=KTML_Bold=کاترین پۆرتەر و تاقانە رۆمانی ناودار=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
کاترین ئان پۆرتەر، رۆژنامەنووس، نووسەر و ڕەخنەگر، یەکێک لە پێشەنگە دیارەکانی هونەری نووسینی کورتەچیرۆک لە سەدەی نوێدا، ساڵی 1890 لە ناوچەی ئیندیان کریک لە ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا لەدایک بووە. سەرەتا لە قوتابخانەی ڕاهیبەکانی کڵێسای کاسۆلیکی خوێندوویەتی، بەڵام وێناچێ خوێندنی لە قوتابخانەیەکی ئاینی، کاریگەری لەسەر پاشخانی فیکری و ڕۆشنبیریی ئەو هەبووبێت و لە نووسین و هەڵوێست و بۆچوونەکانیدا ڕەنگی دابێتەوە، بەتایبەتی کاتێ ساڵی 1920 بۆ تەواوکردنی خوێندن دەچێتە مەکسیک و لەو وڵاتە دەگیرسێتەوە، ئیدی هەر زوو تێکەڵی کاری سیاسی دەبێت و پەیوەندی بە بزووتنەوە چەپە شۆڕشگێڕەکانی ئەو وڵاتەوە دەکات.
پۆرتەر کە تا ڕۆژی مردنی لە ساڵی 1980، زۆربەی هەر زۆری ژیانی خۆی بە وانەگوتنەوە لە زانکۆکانی ئەمریکا بەڕێ کردووە، ساڵی 1930 گەشتێک بەرەو وڵاتانی ئەوروپا دەکات و هەر ئەو گەشتەشی دەکاتە بابەتی ڕۆمانە تاقانەکەی بەناوی (کەشتیی گەمژەکان). ئەم رۆمانەی لە ساڵی 1962 چاپ و بڵاوکردووەتەوە و یەکێک بووە لە پڕفرۆشترین ڕۆمانەکانی ئەمریکا لەو ساڵەدا، دواتریش کرایە فیلمێکی سینەمایی و چەندین خەڵاتی بردەوە.
=KTML_Bold=ئەفسانە وەک کەرەستەی داهێنان=KTML_End=
بابەت و تەوەری سەرەکیی زۆربەی کورتەچیرۆکەکانی پۆرتەر، باس لەو مەینەتییانە دەکەن کە مێیینە لە کۆمەڵگادا بەدەستیانەوە تلاوەتەوە. کەسایەتیی جیاواز لەو ژن و کچانەی هەر یەک بە شێوەیەک بوونەتە قوربانیی گوتار و ڕەفتاری پیاوسالاریی ناو کۆمەڵگا، پاڵەوانی چیرۆکەکانی ئەو نووسەرەن. یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی چیرۆکەکانی پۆرتەر، زاڵبوونی کەشی خەیاڵ و فەزای ئەفسانەییە بەسەر زمانی گێڕانەوەیدا. ئەو هاتووە بە سوودوەرگرتن لە گەنجینەی دەوڵەمەندی ئەفسانە لەناو مێژووی کۆمەڵگاکەی خۆیدا، هەروەها بە گەڕانەوە بۆ ئەو حیکایەتە فۆلکلۆرییانەی کە منداڵیی نووسەریان پڕ کردووە لە وێنە و بیرەوەری، هاڕمۆنیایەک لە نێوان ئەو کەلەپوورە و یادەوەریی خۆیدا دروست دەکات و کارێکی ناوازەی ئەدەبی لێ بەرهەم دێنێ.
پۆرتەر بە سوودوەرگرتن لە دونیای ئەفسووناویی ناو ئەفسانە و فەزای خەیاڵیی چیرۆکەکان.. بە پشتبەستن بەو پاشخانە فیکری و ڕۆشنبیرییەی هەیەتی.. بە ئەندێشەیەکی سەرشار لە پرسیار.. بە تێگەیشتنێکی قووڵی بۆ کێشەکانی کۆمەڵگاکەی کە بەرهەمی وردبوونەوە و گەڕان و پشکنینی کونج و کەلەبەرەکانی کێشەکانن، هەروەها بە خوێندنەوە بۆ ئاستە کولتووری و سیاسییەکانی ناو کۆمەڵگاکەی و سروشت و ماهیەتی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ناوی، دێت بابەتەکانی چەوسانەوە، تراژیدیا و نەهامەتییەکانی ناو ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، پیاوسالاری، جیاکاریی ڕەگەزی، ناپاکی، مەرگ، سروشتی شەڕانگێزیی مرۆڤ، هەموو ئەوانە دەکاتە تەوەری سەرەکیی چیرۆکەکانی و لە هەندێ شوێندا بە زمانێکی بارگاوی بە گاڵتەجاڕی، دیمەن و گرتە کۆمیتراژیدییەکانی ئەو سەردەمەی خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە.
لەم گۆشەنیگایەوە، پۆرتەر لەناو بەرهەکانیدا چیتر منداڵە سەرسام و دۆشداماو و حەپەساوەکەی بەردەم دایکی، نەنکی، حیکایەتخوانە میللییەکان نییە، کە تەنیا گوێ بۆ بیستنی ئەفسانە و چیرۆکەکان هەڵبخات. هەروەها نایەت وەک حیکایەتخوانێکی ئاسایی، تەنیا ئەو کەشە ئەفسووناوی و دیمەنە جادووییانەی ناو ئەفسانە و چیرۆکەکانمان بۆ بگڕێتەوە، بەڵکو بە زمانێکی باڵا و لە خوێندنەوەیەکی سایکۆ - سۆسیۆلۆژیدا، ئەو گەنجینەی کەلەپوور و سامانە فۆلکلۆرییە دەوڵەمەندە، لەلایەک دەکاتە کەرەستەی داهێنانی ئەدەبی، لەلایەکی دیکەوە دەیکاتە تاقیگەی شیکردنەوەی نەخۆشییەکانی ناو کۆمەڵگاکەی.
=KTML_Bold=مانەوە بەسەر پەیژەی منداڵییەوە=KTML_End=
پۆرتەر کە خاوەنی رۆمانێکی تاقانەیە بەناوی (کەشتیی گەمژەکان) و چەند کۆمەڵە چیرۆکێکە، لەوانە (درەختی گوڵگرتوو - یان ئەرخەوانی گوڵگرتوو 1930، ئەسپێکی لەڕ و سوارێکی لاواز 1939، تاوەری لار 1944، ئەو هەڵەیەی کۆتایی نایەت 1977) و لەپای نووسین و بەرهەمە ئەدەبییەکانی هەر دوو (خەڵاتی پولیتزەر و خەڵاتی نیشتمانیی کتێب)ی وەرگرتووە، بەو پێیەی زۆر بە وردی و دیقەتەوە دەنووسێ. وردبینی و دیقەتێک کە لە تەکنیکی گێڕانەوە، سەرەدەرکردن لەگەڵ ڕووداو و شوێنکات، دەستنیشانکردنی کەسایەتی و ڕۆڵپێدانیان ڕەنگدەداتەوە، ئەمە وای کردووە کە لە پەیوەند بە (شێوازی نووسین)، بخرێتە ڕیزی پێشەوەی باشترین نووسەرەکانی ئەمریکا.
بەهەرحاڵ، ئەگەر بەشێکی زۆری ئەم توانای ئەفراندن و داهێنانەی نووسەر لە بەرهەمە ئەدەبییەکانیدا، پەیوەندی بە قۆناغی منداڵییەکەیەوە هەبێت، بەتایبەتی لە باری خەیاڵ و زمانی نووسین و تەکنیکی گێڕانەوە و ڕوخسارەکانی دەق بەگشتی، بەو پێیەی نووسەر منداڵیی خۆی لەناو کۆمەڵگایەکدا گوزەراندووە (کۆمەڵگای باشووری ئەمریکا)، کە سەرڕێژ بووە لە گەنجینەی حیکایەت و ئەفسانە و ئەم کاریگەرییەش لە بەرهەمە ئەدەبییەکانیدا بە زەقی، ڕەنگی داوەتەوە، ئەوا بە دیوەکەی تردا، وەک ئەوەی بەشێک لە لێکۆڵەر و ڕەخنەگری ئەدەبی ئاماژەیان بۆ کردووە، خودی ئەم قۆناغی منداڵییە لە ئاستی دونیابینی و تەنانەت بونیادی کەسێتی و خودسەلماندندا، ڕۆڵێکی گرنگی لە دروستکردنی کەسایەتیی نووسەردا گێڕاوە. ئەو کاریگەرییەی منداڵیش لە ژیانی ئاسایی و پیشەیی (پۆرتەر وەک مرۆڤ، پۆرتەر وەک نووسەر)، دوو سەرەیە. بەو مانایەی، خودی قۆناغەکە و ژینگەکە و مانەوەی لە یادەوەریی نووسەردا، لەگەڵ کاردانەوە لە ئاست ژینگەی منداڵی لە دوای گۆڕانکاری و پێشڤەچوونەکان.
ڕوونتر بڵێین: دوو هۆکار، یان دوو قۆناغ کاریگەریی زۆریان لەسەر ژیانی نووسەر هەبووە: قۆناغی یەکەم کە بە دوو ئاقاردا، جۆرێک لە دژوازی و پارادۆکس بەخۆوە دەبینێ. ئاقاری دونیابینیی نووسەر، بەرمەبنای خوێندن لە کڵێسا و دواتر دەرگیربوون لەگەڵ هونەر و بزووتنەوەی چەپ. هەروەها ئاقاری کۆمەڵگەیی، ئەویش لە ڕوانگەی پەروەردە و گەورەبوون لە سایەی کۆمەڵگایەک، کە یاساکانی پیاوسالاری حوکمی دەکەن و ژن دەچەوسێندرێتەوە، لەگەڵ کۆمەڵگای دوای گۆڕانکارییەکان و دداننان بە مافەکانی ژن و دەستگەیشتنی بە تەواوی ماف و ئازادییەکانی. قۆناغی دووەمی ژیانی نووسەریش پەیوەستە بە خودسەلماندن. ئەوەی کە ئیدی نووسەر دەبێتە خاوەن خودێکی جێگیر و دونیابینییەکی ڕۆشن و چوارچێوەی پارادۆکس تێکدەشکێنێ و ڕەوتێکی دیاریکراوی کار دەگرێتەبەر و ئەو ڕابردووە دەکاتە وزەی خۆسەلماندن و هێزی تەکاندان بە کۆمەڵگا، بە ئاقاری سەرلەنوێ خۆبەرهەمهێنانەوە.
=KTML_Bold=هونەر و کرۆکی ئیمان=KTML_End=
پۆرتەری هەڵگری خەڵاتی پولیتزەر، ڕۆژنامەنووس و نووسەری وتاری ڕۆژنامەوانی، کە دواتر وەک یەکێک لە دیارترین و بەناوبانگترین پێشەنگەکانی هونەری کورتەچیرۆک لە سەردەمی نوێدا ناوی دەرکرد و سەرنجی ئەدیب و ڕەخنەگرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، نهێنییەکی سەرکەوتنی کارە ئەدەبییەکانی بۆ هونەر دەگەڕێتەوە. ئەو بۆ خۆی پێیوایە هونەر وەک کرۆک و جەوهەری ڕاستەقینەی ئیمان و ڕاستی، سەرچاوەی سەرکەوتن و داهێنانیەتی. بە مانایەکی دیکە ئەوە عیشقی قووڵی ئەوە بۆ هونەر و کارکردن لەناویدا، کە دواجار ئەم دەسکەوتە ئەدەبییانەی لێوە بەرهەم هاتوون. جگە لەوە، تایبەتمەندییەکی دیکەی نووسەر کە ڕۆڵی لە سەرکەوتنیدا بینیوە، چەقگیری و بە سەنتراڵکردنی بابەتە. بەو مانایەی کێشەیەکی دیاریکراو، سەنتەری بایەخپێدانەکانیەتی. واتە نووسەرێکی پەرشوبڵاو نەبووە، بەڵکو چەند بابەتێکی دیاریکراوی وەک سەنتەری کار و بایەخدانەکانی وەرگرتووە.
بە دیاریکراوی دەتوانین بڵێن، پۆرتەر بەوە دەناسرێتەوە کە چیرۆکەکانی، مەسەلەی لەدەستدانی بەهاکان، کاڵبوونەوەی بنەما مرۆییەکان، گۆشەگیری، هەستکردن بە گوناه، بێزاری و بێهوودەیی بەسەر دەکاتەوە، بە شێوەیەکی گشتی، نائامادەیی ویژدان و هەژاریی ڕۆحی مرۆڤایەتی لە سەردەمی ئەودا، کە بەداخەوە بووەتە ڕوخسارێکی دیاری ئەم سەردەمەی ئێمەش. ئەوەی لەو نێوەدا گرنگە ئاماژەی بۆ بکرێت، ئیشکردنی پۆرتەرە لەناو ئەو خۆونکردنەی مرۆڤ و لەدەستدانی بەها مرۆییەکان بە ئاراستەیەکی ئەرێنی، بەو پێیەی ئیش لەسەر ململانێی نۆرمە کۆمەڵایەتییە باو و چەقبەستووەکان لەگەڵ هۆشیاریی گۆڕانکاری و بزووتنەوەکانی گۆڕاندا دەکات. واتە ئیشکردنی ئەو بە ئاراستەی بەرهەمهێنانی هۆشیارییەکی نێوکۆیی سیاسی - کۆمەڵایەتی و زەمینەسازکردن بۆ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی باو و تێپەڕاندنی هەبێت.
بۆیە بە سەرنجدانێکی ورد، هەست بەوە دەکرێ کە نووسەر لە چیرۆکەکانیدا زۆر بە قووڵی کاری لەسەر دۆزینەوەی ئاسۆی نوێ لە بەردەم خوێنەرانی کردووە. ئاسۆیەک بە پرشنگەکانییەوە، بەرچاویان ڕۆشن بکاتەوە و ئاشنای کونج و کەلەبەرەکانی ژیانی کۆمەڵگاکەیان بکات، بە ڕاڕەوی پڕ پێچ و پەنای کێشەکاندا بیانبا و بیانگەیەنێتە ژێرزەمینەکانی گرێوگۆڵەکان و لەوێوە هێزی تێهەڵچوونەوە و ڕاپسکانیان پێ ببەخشێ. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=