=KTML_Bold=ڤێرجینیا وۆڵف، خۆکوشتن لەپێناوی بەختەوەریی ئەوی دی!=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
=KTML_Bold=ژنێک بێکەسی دەیخنکێنێ!=KTML_End=
ڤێرجینیا وۆڵف، ڕۆماننووسی ناوداری ئینگلیزی، ساڵی 1882 لە لەندەن لەدایکبووە. (لیزلی ستیڤن)ی باوکی، مێژوونووس و ڕەخنەگرێکی ئەدەبیی ناسراو بوو، دایکیشی (جاکسۆن داکۆرس) لە بنەماڵەیەک بوو کە لە بواری چاپ و بڵاوکردنەوە ناوبانگیان دەرکردبوو.
تەمەنی 12 ساڵ دەبێت کە دایکی دەمرێ و زڕخوشکەکەی شوێنی دایکی بۆ دەگرێتەوە، زۆر نابا و دوای دوو ساڵ لە مردنی دایکی، ئەویش کۆچی دوایی دەکات. 10 ساڵ دوای ماڵئاوایی دایکی، باوکیشی بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە دەمرێ. دوو ساڵ دوای ئەوە، براکەیشی لە غوربەت سەردەنێتەوە. پاش ئەوە خوشکەکەیشی شوو دەکات و لەگەڵ هاوسەرەکەی ماڵیان لە لەندەن دەگوازنەوە، ئیدی لە نووسینەوەی یاداشت و بیرەوەریی ڕۆژانە بترازێ، هیچ کەس و شتێک نامێنێ دڵنەوایی ڤێرجینیا بداتەوە.
مەرگی یەک لەدوای یەکی ئازیزەکانی، تووشی بارێکی دەروونیی سەختی دەکەن، تا ئاستی داڕمانی دەروونی و تووشبوون بە نەخۆشییەکی عەقڵیی درێژخایەن.
بەهۆی ئەو نەخۆشییە و تێکچوونی بەردەوامی بارە دەروونییەکەی، هەروەها خاپووربوونی ماڵەکەی لە لەندەن لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، ڕۆژی 29ی ئاداری 1941 خۆی لە ڕووباری (ئۆس) دەهاوێ و کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێ، ئەو ڕووداوەی دواجار تیایدا ڤێرجینیا لە خودی خۆیدا، ڕۆڵی خەیاڵئامێزی کاراکتەر و کەسایەتیی ژنە ئازادەکانی ناو هەر دوو ڕۆمانەکانی (شەپۆلەکان) و (گیرفانێکی قورس بە بەرد) دەکاتە پراکتیک و واقیعی ڕاستەقینەی خۆکوشتن.
=KTML_Bold=ئەزموونی نووسین=KTML_End=
دەسپێکی کاری ئەدەبیی ڤێرجینیا، بە نووسینی وتار بوو بۆ ڕۆژنامەی تایمزی ئەدەبی و لەو ماوەیەدا نزیکەی (500) وتاری بۆ ئەو ڕۆژنامەیە نووسی. دوای ئەوە ئەزموونی نووسینی ڕۆمان دێت و یەکەم ڕۆمانی (گەشت بەرەو دەرەوە - 1915) نووسی. ڕۆمانێک کە خودی خۆی زۆر ترسی لەوە هەبوو خوێنەرەکانی وەک نووسینێکی هەڕەمەکیی نووسەرێک سەیری بکەن کە بەدەست نەخۆشیی عەقڵی و جۆرێک لە شێتییەوە دەناڵێنێ. دوای ئەوە ڕۆمانی (بە شەو و ڕۆژ - 1919) ی بە هەمان شێوازی کلاسیکی ڕۆمانی پێشووی نووسی. دواتر ڕۆمانی (ژووری جاکۆب - 1922) دەنووسێ کە بریتییە لە ژیاننامەی براکەی و مردنی لە غوربەت. ئەو ڕۆمانە سەرنجی خوێنەر و بەتایبەتی ڕەخنەگرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، تا ئەو ئاستەی کە بڵێن (ژووری جاکۆب) ئەو پردە بوو لێیەوە بەرەو ناوبانگ دەرکردن پەڕییەوە و ئەستێرەی نووسینی گەشایەوە. پاشان بە ڕۆمانەکانی (خاتوو دالاوی - 1925) و (ڕێگا بەرەو فەنارە - 1927) و (شەپۆلەکان - 1931)، وەک یەکێک لە پێشەنگەکانی نوێگەری لەناو ئەدەبی ئینگلیزیدا جێگای خۆی گرت. هاوکات لەگەڵ کاری ڕۆژنامەنووسی و ڕۆماننووسی، لە بواری ڕەخنەی ئەدەبیشدا دوو کتێبی گرنگی بە ناونیشانەکانی (خوێنەری سادە - 1925) و (مەرگی پەپوولە - 1943)چاپ و بڵاوکردەوە. ئەمە جگە لە کتێبی ژیاننامەی (رۆجەرز فرای - 1940) و کۆمەڵە کورتە چیرۆکی (دووشەممە، یان سێشەممە – 1921).
=KTML_Bold=هونەری گێڕانەوە و بێدارکردنەوەی ویژدانی مرۆڤایەتی=KTML_End=
ڤێرجینیا کە بە یەکێک لە گرنگترین نووسەرەکانی بەریتانیا و بە پێشەنگی بزاڤی نوێگەریی لە ئەدەب دادەنرێ و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە گۆڕینی شێواز و ڕوخساری ڕۆمانی ئینگلیزیدا گێڕا، خاوەنی جۆرێک لە زمانی نووسین و شێوازی داڕشتن و هونەری گێڕانەوەیە کە لە زۆر لە نووسەرەکانی سەردەمەکەی خۆی و پێش و دوای ئەو سەردەمەش، جیای دەکەنەوە.
لە نووسینی ڕۆماندا، تەنانەت لە نێوان ڕۆمانێک و ڕۆمانێکی دیکەشیدا، شێوازی دەربڕین و زمانی گێڕانەوە جیاوازییان هەیە و لەهەر یەکێکیاندا هەوڵی ئەوە دەدات، بە جۆرێکی جیاواز لەوەی پێشتر، سەرنجی خوێنەر ڕابکێشێ.
ئەو لە نووسینی ڕۆماندا بەوە ناسرا کە کار لەسەر بێدارکردنەوەی ویژدانی مرۆیی دەکات، هەر ئەم شێوازەیش وایکرد ببێتە یەکێک لە گرنگترین نووسەرەکانی سەدەی بیستەم. شێوازیک کە بە سوودوەرگرتن لە هەستی ئەزموونگەریی خۆی، هەروەها بە داهێنانی شێوازی شیعری لە هونەری گێڕانەوەدا کە لە تەکنیکی نووسینی ڕۆمانەکانیدا پشتی پێبەست، ئەوەی کە دواجار لەلایەن ڕەخنەگرانەوە بە (ڕەوتی هۆشیاری) ناسرا و بەهۆیەوە توانی لە بەرزترین ئاستی دەربڕینی زمان و وێناکردنی دیمەنەکانی هەڵچوون و هێوربوونەوە و هونەری گێڕانەوەدا، ببێتە خاوەنی ئەم ناوبانگە ئەدەبییە.
=KTML_Bold=خاتوو دالاوی، گەڕان بەناو زەمەندا=KTML_End=
ڕۆمانی (خاتوو دالاوی - 1925)، چیرۆکی گوزەرکردن و گەڕان، هاتن و چوونە بەناو زەمەندا و وێناکردنێکی گشتگیری ڕووداوەکان و شوێنکات و دۆخی دەروونیی نەک تەنیا کاراکتەر و کەسایەتیی ناو ڕۆمانەکە خۆی، بەڵکو هی کۆمەڵگەی دوای جەنگە.
ڤێرجینیا لە کارکردنی لەسەر چەمکی زەمەن لە زۆربەی ڕۆمانەکانیدا، هەوڵی ئەوە دەدات پەیوەندی و یەکانگیریی نێوان دوو جیهانمان پیشان بدات، جیهانی دەرەوە و جیهانی ناوەوە کە هەردووکیان لەژێر جەبر و جڵەوی زەماندان و مەحکومن بە گۆڕان.
(خاتوو دالاوی) یەکێکە لە و ڕۆمانانەی کە بە تەواوی ڤێرجینیا لە نووسەرەکانی دیکە جیا دەکاتەوە و بە قسەی ڕەخنەگرانی ئەدەبی بێت، ئەو بەرهەمەیە کە لێیەوە دەتوانین لە ئەدەبی ئەم نووسەرە بگەین، بەوپێیەی کە لەم ڕۆمانەیدا، بناغە و پرەنسیپە سەرەکییەکانی شێوازی خۆی لە نووسیندا دادەڕێژێ و دەیانکاتە بنەمایەکیش بۆ کارەکانی داهاتووی. ئەم ڕۆمانە کە گێڕانەوەی دیمەن و گرتەکانی ڕۆژێکی ژیانی بەریتانیایە لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، بە یەکێک لە گرنگترین ڕۆمانەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێ، ڕۆڵێکی بەرچاوی بینی لە هێنانەکایەی شێوازێکی نوێی نووسینی ڕۆمان کە گێڕانەوەی کلاسیکی تێدەپەڕێنی. شێوازێک پشت بە دەربڕینی ئازاد، پەیوەندی و گرێدانەوەی نێوان ئێستا و ڕابردوو، ئاوێتەبوونی خەون و هۆشیاری، لەگەڵ جۆرێک لە زمانی شیعری دەبەستێ. شێوازێک کە خوێنەر ناچار دەکات بچێتە قووڵایی کەسایەتییەکان و هاوسۆزی یادەوەری و هەست و سۆز و کاردانەوەکانیان بێت.
=KTML_Bold=مرۆڤ و ژوور و نووسین!=KTML_End=
یەکێکی دیکە لە نووسینە گرنگەکانی ڤێرجینیا کە دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، تا ئەو ئاستەی وەک مانیفێستۆی بزووتنەوەی ڕەخنەیی ژنان لە سەدەی بیستەم وەسف کراوە، کتێبی (ژوورێک، تایبەت بێ بە تەنیا کەسێک - 1929)یە. ئەگەرچی نووسەر دەیەوێ لە میانی ئەو نووسینەیدا باس لە گرفتی نەبوون، یان کەمیی نووسین و داهێنانی ئەدەبی لەلای ژن بکات، بەڵام بە دیوەکەی تردا، زۆر بە وردی و قووڵییەوە پرسی ڕەخنەی بزووتنەوەی ژنان و بیرۆکە و پرەنسیپەکانی بزووتنەوەی ژنانی خستووەتە بەر باس و لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ و ڕەخنەیەکی جددی مێژوویی سەبارەت بە مێژووی ژن، بەڵام لە چوارچێوەی ڕۆمانێکی سادە و جواندا.
نووسەر لەوێدا ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ ژن گرنگ نییە دەنووسێ، بەڵکو گرنگ ئەوەیە وەک خۆی بنووسێ. وەک چۆن گرنگ نییە ناوی لەسەر نووسینەکان هەبێت و بە شوێن ناوبانگەوە بێت، بەقەد ئەوەی چۆن دەنووسێ.
ڤێرجینیا بڕوای بەوە هەبووە کە دەبێ گۆڕانێک لە شێوازی نووسیندا بێتە دی، لەو دیدگایەی کە زۆرینەی داهێنانی ئەدەبی، پیاوان نووسیویانە و لە میانی ئەمەشدا ئاماژە بە بوونی عەقڵێک بەبێ جۆر، یان ڕاستتر عەقڵێک بەبێ ڕەگەز و جێندەر (کە هەڵگری هیچ خەسڵەتێکی نێرینە و مێینەیی نەبێت) دەکات.
=KTML_Bold=شەپۆلەکان، شیعرییەتی گێڕانەوە=KTML_End=
(بێرنارد، رۆدا، جینی، لویس، نیڤل، سوزان)، هەریەکە و خودی خۆی دێنێتە قسە و لەگەڵیدا دەکەوێتە گفتوگۆ و لە میانی مەنەلۆگدا، چیرۆکی منداڵیی خۆیان تا ساتەوەختەکانی پیری دەگێڕنەوە.
ڤێرجینیا لە شوێنێکدا باس لە هونەری خوێندنەوەی ڕۆمان و خوێنەری دڵخوازی ڕۆمان دەکات و دەڵێ: “خوێندنەوەی ڕۆمان هونەرێکی قورس و ئاڵۆزە، ئەگەر دەتەوێ سوود لە هەموو ئەو شتانە وەربگریت کە نووسەر _ هونەرمەندە مەزنەکە - دەیخاتە بەردەستت، پێویستە نەک تەنیا خاوەنی چاوێکی تیژ و وردبین، بەڵکو دەبێ خەیاڵدانێکی فراوان و بوێریشت هەبێت”ز
قەنگە ئەم قسەیەی نووسەر بە لایەنی کەمەوە بۆ خوێندنەوەی (شەپۆلەکان - 1931) ڕاست بێت، بەوپێیەی یەکێکە لە ڕۆمانە ئاڵۆز و پڕ گرێوگۆڵەکانی ڤێرجینیا، چونکە ڕووداوەکانی لە بازنەیەکی سایکۆ - سۆسیۆلۆژیدا دەسووڕێنەوە. ڕۆمانێکە ڕەخنەگرەکان بە لووتکەی ڕووبەڕووبوونەوەی نووسەر لەگەڵ خوێنەرەکانیدا دایدەنێن، ئەمەش بەهۆی ئەو هەست و زمانە شیعرییە باڵایەی کردوویەتیە کەرەستەی گێڕانەوە. تا ئەو ئاستەی، هەندێک کەس پێیانوایە ئەم بەرهەمە زیاتر لە چامەیەکی شیعریی درێژ دەکات، تا ڕۆمان. تەنانەت خودی نووسەرەکەیشی، بەو پێیەی هەمیشە نووسینی وەک (گەمەی شیعری) ناوبردووە، بۆیە بەتایبەت لەم بەرهەمەیدا، ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئاخۆ (شەپۆلەکان) رۆمانە، یان تێکەڵەیەکە لە ژانرە ئەدەبییەکان.
=KTML_Bold=خۆکوشتن لەپێناوی بەختەوەریی ئەوانی دی!=KTML_End=
ئەو بارودۆخە دەروونییە ئاڵۆز و شپرزەیەی تێیدا ژیا، ئەو نەخۆشییە عەقڵییەی بەرۆکی گرت و لەگەڵیدا گەورە بوو، جێبەخۆنەگرتوویی و سەفەری نەپساوە، خەمۆکی و دڵەڕاوکێی زادەی شەونخوونیی بەردەوام، نەهامەتییەکانی جەنگ و ڕەنگدانەوەی نەرێنییان لەسەر ویژدان و بیرکردنەوەی ئەو. ئەمانە و زۆر شتی تر، هۆکاری ئەوە بوون ڤێرجینیا ئەو هەستەی لا دروست بێت کە بووەتە بار بەسەر ژیان و دەوروبەر و هاوسەر و هاوڕێکانییەوە و سەرچاوەی بێزارکردنیانە، بۆ ئەمەش پێی وابووە خۆکوشتن بەشێک دەبێت لە ئاسوودەکردنی ویژدانی خۆی لە ئاست ئەوانەی پێی وابوو بووەتە سەرچاوەی بێزارکردنیان!
بە قسەی زۆر لە ڕەخنەگرەکان، ڤێرجینیا لە بنەڕەتدا باوەڕی بە خودتێکشکاندن و خودئازاردان هەبووە، ئەگینا توانای چاکبوونەوەی لە نەخۆشییەکەی هەبوو. تەنانەت پزیشکەکانیشی لەو بڕوایەدا بوون کە دەتوانێ بەسەر نەخۆشییەکەیدا سەربکەوێ، بەڵام وێدەچێ ئەو بۆ خۆی نەیویستبێ چاک بێتەوە، یان ڕاستتر، لە زووێکەوە بڕیاری خۆکوشتن و بەجێهێشتنی دونیا و ژیانی دابوو.
دواجار وەک ئەوەی لە نووسینەکانیشیدا ئاماژەی بۆ دەکرد کە مردن ئەزموونکردنە، ئەزموونێکە و هەرگیز لەدەست خۆمی نادەم”، دوا بڕیار دەدات و لە کۆتایی مانگی ئاداری 1941دا، نامەیەک بۆ (لیۆناردۆ)ی هاوسەری دەنووسێ و لە ماڵەوە بۆی بەجێدەهێڵێ. دوای ئەوە، بەبێ ئەوەی بشڵەژێ و ترسێک لە مەرگ دایبگرێ، پاڵتۆکەی دەکاتە بەر و بەناو کێڵگەکانی ئەو ناوەدا، ملی ڕێی ڕووباری (ئۆس) دەگرێ، لەوێ و لە کەناری ڕووبارەکەدا، گیرفانەکانی پاڵتۆکەی پڕ دەکات لە گاشە بەرد و خۆی دەخاتە ناو ڕووبارەکە.
نامەیەک و خۆکوشتنێک، دەبنە کۆتایی تراژیدیی ژیانی ژنێکی نووسەر و داهێنەر کە پڕی بوو لە ڕووداو و هەڵچوون و داچوون. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=