=KTML_Bold=چەپڵەکەی دەمیرتاش و ڕقەکەی بایک!=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
لە کاتێکدا (PKK) دەستبەرداری خەونی بونیادنانی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ و یەکگرتوو بوو و بە کەمتر لە ئۆتۆنۆمی بۆ باکووری کوردستان ڕازییە.لەلایەکی دیکە کڵاوڕۆژنە و دەروازەیەک بەسەر چارەسەری ئاشتییانەی دۆزی کورد لە باکووری کوردستان کرایەوە و ماوەی نزیک بە دوو ساڵە خوێنی کورد بەدەست تورک نەڕژاوە و بە پێچەوانەوە.هەروەها ئامادەییەکی کارای سیاسی کورد لەناو پرۆسەی سیاسی تورکیادا هەیە. ئیدی کاتی ئەوەیە لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، هەموو هەوڵە دیموکراسی و مەدەنییەکان بخرێنە گەڕ.
ئەم بەرپرسیارێتییەش ئەرکێکی دوو لایەنەیە و دەکەوێتە سەر شانی هەردوولا (دەوڵەتی تورکیا و کورد). بۆیە هەر هەوڵێکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ لەباربردنی ئەو پرۆسەیە بدرێت و لەهەر لایەنێکەوە بێت، ئەوا باجی مێژوویی گەورەی بەدوادێت.
سەلاحەددین دەمیرتاش، کە ڕکابەری ئەردۆغان بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا و لە ئاکامی ململانێکەشدا دووەمیان، واتە ئەردۆغان، گرەوەکەی لە دەمیرتاش و کلچدارئۆغلۆ بردەوە، پەرچەکردارە دیموکراسی و سەردەمییانەکەی لەبەرامبەر بردنەوەی (ئەردۆغان)دا، نیشانەی ئەوپەڕی هوشیاری ئەو سەرکردە کوردە و تێگەیشتنی لە کاری سیاسیدا دەگەیەنێ.
دەمیرتاش کە بەوپەڕی باوەڕبوون و متمانە بەخۆکردن لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامەکاندا پیرۆزبایی لە ئەردۆغان کرد و چەپڵەی بۆ لێدا، بەم هەڵوێستەی ڕووبەڕووی ڕەخنەی کورد و زۆرێک لە هاوبیرەکانی و هەروەها کڵچدار ئۆغلۆی ڕکابەری بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار بووەوە، بەڵام لە ڕاستیدا هەڵوێستی ڕاست و دروست و شایستە بە کەسی دیموکراتخواز و باوەڕمەند بە بەیەکەوەژیانی جیاوازییەکان و هەروەها خەمخۆر بۆ دۆخی سیاسیی هەنووکەی باکووری کوردستان، ئەوە بوو کە ئەو سەرکردە کوردە نواندی.
بۆیە پێویستە کورد لە مێژووی خۆیدا ئەو هەڵوێست و ڕەفتارەی بە شانازی و سەروەری بینووسێتەوە. لۆژیکی سیاسی ئەوەمان پێدەڵێت، کە ئەوەی دەمیرتاش لەبەرامبەر ئەردۆغان کردی، هەروەها هەڵوێست و جۆری مامەڵەی ژیرانەی لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی باشووری کوردستاندا، خزمەت بە دۆزی کورد و پرۆسەی ئاشتی دەکات، نەک لێدوانی زبر و هەوڵدان بۆ نانەوەی گرژی و ئاڵۆزی سیاسی لە ناوخۆی تورکیا و نێوان پارچەکانی
وەک ئەوەی کە جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کۆما جفاکێن کوردستانێ، لە ئاست ناوخۆی تورکیا و باشووری کوردستان ئەنجامی داوە و دەیدات.کوردستاندا.
بەرواردکردنی ڕەخنە و پەرچەکرداری نادیموکراسییانەی کڵچدار ئۆغلۆ لە بەرامبەر داستخۆشی و چەپڵەلێدانی دەمیرتاش بۆ ئەردۆغان، هەروەها ئەو ڕەفتار و مامەڵە و هەنگاوە سیاسییانەی بایک لە بەرامبەر دۆخی ئاشتیی ناو تورکیا و پەیوەندی و هاوخەباتی نێوان کوردان و بەتایبەتی نێوان باشوور و باکوور دەیکات و دەینێت، پێمان دەڵێ کە هەردووکیان، واتە کڵچدار و بایک دوو ئاستەنگی بەردەم دروست بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتین لەو وڵاتەدا. بایک، کە لە ڕابردوودا بە هاوکاری باقی سەرکردە عەلەوییە باڵادەست و بڕیار بەدەستەکانی ناو (PKK) توانی کودەتایەکی نەرم بەسەر (قەرەیلان) دا بکات، زۆری نەبرد هات و دۆخی #شنگال#ی قۆستەوە بۆ درێژەپێدانی پلانەکانی، وەک چۆن دانانی پەیکەری شەهیدی فەرماندە مەعسوم قۆرقوماز (عەگید)ی کردە کراسی یوسف بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخی سیاسی باکووری کوردستان و ئاستەنگ خستنە بەردەم هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی.
ئەوەتا ئەمڕۆش بەبانگەشەکردنی بۆ ئەوەی شنگال و تەلەعفەر هاوشێوەی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا ببنە خاوەن ستاتۆی خۆسەر، دەیەوێ بڵێسەی ئاگری کێشەکان گەرم و خۆشتر بکات.
ئەو ئاگرەی دواجار ماڵی کورد دەسوتێنێ و ماڵی دوژمنانی کوردیش ڕووناک دەکاتەوە. هەموو ئەو سەرکردانەی ناو #پەکەکە# و ئەو کەسایەتییە سیاسییانەی باکووری کوردستان، کە بایک و هاوکارە عەلەوییەکانی، لە شاخ و شاردا کودەتای نەرمیان بەسەردا کردن و دەکەن، لەگەڵ هەموو ئەو هەنگاو و ڕەفتارە سیاسی و هەڕەشە سەربازییانەی لە بەرامبەر تورکیا و باشووری کوردستاندا دەیننوێنن.
جگە لەوەی ئاستەنگ خستنە بەردەم پێڤاژۆی ئاشتی و وەڵام و پەرچەکرداری ناڕاستەوخۆن بۆ بەرنامە و ستراتیژییەت و هەنگاوە ئاشتیخوازەکانی ئیمیرالی. هاوکات ڕەنگدانەوەی ئەجێندا و سیاسەتێکی ڕوون ڕەوانی هەرێمایەتین، کە دواجار هەر هەموو ئەو سەرکێشی و سەرچیخییانەی سەرکردە عەلەوییەکانی ناو پەکەکە لە #قەندیل#، بە زیانی دۆزی کورد و کوردستان بە گشتی و باکووری کوردستان بە تایبەتی دەشکێنەوە و ڕەوشەکە دەبەنەوە چوارگۆشەی یەکەمی قەیران و شەڕ.
لۆژیکێکی سیاسی، کە سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ گوتاری سیاسیی لۆژیکی هەنووکەیی دونیا و ناوچەکە و واقیعە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکەیدا ناکۆک و دژە، هاوکات هیچ کورد و کوردستانییەک و لەهەر کوێیەکی ئەم دونیایە بێت، خوازیاری نییە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=