=KTML_Bold=ئیزابێل ئەلێندی.. برین و مەنفا=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
ئیزابێل ئەلێندی، ژنە رۆماننووسی چیللی، کچی تۆماس ئەلێندیی دیپلۆماتکار و دۆتمامی (سلڤادۆر ئەلێندی)ی سەرۆکی پێشووتری چیللییە کە بە کودەتایەکی سەربازی و خوێناوی لەلایەن (پینۆشێ)ی دیکتاتۆرەوە، کۆتایی بە خۆی و دەسەڵاتدارێتییەکەی هێنرا. ئیزابێل کە بە زمانی ئیسپانی دەنووسێت، یەکێکە لە نووسەرە دیارەکانی ڕەوتی چەپە ئازادیخوازەکانی دونیا و وەک کەسایەتییەکی چالاکی ناو مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە جیهاندا و داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی ژنان ناسراوە. ئەلێندی لە ئابی 1942 لە شاری لیمای پایتەختی چیللی لەدایکبووە. لە ژیان و کاروانی نووسیندا زیاتر لە 30 خەڵاتی گرنگی ئەدەبی لە پای نووسینەکانی وەرگرتووە و ساڵی 2014 ش (باراک ئۆباما)ی سەرۆکی ئەمریکا (مێدالیای ئازادی)ی پێ بەخشی. بەردەوامیش یەکێک بووە لەو ناوە دیارانەی کە بۆ خەڵاتی نۆبڵ کاندید بووە.
باوکی ئیزابێل باڵیۆز بوو ئەو کاتەی لە دایکی جیابووەوە، بۆیە دایکی دەستی هەرسێ منداڵەکەی دەگرێ و دەگەڕێنەوە چیللی و تا ساڵی 1953 لەوێ دەمێننەوە. دواتر دەچنە پولیڤیا و لەوێ لە قوتابخانەی تایبەتی ئەمریکی دەچێتە بەر خوێندن. پاش دوو ساڵ مانەوە لەوێ، لەگەڵ خێزانەکەی ڕوو دەکەنە لوبنان و لەوێش لە قوتابخانەیەکی تایبەتی بەریتانی درێژە بە خوێندن دەدات و ساڵی 1958 لەگەڵ دوو براکەی دەگەڕێنەوە وڵاتی دایک و خوێندنی دواناوەندی لەوێ تەواو دەکات.
گەشت و کاریگەرییەکانی لە یادەوەریی ئیزابێلدا، گەڕانی ئەم وڵات و ئەو وڵات، گەشتی خەیاڵی و بینینی شار و ئاوایی سیحراوی و سەرنجڕاکێش، ئەزموونکردنی دیمەنی جیاوازیی ژیانی کۆمەڵایەتی، خۆشەویستی و سۆزی دایکی، پەیوەندیی گەرم و توندوتۆڵی بە دایکییەوە، هەموو ئەوانە وەک نەخش لە یادەوەریی ئیزابێلدا مانەوە و دونیای منداڵیی ئەویان ڕەنگاوڕەنگتر کرد. جگە لەم وێستگانە، کاریگەریی میراتی سیاسیی خێزانەکەشیان، ڕەنگدانەوەیان لەسەر ژیان و زمان و شێوازی نووسینی هەبوو، تا ئەوەی کە تەواوی نووسینەکانی شێوازی ڕیالیزمی سیحراوییان بەسەردا زاڵ بوو، هەر بەو شێوازی گێڕانەوەیەش ناسرا و لە نووسەرەکانی دیکە جیا دەکرایەوە.
کودەتای سەربازی و ئیزابێل
سەرەڕای ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندەی گەڕان و سوڕان بە وڵاتاندا و کاریگەرییان لەسەر دەوڵەمەندکردنی خەیاڵی منداڵیی ئەو، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە کە بەهۆی ئەو هەموو گەڕان و دابڕانە، خۆی وەک بەدبەختترین هەرزەکار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بێتە بەرچاو. دوای گەڕانەوەی لە لوبنان، نزیکەی بیست ساڵی تەمەنی لە وڵاتەکەی بردە سەر، تا کودەتا سەربازییەکەی ساڵی 1973 ی پینۆشێ بەسەر حکومەتی سۆسیالیستیی (سلڤادۆر ئەلێندی)دا. دوای دوو ساڵی پڕ لە ترس و لەرز و چەرمەسەری، ئیزابێل ساڵی 1975 لەلایەن کودەتاچییەکانەوە بە زۆرەملێ بۆ ڤەنزوێللا دوورخرایەوە. لە نێوان ساڵانی 1959 - 1965 لە سانتیاگۆ و دواتر لە برۆکسل و هەندێ وڵاتی دیکەی ئەوروپی، لەگەڵ ڕێکخراوی (فاو)ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کاری دەکرد. لە نێوان ساڵانی 1964 – 1974 لە چیللی وەک ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەفزیۆن و بواری فیلمی دۆکیۆمێنتاریدا کاری کردووە، ساڵی 1967 بووەتە ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (پاولا - گۆڤارێکی ژنانە) و دوای ئەویش هی گۆڤاری (مامبۆ)ی منداڵان. لە نێوان ساڵانی 1975 - 1984 لە ڤەنزوێللا لە گۆڤاری (ناسیونال) کاری کردووە.
ئیزابێل و سیحری شۆککردنی خوێنەر
یەکێک لەو خەسڵەتە ئەدەبی و ئەو شێوازە جیاوازەی نووسین کە ئەم ژنە ڕۆماننووسەی پێ دەناسرێتەوە، ئەوەیە کە بوێرانە پەنجە دەخاتە سەر ورد و درشتی ڕووداوەکان، هیچ تاوانێک ناشارێتەوە، وەک ئەوەی لەگەڵیاندا ژیاوە و شایەتحاڵیان بووە، دەیانگێڕێتەوە. هاوکات کاراکتەرەکان چەندەش ناسراو بن، بەبێ ئەوەی ترسی هەبێت و پاساوی ڕفتارەکانیان بداتەوە، یان بەرگرییان لێ بکات، ناویان دێنێ. هونەرێکی دیکەی ئەوەیە، توانای ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەری هەیە، توانای ئەوەی، خوێنەر بخاتە بەردەم پرسیار و گومان و گەڕان. توانای ئەوەی، وا لە خوێنەر بکات هەست بکات شتێک لەو نێوەدا ونە، ئەڵقەیەکی زنجیرەی ڕووداوەکان دیار نییە. بەتایبەتی کە ئەو هیچ کات وێنەی تەواوی کاراکتەرەکانی ناکێشێ، بەڵکو هەمیشە گۆشەیەکی شاراوە لە ژیانیان جێدەهێڵێ، بۆ ئەوەی خوێنەر لە شوێنکاتێکی دیکەی ڕووداوەکاندا، ئەو گۆشانە بدۆزێتەوە و ئەڵقە پچڕاوەکان بخاتەوە شوێنی خۆیان.
(ماڵی رۆحەکان) و سێبەرەکانی ترس
کودەتای سەربازی و دەرهاوێشتەکانی، کاریگەرییەکی نەرێنی و زۆر قورسیان کردە سەر باری دەروونیی ئیزابێل، ئەویش بەهۆی نزیکایەتی لە سەرۆکی وڵات کە هەر ئەم نزیکایەتییەش وای کرد، کودەتاچییەکان ناوی بخەنە لیستی دوژمنە سەرسەختەکانی ڕژێمەکەیان. ئەلێندی لەم ڕۆمانەیدا، دیمەنەکانی بە زۆر ناچارکردنی بۆ بەجێهێشتنی وڵاتەکەی و دوورخستنەوەی بۆ ڤەنزوێللا وەک ڕووداوێکی تراژیدی دەگێڕێتەوە. ڕۆمانی (ماڵی ڕۆحەکان) کە یەکەم ڕۆمانیەتی و لە ماوەی 10 ساڵ مانەوەی لە شاری کاراکاسی ڤەنزوێلا نووسیویەتی، گێڕانەوەی ڕووداوە تاڵەکان و وێنەگرتنی دیمەن و گرتەی ئەو ساتەوەختە ئازاربەخشانەی دوای کودەتا سەربازییەکەن. دیمەنگەلێک کە وەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات، چیتر لە چاوی ئەودا، چیللی وڵاتە جوان و دڵبەرەکەی جاران نەماوە. ئەلێندی لەوێدا باس لەو چرکەساتە ترس و بیم ئامێزانە دەکات کە چۆن لەژێر هەڕەشە و چاوترساندنی کودەتاچییەکاندا، هەستی بە ماندووبوون و شەکەتی، دڵەڕاوکێ، ترس و لەرزێکی زۆر کردووە، وەلێ لەگەڵ ئەوەشدا و لە ساتەوەختی بەزۆر دوورخستنەوەی لە نیشتمانەکەی، بیری نەچووە، مشتێ خۆڵ لە خاکی وڵاتەکەی، لەناو باخچەی باپیرەیدا بە دزییەوە بخاتە جانتاکەی و لەگەڵ خۆیدا بیباتە غوربەت، تا لە ساتەکانی تەنیایی و بیرکردنی نیشتمان و سەختییەکانی غوربەتدا، دڵی خۆی بە بۆنکردنی بداتەوە.
(ماڵی رۆحەکان) سەرەڕای وێناکردنی چەرمەسەرییەکانی کودەتا سەربازییەکە، هاوکات خود نووسینەوەیەکی وردیشە، بەو مانایەی، لەو ڕۆمانەیدا و لە ڕێگای کاراکتەرە سەرەکییەکەیەوە، نووسەر خۆی دەنووسێتەوە. ژیانی منداڵیی خۆی، گەشت و گەڕانەکانی، گەنجێتی، جێ بەخۆنەگرتوویی، کارکردنی لە پایتەختەکانی وڵاتان، کارکردنی لە بواری ڕۆژنامەگەری و ئامادەکردنی بەرنامەی تەلەفزیۆنی و دۆکیۆمێنتاری کە هەموویان ئەزموون و سەرچاوەی گرنگ بوون لە دەوڵەمەندکردنی گەنجینە مەعریفییەکەی.
(پاوڵا) برینێک کە دەبێتە هەوێنی داهێنان
ئەو تاکە ڕاستییەی کە گفتوگۆ هەڵناگرێت، مردنمانە.. مردن، ئەو پرسە جەدەلییەی کە هەر لەگەڵ دەرکەوتنی شەبەنگی هۆشیاریدا، عەقڵی مرۆڤایەتی زۆر هەوڵی دا فێڵی لێ بکات، وەلێ هەرگیز نەیتوانی نە تێیبگات و نە بیخوێنێتەوە. ئیزابێل ئەلێندی، دوای گەڕانەوەی لە لوبنان بۆ وڵاتەکەی و پاش تەواوکردنی قۆناغی خوێندنی دواناوەندی، لە تەمەنی بیست ساڵیدا لەگەڵ میشێل فێریاس (قوتابی کۆلێژی ئەندازیاری) خێزانیان پێکهێنا و دوو منداڵیان خستەوە (پاوڵا 1963 و نیکۆلاس 1966). یەکێک لەو ڕۆمانە گرنگانەی کە ئێزابێلی پێ ناسرا، ڕۆمانێک کە زووخاوی ئازارێکی قووڵی لێ دەتکێ، کێمی برینێکی سەخت دەردەدات، ڕۆمانی (پاولا)یە. پاولا بە تەنیا گێڕانەوەیەکی ئەدەبی نییە لە توێی زمانێکی باڵا و خەیاڵێکی هونەریی بەرزدا، بەڵکو سەربوردەی گریانێکی هەمیشەیی دایکێکە لەگەڵ کۆستی مردنی جگەرگۆشەکەی. مەگەر هەر تەنیا دایکیش بزانێ کە ژانی لەدەستدانی منداڵ چەندە قورس و ئازاربەخش و تاقەتپڕوکێنە! شۆکی گەورە، ڕووداوی جەرگبڕ، برینی قووڵ لە ژیانی ئیزابێلدا لەدەستدانی (پاولا)ی کچیەتی. پاولای نۆبەرەی کە دوای ململانەیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشیی (شێرپەنجە) و مانەوەی لە حاڵەتی لەهۆشخۆچوونی درێژخایەن لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانە، گیانی دەسپێرێ. ئەم ڕووداوە لەگەڵ ئەوەی برینێکی کردە ژیانی نووسەرەوە، وەک هەر دایکێک کە بە بەرچاوییەوە، وردە وردە گەڵای تەمەنی جگەرگۆشەکەی سیس دەبێت و بەبێ ئەوەی بتوانێ هەناسەی ئومێدێکی ژیانەوەی بداتەوە بەر، وەلێ دواجار ئەم برینە دەبێتە هەوێنی کارێکی ئەدەبیی ناوازە و یەکێک لەو شانازییە ئەدەبییانەی نووسەر لە دونیادا. ئیزابێل لەبارەی لەدەستدانی کچەکەی زۆر بە کورتی دەنووسێ: کاتێ کچەکەمیان برد، گەنجێکی زیندوو و پڕ ژیان و خەون بوو، وەلێ بە جەستەیەکی سارد و سڕەوە گەڕاندیانەوە. نووسەر جیا لە سەرکەوتن بەسەر تەکنیکەکانی ڕۆماننووسیدا، لەم ڕۆمانەیدا وەک سروشتی دایکێکی ڕاستگۆ، سەربوردەی خێزانەکەی و ژیانیان لە چیللی و هەموو ئەو ڕووداوانەی بە چاوی خۆی بینیونی، گێڕاوەتەوە. تەنانەت لە ڕۆمانەکەیدا، وردەکاریی دیمەن و گرتەکانی کچەکەی کە لە چاوەڕوانییەکی کوشندەی نێوان مردن و ئومێدی ژیانەوەدا بووە، لەبیر نەکردووە. لە هەموویشی جوانتر، گێڕانەوەی هەستی دایکانەیەتی بەرامبەر پاولا، چ لە ژیانی پێشووی خۆی، یان ئەو چرکەساتانەی کە بە درێژایی نەخۆشییەکەی لە تەنیشت کچەکەی بووە. ئیزابێل لەبارەی بیرۆکە و بەرهەمهاتنی ئەم ڕۆمانە ئاوا دەنووسێت: نەخۆشییەکە چەند مانگێکی خایاند، دواتر لەگەڵ بەسەرچوونی کات، ئەم ڕستە کەمانەی ناو بیرەوەریی ئەو ڕۆژانەم بەدیار کچەکەمەوە، بوونە کتێبێک. بوونە ڕۆمانێک لە شێوەی یادەوەریی تەواوی خێزانێک کە لاپەڕەکانی ژیانی پڕن لە ئەزموون.
ڕۆمانی پاولا ئەگەرچی گێڕانەوەی ئەو کۆستەیە، بەڵام نووسەرەکەی ژنێکی خۆڕاگر و بەهێز بوو، توانی ژان و ئازاری ئەم کۆستە بکاتە بەرهەمێکی ئەدەبیی ناوازە. خاڵی هەرە سەرنجڕاکێش لەم کارەی ئیزابێلدا ئەوەیە، تەواوی داهاتی ئەم ڕۆمانەی بەخشییە سەنتەری چارەسەریی شێرپەنجە تا ئەوەی، بەم ڕستەیە کۆتایی بەم داستانەی بێنێ و بڵێ: ماڵئاوا پاولای ژن، بەخێربێیت، پاولای رۆح. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=