=KTML_Bold=ناتالی سارۆت، نووسین وەک پڕۆژەی تەمەن=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
ناتالی سارۆت (ناتاشا چرنیاک)، رۆماننووس و شانۆنامەنووسی فەرەنسیی بە ڕەچەڵەک رووسی، ساڵی 1900 لە ئیڤانۆڤۆ لە نزیک مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا لەدایکبووە. بەهۆی هەڵوێستە سیاسییەکانی باوکی و تەنگپێهەڵچنینی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی رووسیای قەیسەری، خێزانەکەی لەساڵی 1907 ڕوویان کردووەتە فەڕەنسا و لە پاریس گیرساونەتەوە. لەگەڵ دایکی وڵاتانی ئەڵمانیا و بەریتانیا و سویسرا گەڕاوە. بەرلەوەی بڕوانامە لە بواری زمان و ئەدەبی ئینگلیزی لە ئۆکسفۆرد وەربگرێ، لە بەرلین لە بواری (توێژینەوەی مێژوویی، کۆمەڵناسی) و لە پاریسیش لە بواری (یاسا و ماف) خوێندنی ئەکادیمی تەواو کردووە. ساڵی 1925 هاوسەرگیری لەگەڵ (ڕیمۆن سارۆت)ی پارێزەر کردووە و پاشناوەکەیشی (سارۆت)، هەر لەو وەرگرتووە.
سارۆت لە تەمەنێکی زووەوە هۆگری خوێندنەوە بووە، خولیای ناسین و ڕۆچوون بە دونیای نووسەرە مەزنەکانی وەک (مارسێل پرۆست، جێمس جۆیس، ڤێرجینیا وۆڵف و دۆستۆیڤسکی) پەلی گرتووە تا دواجار بەم ناوبانگەوە کەوتە سەر زاران و شوێنێکی دیاری لە مێژووی ئەدەبی جیهانیدا بۆ خۆی گرت. نەک هەر ئەوە، بگرە توانی ڕەوت و ڕێچکە و شێوازێکی نوێ بێنێتە ناو دونیای ڕۆماننووسی و بە دوای ئەودا، چەندین نووسەری ناسراو، شوێنپێیەکانی هەڵبگرن.
=KTML_Bold=لە خەونەوە بۆ داهێنان=KTML_End=
سارۆت ساڵی 1932 دەستی دایە نووسین، یەکەم ڕۆمانی کە لەساڵی (1939) بڵاوبووەوە، زۆر نەبووە جێی سەرنجی ڕەخنەگرانی ئەدەبی، بەڵام ڕۆمانی دووەمی بە ناوی (وێنەی نەناسراوێک - 1946) کە (سارتەر) پێشەکیی بۆ نووسیوە، تەقینەوەیەکی گەورە بوو لە نێوەندی ئەدەبیی فەڕەنسی و تەنانەت ئەوروپیشدا.
سارتەر لە پێشەکیی ڕۆمانە نوێیەکەی سارۆتدا، ئەم شێوازە نوێیەی نووسەری ناو نا (ناڕۆمان). ئیتر دوای ئەم بەرهەمە و تا ڕۆژی مردنیشی، کاریگەریی دیاری بەسەر نێوەندەکەدا مایەوە. سارۆت تەمەنی گەیشتبووە نەوەد ساڵ، کەچی هێشتا هەر وەک کچە گەنجێکی زیتەڵە و چاپووک، بە خەونی داهێنانی دیکەوە، بە ئامانجی مانەوەی کاریگەری، بە بوێری و نوێبوونەوەی بەردەوامەوە، دەینووسی.
سارۆت، یەکێکە لەو دەگمەن نووسەرانەی سەردەمی خۆی کە لە چوارچێوەی زنجیرە بڵاوکراوەکانی بەناوبانگی (بلیار)دا، کارەکانی وەک کۆبەرهەم بڵاوکرانەوە. ئەو زنجیرەیەی پێشتر کۆبەرهەمەکانی (بەلزاک و هەمنگوای و کافکا)ی بڵاوکردبوونەوە.
بە تەنیشت ڕۆماننووسییەوە، سارۆت ژمارەیەکی زۆر چیرۆکیشی نووسیوە: (درۆ - 1967) و (شتێکی جوانە- 1975) و (ئەو لێرەیە- 1978). ئەمە جگە لە ژیاننامەکەی (بایۆگرافیا) کە ساڵی 1983 بەناونیشانی (منداڵی) بڵاوکرایەوە و تێیدا یادەوەریی خۆی دێنێتە قسە و سەرەتاکانی تەمەنی و قۆناغ و وێستگەکانی ژیانی نووسیوەتەوە.
=KTML_Bold=ناتالی، پێشەنگی ڕۆمانی نوێ=KTML_End=
سارۆتی بە ڕەچەڵەک رووسی، وەک بناغەدانەری ڕۆمانی نوێی فەڕەنسی دەناسرێ، هاوکات یەکێکیشە لە پێشەنگەکانی (ڕۆمانی نوێ)ی ئەوروپی. ئەو شێوازەی وەرچەرخانێکی گەورەی بەسەر ڕۆمان و ئەدەبی ئەوروپیدا هێنا. تەنانەت کاریگەریی ڕاستەوخۆی بەسەر شێوازی ڕۆماننووسین لە تەواوی جیهاندا هەبوو، بە تایبەتی ئەدەبی دوای جەنگی دووەمی جیهانی. ڕۆماننووسێک کە بەهۆی داهێنانەکەیەوە، ڕێگای بۆ زۆر نووسەری تر کردەوە تا هەمان رەوت و ڕێچکە و ڕێباز و شێوازی نووسینی ئەو بگرنە بەر، لەوانە (میشێل بۆتۆر، ئالان ڕۆب گرێ و کلۆد سیمۆن).
ڕۆمانەکانی (کورتەیەک لەبارەی نەناسراوێک، یان وێنەی نەناسراوێک - 1946) و (سەردەمی گومان - 1947) و (مارتۆر - 1953) و (بلانتاریۆم - 1959) و (بەرهەمە زێڕینەکان - 1963) و (گوێت لێیەتی؟ - 1972) و (بەکاربردنی وشە - 1980) و (منداڵی - 1983) و (تۆ خۆتت خۆشناوێت - 1989)، ئەمانە و کۆمەڵێک بەرهەمی تر و لەگەڵیاندا کۆچیرۆکی (هەڵچوونەکان)، بە نموونەی دەگمەنی داهێنانەکانی ئەم نووسەرە دادەنرێن، ئەو نووسەرەی لە تەمەنی نەوەد ساڵیشدا لە وزەی نووسین و داهێنان نەکەوت و لەو تەمەنەدا، دوو ڕۆمانی دیکەی پڕ ڕەواجی نووسین: (ئێرە – 1995) و (بیکەنەوە – 1997).
سەرەڕای ناوبانگی جیهانی، وەک ڕێزگرتن لە کۆشش و کاریگەرییەکانی و لە پای کار و بەرهەمە ئەدەبییە داهێنەرەکانی، سارۆت چەندین خەڵاتی ئەدەبی پێبەخشراوە. لەوانە، خەڵاتی نێودەوڵەتی بۆ ئەدەب (1964)، خەڵاتی گەورەی نیشتمانی بۆ ئەدەب (1982)، لەگەڵ خەڵاتی مەزنی یەکێتیی نووسەران و شانۆنامەنووسان (1996).
=KTML_Bold=ناتالی و کۆمیدیای ڕەش=KTML_End=
ناتالی وەک ڕۆماننووسێکی ئەزموونگەر، هەروەها وەک بناغەدانەری ڕۆمانی کۆمەڵایەتی، بە بەرجەستەکردنی بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی، بە ڕۆچوون بە قووڵایی ژان و خەمە مرۆییەکان، بە مەلەکردن بە ئاراستەی شەپۆلەکان، لە پێناوی دۆزینەوەی کیشوەری سروشتیی مرۆیی، بووە یەکێک لە کۆڵەگە پتەو و بەرزەکانی ئەدەبی جیهانی.
ئەو جگە لەوەی ڕۆماننووسێکی داهێنەر بوو، هاوکات شانۆنامەنووسێکی دەستڕەنگین و بە سەلیقەیش بوو. بە جۆرێک کە هاوشێوەی ڕۆمانەکانی، لە نووسینی شانۆنامەشدا خاوەنی شێواز و ڕێچکەی تایبەتی خۆی بوو. جیاواز لە زمانی نووسینی ڕۆمان، لە نووسینی شانۆنامەشدا زمانێکی دیکەی جیاوازی لە وێناکردنی سروشتی پەیوەندیی نێوان کاراکتەرەکان و کۆمەڵگا، بەرهەمهێنا. کاریگەری و کارتێکراویی مرۆڤ و گرووپەکان بەسەر یەکترەوە، ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوانیان، ڕەنگدانەوەی پاشخانی کۆمەڵایەتی و کولتووری و ڕۆشنبیریی نەوەکان بەسەر ململانێکان، سروشت و چییەتی و ماهیەتی شەڕی نەوەکان، هونەرەکانی فریودان و تەکنیکەکانی لەداوخستنی مرۆڤ بۆ مرۆڤ. هەموو ئەوانە و زۆر شتی دیکە، ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندییانەن کە ڕوخسار و ناوەڕۆکی شانۆنامەکانی ئەویان پێ دەناسرێتەوە.
کۆمیدیای ڕەش، تایبەتمەندیی دیاری نووسینەکانیەتی. تەوزیفکردنەوە و وێناکردنی دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و ترسی باوی ناو کۆمەڵگا لە میانی ئەو ڕۆڵەی بە کەسایەتیی کاراکتەرەکان دەیدات، لەگەڵ گرێدانەوەی مامەڵە و سەرەدەریی کاراکتەرەکان بە کاریگەریی ڕووداو و شوێنکاتەکان، بە زمانی تەنز و بە دیمەن و گرتەی کۆمیدی، مرۆڤ ناچار بە هەڵوەستە و تێڕامان دەکات. نەناسراوی، یان ناودێرنەکردن، یاخود ڕاستتر بڵێین، بێ شوناسیی کەسایەتی و کاراکتەرەکان لە میانی بەکارهێنانی جێناوەکانی (ئەو، ئێمە، ئەوان) بۆیان. دیاریکردنی ڕۆڵ و پێگەی مرۆڤ لە شوێنکات و لەناو ڕووداوەکاندا، کاریگەریی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی، بەرگی ڕەشبینیی وشە و دەستەواژەکان، بەردەوامیی ململانێ و ناکۆکی.. ئەمانە و زۆر شتی دیکە، ئامرازی دەستی نووسەرن بۆ ئەوەی بمانخاتە بەردەم بیرکردنەوە لەمەڕ چارەسەری و دەرچوون لەو دۆخە ئاڵۆزە دەروونییەی تێیدا دەژین و ئەو ترسەی ناوەوەمانی تەنیوە.
=KTML_Bold=کەوتن بەسەر دڕکەزیی زماندا=KTML_End=
تێگەیشتن لە سارۆت هەروا ئاسان نییە، کارێک نییە بە خوێندنەوەی بەرهەمێک و دووان و سیانی، پەی بە پێچ و پەنهانەکانی دونیای ئەو نووسەرە بەرین. خوێندنەوەیەک و دووان بەس نین، تا بزانین لە فڵان بەرهەم چی دەوێ و لە فیساریان دەیەوێ چی بڵێ. بۆ ئەوەی بڕێک لە دونیای ئاڵۆزی نووسین و پەیامی سارۆت نزیک ببینەوە، خوێندنەوەی ڕووکەش، خوێندنەوەیەکی ئاسایی، فریامان ناکەوێ. بە پێچەوانەوە، بۆ نزیککەوتنەوە لە سنووری دونیابینی ئەم نووسەرە، پێویستیمان بە ڕۆچوونە قووڵاییەکانی نووسینەکانی هەیە، بە خوێندنەوەی شتە نەگوتراوەکانی، بەو شتەی پێی دەڵێن خوێندنەوەی ئەودیوی دێڕەکان، یان پشتی دەستەواژە و دەربڕینەکان.
کاتێ وەک خوێنەرێکی جددی، ڕۆمانەکانی سارۆت دەخوێنیتەوە، هەست بەوە دەکەیت کە شوێنکاتەکانی نووسین و ڕۆمان تێکەڵ دەبن، تا ئەو ئاستەی خوێنەر دەکەوێتە گومان لە توانینی پەیبردن بە کاتێکی دیاریکراو، بە شوێنێکی سنووردار، بە ناسینەوەی نووسەر و گێڕەرەوە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو نووسینەکانی بە جۆرێکن، خوێنەرێکی دەوێ، توانای بردنەوە سەریەکی شوێنکاتەکانی هەبێت، یان شوێنکاتی ڕاستەقینە لە مەجازییەکانی جیا بکاتەوە. خوێنەرێکی دەوێ، خاڵە هاوبەشەکانی نێوان کەسایەتی و ڕووداوەکان بدۆزێتەوە و ئەو هەموو ئاڵۆزییە سادە بکاتەوە.
لە ڕۆمانەکانی ناتالیدا، هەر گرتە و دیمەنێک، هەر ڕووداو و گێڕانەوەیەک، هەر کەسایەتی و ڕۆڵێک، بەرهەمی جۆرێک لە زمان و دەربڕینی جیاواز لەوەی دیکەن. بە مانایەکی دیکە، لە میانی گێڕانەوەدا، زمانێکی دیکەی جیاواز لەوەی پێی نووسراوە، لەدایک دەبێت.
وەک ئەوەی لەناو بێستانی پڕ دڕک و داڵدا گوزەر بکەیت، ئاوا لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکانیدا، خوێنەر بەسەر کێڵگەی دڕکی زماندا دەکەوێ. لە زۆر شوێندا زمانێکی نیوەچڵ، ڕستەی تەواونەکراو، دیمەنی گۆشە نادیار، گرتەی پڕ سێبەر هەن کە هەر یەکێک لەم دابڕانانە، وەک دڕک دەچێ بە زەینتدا و ناچارت دەکا بۆ دەربڕینی پێش خۆی، بۆ دیمەنی پێشووتر بگەڕێیتەوە، یان ئەوەتا بە حەوسەڵەوە چاوەڕوانی گوزارشتی دواتر و گرتەی دواترین بکەیت، بۆ ئەوەی چاوت تەواوی گۆشە لاتەریک و سووچە شاراوەکان ببینێت.
هونەرمەندی و زیرەکیی سارۆت لە مامەڵەکردن لەگەڵ زماندا لەوێدایە، زمانێکی نائاسایی، پڕ ئاماژە و تێما بەرهەم دێنێتەوە. زمانێک کە بە هۆیەوە، ڕۆمانەکانی نائاسایی و جیاواز لە هەموو ئەزموون و نموونەکانی دیکەی ڕۆمانی پێش خۆی و سەردەمی خۆی، خۆیان نمایش دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا زمانی گێڕانەوەکانی، زمانێکە توانای وەسفکردن، هەڵاوێر، پێکان، گەیاندن، تەنانەت بەشتکردنی ڕووداو و گرتە و دیمەنەکانی هەیە. زمانێکە خوێنەر ناچار دەکات بێتە شوێنی نووسەر. واتە ببێتە بەشێک لەو کردەی نووسینە. بە مانایەکی دیکە، بوار بۆ خوێنەر دەکاتەوە کە لە دۆخی خوێندنەوەوە مل بداتە بەر ئەرکی نووسین و تەواوکردنی تەواونەکراوەکان، پڕکردنەوەی بۆشاییە نەگوتراوەکان. ئەم هەوڵە ناڕاستەوخۆیەی نووسەر بۆ بەشدارکردنی خوێنەر لە بەرهەمەکانیدا، هونەرێکە بوار بۆ ئەویدی دەکاتەوە، توانای دەربڕینی خۆی، ڕوانگەی خۆی، دونیابینی خۆی، لە میانی پرۆسەی بەشداریکردندا تەوزیف بکاتەوە.
ڕاستە خوێنەر لە باری واقیعیدا ناتوانێ بە کردەنی لەو پرۆسەی بەشداریکردنەیدا بە پەراوێزەکانی خۆی، دووبارە هەلی نووسینەوە و داڕشتنەوەی ڕۆمانەکە و سەرلەنوێ چاپ و بڵاوکردنەوەی بڕەخسێنێ، بەڵام لە پرۆسەی خوێندنەوەدا نووسەر ناچار بەوەی دەکات، خوێنەرێکی راگوزەر و سادە نەبێت، بەڵکو دەیکاتە خوێنەرێکی بەرهەمهێن کە لە درێژایی پرۆسەی خوێندنەوەدا، لە تەنیا خوێنەرێکی دڵخواز و ڕاگوزەرەوە، ببێتە خوێنەرێکی بیرکەرەوە و نهێنی دۆزەرەوە. خوێنەرێک بتوانێ کۆدەکانی زمان بکاتەوە و بەرچاوی بینین و ئاسمانی بیرکردنەوەی، ڕوون و ڕۆشن و ئاوەڵا و بەرینتر بێت. [1]