=KTML_Bold=عرسال و
شنگالشنگال.. دوو شوێنکات، یەک سیناریۆ!=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
شارۆچکەی عرسال، کە دەکەوێتە سەر سنووری سووریا و لوبنان، بە گوندەکانی دەوروبەرییەوە، ئاوایی شیعە نشینن. جگە لەوەش بە دەیان هەزار ئاوارەی سووری لەو ناوچە سنوورییەی هەردوو وڵاتدا گیرساونەتەوە. لەو ئاواییەدا، کە سوپای لوبنانی لێیە و حزبوڵڵاش لەوێوە هێرش دەکاتە سەر چەکدارەکانی هەردوو رێکخراوی #داعش# و بەرەی نوسرە لە سووریا. چەند سەربازێکی لوبنانی لەلایەن هەردوو رێکخراوی ناوبراو رفێندران. لە وەڵامی ئەو چالاکییەی چەکدارانی ئەو دوو رێکخراوەدا، لە بری ئەوەی سوپا بەرپەرچی پەلاماری چەکداران بداتەوە و هەوڵی ئازادکردنی سەربازەکانی بدات، کەچی بە گوێرەی زانیارییە رۆژنامەنووسییەکان و لێدوانی دانیشتوانی ناوچەکە بۆ ئاژانسەکانی هەواڵ، سوپا بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو و بەبێ هیچ بەرگریکردنێک لە بەرامبەر ئەو پەلامارەی چەکداراندا پاشەکشەی کرد و سەربازەکانیشی بەبەر چاوی خۆیدا رفێنران. ئەگەرچی بە ماوەیەکی کەم سوپا خۆی کۆکردەوە و ئارامی بۆ ئەو ناوچانە گەڕاندەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە پاشەکشە و بەرگرینەکردنەکەی پێشووی، دەرگای بەسەر ترس و هەڕەشەیەکی گەورەی داعش و نوسرە بەسەر ئەو ئاواییە شیعەنشینە سنوورییانە و ئاوارە سوورییەکاندا کردەوە و ئەو دانیشتووانانەی تەواوی متمانەی خۆیان لەو ئاواییانە بە سوپاکەیان بەخشی بوو، کە ئارامی و ئاسایشیان بپارێزێت، نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوکێ دایگرتن.
لە بەرامبەردا شنگال، کە شارۆچکەیەکی کوردستانی کوردی ئێزدینشینە و هاوسنووری پارێزگای موسڵە، هاوکات و بە ماوەیەکی زۆر کەم، لە دوای رووداوەکەی عرسال، لە هێرشێکی کتوپڕی چەکدارانی داعش و بەبێ هیچ بەرگرییەکی ئەوتۆی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی دیکەی ناوچەکە، لەلایەن چەکدارانەوە کۆنتڕۆڵکرا و کارەساتێکی گەورەی مرۆیی، تا ئاستی جینۆساید لێکەوتەوە.
دوای هەردوو رووداوەکەش داعش بە ئاشکرا رایگەیاند، کە سەردەمێکی نوێ لەو دوو جوگرافیایەدا دەستی پێکرد. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو راستییەی ناو هاوکێشەکە، کە ئیدی دیمۆگرافیا لە سروشتێکی خواکردەوە، بۆ کاڵایەکی سیاسی و بابەتی ململانێی نێوان هێزەکان گۆڕاوە. واتە چیتر ئەو سروشتی جیاوازییە دیمۆگرافییە خواکردەی نەتەوە و ئایین و مەزهەبەکان لەسەرزەمینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرچاوەی بەردەوامی سەقامگیری و ئارامی و بەیەکەوەژیان و یەکدی قەبوڵکردن نییە، بەقەد ئەوەی هۆکارێکی گرنگی گەرمکردنی بازاڕی سیاسی و فراوانکردنی ئۆتۆرێتەی دەسەڵات و ئایدیۆلۆژییە و دەروازەیەکی ترسناک لەبەردەم ململانێ و ناکۆکی خوێناوی ئیتنی و تائیفی و مەزهەبی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکە دەکاتەوە و هاوکار دەبێت لە چەکەرەکردنی هەستێکی مەترسیداری شۆڤینییەت و راسیستی لەناو ئەندامانی ئەو پێکهاتانە، بە ئاقاری ویستی تۆڵەستاندنەوە و دەست چوونە خوێنی یەکدی.
ڕووداوەکانی عرسال و شنگال سەرەڕای جیاوازی شوێنکات و قەبارە و ژمارەی قوربانییەکانیان، بەڵام لە زۆر خاڵی جەوهەریدا هاوبەشن و یەکدی تەواو دەکەن. بۆ نموونە لەوێ سوپا و لێرە هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو سەنگەرەکانیان چۆڵ دەکەن و خەڵکی سڤیل بۆ رەفتاری هۆڤانە و دڕندەییەکانی داعش بەجێ دەهێڵن.. لەوێ شعیەی لوبنان و ئاوارە سوورییەکان دەکرێنە ئامانجی داعش و نوسرە، لێرە مەسیحی و ئێزدییەکان دەبنە نیشانی داعش.. لەوێ خەڵکی خیوەتنشینی داڵدەدراو، نمەکحەرامانە کۆمەک و پشتیوانی چەکدارانیان کرد بۆ لێدانی سوپا، لێرەش خێڵ و هۆزە عەرەبە نیشتەجێیەکانی ناوچەکە، کە چەندین ساڵە پێشمەرگە ئاسایشیان دەپارێزێت، پشتیوان و هاوکاری چەکدارانی داعشیان کرد و لە پشتەوە خەنجەریان لە پێشمەرگە و کوردی ئێزدی و مەسیحییەکاندا.
بە بەراوردێکی هەردوو رووداوەکە و لەبەرچاوگرتنی بایەخی جیۆستراتیژی و دیمۆگرافیای هەردوو ناوچەکە و سەرەڕای بڕێک جیاوازی، کەچی وێدەچێ هەردوو سیناریۆیەکە، لە بنەڕەتدا یەک سیناریۆ بن و بۆ ئامانجێکی دوورتر داڕێژرابن، کە مەبەست لێی، کردنەوەی دەروازە و پانتایی زیاتری جوگرافییە لەبەردەم جووڵەی سەربازی داعش و جێگیرکردن و چەسپاندنی کۆڵەگەکانی دەوڵەتە ئیسلامییەکەی. دەوڵەت و خەلافەتێک کە تیایدا مافی ژیان و مانەوەی مرۆڤ لە سایەیدا مەحکومە بە چەند پێشمەرجێکی ئایینی، بەوەی سەرپشک دەکرێت لە نێوان (بەزۆر موسڵمانبوون، جزییە و سەرانەدان، سەرهەڵگرتنی زێدی لەدایکبوون، یان هەڵبژاردنی مەرگی بەردەم تیغی شمشێر) یەکێکیان هەڵبژێرێت، ئەمەش لەپێناو بەرخوردبوون لە ناسنامەی هاووڵاتییەتی لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئیسلامی داعشدا. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=