=KTML_Bold=هاریێت ستۆ.. ڕۆمان و شۆڕش=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
=KTML_Bold=نووسین لەپێناوی گوزەران و ژیان=KTML_End=
هاریێت بیچەر ستۆ، ئەو ژنە نووسەرە ئەمریکییەی بە نووسینەکانی لە دژی سیستەمی کۆیلایەتی، ناوبانگی دەرکرد، لە حوزەیرانی 1811 لە لیچفیڵدی ویلایەتی کۆنیتێکت لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدایکبووە و مانگی ئەیلولی 1896 لە هارتفۆردی هەمان ویلایەت، ماڵئاوایی لە ژیان کردووە.
ستۆ کە حەوتەمین منداڵی خێزانەکەیەتی لە پشتی باوکێک کە قەشە و موژدەبەرێکی پرۆتستانت بوو، دوای مردنی دایکی، نەنکی دەیگریتە خۆی و سەرپەرشتی دەکات. لەکاتێکدا برایەکانی لە قوتابخانەی فەرمی دەیانخوێند و خاوەنی پلە و پێگەی سیاسی و ئایینی بوون، ئەو و خوشکەکانی لە ماڵەوە و بە شێوازی کلاسیک فێری خوێندن و خوێندەواری بوون.
ستۆ هەر لە منداڵییەوە فێری پیشەی دەستی وەک دروومان و چنین بووە، بواری خوێندنەوەی کتێبەکانی نزا و نوێژ و سروود و ئامۆژگاریی ئایینی پێدراوە، بۆ خۆیشی هەوڵی داوە دەستی بگاتە کتێبەکانی دیکە و زۆرترین کتێبی ئەدەبیاتی کلاسیکی خوێندووەتەوە، یەکێک لەو کتێبانە کە وەک خۆی باسی کردووە چێژێکی زۆری لێ وەرگرتووە، کتێبی (هەزار و یەک شەوە) بووە. هەر ئەم حەزی خوێندنەوەیە وای کردووە پەیوەندی بە چەندین نێوەندی ڕۆشنبیری و ئەدەبییەوە بکات.
دوای ئەوەی خوشکەکانی شوویان کرد، چووە لای خوشکە گەورەکەی بەناوی (کاترین) کە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک بوو لە هارتفۆرد و لای ئەو بووە مامۆستا. دواتر لە تەمەنی بیست و حەوت ساڵیدا، واتە لە ساڵی 1837 لەگەڵ (کاڵڤین ستۆ) پرۆفیسۆری لاهووت هاوسەرگیری کرد.
لەگەڵ ئەوەشدا کە کۆشێک منداڵی هەبوون و خەریکی کاروباری ماڵ و بەخێوکردنی منداڵەکانی بوو، بەڵام (ستۆ) بەردەوام بایەخی بە بواری نووسین و خوێندنەوە و فیکر دەدا، هاوکات لە پێناوی هاوکاریکردنی هاوسەرەکەی و سووککردنی باری ژیانیان، ناچار بوو لە بەرامبەر بڕێ پاداشتی ماددی، نووسینەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو کات بڵاو بکاتەوە. ئەو دەمانە چەندین شیعر و پەخشانی نووسین و هەندێکی بڵاوکردنەوە.
=KTML_Bold=ئەزموونی نووسین=KTML_End=
ئەو دەمەی لەگەڵ کاترینی خوشکی کاری مامۆستایەتی دەکرد، تازە دەستی دابووە نووسین، سەرەتای کارەکانیشی بە نووسینی پەخشان دەستپێکرد. یەکەم بەرهەمی چاپکراوی کتێبێکی جوگرافیا بوو بۆ منداڵان کە ساڵی 1833 بەناوی خوشکەکەی بڵاوکرایەوە. دوای ئەوە چەند کتێبێکی شیعری و ژیاننامە و کتێبی منداڵان و ژمارەیەک ڕۆمانی نووسی.
ستۆ لە ژیانی نووسینی خۆیدا، نزیکەی (30) کتێبی لە بوارە جیاوازەکاندا نووسیوە، لەناویاندا 10 ڕۆمان هەن، بەڵام ناودارترین بەرهەمی کە بەهۆیەوە ناوبانگێکی زۆری لەسەر ئاستی جیهان پەیدا کرد، ڕۆمانی (کوخەکەی مام تۆم - 1853) بوو، ئەو ڕۆمانەی تا ئێستا وەرگێڕدراوەتە سەر 37 زمانی جیهان. ڕۆمانەکەی سەرەتا بە زنجیرە لە گۆڤاری هەفتانەی واشنتن (سەردەمی نیشتمانی) کە بایەخی زۆری بە پرسەکانی کۆیلایەتی دەدا، بڵاوکردەوە. ئەم زنجیرە نووسینە کە هێشتا لە چوارچێوەی یەک بەرگی ڕۆمانێکدا نەکەوتبووە بەردەستی خوێنەران، گفتوگۆیەکی زۆر جددیی بەدوای خۆیدا هێنا.
کارەکانی دیکەی ستۆ بریتین لە ڕۆمانەکانی (درێد - 1856) و (کەشتیی میفلاڕۆ - 1843) و (مرواریی دوورگەی ئوڕ - 1862) و (خەڵکی شارە کۆنەکە - 1862) و (گەلی بۆگانۆک - 1878). ئەمە سەرەڕای دیوانێکی شیعریی ئایینی و ژمارەیەک لیکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی و وتاری ڕۆژنامەنووسی.
=KTML_Bold=ڕیالیزم وەک چەکی بەرەنگاربوونەوە=KTML_End=
هاریێت لە نووسینەکانیدا پشتی بە ئەزموونی خۆی دەبەست، بەوپێیەی ئاگایی و زانیارییەکی زۆری لەمەڕ بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکان هەبوو، بەتایبەتی ئەوەی کە بە (هێڵی ئاسنینی نهێنی) ناسرابوو. ئەو بزووتنەوەیەی بە مەبەستی ئازادکردنیان، کۆیلەکانی لە باشووری ئەمریکاوە دەگواستەوە بۆ باکوور.
بایەخدان بە مەسەلەی کۆیلایەتی، ستۆی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد و کەمتر پەرژایە سەر کارەکانی دیکەی. ئەو لە خستنەڕووی هەستە ئایینی و ڕۆمانسییەکاندا لە نووسینەکانیدا کە ئەوکات جێی سەرنجی خەڵک بوون، زیادەڕۆیی دەکرد. لەگەڵ ئەمەشدا و بەڕای زۆرێک لە ڕەخنەگرانی بواری ئەدەبی، یەکێک بوو لە پێشەنگە کاریگەرەکانی ڕیالیزم، بە جۆرێک لە وەسفی وردەکاریی شوێنکاتی ڕووداوەکاندا داهێنەر بوو، وەک چۆن لە وێناکردنەوەی مەعریفە قووڵەکەی، لە زمانی کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکانی و وێناکردنی ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵک و توانای لە گواستنەوەی ئەم ڕوئیایە بۆ ئەوانی دیکەی خوێنەر، داهێنەر و بە سەلیقە بوو.
تەنانەت هەندێ ڕەخنەگر و شارەزای مێژووی ئەدەبیاتی جیهانی، پێیانوایە (ستۆ) لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا بە زمانی خەڵکی، لە پابەندبوونی بە ڕێبازی ڕیالیزم، وەپێش (مارک توین) و نووسەرەکانی دیکە کەوتووە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر نووسین و شێوازی ئەدیبەکانی دوای خۆی هەبوو، لەوانە (ئۆرن جویت و ماری ویکلینز فریمان).
=KTML_Bold=ئەو خانمە بچووکەی فتیلەی شۆڕشی کۆیلەکانی گڕدا=KTML_End=
سەربوردەیەکی سەیر لەبارەی یەکەم دیداری (هاریێت ستۆ و ئەبراهام لینکۆڵن - سەرۆکی ئەمریکا) دەگێڕدرێتەوە. تازە شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسابوو، ئەو شەڕە خوێناوییەی نزیکەی چوار ساڵی خایاند (1861 - 1865) . لینکۆڵن، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی نەهێشتنی ستەمی کۆیلایەتی دا و بەڵێنەکەیشی یەکێک بوو لە هۆکارەکانی هەڵگیرسانی شەڕ. بە ماوەیەکی زۆر کەم دوای هاتنە سەر تەختی سەرۆکایەتی و گرتنەدەستی جڵەوی دەسەڵاتدارێتی، لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 1862 لە کۆشکی سپی، پێشوازی لەو ژنە نووسەرە کرد.
گوایە لە کاتی تەوقەکردندا، (لینکۆڵن)ی سەرۆک بە (ستۆ)ی گوتبوو: کەواتە تۆیت ئەو خانمە بچکۆڵەیەی بوویتە هۆکاری ئەم شەڕە گەورەیە!
قسەکەی لینکۆڵن وەک ئاماژەیەک بوو بۆ ئەو کاریگەرییە بەرچاوەی کە ڕۆمانی (کۆخەکەی مام تۆم) لە ویژدانی خەڵکی ئەمریکا و هۆشیارکردنەوەی کۆیلەکاندا بینی و ئەو ڕۆڵەی کە ڕۆمانەکە لە هاندانی کۆیلەکاندا بۆ دژایەتیکردنی کۆیلایەتی و ڕەتکردنەوەی ئەو ستەمکارییە هەیبووە.
ئەگەرچی زۆر مێژوونووس و ڕەخنەگری ئەدەبی، گومانیان لە ڕاستی و دروستیی ئەو قسەیە هەیە کە (لینکۆڵن) بە ستۆی گوتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەر خودی ئەو مێژوونووس و ڕەخنەگرانە ئەوە ناشارنەوە کە ڕۆمانی (کوخەکەی مام تۆم)ی ستۆ، ڕۆڵێکی مەزنی لە زەمینەسازیی هەڵگیرساندنی جەنگی ناوخۆ و شۆڕشی کۆیلەکاندا گێڕا، تا ئەو ئاستەی کە سەرۆکی ئەمریکا بەم جۆرە پێی سەرسام بێت و ناوی خانمە بچووکەکەی لە مێشکدا مابێتەوە. ئەم ددانپێدانانەی مێژوونووس و ڕەخنەگرانیش بە کاریگەرییەکانی ڕۆمانەکە لەوێوە سەرچاوە دەگرێ کە زۆر بە وردی تیشک دەخاتە سەر نەهامەتییەکانی ژیانی کۆیلە ڕەشپێستەکان. نووسەر لەوێدا بە زمانێکی سادە و دوور لە ئاڵۆزی، بەڵام بە ویناکردنەوەی دیمەن و گرتە تراژیدییەکانی ژیانی ئەو مرۆڤانە، توانیویەتی تەلی ژێی سۆزیان بجوڵێنێ و هانیان بدات بۆ ڕاسان دژی ئەو ستەمەی لێیان دەکرێ، ستەمێک کە نموونە و هاوشێوەی لەناو مێژووی مرۆڤایەتیدا دەگمەنە، ستەمی بەدیلگرتنی ملیۆنان مرۆڤ و بەزۆرەملێ ڕاگواستنیان و ناچارکردنیان بە بێگاری و کاری سەخت و تاقەتپڕووکێن لە کێڵگەکانی لۆکە و تووتن و کارە سەختەکانی دیکە لە ژێر لێدان و ئەشکەنجە و چەوساندنەوەدا.
هاریێت لە ڕۆمانەکەیدا (مام تۆم) دەکاتە سیمبولی ئەو چەوسانەوە و دڕندەییەوە و لە میانی ژیان و ئەزموونی ئەو کەسایەتییەدا دیوی ڕاستەقینەی ستەمکاریی کۆیلایەتیمان نیشان دەدات. ڕۆمانێک دواجار نەک هەر ئیرادەی کۆیلەکان خۆیان، بەڵکو ویژدانی تەواوی ئەمریکییەکان لە ئاستیدا دەجوڵێ.
دواجار لە 22ی ئەیلولی ساڵی 1862 دا لینکۆڵن بانگەوازە مێژووییەکەی خۆی ڕادەگەیەنێ و بەڵێنی خۆی لە پەیوەست بە ئازادکردنی کۆیلەکان دینێتە جێ و لە ئاستانەی ڕاگەیاندنەکەشدا، خەڵک بە لێشاو دەڕژێنە بەردەم ماڵی (هاریێت) و پێکەوە و بە دەنگی بەرز، وەک ڕیزگرتن لە تێکۆشانی ئەم ژنە و پێداگیری لەسەر کۆتاییهێنان بە سیستمی کۆیلایەتی، هاوار دەکەن خودا بتپارێزێ، خودا بتپارێزێ. ئەم سوپاسگوزاری و نزای چاکەیەی خەڵک بۆ ئەم نووسەرە، لەکاتێکدا بوو کە (ستۆ) پێیوابوو ئەو تەنیا ئامرازێک بووە، خودا بۆ نووسینی ئەم کتێبە و بەدەنگەوەچوونی هاواری کۆیلەکان هاوکار و کارئاسانی بووە.
=KTML_Bold=کوخەکەی مام تۆم، نەعرەتەی شۆڕش=KTML_End=
یەکەم چاپی ڕۆمانەکە بەبێ هیچ ئامادەکاری و ڕیکلامێکی پێشوەختە، لە ساڵی (1852) ، واتە 10 ساڵ بەر لە دەستپێکردنی جەنگی ناوخۆی ئەمریکا بڵاوبووەوە.
وەک خاوەنەکانی دامەزراوەی چاپ و وەشانی (دی جۆن جۆیت) لە بۆستن باسی دەکەن، چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕۆمانە و ئەو پێشوازییەی لەلایەن خوێنەرانەوە لێی کرا، چاوەڕوانکراو نەبوو، بە جۆرێک لە کەمترین ماوەی بڵاوبوونەوەیدا، شەش هەزار دانە لە چاپی یەکەمی فرۆشرا. لە بەرامبەردا و وەک مافی نووسەر، لە چوار مانگی یەکەمدا و لە پشکی فرۆشی کتێبەکەی، ستۆ بڕی 10 هەزار و 300 دۆلاری دەستکەوت.
بە گوێرەی سەرچاوەکان و داتاکانی فرۆشی کتێب لەو سەردەمەدا، لە دوای (ئینجیل)، ڕۆمانەکە یەکێک بوو لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی ئەوکاتی ئەمریکا، تەنیا لە ئەمریکا و لە ساڵی یەکەمی چاپکردنیدا (300) هەزار دانەی لێ فرۆشرا. لە بەرامبەردا و تەنیا لە یەک ساڵدا، لە بەریتانیا نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار دانەی لێ فرۆشرا.
پێشوازیکردنی بەریتانییەکان لە ڕۆمانەکەی (ستۆ) بە شێوەیەک بوو، کاتێک ساڵی 1853 بە مەبەستی زامنکردنی مافی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی لەلایەن دەزگاکانی چاپ و پەخش، سەردانی بەریتانیای کرد، لەناو شەپۆلی خوێنەراندا پێشوازی لێکرا، تا ئەو ئاستەی شاژن ڤیکتۆریا (شاژنی ئەوکاتی بەریتانیا) سووربوو لەسەر دیداری ئەم ژنە نووسەرە لە چەقی شەقامێکی لەندەندا. ئیتر بەهۆی ناوبانگی ئەم کتێبە کە تا ئەمڕۆ بە ملیۆنان دانەی لێ چاپکراوە و وەرگێڕدراوەتە سەر دەیان زمانی دونیا و کراوەتە فیلم، ڕێکخراوە لۆکاڵی و جیهانییەکانی دژی کۆیلایەتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بایەخێکی زۆریان بە نووسەر دا و ناوی بووە سەردێڕی ڕۆژنامە گەورە و بەناوبانگەکانی ئەمریکا و بەریتانیا، هاوکات ئامادە و بەشدارێکی کارای سەر سەکۆ و مینبەرە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوە و دژایەتیکردنی ڕەگەزپەرستی بوو.
=KTML_Bold=کوخێک دەبێتە قەڵای بەرخۆدان=KTML_End=
بەرەنگاربوونەوە و دژایەتیکردنی کۆیلایەتی و کڕین و فرۆشتنی مرۆڤ، تەوەری سەرەکیی ڕۆمانەکەیە، ڕۆمانێک کە هاوکار بوو لە هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆی ئەمریکا وەکو لویل کۆفمان نووسەر و ڕەخنەگر باسی دەکات. کەسایەتی سەرەکیی ڕۆمانەکە مام تۆمە کە ساڵانێکی زۆری بە کۆیلایەتی بەسەر بردووە، چیرۆکەکە لە میانی گێڕانەوەی بەسەرهاتی ئەوەوە، باس لە ستەمی کۆیلایەتی و مەینەتییەکانی، هەروەها ورە و ئیرادە و ئازایەتیی کۆیلەکان دەکات، لەوەی کە دواجار توانیان بە خۆڕاگری و قوربانیدانی خۆیان سەربەستی بەدیبهێنن.
دوای چل ساڵ لە بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکە، (کێرک مۆنرۆ) ڕەخنەگری ئەدەبی لە میانی هەڵسەنگاندن و لەبارەی بەها و بایەخی مێژوویی ڕۆمانەکەوە گوتی: نەهێشتن و دواییهێنان بە کۆیلایەتی کاری کەسێک نەبووە و نابێ، بەڵکو بەرهەمی هەوڵ و کۆششێکی زۆرە، وەلێ یەکێک لە گەورەترین فاکتەرەکان کە ڕۆڵی سەرەکی لەم پرۆسەیەدا بینی، ڕۆمانی کوخەکەی مام تۆم بوو. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=