=KTML_Bold=عێراق و کوشتنی مرۆڤ لەسەر ئایین!=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
ئەگەر لە رابردوودا و بە درێژایی زیاتر لە هەشتا ساڵ حوکمڕانیی عەرەبی سوننە لە عێراق، لە پادشایەتییەوە تا دەگاتە کۆماری بە جیاوازیی دنیابینی سیاسی و بیرکردنەوەی ئایدیۆلۆژییان، کورد قوربانیی سیاسەتی پان عروبە و شۆڤینیزمی عەرەبی بووبێت، ئەوا لە 2003 بەدواوە و بەتایبەتی دوای 2009، کورد لە عێراقدا رووبەڕووی سیاسەتێکی شۆڤینی دووسەرەی ترسناکتر بووەوە.
دوای 2009 و گەیشتنە دەسەڵاتی مالیکی، کورد لەسەر ئاستی نەتەوەیی وەک کورد و لەسەر ئاستی مەزهەبیش وەک سوننە (بەچاوپۆشین لەو بەشە کوردە شیعە مەزهەبەی کە بەداخەوە زۆربەیان ئینتیمای مەزهەبیی خۆیان خستووەتە سەرووی ئینتیمای نەتەوەیی و هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بەڵگەن!)، لەبەردەم هەڕەشە و مەترسی شۆڤینیزمی نەتەوەیی و مەزهەبیدایە.
بۆ ئەوەی زۆر لە ناوەڕۆک و مەبەستی وتارەکەمان دوور نەکەوینەوە، قسە لەسەر مەترسی کوشتنی گەلانی عێراق دەکەین لەسەر ناسنامەی ئایینی کە دیارترین دیاردەی مەترسیداری ئەو وڵاتەیە. بە درێژایی 10 ساڵ ئازادکردنی عێراق، هاووڵاتیانی چەندە بوونەتە قوربانیی ململانێی سیاسی و نەتەوەیی، چەندجار بارتەقای ئەوە بوونەتە قوربانیی ململانێی ئایینی و مەزهەبی و تایفی. بەراورد بە مەترسی کوژران لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی، کوشتنی مرۆڤ لەسەر ناسنامەی ئایینی لە عێراقدا رۆژ دوای رۆژ کێرڤەکەی لە هەڵکشاندایە. تەنانەت مرۆڤەکان لە عێراقدا جگە لەوەی لەباری سیاسییەوە بە خوێن باجی جیاوازیی شوناسی ئایینییان داوە، ئەوا لەباری کۆمەڵایەتیشەوە کچەکانیان ئامانجی ئابڕووبردن و دەستدرێژیکردنە سەرن.
لەم رووەوە واز لەو ژمارە زۆر و زەوەندانەی ئەو هەموو (عومەر و عەلی، حوسێن و عوسمان)انە بێنن کە لەسەر جیاوازیی مەزهەبی و تایفی و (ناوەکانیان!)، لە شار و شارۆچکە عەرەبییەکانی عێراقدا خوێنیان رژێنراوە و هێشتاش زۆربەی دیکەیان لە چاوەڕوانی کوشتنی لەپڕ و خوێنڕژانی لەناکاودان. بەدیوەکەی دیکەدا کەمینە ئایینیەکانی دیکەش ئامانجی سەرەکی هەردوو مەزهەبەکەی ئایینە زۆرینەکەن کە لە رێگەی گرووپ و رێکخراوە توندڕۆ و تیرۆریستییەکانیان، خەڵکی کریستیان، ئێزدی، کاکەیی و سابیئە تیرۆر دەکەن و دەستدرێژی دەکەنە سەر پاکیزەیی مێینەکانیان. لەم رووەشەوە کەم نین ئەو مرۆڤە سڤیلانەی بوونەتە قوربانی و ئەو کچانەی پاکیزەییان تکێنراوە و دواتر گوللەباران، یان زیندەبەچاڵ کراون، تا ئەوەی ئەم هەڕەشانە بوونەتە هۆکاری سەرەکی سەرهەڵگرتنی پەیڕەوکارانی ئەو ئایینانە و بەجێهێشتنی عێراقی خوێناوی. ئیدی چ بە هاتن بۆ باشووری کوردستان، یان رووکردنە هەندەران و ئاوارەبوونی وڵاتانی دیکە. ئاماری کۆمیسیاری نەتەوەیەکگرتووەکانی تایبەت بە پەنابەرانیش بەڵگەی ئەو راستییەن کە رێژەی ئەو کەسانەی لە عێراقدا و بەتایبەتی ئەوانەی لەبەر ترسی ئینتیمای ئایینی و مەزهەبی دەربەدەر بوون، چ هەڕەشەیەکە لەسەر ئایندەی بەیەکەوە ژیان لەم وڵاتەدا. ئەو عێراقەی دەمێکی دوورە ناویان ناوە (بلد الشقاق والنفاق)، کەچی عێراقییە خۆشخەیاڵەکان و لەناویاندا کوردی مارانگەستە، هێشتا بە (عێراقی هیوا و ئاشتی) ناوی دەبەن!
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوە نێوخۆیی و نیودەوڵەتییە حکومی و ناحکومییەکان، لە دوای ساڵی 2003وە تاوەکو ئێستا، چش لە سەرهەڵگرتن و دەربەدەری و ئاوارەبوونی دەیان و سەدان هەزار کەس لە پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەکانی عێراق، وەکوتر (1000) کریستیان و (900 – 950) ئێزدی و لەسەرووی (250) کاکەیی و (130) سابیئەی مەندائی کوژراون. ئەم ئامارانەش رێژە و ئاست و قەبارەی ئەو هەڕەشە و مەترسیانەمان بۆ رووندەکەنەوە کە بۆ سەر داهاتووی ئاشتی و دیموکراسی و بەیەکەوەژیان لەو وڵاتەدا هەن.
ئەوەی لەم نێوەدا جێگەی سەرنجە و پێویستە بە هەند وەربگیرێ، ئەوەیە کە ئەگەر کەمینەکانی دیکە (کریستیان و سابیئە)، وەک کەمینەی ئایینی ئامانجی هەڕەشە بن، ئەوا (ئێزدی و کاکەیی) یەکەم وەک کورد و دواتر وەک ئینتیمای ئایینی کراونەتە ئامانجی لەناوبردن. جگە لە هەواڵی رۆژانەی کوشتنی ئەو برا و خوشکە هاوخوێن و هاوشوناسی نەتەوەییانەمان و فشارخستنەسەر و هەڕەشەلێکردنیان بۆ بەجێهێشتنی زێدی باوک و باپیرانیان و لەگەڵیاندا هەڕەشە و مەترسییەکان بۆ سەر (شەبەک). رووداوەکانی ئەم دوو هەفتەیەی رابردوو، کوشتنی شەش کوردی ئێزدی و دەستدرێژیکردنە سەر چوار کچی ئێزدی و سەرهەڵگرتنی زیاتر لە (4500) خێزانی ئێزدی لەناوچەکانیان و رووکردنە ئەو بەشەی باشووری کوردستان کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدایە، نزیکترین بەڵگە و روونترین ئاماژەن بۆ ئەو هەڕەشە و مەترسییە گەورەیەی لەسەر بوونی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقیدا هەیە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=