە کە گەیاندنی هەواڵ و بەخشینی زانیارییە بە وەرگرەکانی خۆی.
بۆ نموونە، کارکردنی ناڕاستەوخۆ لە میانی گەمەی زمان و بەلاغەتی سیاسی و بەناوی شرۆڤەی هەواڵ و سیاسەت لەسەر تێکشکاندنی (یەکێتی) و چاوباشقاڵێ لەگەڵ (گۆڕان) کە سەرچاوەی تێڕوانینیان بۆ گەمەی سیاسی و رکابەری لەگەڵ (پارتی)دا یەک سەرچاوەیە و لە یەک کوانووی مێژوویی و ئایدۆلۆژییەوە هەڵدەقوڵێت، خزمەت بە پەیامی پیشەیی (رووداو) ناکات و هەرگیز بەم مانۆڕە ناتوانێ پەنجەی تۆمەت و زمانی گومانی خراپی هەردوو هێزی یەکەم، بە ئیسلامییەکانیشەوە کە سێبەریان لەوێدا هەن، لەسەر خۆی خاوبکاتەوە!
من پێشتر و لە وتارێکدا و هەر لێرە قسەم لەسەر هۆکاری پەکخستنی پێکهێنانی کابینەی نوێ کردووە. لەوێدا بە راشکاوی ئاماژەم بە مەترسی دووبارەکردنەوەی سیناریۆی بەغدا لە دژی (گۆڕان) لە کوردستان کردبوو. مەبەستم سیناریۆی دوورخستنەوەی (عەلاوی) و موجامەلەی (مالیکی) کە عێراقی بە ئەمڕۆ گەیاند و کورد تێیدا گەورەترین زیانمەندی پشتیوانیکردنی (مالیکی) بوو، وەلێ ئەوە بەو مانایە نییە مادام (گۆڕان) #وەزارەتی ناوخۆ#ی پێنادرێ، ئیدی دونیا خراپ دەبێت و ژیان دەوەستێ!
لەوێدا ئاماژەمان بە گەمە ناشیرینەکەی (یەکێتی) و دڕدۆنگی (پارتی)یش کردووە، لەوەی تا هەنووکەش نەیتوانیوە خۆی لە نێو بەرداشی ململانێی ئەو دوو حیزبەی کە یەک تێڕوانینی مێژوویی و ئایدیۆلۆژی لە رکابەریکردنی (پارتی) کۆیاندەکاتەوە، خۆی یەکلایی بکاتەوە.
بەهەرحاڵ، لەکاتێکدا هەموو لایەنە براوەکان پشکی خۆیان لە دروستکردنی ئەو قەیرانە و دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت بەردەکەوێت و شەڕی زیاتری هەر هەموویان لەسەر پۆست و ئیمتیازات و بەشە هەریسەی دەسەڵاتە و بە مووش دەنگی دەنگدەرەکانیان و داخوازییەکانیان لە خەیاڵدا نییە. بۆیە بەبۆچوونی ئێمە، ئەگەر وابڕوات، پێشنیاز دەکەم بزووتنەوەی (گۆڕان) دەزگای (وشە) و کەناڵە میدیاییە ئاشکرا و سێبەرەکانی خۆی دابخات و ئەو بودجەیەی لەو بوارەدا خەرجی دەکات، بۆ مەکۆکان و کار و چالاکی هەڵسوڕاوەکانی لە شار و شارۆچکەکانی کورستان تەرخانی بکات.
چونکە بەم هەناسەیەوە (رووداو) پێی خۆش بێت، یان نا، بە ئاگاییەوە بێت، یاخود نائاگایی، بە ناڕاستەوخۆ کارەکە بۆ (گۆڕان) تەواو دەکات و پەیامەکەی دەگەیەنێتە شەقام و هێزە سیاسییەکان و وەک مەزڵومی یەکەم و کۆتایی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان نیشانی دەدات و دواجاریش هەر (رووداو) باجی زمانی تۆمەت و گومانی ماکینە راگەیاندنە ئاشکرا و سێبەرەکانی (گۆڕان) و ئیخوانەکانی کوردستان دەداتەوە کە پێی دەڵێن (کەناڵی نەوتەکە و تەلەفزیۆنەکەی پارتی)! [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=